کە هەرێم دەبێتە پارێزگا

غازی حەسەن
  2023-11-29     318

لای هەموو نەتەوەیەکەی دونیا لە بچووکەوە دەیانەوێت بەرەو گەورە بچن، کەچی لای کورد هەندێک دەیانەوێت لە گەورەوە بەرەو بچووک بچنەوە، دڵیان بە سێ شار خۆش نییە، دەیانەوێت یەک شار، یان نیو شار بن ئەو نیو شارەش وەکو پاشکۆ نمایش بکەن. لە ڕۆژانی یاخبوونی گۆڕەپانی سەراوە،  کە پێ دەچێت بیرۆکەی یاخیبوونەکان مێژووێکی درێژتری مێژوویی هەبووبێت، ئاراستەیەکی جیاواز دەرکەوتوون لەپێناو ئەوەی لەڕقی دەسەڵاتی کوردی ڕەوایەتی بەبچووکردنەوەی هەرێمی کوردستان بدەن و  دەسەڵات وەکو جەستەیەکی ترسناک و دڕندە و نامۆ و خراپ نیشان بدەن و بەئاشکرا گوتاری ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی ئەوانی دیکەیان وەکو دیاردەیەکی ڕەوا جێبەجێ کردووە و ئاکامەکەشی بەوە گەیشتووە بەڕاستیان بێت، یان وەکو گەمەیەکی سیاسی بەکاری بهێنن بەپارێزگاکردنەوەی هەرێم لەژێر دروشم و شێواز و سیاسەتی جیاوازە بەیەکێک لە ڕێگاکانی دەربازبوون لەدەسەڵاتی حووکمڕانی ئێستای هەرێمی کوردستان بزانن. لەکردەوەدا ئەمە وەکو ئەوە وایە مێگەلێک بە قوربانی مەڕێک یان چەند مەڕێکی بزربوو بکەیت.

ئەگەر هەرێم بکرێتەوە پارێزگا گروپە دژەکانی نێو هەرێم چ سوودێک دەکەن:

باش دەزانن خۆیان نابنە حاکم و هێزە دەرەکییەکان کە بەکاریان دەهێنن، ناهێلن ئەوان حاکم بن، تەنیا قازانجێک بەپێی بۆچوونی ئەوان ئەوەیە (پارتی بەپلەی یەکەم و بەپلەی چوارەمیش یەکێتی)یان لەڕیشە بۆ دەربهێنن. هەرچەندە گروپێک لەنێو یەکێتی بەخەیاڵی لاوازکردنی پارتی پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەکەن، یان پێیان وایە ڕێگا چارەیەکە بۆ پاشەکشە پێکردنی پارتی. لەبیری نەکەین ئەوەی ئێستا لەهەرێم دەگوزەرێت، لەگەمەیەکی مەترسیدار، مەترسیدارترە و ئەگەر لە دەست دەربچێت، لافاوێک دەقەومێت بەهێز و بێ هێز، ڕەوا و ناڕەوا لرف دەکات.

واتا ئەم گروپانە لەسەرابەوە بەرەو دۆزەخ هەنگاو دەنێن، هەرچی هاووڵاتی ئاسایی لە فکر و  وێناکردن و لێکدانەوەی خۆی دروستیان کردووە بە ڕازیبوون و ناڕازیبوونەوە لەناوی دەبەن، کە من  پێم وایە ئۆپۆزسیۆن زیانێکی زۆری بەهەڵوێستی هەقیقی هاووڵاتیان گەیاند و لەزۆر شت بێ ئومێدی کردن، لەکاتێکدا هاووڵاتی ناڕازییە لە نەبوونی دادپەروەریی و  ڕۆتین لە دائیرەکان و گەندەڵی و حزب حزبانێ و بەخشینەوەی پێگە و دەسەڵات بەپێی ئینتمای حزبی و عەشائیریی و هەندێک پێوەری دیکەی کەسی. هاووڵاتیان هێندە هەژارن هیچیان نییە لەدەستی بدەن، بۆیە خەمی ئەوان نیشتمانە نەک گیرفان و پڕۆژە و شەڕ لەپێناو پچڕینەوەی دەسەڵات و  پێگە.

لەم گەمەیەدا دەسەڵاتیش پێچەوانە لەپێناو پارێزگاریی کردن لەپێگەی خۆی ئەم جۆرە بۆچوونانە لە گوتاری بەرگری و پاراستنی دەسکەوتەکان و ڕیسواکردنی ئەم ئاراستەیە بەکار دەهێنێت و سوودی لێ وەردەگرێت.

