عەلی زەیدی پاداشتی دارایی بۆ ئاشکراکەرانی پارە دزراوەکان ته‌رخان دەکات
  2026-07-05     

​لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق بۆ نەهێشتنی دیاردەی گەندەڵی و گێڕانەوەی ئەو سامان و پارە گشتییانەی بەهۆی تاوانی گەندەڵییەوە بەفیڕۆ دراون، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پاداشتی دارایی بۆ ئەو هاوڵاتیانە تەرخان بکات کە زانیاری ورد و کاریگەر لەسەر ئەو کەیسانە پێشکەش دەکەن.

ئاوێنە: نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، ئامانج لەم بڕیارە هاندانی هاوڵاتیانە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو سەرمایانەی کە سەرچاوەکەیان گەندەڵییە و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە. حکومەت ئەم هەنگاوەی وەک "رۆڵێکی نیشتمانی" و پاڵپشتییەکی ڕاستەوخۆ بۆ هەوڵەکانی دەوڵەت لە پاراستنی مافی گشتی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران لە قەڵەم دەدات.

بەپێی زانیارییەکان، لە داهاتوویەکی نزیکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەستەرێکی ئەلیکترۆنیی تایبەت دادەنێن، کە هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەیەوە بە شێوەیەکی پارێزراو زانیاری و سکاڵاکانی خۆیان لەسەر ئەو کەیسانە پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار بکەن. 

لە لایەکی ترەوە، سەرۆک وەزیران لە میانەی سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆ، جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەت کردەوە بۆ راوەدونانی گەندەڵکاران. ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە و "چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵکارێک ناکرێت"، سەر بە هەر لایەن، هێز یان پێکهاتەیەکی سیاسی بێت.

​ئەم هەنگاوەی حکومەت لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق چەندین جار رایگەیاندووە، لە دۆسیەکانی گەندەڵی، گرێبەستە گوماناوییەکان و تاڵانکردنی پارەی گشتی پاشەکشە ناکات و هەموو رێکارە یاساییەکان بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانە بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگرێتە بەر.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×