مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح شیكاری گوتارو كێشه‌كانی ناو جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌كه‌ن
  2019-04-24       4743       

مه‌ریوان وریا قانیع و ئاراس فه‌تاح له‌ نوێترین وتاریاندا له‌ژێر سه‌ردێڕی (نه‌وه‌ی نوێ: له‌ كۆمپانیایه‌كی ئابورییه‌وه‌ بۆ كۆمپانیایه‌كی سیاسیی) شیكاری گوتارو پێكهات و كێشه‌كانی ناو جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن:"نەوەی نوێ تازه‌ترین ھێزی ئۆپۆزیسیۆنی ناو کایەی سیاسیی ھەرێمە كه‌ بەر لە هه‌مو شتێك زاده‌ی سایكۆلۆژیا و خولیای شه‌خسیی ملیۆنێر و سه‌رمایه‌دارێكی ناڕون و دوڕوخسارە. ناڕون و دوڕوخسار به‌و مانایه‌ی گه‌رچی پڕۆژه‌ ئابورییه‌كانی و بونی به‌ ملیۆنێرێكی گەنج و گه‌وره‌، جێگای مشومڕی گه‌وره‌ و به‌دگومانیی بون لای خه‌ڵكێكی زۆر، بەڵام خستنه‌گه‌ڕی بەشێک لە سەرمایه‌كه‌ی و دامەزراندنی ئیمپراتۆرییه‌ته‌ میدیاییه‌كه‌ی له‌ناو پرۆسه‌ی دروستكردنی حیزبێكی سیاسیی نوێدا، ڕوداوێکی تازەی ناو کایەی سیاسیی ئێمە بو."

ئاوێنه‌: ئاراس و مه‌ریوان ڕایان وایه‌ كه‌ "نەوەی نوێ لە ساتی دروستبونیەوە خۆی وه‌ك بۆمبێكی سیاسیی قۆناغی دوای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نماییشده‌كردوە و بانگه‌شه‌ی ئەلتەرناتیڤێکی دوسەرەشی ده‌كرد. ھەم ئەلتەرناتیڤی حوکمڕانیی دو ھێزە باڵادەستەکەی ھەرێم و ھەم ئەلتەرناتیڤی ئەو ھێزە ئۆپۆزیسیۆنانەی كه‌ "بوێریی سیاسییان نه‌ماوه‌."


هه‌ردو نوسه‌ر له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌یاندا ده‌نوسن:"بۆ ئەوەی زیاتر لەم ھێزە... بگەین، پێویستە لانیکەم لە سێ ڕەھەندی سەرەکیی بڕوانین. یەکەمیان ئەو گوتاره‌ سیاسییانەیە کە ئەم ھێزە ھەڵیگرتوە. دوھەمیان پێكهاتی ڕێكخراوه‌یی ئەو ھێزەیە. سێھەمیان ئەو پەیوەندییەیە کە ئەو ھێزە بە کایەی ئابورییەوە گرێیدەدات."

بەبۆچونی هه‌ردو نوسه‌ر "گوتارە سیاسییەکانی نەوەی نوێ نمونەیەکی تەواو ڕونی ئەو جۆرە گوتارەیە کە لە ئەدەبیاتی سیاسییدا بە پۆپۆلیزم ناونراوە." له‌ درێژه‌ی وتاره‌كه‌یاندا ده‌نوسن كه‌ "ئامانجی ژمارە یەکی ھێزە پۆپۆلیستەکان دەستکارییکردن و گۆڕینی نوخبه‌ی حوکمڕانە به‌ نوخبه‌كه‌ی خۆیان، نەک دەستکاریکردنی ئەو واقیعەی کە ئەو کێشانەی دروستکردوە... ھێزە پۆپۆلیستەکان دەیانەوێت بەھەر نرخێک بگەنە ترۆپكی ده‌سه‌ڵات، نه‌ك ده‌ستكارییكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن."

به‌ڕای هه‌ردو نوسه‌ر "ھەرچی مۆدێلی رێكخراوه‌یی هێزە پۆپۆلیستییه‌كانە، مۆدێلێکی هه‌ره‌مییه‌ و دیارده‌یه‌كی تاكسه‌رۆكیی ئاراستەی دەکات. هه‌مو هیوا و گوتار و تواناكانیشی له‌سه‌ر له‌باقه‌ت و كارامه‌یی و كاریزمای ئەو تاکە سه‌رۆكە به‌نده‌. له‌ناو بزوتنه‌وه‌ پۆپۆلیستییەکاندا كه‌سی دوهه‌م و سێهه‌م بونی نییه‌، چ جای سەرکردایەتییەکی دەستەجەمعیی و دروستبون و دەرکەوتنی کەسایەتی سیاسیی تازە. بۆیه‌ له‌ زۆرینه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا به‌ كه‌وتنی سه‌رۆكەکە، به‌بێزاربون و بێتاقەتبونی، یان بە مردنی، سەرجەمی بزوتنەوەکە و گوتارەکانیشی دەمرێت، یان توشی شەلەلێکی سیاسیی ھەمەلایەن دەبێت تاڕادەی كۆتاییھاتنی خودی جوڵانه‌وه‌كه‌." به‌بۆچونی ئاراس و مه‌ریوان نەوەی نوێش مۆدێلێكی ئه‌م ڕه‌وته‌یه‌ كه‌ له‌ جیهانی سیاسه‌تدا نمونه‌ی كه‌م نییه‌.