هاووڵاتی چ سوودێک لەم پیلان و گەمە سیاسییە مەترسیدارە وەر دەگرێت:

بانگەشەی ئەوە دەکەن، گوایە هاووڵاتیان پێش هاتنی سەری هەر مانگێک بەزیادەوە مووچەکانیان لە بەغدا پێ دەدرێت، کە ژمارەیان دەکاتە نیوەی مووچە خۆرانی ئێستای هەرێمی کوردستان. ئەمەش وەکو دەستکەوتێکی گرنگ بۆ گروپێکی سیاسی حیساب دەکرێت و بەمەش ڕێژەی ژمارەی دەنگدەرەکانیان بەرز دەبێتەوە.

لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت: ئەمە نابێتە سەرچاوەیەکی متمانەدار و یەکلاکەرەوە بۆ دابینکردنی مووچە و بودجە و پێویستییەکانی دیکەی خۆ بەرێوەبردن، کە لەڕاستیدا ئەم پیلانە سیاسییە بۆ (نەهێشتنی خۆبەڕێوەبردن و لەناوبردنی سیستەمی فیدراڵی و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمە و لەئاکامیشدا هەرێم وەکو پارێزگایەکی دواکەوتووی خوارووی عێراقی لێدێت، یان وەکو شارە سوونییەکان تووشی سەرکوتی مەزهەبی و نەتەوەیی دەکرێن. لەهەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆری مووچەخۆران بەپێی لیستی بەغدا بێ مووچە دەبن. واتە ئەم بیرۆکەیە لەبنەڕەتدا بیرۆەکەیەکی تۆڵەکردنەوەی لە مووچەخۆرانێک کە لەسە حزب و بەرژەوەندییەکانی حزب حیساب بن.

لەهەر دۆخێکدا هەرێم بکرێتە پارێزگا گروپە چەکدارە تووندڕەوەکانی شیعە دەبنە خاوەن دەسەڵات و سەربازگە لەسەرتاسەری هەرێم. بازگەکان کۆنترۆل دەکەن. بەواتایەکی دیکە کوردستان داگیر دەکرێتەوە، هەموومان دەزانین حووکم و زولمی داگیرکەر چییە و چۆن دەبێت. بەشێکی ئەوانەی بانگەشەی داماڵینی هەرێمی کوردستان لەدەسەڵات و هێز و پێگە دەستوورییەکانی بەپێی دەستووری فیدراڵی دەکەن، یان سەردەمی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١یان نەبینووە، یان خۆیان کەتواری ئەوان سەردەمیان پێ خۆشتر بووە، لەوەی کورد خۆی خۆی بەڕێوە ببات.

کێ بەرپرسیارە؟

شێوازی چەسپێنراوی خۆبەڕێوەبردن و سیستەمی نەگۆڕ و دەستکاری نەکراوی دوای ڕاپەڕین هۆکار و بەرپرسیارە لەو ئەنجامەی ئێستا هەیە. حووکمی پەنجا بەپەنجا هۆکارێکی دیکەیە، کە زۆر شت بەخراپی و برابەش دابەش بکرێت، نەبوونی سیستەمێکی ئابووری ڕوون و ئاشکرا بەشێکی دیکەیە لەو ئەنجامەی پێی گەیشتووین. پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا کارەساتێکی مەزنن، کە هەموو بوارەکانی بیرکردنەوە و فکر و پڕؤژەی زانستییان کوشتووە و ساڵانە سەدان کادری لاواز و نا ئامادە و بێ زانیاریی و مەعریفە دروست دەکەن و ئەوانەش بەشێکیان کە کادیری حزبەکانن، یان لەزانکۆکان شوێن دەگرن، یان لە ئیدارەدا بەرپرسیاریەتی وەردەگرن.

دروستبوونی نەوەیەک، یان دروستکردنی نەوەیەک، کە سی ساڵە چاوەڕوانی شتی نوێیە، بەڵام شتەکان بەزۆر بەکۆنی هێلدراونەتەوە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دروستکەری تێدا دەرنەکەوتووە. ڕاگەیاندنی نابەرپرس، بازاڕی ئازاد کە لەڕاستیدا بازاڕێکی مشەخۆری کۆنترۆلکراوە لەلایەن گروپی مشەخۆری بێ داهات و لەناکاو دەوڵەمەندبوونی ژمارەیەک کەس و زیادبوونی ژمارەی هەژاران، نەک هەر تەنیا ژیانی هاووڵاتی تووشی هەڵگەڕانەوەیەکی نەرێنی کردووە، بەڵکو گومانی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیشی دروستکردووە.

