پڕۆژە تۆقێنەرەکان!

غازی حەسەن
  2021-07-08     609
لەم ڕۆژانەدا کۆبوونەوەی سێ قۆڵی میسر و ئوردن و عێراق لەبەغدا بەڕێوەچوو، پڕۆژەی شام وەکو بۆمبێک لەئارادایە، لەهەمان کاتدا سونەکان بانگەشەی هەرێمی ئەنبار دەکەن و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت "سیستەمی فیدرالی بۆ سوریا چارەسەرێکی گونجاوە".  ئەمەریکاش لە ئەفغانستان دەکشێتەوە و دەنگۆی ئەوەش هەیە، تالیبان بگەڕێندرێتەوە، بەکەمێک جەختکردنەوە "بگەڕێندرێتەوە" دەسەڵات، لە عێراقیشدا ئەمەریکا بەردەوام هێزەکانی لەبەردەم موشەک و دۆرۆنی حەشد و گروپەکانی سەر بە ئێرانە، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمەریکا پاشەکشە دەکات، یان پڕۆژەیەکی دیکە ئەلتەرناتیڤی ئەم واقیعە گڵخاوە لەئارادیە.
بۆ نمونە فکرۆکە و هەنگاوەکانی میسر و ئوردن لەبارەی عێراق و ناوچەکە  ئەگەر نوێش نەبن، بەڵام دەرکەوتنەوەیان لەسەر مێزی هێز و وڵاتە بڕیاربەدەستەکانی ناوچەکە و جیهان، مایەی لێوردبوونەوەیە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لەچەند هەفتەی ڕابردوو لەلایەن پاشای ئوردن پێشوازی لێکرا، سەردانی ئیماراتی کرد، ئەم دیدار و سەردانانە لەئاگایی و لەنزیکەوە چاودێری پڕۆژە جەهەنەمییەکانەوە دێت، بەلای کەمەوە ئەو جۆرە پڕۆژانەی (ئێران و تورکیا) نیگەران دەکات.
فیدرالیەتی سوریا بەواتای داننان بەواقیعی کوردی دێت، لەهەمان کاتدا سونەش وەکو هێزێک بەرەو سەربەخۆیی و کۆکردنەوەیان لەچوارچێوەیەکی نوێی جوگرافی و سیاسی دەبات، ئەمەش ڕەنگە لەئایندەدا ببێتە بنەمایەک بۆ هاندانی بەکردەوەی هەرێمێکی دیکەی تایبەت بەسونەکانیش لە عێراق و دواتر لەسوریا.
میسر دان بەواقیعی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان دەنێت و قونسلخانەیان لە هەولێر هەیە، ئوردن دۆستێکی نزیکی دیپلۆماسیی و ڕاوێژکاریی و خاوەن پڕۆژە نادیارە، نیمچە هەستپێکراوەکانە.
ئێران نیگەرانە لەجووڵەی سونەی عەرەبی لە عێراق، چونکە لەکۆتایدا هەر خۆکۆکردنەوەیەکی عاقڵانەی سونەکان، ڕەوشی هێزداریی و ئایندەی شیعە و هێزەکانی سەر بەئێران ڕووبەڕووی دیوارێکی پۆڵاینی سونە دەبێتەوە،  تورکیا بەئاشکرا لەم ڕۆژانە دەڵێن پێویستمان بەدروستکردنی پشتێنەی ئاسایشی بەهێز لەدەرەوەی تورکیا هەیە، واتە لە سوریا و هەرێمی کوردستان و یۆنان و لیبیا و ئازەربایجان وەکو هێزێکی سەربازی و ئەمنی دەمێنێتەوە، ئەمانە لەقازانجی وڵاتە عەرەبییەکان نییە، سەرباری هاندان و پشتگیری ئیخوان و توندوتیژی و هێزە دژە رەوت.
پڕۆژەیەکی شاراوەی هەستپێکراوی بزوێنەری هەستە سیاسییەکان لەئارایە، ترسی سەرهەڵدانەوەی داعش، کە دەبێتە ماڵوێرانییەکی دیکە دژی سونەکانی عێراق، ئەمە پێویستی بەچارەسەرێکی ستراتیژی هەیە، نەک ڕاکردنێکی ستراتیژی لەواقیع. هەندێکیش پێیان وایە تالیبان وەکو دراوسێیەکی دیکەی ئێران بەهێز دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی فراوانخوازی و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئاغایانی ئێران ڕابگرن.
