دانیشتووانی کوردی گەڕەکی عەرەفەی موسەیجە لە شاری کەرکووک هۆشداریی توندیان پێ گەیشتووە سەبارەت بە ناچارکردنیان بۆ چۆڵکردنی خانووەکانیان، و لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە داوایان لێ کراوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا شوێنەکانیان ڕادەست بکەن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، شێخ فەرهاد بایز، نوێنەری دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفەی موسەیجە، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا کە هێزە ئەمنییەکان پەیوەندییان پێوە کردوون و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە دەبێت خانووەکانیان چۆڵ بکەن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی ڕکاری و بەکارهێنانی هێز دەبنەوە بۆ دەرکردنیان.
ئەم کێشەیە درێژکراوەی قەیرانێکی دوو ساڵی ڕابردووە لە نێوان دانیشتووانی ئەو گەڕەکە و کۆمپانیای نەوتی باکووردا لەسەر موڵکایەتیی زەوی و زارەکان. لایەنی دانیشتووان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو خانووانە لە دوای ساڵی 2003ـوە لەلایەن هاووڵاتییانی کوردەوە بە شێوەی کڕین و فرۆشتنی فەرمی و بە پارەی خۆیان بنیات نراون یان کڕدراون، و مافی ڕەوای خۆیانە تێیدا بمێننەوە.
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای نەوتی باکوور پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ئەو ڕووبەرە زەوییانە موڵکی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراقن و خانووە دروستکراوەکان بە پێچەوانی ڕێنماییەکان و بە شێوەی زێدەڕۆیی هەڵکەوتوون، ئەمەش وای کردووە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی و ناڕەزایەتیی زیاتر بڕوات.