نامەوێت هیچ پێشەکی و چیرۆکێک و بەسەرهاتێک بۆ ئەم دۆخە بنووسمەوە، کە ئەمڕۆ لەدژی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەیە. نامەوێت باسی هۆکار و مەترسییەکان و هاوکارەکانی بکەم. هێرشێکی ئێجگار توندی دەروونی و سیاسی و سەربازیی و دیبلۆماسی و ئابووری و دارایی دژی هەرێمی کوردستان وەکو کیان و پێکهاتەیەکی دەستووری لەئارایە. ئایا گورگەکان دەتوانن لە جیهانی ئەنتەرنێتدا کورد وەکو بەرخێکی بێ خاوەن و شوان بخۆن.
ئێران لەهەموو بوارێکدا دەمێکە دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات و بەکردەوە لەزۆر شوێندا باڵادەستە و جەنگێکی شاراوەی دەست پێکردووە. تورکیا جەنگی سەربازیی لەدژی کورد نەپساندۆتەوە و عێراقیش بەهەموو توانایەوە کار بۆ سڕینەوەی هەرێم دەدات و سوریا لەدژی کورد هەموو شتێک دەکات. هەندێک وڵاتی دونیاش لەلایەک خۆیان بەدۆستی کورد دەزانن، لەلایەکی دیکەش لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان بێدەنگن لەو هێرشە ناڕەوایە فراوان و هەمەلایەن و سەختەی دژی هەرێمی کوردستان هەیە، لەکاتێکدا ئەم هێرشانە لەلایەن دوژمنە تەقلدییەکانیان پەیڕەو دەکرێت.
بەرەی ناوەخۆیی کوردیش لەخراپترین دۆخی سەخت و ناکۆک و ژەهراوەییە. هەندێک لە دوژمن پتر حەزیان لە ڕووخانی دەسەڵاتی هەرێمە، گوایە ئەوانە وا نیشان دەدەن، دەیانەوێت لەدەسەڵاتی ئێستای هەرێم دەرباز بن چونکە ئەم دەسەلاتە گەندەڵ و ناداپەروەر و خۆسەپێنە و تاکە حزبێک تێیدا باڵادەستە. لەڕاستیدا گوتار و کردەوەکانیان دوژمنکارانەیە، نەک چاکسازانە. لەهەندێک بواردا لۆژیک لەدەست دەدات و خودانی بیرێکی خۆکوژییە.
مێژوو سزای ئەوانە نادات، کە ترسیان لە مێژوو نییە، ئەو حزبانەی دژایەتی ئابووری سەربەخۆیان کرد، لەدوژمن پتر دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بڕووتێننەوە و هیچ وزەیەک و سەرچاوەیەکی ئابووری و بژێوی نەبێت، گەندەڵکاریش دەیەوێت لەقازانجی خۆی و شاردنەوەی نەهامەتییەکان و سەرچاوەی کێشەکان درێژە بەو دۆخە بدات، کە جێگەی نیگەرانییە.
یەکگرتووی ئیسلامی بۆ ئەوەی لەبەردەم ئیمان و بڕوابوون بەڕاستگۆیی ئایینی و نمایشی بڕواداریی هەمیشە ڕێگەی پاشەکشە و تەبریر بۆ خۆی دەدۆزێتەوە، بەناوی خەمخۆری بۆ مووچەی هاووڵاتیان سکالا لەدژی هەرێم و بەغدا تۆمار دەکات، ئەمەش خەستکردنەوەی خراپتری قووڕە خستەکەیە. هەشە گوایە شەرەفی ڕاستگۆیی بەدەستهێناوە، دەڵێت "خەڵکینە بڕیارەکە لە تارانە". ئەمە جۆرێکی دیکەیە لەماڵوێرانی و هەژاریی لە ئیمان و فکر.
ئەگەر کورد هەموو یەک دەنگ نەبن بەپاراستنی هەموو جیاوازییەکانیان، ناتوانن پێش لە مەترسییەکان بگرن، لەکاتێکدا هەموو لایەنەکان داوای یەکبوونی هەڵوێست دەکەن و هەر خۆشیان بێ جیاوازیی درزی لێکترازن فراوانتر دەکەن، هەموو لەچاوەڕوانی ئەوەن هەرێم لاوازتر بێت، بۆ ئەوەی بلین خەڵکینە نەمانگووت ئەم هەرێم خێری تێدا نەماوە. یەک گوتاری لەم قۆناغە لە یەکڕیزش گرنگترە، چونکە شەڕێکی دەروونی و ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی مەترسیدار دژی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێش دەسەڵاتی هەرێم بەڕێوە دەچێت، هێرشەکان لەکردەوەدا دژی هاووڵاتیانی هەرێمە، نەک دەسەڵاتی هەرێم. ئەم ولاتانە و دوژمنەکان و بەرەی دژی دەسەڵاتی هەریم دەیانەوێت هاووڵاتیان لە بیروباوەڕ و ئیمان بەدۆزی کوردستان دابشۆرن و دایان ببڕن، پێش ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم بشکێنن، دەیانەوێت هاوولاتیان بشکێنن. بۆیە هەر لایەن و کەسێک فوو لەم ئاگرە بکات، ڕووباری هیچ مێژووێک بەهانای نایەت.
لەهەموو لایەکەوە هێرشە، کە گوێ لە ڕاگەیاندنی کوردیش دەگرم، بەجۆرێکە وەکو ئەوەی ڕاگەیاندنی دوژمن بێت، ڕاست و چەپ بەربۆتە گیانی خۆمان، وەکو بەشێک لە فشار و دژایەتی و بەرنامەی ناحەزانە دەئاخڤێت. پێش یەکگوتاری، پێویستە چارەسەری زمان و گوتاری راگەیاندن بکرێت.