ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای وەستانی کێڵگەی کۆرمۆر بڕی ١٤٠ تۆن غاز لە بەغداوە هاوردەی هەرێم کرا.
ئاوێنە: سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی وت "دوا بە دوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لەلایەن کۆمپانیای دانەغازەوە، بە هەوڵی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری نەوتی فیدراڵ، ڕەزامەندی درا لەسەر پڕکردنەوەی بۆشایی غازی شلی ماڵان لە هەرێمی کوردستان".
شێروانی وتیشی "بەشێوەیەکی کردەیی، دەست بە هاوردەکردنی بڕی ١٤٠ تۆن غاز بۆ هەرێمی کوردستان کراوە، بەردەوام لەسەر هێڵ دەبین بۆ ئەوەی ئەم بڕە لە ڕۆژانی داهاتوودا زیاد بکرێت، چونکە ئەم بڕەی ئێستا کەمە و بەشی پێداویستییە تەواوەکانی هەرێمی کوردستان ناکات".