تێکچوونی ھاوسەنگی ھێز  لەنێوان بەغداو ھەرێمدا

فارس نەورۆڵی
  2026-11-26   

لە ھەر وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەمەزھەب و فرەئاییندا، دەستوور بنەما و ھۆکاری سەرەکیی پێکەوەژیانە، بەو مەرجەی ھەموو پێکھاتەکان باوەڕیان بەو دەستوورە ھەبێت کە دەنگیان پێ داوە. خەڵکی عێراقیش بەو ئومێدەوە دەنگیان بە دەستوور دا، بەڵام وەک خۆی جێبەجێ نەکرا. لێرەدا قسەم لەسەر ھەڵەی ھیچ پێکھاتەیەک نییە کە لە دەستوور لای دابێت، بەڵکوو مەبەستمە ئەوە بڵێم کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە، جیھان ئومێدێکی گەورەی بە ھەرێمی کوردستان ھەبوو تا ببێتە نموونەی حوکمڕانیی دیموکرات لە ناوچەکەدا؛ ھەر بۆیە وەک «عێراقی دووەم» باس دەکرا. بۆ ئەم مەبەستە، ھاوسەنگیی ھێز بە لای ھەرێمدا شکابووەوە، تا ئەو ڕادەیەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بێ ڕەزامەندیی کورد دانەدەنرا. ھەولێر ببووە ناوەندێکی دیپلۆماسی و ئابووریی گرنگ لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش لە شەڕی دژی تیرۆردا کورد ببووە سیمبول بۆ جیھان.
بەڵام ئێستا ھاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە؛ سەنگی سیاسی و ھاوسەنگیی نێودەوڵەتی بە لای بەغدادا شکاوەتەوە. ئەمەش دەرەنجامی ناتەبایی و ڕەفتاری نالۆژیکیی خۆمانە، نەک ڕووداوێکی لەخۆڕا واتە دەبێ بزانین ئێمە لەتەک ئەنجامدا ڕوو بەڕو  دەبینەوە ،ھەروەھا ئەم گۆڕانی ھاوسەنگیە پەیوەندیی بە بەھێزبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت و تێپەڕاندنی قەیرانە گەورە ئەمنییەکانەوە ھەیە لە عێراقدا، کە وایکرد جیھان و ناوچەکە مامەڵەی زیاتر لەگەڵ بەغدا بکەن. ھەر بۆیە، شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە زلھێزەکان و وڵاتانی دراوسێی عێراق، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری، ئەمنی و وزەییەکاندا، سیاسەتیان بە ئاراستەی «عێراقێکی یەکگرتووی بەھێز»دا دەڕوات؛ تەنانەت «تۆم باراک»ـیش چەند جارێک ئەم دروشمەی دووبارە کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شکانەوەی ھاوسەنگیی ھێز بە لای بەغدادا، تا ڕادەیەک پەیوەستە بە بێئومێدبوونی وڵاتانی جیھان لە کورد، ئەوەش دەرەنجامی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستانە. بەشێکی زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێو حزبە کوردییەکان، عینادیکردن بەرامبەر یەکدی، بەڕێوەبردنی «گەمەی سفری» دژی یەکدی و نەبوونی گوتارێکی یەکگرتوو، وایکردووە کە بەغدا ئێستا ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان بکات. بەڵام پێویستە ھەموو لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان ئەوە بزانن: لە دروستبوونی عێراقەوە لە بیستەکانەوە تا ئێستا، ھیچ کات لۆژیکی ھێز لە عێراقدا سەرکەوتوو نەبووە بەتایبەتی بەرامبەر بە کورد و ھیچ سوودێکیشی بۆ عێراق نەبووە جگە لە وێرانی. بۆیە باشترین ڕێگا بۆ عێراق گفتوگۆیە و گەڕانەوەیە بۆ دەستوور ، ئەگینا زمانی شەڕ ھەر وێرانکاری بەرھەم دەھێنێت، وەک ئەوەی بەعس بەرھەمی ھێنا.
