گوتاری سیاسی و ماتماتیک

غازی حەسەن
  2022-02-10   

زۆر پێویستمان بەوە نییە پێناسەیەکی درێژ و چڕ بۆ گوتار و سیاسەت، یان گوتاری سیاسی بکەن، یان پێناسەی ماتماتیک بکەین، چونکە قسەکەری ئێستای کورد، هێندە قسە لەسیاسەت و بازرگانی دەکەن و سیاسیانە قسەدەکەن و هەموو شتێک بە بازرگانی و بازاڕ دەبەستنەوە، هەموویان شارەزان لەناسین و دیاریکردنی ئەرک و شێوازی بەکارهێنانی ئەم چەمکانە. هەموومان فێری ئەوە بووین، کە سیاسەت چییە و چ دەگەیەنێت. هەندێک بەڕووبەی دواکەوتووترین عەقڵ و شوێن ئەم شتانە دەپێوێت، بەڵام دیارە کەر لەکوێ کەوتووە و کوندە لەکوێ دڕاوە!.  

گوتار ڕاپەڕاندنی کردەیەکە لەڕێگای بەکارهێنانی زمان و گەیاندنی پەیامێک و ساخکردنەوەی مەبەستێک و یاریکردن بەعەقڵی وەرگر و گوێگرەکان. مەرج نییە گوتاری ڕاگەیاندن گوتارێکی ئەرێنی بێت، چونکە لەکردەوەدا سیاسەت خۆی پرۆسەیەکی یەکلاکراوە و یەکڕوو نییە. سیاسەت وەکو داری زەقنەبووتی لێهاتووە، هەرچی ڕاستە، وەکو هەڵە دەردەکەوێت و هەرچی هەڵەش وەکو ناولەپی مرۆڤ ڕاست دەردەکەوێت.

سیاسەت لای ئێمە بۆتە درۆ، فرتوفێڵ و فریدوان و بەسترانەوەی بەبازاڕی ئابووری و وەکو کەلوپەلی هەرزانفرۆشکراو دیقەتی لێ دەدرێت، سیاسەت نەکردنیش واتە بەئەخلاقەوە ڕاپەڕاندنی کارێکی خزمەتگوزاری، ئیداریی، سیاسی و پەیوەندییەکان و تاد. لەکۆمەڵگای ئێستای کوردستاندا هەموو کەس قسە لەسیاسەت و بازاڕ دەکات، تەنیا سیاسییە هەقیقییەکان نەبن، کە هەمیشە بەزمانێکی میللی و پاڕانەوە بۆ خەڵک و قسەکردن لەپێناو پاراستی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەئاخڤن.

لەکاتێکدا لەدونیای نوێدا گوتاری سیاسی وەکو ماتماتیک وایە، یەک کۆ یەک دەکاتە دوو، یان سفر جاران سفر دەکاتە سفر. لای گوێگری کورد سیاسەت ئەوەیە، یەک کۆ یەک بێت، لەکاتێکدا بەپێی لۆژیک و هاوکێشە و شیکردنەوەی ماتماتیکی هیچ مەرج نییە ئەم ئەنجامە ڕێک و ڕاست دەربچێت، چونکە ئەگەر دیقەت لەم هاوکێشەیە بدەین لەدواتر بۆ مان دەردەکەوێت بەچەند ڕێگەیەک و بەئەنجامی جیاواز دەتوانرێت لێکبدرێتەوە وەکو:

٢ X  (٥+٢)^ -٦X٢ =

ئەنجامێک ١٠٠ و ئەنجامێکی دیکە دەکاتە ٧٨١٧٥٠ و ئەنجامێکی دیکە دەبێتە ٢٥٤ و ئەنجامێکی دیکە دەبێتە، ١١٥٢٩٥٩٠، لەکاتێکدا تەنیا یەک، بەڵێ تەنیا یەک ئەنجام دروستە و بەڕێگەیەکی ماتماتیکیانەی ڕاست و دروست دۆزراوەتەوە. ئەمەش لەئەنجامی لێکدانەوە و تێگەیشتن و شێوازی بەکارهێنانی کەسەکە هاتووە، نەک هەقیقەت و واقیعی هاوکێشەکە. هەر کاتێک سیاسەتیش بووە، کەرەستەیەکی هەرزانی نێو بازاڕ، بەتایبەتی بازاڕی ئەنتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاساییە ئەنجامی نادروست و ئاکامی نابەجێ بەدەست بهێنرێت.

واتە گوتاری سیاسیش وەکو شیکردنەوەی ماتماتیکی وایە، هەر کاتێک ڕێگە و بیرۆکەی جیاواز و هەڵە بەکارهێنرا، دوور نییە ئەنجامەکان هەڵە دەرچن.

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار، ڕێک وەکو ئەم گوتارە سیاسییە پەیوەندی بەماتماتیکەوە هەیە، هەر یەکێک هاوکێشەکە بەڕێگەیەکی هەڵە و لەدید و تێگەیشتنی کەسی خۆیەوە شی دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەنجامی ‌هەڵە و نادروست بەدەست بێت.

هەندێک دانیشتوون هاوکێشەکە وەکو قوتابی تەمەبەڵ لەڕێگەی ژماردن بە پەنجەکانیان شی دەکەنەوە، کە هاوکێشەکان هەر تەنیا کۆکردنەوەی ژمارەکان نییە، بەڵکو پەیوەندی بەتێگەیشتن و شێوازی بەکارهێنانەوەش هەیە.

 هەر گوتارێک هاوکێشە و ژمارە و ئەنجامی جیاوازی دەبێت، کە ئەنجامەکەش پەیوەندی بەچۆنیەتی بیرکردنەوە و بەکارهێنان و مەعریفەی کەسانەوە سەبارەت بەهاوکێشەکە و ڕێگاکانی چارەسەر و شیکردنەوەی خودی هاوکێشەکانەوە هەیە، نەک تەنیا مەزەندەی تاکەکەسی و تێڕوانینی سیاسی و ئارەزووی ئەو کەسانەی بیر لەئەنجام ناکەنەوە، بەقەد ئەوەی وەکو کەلوپەلێکی هەرزان سەیری بازاڕی سیاسی و شیکردنەوەی گوتار دەکەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌: زه‌یدی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كردوه‌ به‌ مه‌رج بۆ پشكی هه‌رێم له‌ بوجه‌دا
​ڕاپۆرتێکی «مەدا»: دوای جموجۆڵەکانی جورف سەخر، هەرێمی کوردستان لە بەردەم گوشاری نوێ و دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدایە
میدیاکارێکی عێراقی: فالح فەیاز پێشوەختە بڕیارەکانی زەیدی رادەستی بارزانی کردووە
یه‌كێتی: ئاماده‌ین بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم
زەیدی تاوتوێی جووڵاندنی سوپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیاری وەرگرتنەوەی دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان دەدات
مه‌سعود بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە لە دژی قەوارەی هەرێم ڕەتدەکەینەوە
کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی باران‌و بەفربارین دەگرێتەوە
حکومەتی عێراق سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان دەگۆڕێت
روسیا: نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەشەڕی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×