نەوەی نوێ مەرجی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبەستێتەوە بە ڕاگەیاندنی بەرنامەی کاری چوار ساڵی کاندیدی سەرۆک وەزیران
  2026-08-20     

وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕەخنە لە میکانیزمی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و جەخت دەکاتەوە کە پێویستە پرۆسەکە بەپێی نەریتی دیموکراسی لەسەر بنەمای کارنامە بێت نەک پەیوەندییە کەسییەکان.

​هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە پەیامێکی ڕەخنەئامێزدا لەبارەی گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، شێوازی کارکردنی ئێستای لایەنەکان لەگەڵ بنەما دیموکراسییەکاندا یەکناگرێتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی یاسا و پرەنسیپە جیهانییەکان، ئەو کەسەی دەبێتە کاندیدی سەرۆکوەزیران، پێویستە خودی خۆی سەردانی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن بکات و پلان و بەرنامەی کاری چوار ساڵی داهاتووی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی بتوانێت متمانەی سیاسی بەدەستبهێنێت، نەک لایەن یان نوێنەری تر بە نوێنەرایەتی ئەو بجوڵێنەوە.

​وتەبێژی نەوەی نوێ بەراوردی شێوازی پێکهێنانی حکومەتی کرد بە «پرۆسەی هاوسەرگیری» و وتی، لەبری ئەوەی خودی کاندیدەکە ڕاستەوخۆ دەستپێشخەری بکات، کەسانی دیکە بۆ گفتوگۆ دەنێردرێن. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا هیچ پلان و بەرنامەیەکی ڕوون لەلایەن کاندیدی سەرۆکوەزیرانەوە پێشکەش نەکراوە و تەنیا لە ڕێگەی دەربڕینی دەستەواژەی وەک «کوڕی باشی» و «درێژکردنی دەستی دۆستایەتی» هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنەکان دەدرێت، کە بە وتەی ناوبراو ئەم شێوازە لە دیدی ئەوانەوە بێبایەخە.

​شاهین داوای لە کاندیدی سەرۆکوەزیران کرد کە بەرنامە کارگێڕی و سیاسییەکەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئاشکرا بکات، تاوەکو لایەنەکان بتوانن لەسەر مەرج و بنەماکانی ئەو پلانە دانوستان ئەنجام بدەن. جەختیشی کردەوە کە لە سیستمە دیموکراسییەکاندا متمانەپێدان لەسەر بەرنامەی حکومەت بنیات دەنرێت، هەربۆیە جوڵانەوەکەیان چاوەڕوانی بینینی کارنامەی نووسراوی کابینەکەیە و لە کۆتاییشدا وتی: «فەرموو بەرنامەکەمان پێبڵێ بزانین چییە، تا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت».

​ئەم هەڵوێستەی وتەبێژی نەوەی نوێ وەک وەڵامێکە بۆ لێدوانەکانی مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی «ئەلمۆنیتەر»، کە تێیدا نیگەرانی خۆی دەربڕیبوو لەوەی دوای تێپەڕبوونی ٢٠ مانگ کابینەی نوێ پێک نەهێنراوە و لایەنە سیاسییەکانی بە «بە بارمتەگرتنی پەرلەمان» تۆمەتبار کردبوو، هاوکات ڕایگەیاندبوو: «من بەردەوام دەبم لە درێژکردنی دەستی دۆستایەتیم و داوا لە هەمووان دەکەم وەرن و پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە ئەمە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندایە».

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×