حکومەت بۆ 'هەژماری من' کۆتا مۆڵەتی راگەیاند و هەڕەشەی بڕینی مووچەش دەکات
  2026-06-23     

وەزارەتی دارایی سەبارەت بە پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من کۆتا مۆڵەتی بۆ مووچەخۆران دیاریکرد و ئاماژە بەوەدەکات کە ئەگەر تاوەکو سێ مانگی داهاتوو ئەو فۆڕمە پڕنەکرێتەوە "مووچەکانتان لە بەغداوە دەبڕێت".


 
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە نوسراوێکدا کە کۆپیەکی دەست ئاوێنە کەوتووە و تیایدا واژۆی (ئاوات شێخ جەناب)ی لەسەرە و بۆ گشت وەزارەت و فەرمانگەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی تەواوكردنی پڕۆسەی تۆماركردن لە پڕۆژەی 'هەژماری من'ی ناردووە، هاتووە "لە دوایین كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران، بڕیار درا بە دانانی كۆتا مۆڵەت بۆ ماوەی (٣) سێ مانگ بۆ تەواوكردنی گشت ڕێكارەكانی تۆماركردنی سەرجەم سوودمەندانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) دا".

ئەوەش هاتووە "بەپێی بڕیاری حكومەتی فیدڕاڵ، هەر فەرمانبەرێك تا بەرواری ٣١ / ٨ / ٢٠٢٦ ئەم وادەیە ئەگەر هاتوو خۆی تۆمار نەكرابێت و كارتی بانكییەكەی وەرنەگرتبێتەوە، شایستەی دارایی و مووچەكەی لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە ڕادەگیرێت و نانێردرێت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان".

هەر بەگوێرەی نوسراوەکە، "پڕۆسەی دروستكردنی كارتەكان لە كاتی خۆتۆماركردنەوە نزیكەی مانگێك دەخایەنێت لەلایەن بانكەكانەوە بۆیە بۆ ئەم مەبەستە، لە زووترین كاتدا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكانتان ئاگادار بكەنەوە، كە ڕێكاری پێویست و بەپەلە بگرنەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی كە تەواوی سوودمەندانیان خۆیان تۆمار كردووە و كارتی بانكیان وەرگرتووەتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×