کورد لە دەرەوەی مێژوودا؛ تۆم باراک لە ڕۆڵی عیسمەت پاشا و گەڕیدە ڕۆژهەڵاتناسەکاندا

نیاز عه‌بدوڵا
  2026-10-29   

تەماشاکردنی کورد لە دوای شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش وەک کەرستەیەکی جەنگی بەسەرچوو و بێڕۆڵ؛ کوردی خستووەتەوە ناو پرۆژەیەکی کۆلۆنیالیزمی نوێ هاوشێوەی سەردەمی کۆنگرەی لۆزان، ئێستاش کە میراتی تیرۆریستانی داعش بە دیدگای میراتی عوسمانییەکان دابەش دەکرێتەوە، بە پاساوی ڕادەستکردنی ناوچەکە بە دەسەڵاتە ناوەندگەراکان و نەهێشتنی هێزە نادەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵدەدرێت کورد وەکو کارتێکی جیۆپۆلەتیکی کە لە شەڕی داعشدا بەهێز بوو لە پەراویزێکدا بیهێڵدرێتەوە و دۆزەکەی لە ئاستێکی نەتەوەیی و سیاسیی ڕەواوە بگۆڕدرێت بۆ دۆزێکی کەلتووری. ئەوەی لە ماوەی پێشوودا کورد لە سووریا پیایدا تێپەڕی دەرەنجامی ئەو ڕوانگەیە بوو پێی وابوو «هاوپەیمانی لەگەڵ کورد تەکتیکی و کاتی بووە نەک ستراتیژی»، جێگرەوەکەشی بەرژەوەندیی بازرگانیی تەواو خاڵی بوو لەهەر پابەندێتییەکی ئەخلاقی، ئێستاش هەمان دۆخ و سیناریۆ بە شیوازێکی جیاواز بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە.

 

"یەک دەوڵەت، یەک سوپا، یەک حکوومەت" وەک ستراتیژ

تۆم باراک کە دوو پۆستی باڵاو هەستیاری دیپلۆماسی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوانیش باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و عێراق، هاوپەیمانی و ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتەکان بە گرنگتر دەبینێت لە پشتیوانی کردنی گرووپە کوردییە نادەوڵەتییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕوونی دژایەتی هەر سیستەمێکی لامەرکەزی و فیدڕاڵییەت دەکات بۆ کورد؛ چەند جارێک ئەوەی دووپاتکردووەتەوە "فیدڕاڵییەت لە عێراق و سووریادا سەرکەوتوو نابێت"، بۆیە وەک ستراتیژ جەخت لەسەر "یەک دەوڵەت، یەک سوپا، یەک حکوومەت" دەکاتەوە، پێشی وایە کورد لە سووریا و عێراق سەرئێشەن بۆ ئەمریکا و توانای خۆبەڕێوەبردنیان نییە و دەبێت لەژێر ڕکێفی دەوڵەتێکی ناوەند دابن.

دیپلۆماتکاری ئەو بە عەقڵییەتێکی تەواو بازرگانی و پراگماتیکییەوە کاریگەری لەسەر داڕشتنی سیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست کردووە، ئەمەش وایکردووە ببێتە درێژکراوەی عەقڵییەتی ئەو دیپلۆماتکار و گەڕیدە ڕۆژهەڵاتناسانەی سەدەی بیست کە شوێندەستیان دیارە لە کارە دیپلۆماتییە کۆلۆنیالیستەکان، لە نموونەی هینری کیسنجەر، میس بێڵ، مارک سایکس، مەیجەر سۆن، کە کاریگەرییان هەبوو لەسەر خەفەکردنی شۆڕشەکەی شێخ مەحمود و شۆڕشەکانی دیکەی کوردستان. هەستیاری پێگەکەی باراک

بووەتە هۆی ئەوەی نەخشەی سیاسی سێگۆشەی تورکیا و سووریا و عێراق بکەوێتە ژێر ئاراستە و فکر و باڵادەستیەوە، لە جوگرافیایەکدا خەبات و شۆڕشەکانی کورد بە بەرفراوانی تیایدا بەڕێوەچوون و یەکێکە لەناوچە گەرمەکانی ڕووداوەکان.

لەبەرئەوە ئەم ستراتیژەی ئەو کاریگەرییەکی درێژخایەن و قووڵ لەسەر چارەنووسی کورد لە ناوچەکە درووست دەکات و جێدەهێڵێت، واش دەکات مەودای قوربانیدانەکانی کورد لە ناوچەکە درێژبکاتەوە؛ هاوکات لەپەنای ئەم کار و پرۆژە کۆلۆنیالیستانەیدا توانیویەتی بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییە کەسییەکانی تێکەڵ بە پرسە دبلۆماسییەکانی ئەمریکا بکات بەتایبەت لە پرۆژەی بۆری نەوتی عێراق - سووریا کە پرۆژەیەکی گواستنەوەی نەوتە لە کەرکووکەوە بۆ بەندەری بانیاس و پرۆژەیەکی ڕزگاری ئابوورییە لە گەرووی هورمز.

