وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: عێراق له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئاڵۆزیدایه‌
  2026-08-07     

وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، عێراق له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك ئاڵۆزیدایه‌، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رییان بۆ نه‌دۆزرێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی ئاڵۆز ده‌به‌ن.

ئاوێنه‌: دڵشاد شه‌هاب، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌نگی ئه‌مریكا راگه‌یاند، بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەکانی هاوپه‌یمانی ئیدارەی دەوڵەت سێ ئامانجی سەرەکی لە پشتە، کە ئەوانیش پێکهاتون لە چارەسەرکردنی پرسی دارایی، پرسی ئاسایشی و پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هەرێم.

دڵشاد شەهاب وتیشی"عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵۆزیدایە گەر چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە عێراق بەرەو ئایندەیەکی ئاڵۆز دەبه‌ن، کە نەک هەر عێراق بەدڵنیاییەوە کاریگەریی بەسەر هەرێمی کوردستانیشەوە دەبێت."

‎وتەبێژەکەی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وتیشی، له‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدا "چەند پرسێکی گرنگ باسیان لێوەکرا یەکەمیان پرسی داراییە، لە دوای شەڕەوە عێراق بە قەیرانێکی قۆڵی داراییدا تێدەپەڕێت، خەرجی چەند هێندەی داهاتە، ئەمە کاریگەری لەسەر دۆخی دارایی هەرێمیشە، دوەم دراوسێکانی عێراق گلەییەکی زۆریان لە گروپە چەکدارەکان، کە ئامادەنین بێنە ژێر فەرمانی دەوڵەت و بونەتە هەڕەشە بۆ ناوخۆو دەرەوەش، کە هەم مەترسین و هەم نیگەرانین، سێیەمیش پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بو."

‎ڕۆژی چوار شەممە، 5ی مانگی هەشت هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداری چوار سەرۆکایەتیەکەی عێراق و سەرۆکی هەرێم و لایەنە بەشدارەکانی حکومەت کۆبونەوەیەکی بە پەلەیان ئەنجامدا، سەرۆکی هەرێمی لە دوای کابینەی تازەی حکومەتی ئیتحادی ئەمە دوەم جارە بەشداری کۆبونەوەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەکات.

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم ئه‌و كاره‌ی بە گۆڕانکاری گرنگ لە پەیوەندیەکانی عێراق و هەرێم ناو بردو وتی"سەردانەکان کۆبونەوەکانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەتی فیدڕاڵی لە هەرکات زیاتر پتەوترە، سەرۆکایەتی هەرێم پێی وایە جگە لە گفتوگۆ و دیالۆگ ڕێگەی تر نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان."

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×