دەستەی دەستپاکی عێراق رایگهیاند، توانیویانه هەوڵێکی تێپەڕاندنی بارێکی کەرەستەی پزیشکی هاوردەکراو کە پێچەوانەی یاسا بو پوچەڵ بكهنهوهو دو تۆمەتبار و بارەکە لە یەکێک لە گومرگەکاندا لهسەر ڕێگای نێوان هەردو پارێزگای کەركوک و هەولێر دەستبەسەربكهن.
ئاوێنه: دەستهی دهستپاكی فیدراڵی، ئهمڕۆ شهممه، له راگهیهندراوێكدا وتی، تیمێک لە بەڕێوبەرایەتی لێکۆڵینەوەی کەرکوک و بە هەماهەنگی لەگەڵ هەواڵگریی پۆلیسی گومرگ، چونەتە گومرگی (دارەمان) کە دەکەوێتە سەر ڕێگای نێوان پارێزگای کەرکوک و هەولێر؛ ئەمەش دوای گەیشتنی زانیاری لەسەر هەبونی دەستکاریکردنی داتاكانی ئەو کاڵا هاوردەکراوانەدا لهڕێگهی تۆماركردنیان وهكو بهرههمی ناوخۆیی بەمەبەستی خۆدزینەوە لە دانی ڕسوماتی گومرگ.
دهستهی دهستپاكی راشیگهیاند، کارەکانی بەدواداچون و وردبینی بونەتە هۆی دەستگیرکردنی شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی سکاڵای لەسەر بو لەگەڵ فەرمانبەرێکی گومرگەکە، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر لە جۆری (مەرسیدس ئەکترۆس) کە باری (8.5) تۆن کەرەستەی پزیشکی هاوردەکراوی بوه؛ كه داتاكانی دەستکاری کرابون و بەپێچەوانەی ڕاستییەوە وەک بەرهەمی ناوخۆیی نیشان درابون بۆ ئەوەی لە دانی ڕسوماتی گومرگی شایستە خۆیان بدزنهوه، جیا لەوەی کە کەرەستەکان لەو جۆرە بون کە هاوردەکردنیان قەدەغەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆنوسێکی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی بۆ پرۆسە جێبەجێکراوەکە ڕێکخرا بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادان و لەگەڵ تۆمەتباران و كهرهسته دەستبەسەرداگیراوەکاندا پێشکەشی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و بڕیاردان لەسەر چارەنوسی تۆمەتبارەکان.