ئەو ڕێوشوێنانەش کە پێویستە لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە بەرامبەر ئەو ھەڕەشانە بگیرێنە بەر، وەڵامدانەوە نییە بە ھەڕەشە و گوتاری سۆزداری، چونکە ئەو جۆرە گوتارە کاریگەریی جارانی نەماوە و نامانگەیەنێتە ھیچ شوێنێک؛ بۆیە پێویستمان بە «ھێزی لۆژیک» ھەیە. پێویستیشە ھەموو لایەک بزانن ئەم گۆڕانکارییانە بە مانای کۆتاییھێنان بە قەوارەی ھەرێم نایەن، بەڵکوو دەکرێت ببنە ھۆکار و دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی ھەردوولا بۆ دەستوور ،بەو مەرجەی ھەرێمی کوردستان لەم پەرتەوازەییە ڕزگاری بێت و قوربانی بە بەرژەوەندییە حزبی و کەسییەکان بدەین، لەپێناو ئەوەی ھەرێم نەبێتە قوربانی. بۆ ئەم مەبەستە ئەم پێشنیارانە وە ھەنگاوی بەھێزکردنەوەی ھەرێم دەخەمە ڕوو   کە دەکرێ ببێتە نەخشە بۆ بەھێزبوونەوەی  ھەرێم و دروستکردنەوەی ھاوسەنگیی سیاسی لە عێراقدا :.
٠١ دروستکردنی بیرکردنەوەیەکی ھاوبەش و ئەقڵێکی بڕیاردەری واقیعبین: کە بتوانێت حکوومەت و کابینەیەکی نوێ پێکبھێنێت، ھەموو لایەن و ھێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەری ڕەزامەند بن.
٠٢ پێکھێنانی شاندێکی پسپۆڕ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا: شاندێک کە پێکھاتبێت لە سیاسەتوان، دیپلۆماتکار و شارەزایانی دەستوور؛ چونکە بەغدا لە ڕێگەی دەستوورەوە ھەنگاو دەنێت و پێویستە ھەرێمیش بە دەستوور وەڵامی بداتەوە.٠٣ دوورکەوتنەوە لە زمانی سۆز و ئیستفزاز: گەڕانەوە بۆ دواندنی لۆژیکی و زمانی ئەقڵ، ھاوکات ئاگاداربوون لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و مەلەنەکردن دژی شەپۆل.
٠٤ پێکھێنانی شاندێکی دیپلۆماسی و دەستووری بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کۆنسووڵخانەکان: بە مەبەستی ڕێگری لەو خەونەی عێراق و خستنەسەرڕێی گفتوگۆیەکی دەستووری. ٠٥ بنیاتنانی لۆبییەکی دامەزراوەیی لە دەرەوە، چونکە عێراق لە ئەمریکا، ئەوروپا و بەریتانیا خاوەنی لۆبییە و ھەرێم لەو بوارەدا ئامادەیییەکی بەھێزی نییە؛ ئەگەر جووڵەیەکیش ھەبێت، جووڵەی حزبییە و ئەو ئاوە ناچێتە ئاشی ھەرێمەوە. بۆیە باشترە دوای پێکھێنانی کابینە، گرووپێک لە شارەزایانی سیاسی بە ناوی ھەرێمەوە بچنە ئەمریکا بۆ دروستکردنی لۆبی بۆ ھەرێم. ھەرچەندە باوەڕ ناکەم حزبەکان دەستبەرداری بەرژەوەندیی خۆیان بن و ئەم پێشنیارانە لەبەرچاو بگرن، بەڵام من بۆ مێژوو ئەم پێشنیارانە دەخەمەڕوو.

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌: زه‌یدی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كردوه‌ به‌ مه‌رج بۆ پشكی هه‌رێم له‌ بوجه‌دا
میدیاکارێکی عێراقی: فالح فەیاز پێشوەختە بڕیارەکانی زەیدی رادەستی بارزانی کردووە
​ڕاپۆرتێکی «مەدا»: دوای جموجۆڵەکانی جورف سەخر، هەرێمی کوردستان لە بەردەم گوشاری نوێ و دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدایە
یه‌كێتی: ئاماده‌ین بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم
زەیدی تاوتوێی جووڵاندنی سوپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیاری وەرگرتنەوەی دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان دەدات
مه‌سعود بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە لە دژی قەوارەی هەرێم ڕەتدەکەینەوە
کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی باران‌و بەفربارین دەگرێتەوە
حکومەتی عێراق سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان دەگۆڕێت
روسیا: نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەشەڕی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×