هێمن هه‌ورامی: هیچ بیانویه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ كارانه‌بونی په‌رله‌مان
  2026-07-08     

هێمن هه‌ورامی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ بیانویه‌كی سیاسی و یاسایی و نیشتمانی نه‌ماوه‌ بۆ كارانه‌بونی په‌رله‌مان و هه‌ر لایه‌نێكیش خۆی پێ زۆرینه‌و هاوشانی كورسییه‌كانی پارتییه‌ با بفه‌رموێت لە ناو پەرلەمانێکی کارادا درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەکان بۆ هەنگاوەکانی دواتر بده‌ین.

ئاوێنه‌: هێمن هه‌ورامی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لە پیرمام بە جیا دو دیدارمان لەگەڵ کونسولی ژاپۆن هیتۆشی ئیشیزوکا و بەرپرسی کاروباری سیاسی باڵێۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق تۆمۆهیرۆ ماتسوشیما ومایوکی نیشیمورا لەبەشی سیاسی و خاتو لویسیا راوێژکاری سیاسی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئه‌نجامدا.

لە بارەی دوایین بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە جەختمان لەوە کردەوە کە دوای 20 مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پارتی وەک هێزی براوەی یەکەم هەموو هەوڵێکیداوە تا بە دیداری دوقۆڵی و چەند قۆڵی و پەیام و راگەیەندراو و لیژنەی گفتوگۆ، رێککەوتن ئەنجام بدرێ و پەرلەمان کارا بێت و ئەرکە دەستوریی و یاساییەکانی جێبەجێبکات. هەموو ئەو رێگری و کاتکوشتنانەمان رونکردەوە لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەی لەو ماوەیەدا دروستکران بۆ بە لاڕێدابردن و نادیدەگرتنی بەرئەنجامی هەلبژاردنەکان.

وتوشیه‌تی، دوپاتمان کردەوە کە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێم و دیموکراسیەت و رێزگرتن لەبەشداری سیاسی دەنگدەران و سەرپێخستنەوەی دامەزراوەکان، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کە نوێنەریان لە پەرلەمان هەیە لەبەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیکردنەوەیەکی گرنگی سیاسی و یاسایی و نیشتیمانیدان بۆ کاراکردنی پەرلەمان و جێبەجێکردنی هەنگاوە دەستوری و یاساییەکان.

ئه‌وشه‌ی خستۆته‌ڕو، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەییمان هەیە بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان بکەین و ئەگەر هەر لایەکی دیکە بە هەر جۆرە رێککەوتنی زیندان یان رێککاری دیکە خۆی پێ زۆرینە یان هاوشانی کورسییەکانی پارتییە با بفەرمون بێن لە ناو پەرلەمانێکی کارادا درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەکان بۆ هەنگاوەکانی دواتر بده‌ین، بەدەر لەمە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریتی و نادیدەگرتنی دەنگی دەنگدەران و بە بارمتە گرتنی پەرلەمانی کوردستانە.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×