لە بۆتانەوە بۆ عەکا، یاداشتی منداڵێکى بەدرخانیى دوورخراوە
  2026-10-30     

خالید مەحمود کەریم

 

یاداشتەکانی میر کامەران بەدرخان (١٨٩٥–١٩٧٨) تەنیا بیرەوەرییەکی کەسیی نین، بەڵکو بەڵگەنامەیەکی مێژووییی گرنگن. ئەم نووسەر، سیاسەتوان، دیپلۆمات و شاعیرە کوردە لە ئیستەنبووڵ لەدایک بووە و لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. لە ڕێگەی یاداشتەکانیییەوە، مێژووی بنەماڵەیەکی میرنشین دەبینین، کە لە لووتکەی دەسەڵاتەوە ڕووبەڕووی دوورخرانەوە و سەرکوتکاری دەبێتەوە؛ پرۆسەیەک کە دەکرێت وەک بەشێک لە چارەنووسی گشتیی گەلی کورد سەیر بكرێت. کامەران لە ڕێگەی باوکییەوە (ئەمین عالی بەدرخان) دەگەڕێتەوە سەر میر بەدرخانی میرى میرنشینى بۆتان،. میر بەدرخان بەپێی قۆناغی مێژووییی خۆی هەنگاوی نا، بەڵام دەرئەنجامی هەنگاوەکانى کاریگەرییان بەسەر چەندین نەوەی دوای خۆیدا جێهێشت.

بۆتان کەوتووەتە نێوان دیجلە و ڕووباری بۆتان-سوو، کە شاری جەزیرە (ئیبن عومەر) پایتەختی میرنشینەکە بوو. میر بەدرخان پاشاى باپیرەی کامەران لە ساڵی ١٨٢١ەوە سەرکردایەتیی میرنشینەکەی دەکرد و ئامانجی دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ یان ئۆتۆنۆم بۆ کورد. ئەو ئامانجە لە ساڵی ١٨٤٧دا دوای رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی سەخت لەگەڵ سوپای عوسمانی شکا، و بەدرخان بۆ دوورگەی کریت دوورخرایەوە. لە کۆتاییدا لە دیمەشق نیشتەجێ بوو و لە ١٤ی حوزەیرانی ١٨٦٨دا کۆچی دوایی کرد.

کارەساتى داڕوخانى میرنشینى بۆتان تەنیا لە شکستێکی سەربازیدا کورت نەبووەوە، بەڵکو بووە دەستپێکی زنجیرەیەکی درێژخایەنی دوورخستنەوەی بنەماڵەیی. کامەران ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی مردنی باپیرەیدا، خێزانەکەی لە ٤٢ منداڵ (٢١ کچ، ٢١ کوڕ) پێکهاتبوون. زۆرێک لە ئەندامەکانى ئەم بنەماڵە گەورەیە لە ناو دەوڵەتێکدا مایەوە، کە هەمیشە بە چاوی گومان و ڕەقەبەرایەتییەوە تەماشای دەکردن.

پەیوەندیی بەدرخانییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی ئاڵۆز بوو. سیاسەتی کۆشک بەرامبەریان تێکەڵەیەک بوو لە ئیمتیازات، چاودێری و گوشار. باوک و مامەکانی کامەران بەشێکیان کاربەدەستی باڵا بوون یان پەیوەندیی نێزیکیان لەگەڵ کۆشکدا هەبوو. منداڵەکانیان لە باشترین قوتابخانەکانی ئیستەنبووڵ، وەک قوتابخانەی فەرەنسیی گەلاتەسەرای، دەیانخوێند. بەڵام ئەم نزیکییە نەبووە مایەی ئاسایش، چونکە تەنیا بوونی ناوی "بەدرخان" لە لیستێکی گوماندا بەس بوو بۆ تێکدانی ئارامیی ژیانیان.

