مەزڵوم عەبدی: ده‌بێت مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ ده‌ستوری سوریادا بچه‌سپێنرێن
  2026-08-20     

مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات-هه‌سه‌ده‌ رایگه‌یاند، له‌سه‌ر بنه‌مای تێكه‌ڵبونی هێزه‌كانمان و ئیداره‌كه‌مان به‌ حكومه‌تی سوریا، قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكەین. ده‌شڵێت، ده‌بێت مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ ده‌ستوردا بچه‌سپێنرێن.

ئاوێنه‌: مەزڵوم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هه‌سه‌ده‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، لە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی شاری قامیشلۆ، رایگه‌یاند، لە سوریای نوێدا دەبێت منداڵانی كورد بە زمانی دایكی خۆیان بخوێنن.

وتیشی، لە سوریای نوێدا شۆڤێنیەت جێگەی نابێتەوە.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، هێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ ماوەی 15 ساڵ ناوچەكەو هاوڵاتیانی ناوچەكەیان پاراست. دوای روخانی بەعس قۆناغێكی نوێ‌ هاتووتە ئاراوە.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، لەسەر بنەمای رێككەوتنی 29 كانوونی دووەم قۆناغێكی نوێی دەستیپێكردووە لە سوریا و لەسەر بنەمای پاراستنی ناسنامەی خۆمان تێكەڵی حكومەتی سوریا بووین.

عەبدی وتیشی: "قۆناغی ئێكه‌ڵبونی دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکان لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کۆتایی هات و لە ئەمڕۆ بە دواوە دەست بە قۆناغێکی نوێ دەکرێت".

عه‌بدی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا وتی،‌ لەم دواییەدا هێرشێكی گەورە كرایە سەرمان و شەڕی مان و نەمانمان كردو گەنجانی پارچەكانی تر هاتن بۆ هاوكاریمان و ناوچەكەمان پاراست. فیداركارییەكی مەزنمان كردو هەزاران رۆڵەمان شەهیدبوون و دامەزراوەكانمان بەرهەمی خوێنی ئەوانە.

ئه‌وه‌شی وت، قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكەین لەسەربنەمای تێكەڵبوونی هێزەكانمان و ئیدارەكەمان بە حكومەتی سوریا.

فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ جه‌ختی كرده‌وه‌، مافه‌ رەواكانی گەلەكەمان دەبێت لە دەستوردا بچەسپێنرێن و شێوازی یاسایی وه‌ربگرن.

وتیشی، تێكۆشانی سیاسیمان بۆ مسۆگەركردنی مافەكانی گەلەكەمان درێژە پێدەدەین.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×