ناوچەکە پێویستی بەپڕۆژەی نوێی بێ شەڕ و جەنگی نوێ هەیە، میسرییەکان و ئوردن لە (ئیخوان موسلمین) ترساون ناتوانن خۆیان جاریکی دیکە بدەنەوە دەست قەدەری ئیسلامی سیاسی، کە تورکیا و ئێران بەشێوەیەکی فراوان و ئاشکرا بەشێوازی جیاواز هاوکاریان دەکەن، لە عێراق دەسەڵاتی میلیشیا ئێرانییەکان لەفروانبوونە و بەکردەوە حوکمڕانی عێراقن، سەرباری پێگە و فەرمانڕەوایی ئێران و لەشکرکێشی تورکیا لەناوچەکەدا.
ڕووسیا لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەبێت چارەسەرێکی واقیعی بدۆزێتەوە، لەم بوارەشدا یەکەم جارە بەئاشکرا باسی فیدرالیەت لە سوریا دەکەن، کە دڵنیان ئەم لێدوانە تورکیا تووڕە دەکات، ڕەنگە بەم هەنگاوەشیان ئەمەریکاش تا رادەیەک ڕازی بکەن و لەهەمان کاتیشدا کارتی کوردیش لەدەستی ئەمەریکا دەردەهێنن و کورد بەرەو دیمەشق دەبەنەوە.
هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەنێو ئەم پڕۆژە نوێیانە و لەڕێگەی پەیوەندیی دیبلۆماسیی بەرەو پێشەوە  لەژێر بارێکی قورسی سیاسی و ئابووری و دەروونی و داهێزرانێکی ناوەخۆیی بێزارکەر ڕابکات.
هەنووکە لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت بڵێن ماوەیەکە بڕیار لای یەک ناوەندی بڕیار و کاریزما و هێزە، ئەمە لەتەک هەموو تێبینی و لێوردبوونەوەیەک ڕەنگە بۆ دۆخی ئێستا خراپ نەبێت، پێویستیشە هەنگاوی دیپلۆماسی بخرێتە ژێر فەرمانی دامەزراوە ئیداری و  یاساییەکان و دوور بخرێتەوە لەژێر هەژموونی ململانێ و ناکۆکی حزبی و سیاسی بۆگەنبووی ناوەخۆیی.
بۆ ئەوەی گەشبینی لەدەست نەدەین، لەچاوەڕوانی هەر گۆڕان و پڕۆژە و پێشهاتێک، هەرێم پێویستە خۆی بۆ خراپترین و دژوارترین بژاردەی سیاسی و دیپلۆماسی ئامادە بکات، چونکە پڕۆژە نوێیەکان هەمیشە تۆقێنەرن.. تۆقێنەرن بۆ هەڵوەشانەوەی خەون و خەیاڵداندنی دەسەڵات و خۆسەپێنی هەندێک و بەواقیع کردنی خەونی هەندێکی دیکەش، ئەم گروپەی دوایی ڕەنگە پێشهاتەکانیان زۆر لەمەزەندە نەبووبێت و هەمیشەش قوربانی ڕووداوەکان بووبن و ڕاسپێردراو و بەکارهێنراوبوون، نەک خاوەن بڕیار و بەکاربەر.
کورد دەبێتە بەیەکگرتوویی و بەگوتارێکی هاوبەش و دونیابینیەکی هاوسەنگ، بێ خۆدابران لەواقیعی سیاسی شتەکان لێکداتەوە و بەکاریان بهێنێت و بەرهەمەکەی بەدەستبهێنێت. پڕۆژەکان تۆقێنەرن و زراوی هێزە فروانخواز و خۆسەپێنەرەکان دەبات، بۆیە پێویستە خۆمان لەترس دەرباز بکەین و متمانە و بڕوابەخۆبوون پەرەپێبدەین.       

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×