بەو واتایەی ژمارەیەک دیاردە و هۆکار لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ دروستبوون، لەجیاتی چارەسەریان، خراونەتە ژێر خۆڵەمێشەوە و لەجیاتی دەرمانکردنیان بەشێوەیەکی کاتی بەنج کراون. ئەم دیاردانە بوونەتە نەخۆشی و هەندێکیان وەکو شێرپەنجەیان لێهاتووە، لەوانە (گەندەڵی، نادادپەروەریی، گروپکاری و خزمخزمانێ و عەشیرەت و ناوچەگەریی و حزب کردنە شتێکی پیرۆز لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان و گەڕانەوە بۆ پتەوکردنی بنەماکانی پەیوەندی خێلەکی و عەشیرەتگەرایی و زۆربوونی بڕوانامەی باڵای وەکو ماستەر و دکتۆرا و پرۆفسیۆر و کرانەوەی ژمارەیەکی زۆری زانکۆ و قوتابخانە و فێرگەی ئەهلی، بێ ڕەچاوکردنی توانا و پێویستی و خواستی بازاڕ و ڕێژەی ژمارەی دانیشتووان و بڵاوبوونەوەی دیاردەی بێ متمانەیی و شەرعیەتدان بەخۆ دەوڵەمەندکردن بێ ڕەچاوکردنی هیچ بەهایەک و بنەمایەک و نزیک کەوتنە لەدابەشکردنی پێگە و کورسی دەسەڵات بەپێی ناوچە و هێزەکاریگەرەکانی عەشیرەت ... تاد).

نەمانی دادپەروەریی  لە دادگا و جێبەجێکردنی یاسا و نەبوونی دەسەڵاتی سزادان و لێپێچینەوە، ئەمانە هاووڵاتی و دامەزراوەکان و حزبەکان و گروپە سیاسییەکانیش دەگرێتەوە، کە بەئاشکرا داوای بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی خودی هەرێم و بڕینی بودجە و سزادانی دارایی هەرێم دەکەن، یان بە فەرمی داوای بەپارێزگاکردنەوەی هەرێم دەکەن. یان کەسێک لەسەر دزینی پاکەتە جگارەیەک سزا بدریت و هەشبێت بە ملیۆنان بدزێت و خەڵات بکرێت.

شتێکی ئاساییە حزبەکان لەدەسەڵاتدا بگۆڕێن، یان نەمێنن، بەڵام سروشتی نییە هەرێمی کوردستان نەمێنێت. سروشتییە گروپێک و حزبێک بیروڕای جیاوازی هەبێت و خاوەنی پڕۆژەی نیشتمانی گۆڕانگر بێت، بەڵام ڕەوا نییە خیانەت بکات و خیانەتەکەش بە ژیانی هاووڵاتیان ببەستێتەوە.     

بۆیە بەپارێزگابوونی هەرێم، نەک کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو قووڕەکە خەستر دەکاتەوە و هاووڵاتیان زیانێکی گەورە دەکەن، لەدەستدانی هەموو شتێکە لەپێناو بەناو دەستخستنی شتێکی بچووک. گروپە دژەکان هیچ بەرپرسیارەتییەکیان نییە بۆیە وەکو ئەوە وایە لە شەقامێکی تەختی بێ گرێ و بەخێراییەکی ڕەچاو نەکراو بێ ئەوەی هیچ هێما و یاسایێکی سزادانی هاتوچۆ بیانگرێتەوە، لێدەخووڕن، ئاساییە تووشی ڕووداوی وەرگەڕان و تامپۆن و شتی دیکەش بێت و هیچ سزایەکیش نەدرێن. بەپێچەوانەشەوە لەم قۆناغەدا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەرک و بەرپرسیاریەتیان یەکجار قورسە، ڕێگاکەیان پڕە لەهێمای سزادان بۆیە پێویستە بەئاگایی و لەسەرەخۆ و بەوریاییەکی وردەوە لێبخوڕن و کەشتییەکە بگەیننە کەنارێکی ئارام.  

سەرکەوتن و گەشەکردنی هەر دەسەڵاتێک لەسەرکەوتن لە جەنگەکان نییە، بەڵکو پەیوەندی بەڕازیکردن و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و دادپەروەریی و ئازادی و  ئاسایش و ئارامی هاوووڵاتیانەوە هەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×