یەکێک لە وێنە هەرە کاریگەرەکانی یاداشتەکە پەیوەستە بە ڕووداوێکی تشرینی یەکەمی ١٩٠٥، کاتێک کامەران تەمەنی نزیکەی دە ساڵ بوو. پۆلیسی عوسمانی هەڵیانکوتایە سەر قوتابخانەی گەلاتەسەرای و منداڵانی بنەماڵەی بەدرخانییەکانیان دەستگیرکرد. سورەییای برای گەورەی لەوێ نەبوو، بەڵام کامەران و جەلادەت و ئامۆزاکانیان بە کەشتی بۆ ئەسکۆدار و پاشان کادی-‌کۆی و نێهەردار و پاشان بۆ بنکەی پۆلیس گواسترانەوە. کامەران بەهۆی بچووکیی تەمەنییەوە، دوایین ناو بوو لە لیستی تۆمەتباراندا. ئەو دەستبەسەرکردنە کاریگەرییەکی دەروونیی قووڵی لەسەر جێهێشت. ئەو لە ژوورێکی تاریکدا بەتەنیا هێڵدرایەوە کاتێک جەلادەتی برای بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کرا. دواتر خۆی بردرایە هۆڵێک و لەلایەن دوو لێکۆڵەرەوە سەبارەت بە ناو، تەمەن و ڕەوشی بنەماڵەکەی پرسیاری لێ کرا. هەستی ئەو کاتەی تەنیا ترس نەبوو، بەڵکو تووڕەیی و یاخیبوون بوو بەرامبەر سیستەمێک کە منداڵێک بەهۆی پاشناوەکەیەوە سزادەدات. دوای ئەمە، تەواوی بنەماڵەکە و خزمەتکارەکانیان بۆ هەفتەیەک لە دنیای دەرەوە دابڕێنران، تا ئەو کاتەی فەرمانی دوورخستنەوەیان بۆ قۆنیە و پاشان ئیسپارتا دەرچوو.

گەشتەکە بە گالیسکە و لەژێر پاسەوانیی شەست سوارچاکدا چوار ڕۆژی خایاند تا گەیشتنە ئیسپارتا. هەرچەندە خەڵکی ناوچەکە و جەندرمەکان بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن و ژیان لەوێ تا ڕادەیەک ئارام بوو، بەڵام ڕاستییەکە ئەوە بوو کە ئەوان زیندانیی سیاسیی ژێر چاودێریی موتەسەڕیف بوون و ئازادیی هاتوچۆیان لێ زەوت کرابوو.

دواتر باوکی بەرەو سمیرنا(ئیزمیر) گواسترایەوە، بەدوایشیدا تەواوى خێزانەکە، لە نێو ئەو پەلەپەل و سەختییەی ڕێگادا، دایکی کامەران کە شیری بە منداڵێکی ساوا دەدا، بەهۆی گوشاری دەروونی و ماندووبوونەوە شیرەکەی وشک بوو و بەخراپى نەخۆش کەوت. ئەم وردەکارییە نیشانی دەدات، کە چۆن سیاسەتی سەرکوتکاری ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر جەستە و ژیانی ڕۆژانەی خێزانەکان.

دواى دە ڕۆژ دەستبەسەربوون لە سمیرنا، باوکیان ئاگادارکردەوە کە پێویستە بڕۆن بۆ بەیروت، دواى هەفتەیەک مانەوە لە بەیروت براون بۆ عەکا، لە شەوێکی زریاناویدا گەیشتنە ئەوێ، بنەماڵەکە بردەرانە ناو قەڵایەک. و لە ژوورێکی تاریک و شێداردا زیندانی کران. ئەم ڕەفتارە بەرجەستەی سزادانی بەکۆمەڵی ئەو ژن و منداڵانە بوو، کە هیچ ڕۆڵێکیان لە ململانێ سیاسییەکاندا نەبوو.

ئاڵۆزتربوونی بارودۆخەکە پەیوەندى بە ڕووداوى کوشتنی ڕەزوان پاشا (پارێزگاری ئیستەنبووڵ)، کە ئەنجامی ململانێی نێوان ئەو و عەبدولڕەزاق بەدرخان بوو. لە لێکەوتەی ئەم ڕووداوەدا، سوڵتان فەرمانی دەستگیرکردنی تەواوی ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخانی دەرکرد، تەنانەت ئەوانەی دوور بوون لە ڕووداوەکەوە. چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکە کرانە کەشتیی «مەکە» و بۆ تەرابلوس (لیبیا) دوورخرانەوە. لە تەرابلوس دادگایان راسپاردووە بۆ بڕیار لەو کێشەیە، دادگاییکردنەکە شێوازێکی بێلایەنانەی نەبوو، بەڵکو زیاتر ئامرازی تۆڵەسەندنەوەی سیاسی بوو لە ناوی بەدرخان. لە بەرامبەر ئەم نادادییەدا، باوکی کامەران بێبەریبوونی خۆی ڕاگەیاند و تەلەگرامێکی بۆ سوڵتان نارد، کە تێیدا ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ قبووڵکردنی هەر سزایەک ئەگەر بێتاوانیی لە دادگای تەرابلوسدا نەسەلمێنرێت. دوای چەند ڕۆژێک ئازادکران بەڵام دوورخرانەوە بۆ حەما.

