وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری لە هەوڵەکان بۆ تێوەگلانی عێراق لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە دەدات و دوایین پێشهاتەکانی پرسی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکانیش ئاشکرا دەکات.
ئاوێنە: فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی "عێراق بە هەموو شێوەیەک دژی درێژەکێشان و فراوانبوونی جەنگە لە ناوچەکەدا".
ناوبراو وتیشی "فشارێکی زۆر لەسەر عێراق هەیە بۆ ئەوەی پەلکێشی ناو ململانێ چەکدارییەکان بکرێت".
وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەم ئاڵۆزییانەوە عێراق نزیکەی 200 کوژراوی هەبووە و زیانی ماددی زۆری بەرکەوتووە، هاوکات لە سەرەتای جەنگەکەوە پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوتیش پەکیکەوتووە.
دەربارەی دۆسیەی چەکدانان، فوئاد حسێن دەڵێت "حکومەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت".
ئەو راشیگەیاند "تاوەکو ئێستا 3 گرووپی چەکدار بە کردەیی دەستیان کردووە بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە حکومەت، بەڵام هێشتا هەڵوێستی هەردوو گرووپی (کەتائیبی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا) بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان یەکلا نەبووەتەوە و گفتوگۆ لەو بارەیەوە بەردەوامە".
"عێراق ئامادەی تەواوی هەیە بۆ هەماهەنگیی ئەمنی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە". وەزیری دەرەوەی عێراق وا دەڵێت