لە سووریاش بۆ پشتیوانی کردنی پرۆژە سیاسی و داگیرکارییەکەی تورکیا لەسەر بنەمای بە قوربانی کردنی کورد، دڵسۆزییەکەی بۆ تورکیا هاوشێوەی دڵسۆزییەکەی عیسمەت پاشا (عیسمەت ئینۆنۆ) بوو لە کاتی ڕێککەوتننامەی لۆزاندا کە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی ئەنقەرە بوو، بۆیە لە هەرێمی کوردستانیشدا خەریکە درێژە بە ڕۆڵەکەی دەدات لەگەڵ عێراق.

 

دەرەوەی مێژوو هێڵێکی کێشراو لە ئاگر

هەرێمی کورستان لەگەڵ ئەوەی لە ١٩٩٢ وە خاوەنی حکوومەت و دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری خۆیەتی و لە ٢٠٠٥ وە هەرێمێکی کوردی فیدڕاڵە لە عێراقدا، سەرەڕای ئاڵنگارییە هەرێمی نێودەوڵەتییەکان ،بەڵام بەهۆی نەبوونی ستراتیژی نیشتیمانی کە بە ڕژدی بۆ داهاتووی کوردستان بڕوانێت، نەیتوانیوە ببێتە بکەرێکی سیاسی سەربەخۆ لە هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵکو بە ئاستێکی بچووک و ناوچەیی لەگەڵ ڕووداو و سیاسەتەکانی ڕۆژدا خۆی گونجاندووە و کێشە ناوخۆییەکانی لەئاستی حیزبی و بنەماڵە سیاسییەکان تێنەپەڕاندووە، سوود و دەرفەتەکانی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتی، پێکهێنانی کابینەکانی حکوومەت و پرۆژە بازرگانییە بنەماڵەییەکان بەکار هێناوە، لە کاتێکدا دەرفەتی زۆر لەبەردەست دابوون بۆ سوود وەرگرتن لەو هەلانە، بەتایبەت لەسەر زەوی لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا کورد ڕۆڵێکی ئەرێنی گەورەی هەبوو (هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان) لە ڕەوتی ناوچەکە، بەڵام کاتێک شەڕی داعش کۆتاییهات کورد بە ئاسانی گەڕێندڕایەوە قاڵبی پێشووی، جارێکی دیکە خۆی لەبەردەم دۆخێکدا بینییەوە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قبوڵی ناکات و لەناو نەخشەڕێگایەکی کۆلۆنیالیزمیدا دەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی وڵاتە بەهێزەکان و «شەڕکەرە ئازاکە» بەهۆی ژمارەیەک هەڵەی ستراتیژییەوە لەسەر مێزی دانووستانەکاندا شکستیهێنا.

لەگەڵ هەبوونی هەموو ئەو قەیران و کێشە گەورانەی کوردستاندا، هێشتا بیرکردنەوەی هێزە سیاسییە حووکمڕانەکانی کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرتەسکدایە و بەباشی ئەو ئاگرەی پشتەوەی هێڵە کێشراوەکان نابینن کە چ چارەنووسێک چاوەڕوانی کوردستان دەکات ئەگەر کێشە لاوەکییەکانیان لەپێناو خودی کوردستان چارەسەر نەکەن، بۆیە سەرەڕای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان، پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە قەیرانی دامەزراوەیی تێبپەڕێنن و وەڵامدارەوەی دڵەڕاوکێی خۆیان و خەڵکی کوردستان بن.

بۆیە گرنگە هێزە سیاسییەکان ئەوە بزانن بوون بە پاڵەوانی شەڕێک واتای ئەوە نییە بتوانن بەو پەرشوبڵاوی و بێستراتیژییەوە کورد خەڵاتە سیاسییەکان بباتەوە، بەڵام ئەو پەراوێزەی وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت کورد ماویەتی دەکرێت بکرێتە دەرفەتێک بۆ پاراستنی بەشێکی ئەو مافانەی بەدەستهاتوون و کردنەوەی دەروازە بۆ داهاتوو.

زۆرترین بینراو
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی ده‌داته‌وه‌
بە نێوەندگیری قەتەر؛ نامەیەکی نهێنیی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ موحسین ڕەزایی هەوڵی ڕاگرتنی جەنگی ئێران دەدات
بانکی ناوەندیی عێراق دەنگۆی چاپکردنی دراوی نوێ رەتدەکاتەوە و دابەزینی جیاوازیی نرخی دۆلار رادەگەیەنێت
ئاڵا تاڵەبانی: عەلی زەیدی بۆ ڕاگرتنی قاچاغچێتیی نەوتی هەرێم لەگەڵ تورکیا هاتووەتە سەرهێڵ و داوای وردبینیی نێودەوڵەتی دەکات
دوای هەڵبژاردنەکان؛ نەتەنیاهۆ سەرکردایەتیی حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات و پارتە عەرەبییەکان ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکەن
پۆلیسی راپه‌ڕین: باندێك په‌یدابون به‌ناوی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌ كچان ده‌خه‌ڵه‌تێنن
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم: سه‌رله‌به‌ری قسه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی ناڕاستن
قوباد تاڵه‌بانی: خۆش نییه بۆ ماوه‌ی‌ دو ساڵ جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر بیت
لە سنووری هەولێر تەرمی ژنێک دۆزرایەوە و پۆلیس دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری ڕاگەیاند
ئیلهام ئه‌حمه‌د: پێشێلكارییه‌كانی گروپه‌ چه‌كداره‌كان رێگره‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی عه‌فرین
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×