بە ئامانجی هێورکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە دروستبوونی پێکدادانی سەربازی لە نێوان حکومەتی عێراق و کەتایبی حزبوڵا لەسەر دۆسیەی جورف ئەلسەخر، شاندێکی ئێرانی گەیشتووەتە شاری بەغداد. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکانی نێوان عەلی زەیدی و بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چوونەتە قۆناغێکی قوڵترەوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەکانی "العربیە/الحدث" ئاشکرایان کردووە، ئامانجی سەرەکیی شاندە ئێرانییەکە ئەنجامدانی زنجیرەیەک گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە حکومییەکان، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گرووپە چەکدارەکان. سەردانی ئەم شاندە راستەوخۆ دوای ئەو ئاڵۆزییانە دێت کە لە ناو کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دروستبوون، بەتایبەتی لەسەر پرسی دیاریکردنی چارەنووسی بوونی هێزە چەکدارەکان لە ناوچەی جورف ئەلسەخر و چۆنیەتی میکانیزمی دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزەکان لەو ناوچەیەدا.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆک وەزیرانی عێراق هێشتا بە توندی سوورە لەسەر هەڵوێستەکەی و داوای کشانەوەی تەواوەتی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەی جورف ئەلسەخر دەکات. ئامانج لەم هەنگاوە رەخساندنی دەرفەتە بۆ هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی دەوڵەت تاوەکو بچنە ناوچەکە و بەرپرسیارێتی تەواوی دۆسیەی ئەمنییەکەی لە ئەستۆ بگرن.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەکەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی کردووە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف. بەپێی راپۆرتەکە، حکومەتی عێراق تارانی ئاگادار کردووەتەوە کە قائانی وەک "کەسێکی نەخوازراو" سەیر دەکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو دەستوەردانی کردووە بەلایەنگری بۆ بەرژەوەندییەکانی کەتایبی حزبوڵا.
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە، هەندێک لە سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە رێگری لە فڕۆکەکەی فەرماندەی فەیلەقی قودس کرابێت، و جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئیسماعیل قائانی لە بنەڕەتدا هیچ گەشتێکی بۆ عێراق ئەنجام نەداوە.