مه‌ریوان و ئاراس ده‌ڵێن: "نه‌وه‌ی نوێ وه‌ك هێزیكی سیاسیی نوێی ناو كایه‌ی سیاسه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، یه‌كه‌م رێكخراوه‌ كه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارێكه‌وه‌ دروستده‌كرێت و ھەم خۆیشی سه‌ركردایه‌تی و ئاراستەی دەکات. گه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كانی تری ھەرێم پاش گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات گۆڕابن بۆ كۆمپانیایه‌كی سیاسیی، ئه‌وا نه‌وه‌ی نوێ ھێزێکە لە کۆمپانیایەکی ئابورییەوە گۆڕاوە بۆ ھێزێکی سیاسیی. لە ھەردو دۆخەکەدا پەیوەندییەکی تەواو ناتەندروست لەنێوان سیاسەت و ئابورییدا دروستبوە. لە دۆخی یەکەمیاندا سیاسەت دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئابوریی، لە دۆخی دوھەمیشیاندا ئابوریی دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی سیاسیی. لە ھەردو دۆخەکەشدا سیاسەت لەوەدەکەوێت کردە و بڕیاری پێکەوەیی و دەستەجەمعیی بێت بۆ دروستکردنی "ژیانێکی ھاوبەش" بەلانی ھەرەکەمی کێشە و گرفت و ململانێوە."

ئاراس و مه‌ریوان ده‌نوسن: "نەوەی نوێ لە ئێستادا رێكخراوێكه‌ كه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی كۆماندۆئاسا ھەم رێكخراوه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات و ھەم ئابورییه‌كه‌ی له‌ژێر ده‌ستی خۆیدایه‌ و ھەم میدیاكه‌شی ھی خۆیەتیی... شاسوار رێكخراوێكی هه‌ره‌میی دامه‌زراند كه‌ خۆی كه‌سی یه‌كه‌م و کەسی كۆتایی و بڕیارده‌ری ناو ڕێكخراوه‌كه‌یه‌. ده‌زگای میدیایی رێكخراوه‌كه‌ شه‌خسی خۆی ئاراسته‌ی ده‌كات، زمان و گوتاره‌كانی جوڵانەوه‌كه‌ خۆی دیاریده‌كات و هه‌رچی ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه‌شه‌ كه‌ ناوی ناون خۆبه‌خش، جگه‌ له‌ كارمه‌ندێك كه‌ به‌گرێبه‌ست كاری بۆ ده‌كه‌ن، شوناسێكی تریان نییە."

مه‌ریوان و ئاراس له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌یاندا ده‌ڵێن: "دوای چروکبونی بۆمبی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆمبێكی سیاسیی و ئه‌خلاقیی گه‌وره‌ی تر له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا له‌ چروکبوندایە. ئاكامی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش ته‌نها ناچیزبونی ئه‌و هێزانه‌ نییه‌ كه‌ خۆیان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ ئۆپۆزیسیۆنی راسته‌قینه‌ ده‌زانن، به‌ڵكو مه‌ترسیی هه‌ره‌ گه‌وره‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌م مانای ئۆپۆزیسیۆنبون بەتەواوی وێران ده‌كه‌ن و هه‌م  كرده‌ی سیاسییش لە ھەمو نرخ و بەھایەک دادەماڵن. بەسەریەکیشەوە متمانه‌ی ئەو زیاد لە حەفتا لەسەدەی، دەنگە ناڕازییه‌كانی دونیای ئێمه‌ به‌ سیاسه‌ت و گۆڕانكاریی شكستپێده‌‌هێنن."

ئاراس و مه‌ریوان ڕایان وایه‌ كه‌ "پرۆسه‌ی به‌كۆمپانیاكردنی سیاسیی نەوەی نوێ بە میكانیزمی به‌خێزانییكردنێکی تەواوی جوڵانه‌وه‌كه‌ كۆتایی دێت و پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌رینی گوتاره‌كانی و به‌داوه‌شانی جوڵانه‌وه‌كه‌ و ته‌كینه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌و بكه‌ره‌ سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ش كۆتایی دێت كه‌ له‌ قۆناغی دروستبونی فه‌راغی سیاسیی دوای کەوتنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئومێدێكیان پێی هه‌بو."

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌شیاندا ده‌ڵێن: "کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە ھێزێکی سیاسیی نوێیە کە بە ئەخلاق و کولتور و میدیا و زمانێکی سیاسیی نوێ و بڕێکی گەورە لە بەرپرسیارێتییەوە ئامادەبێت، ھەم واقیعەکە بناسێت و ھەم کەرەستەکانی دەسکاریکرنیشی گەڵاڵە بکات..... ئه‌زمونی سیاسیی كورتی نەوەی نوێش پێمانده‌ڵێت كه‌ ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه‌ لە خولی یه‌كه‌می كاری سیاسییدا له‌ ھەمو بەشەکانی ئەم تاقیکردنەوەیەدا دەرنەچو."

 

له‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی وتاره‌كه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

نه‌وه‌ی نوێ: له‌ كۆمپانیایه‌كی ئابوورییه‌وه‌ بۆ كۆمپانیایه‌كی سیاسیی

 

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×