لە ساڵانی ١٩٠٨–١٩٠٩ و بە هاتنەکارەی دەسەڵاتی مەشروتیەت، کەشوهەوایەکی ئەرێنی دروست بوو. کەسایەتییە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بە هیوای ئازادی و یەکسانی شادومانییان دەربڕی. کامەران و جەلادەت لە قوتابخانەی ڤیفا درێژەیان بە خوێندن دا، و سورەییای برایان دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان. بەڵام دوای ڕووداوەکانی ٣١ی ئازاری ١٩٠٩ و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن ئیتتیحادییەکانەوە، ئەو کەشە ئازادە کۆتایی هات. کوشتنی ڕۆژنامەنووس حەسەن فەهمی نیشانەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی سەرکوتکاری و پەیڕەوکردنی سیاسەتی تورکاندن بوو.

لە خوێندنەوەی ئەم یاداشتانەدا قەبارە بچووکەدا، کە بەشێکى کەمى یاداشتەکانى قۆناغى منداڵى میر کامەران پێکدەهێنن چەند خاڵێکی سەرەکی هەڵدەهێنجرێت:

بەدرخانییەکان زۆرجار نە بەهۆی ئەنجامدانی تاوان، بەڵکو تەنیا بەهۆی هەڵگرتنی ناوی خێزانەکەیانەوە ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و دوورخستنەوە دەبوونەوە.

پرۆسەی دوورخستنەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواسترایەوە؛ لە میر بەدرخانەوە (١٨٤٧–١٨٦٨) تا دەگاتە منداڵەکانی لە ئیسپارتا، عەکا و حەما (١٩٠٥–١٩٠٨).

بنەماڵەی بەدرخانی بەرەنگاربوونەوەیان لە ڕێگەی خوێندن (لە گەلاتەسەرای، ڤیفا و لایپزیگ) و چالاکیی ڕۆژنامەوانییەوە (ڕۆژنامەکانی کوردستان، هاوار، ڕۆژا نوو و پاشکۆکەی ستێر) داڕشتەوە. ئەمە وێڕای کاری وەرگێڕان(بۆ نموونە میر کامەران قورئانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی) و دانانی فەرهەنگ(کوردی_ئەڵمانی) و دانانی کتێبی قوتابخانە...

یاداشتەکە دان بەوەدا دەنێت کە هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکە لە ناو دامەزراوەکانی کۆشکدا بوون و هەندێکی تریان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوون، کە ئەمەش ئاڵۆزیی پێگەی سیاسیی بنەماڵەکەی دەردەخست.

لە کۆتاییدا وەرگێڕانی ئەم یاداشتە لەلایەن (د. نەجاتى عەبدوڵڵاوە)، وەک بەرهەمە جوانەکانى دیکەى لێهاتوویی و سەلیقەیەکی بەرزی وەرگێڕانی پێوە دیارە. وێڕای ئەوەی دەقەکە لە فەرەنسییەوە وەرگێڕدراوە، بەڵام دارشتنەکەی بە کوردییەکی ڕەوان و ڕەسەن ئامادەکراوە، بە جۆرێک کە ڕستەکان بە شێوازێکی سروشتی دەخوێندرێنەوە و ناوەڕۆکى مێژوویی دەقەکە بەجوانى پارێزراون.

زۆرترین بینراو
ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی دارایی: داوا له‌ وه‌زیر نەكراوە دەسەڵاتەکانی بداته‌ بەڕێوەبەرە گشتییەکان
ۆڵ ستریت جۆرناڵ: سوپای ئه‌مریكا بژارده‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌دژی ئێران خسته‌ به‌رده‌م تره‌مپ
جه‌ی دی ڤانس: تره‌مپ رێگه‌نادات ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران ببێته‌ جه‌نگێكی بێ كۆتایی
لەسەر کێشەی ٣٠٠ دۆلار کوژرا؛ کەسوکاری ئارام ئیمامی: ڕێگەمان بە گەنجەکانمان نەدا تۆڵە بکەنەوە و چاوەڕێی یاساین
دەرکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران بە نەخشی ئاڵای کوردستانەوە لە کەناڵی ئینگلیز، کاردانەوە لێدەکەوێتەوە
"هونه‌رمه‌ندانی چه‌مچه‌ماڵ له‌ یه‌كه‌مه‌كانی خه‌ڵاته‌كانی فێستیڤاڵی فیلمی عێراقن"
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا پرۆگرامێکی نوێی دیجیتاڵی و دەنگیی بۆ خوێندنی زمانی کوردی خستە بەردەست
وه‌فدێكی قه‌ته‌ر بۆ نێوه‌ندگیری له‌نێوان ئێران و ئه‌مریكا گه‌یشته‌ تاران
کونسوڵی گشتیی ئێران لە گوڵەخانە: بناری سورێن سەنگەری هاوبەشی ڕابردوومان بووە دژی ڕژێمی بەعس
"داهاتی ئه‌م مانگه‌ی سلێمانی به‌ڕێژه‌ی 16% كه‌میكردوه‌"
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×