مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبارەی روداوەكانی دوێنێی شاری رەققە، رایگەیاند، لێپرسینەوە لە هەر كەس و لایەنێك دەكەن كە تێوەگلابێت لەو روداوانەو جەختیش دەكاتەوە كە رێگە بە هیچ پێشێلكارییەك لە شارەكە نادەن.
ئاوێنە: مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لەبارەی روداوەكانی دوێنێی شاری رەققە، پەیامێكی ئاڕاستەی خەڵكی شارەكە كرد.
دوێنێ لەمیانی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی هەڵكردنی ئاڵای سەربەخۆیی سوریا لە شاری رەققە، پشێوی و تەقەكردن دروست بو. ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، چەند كەسێك ئاهەنگەكەیان قۆستۆتەوەو بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەیان كردوەو لە ئەنجامدا ژمارەیەك هاوڵاتی و چەند كارمەندێكی هێزەكانی ئەوانیان برینداركردون، بەڵام میدیاكانی نزیك لە توركیاو گروپە چەكدارەكانی سەربەو وڵاتە هێزەكانی هەسەدەیان تۆمەتبار كرد بەوەی كە تەقەیان لە هاوڵاتیان كردوە.
لەبارەی ئەو روداوانەوە، مەزڵوم عەبدی لە پەیامەكەیدا بۆ خەڵكی رەققە وتویەتی"ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچون بۆ ئەو ڕوداوە نەخوازراوانە دەكەین کە لە شارە خۆشەویستەکەمان ڕەققە ڕویاندا. ئاسایش و سەقامگیری ئێوە كاری هەرە لەپێشی ئیمەیەو هەر گرژی و ئاڵۆزییەك هەبیت تەنیا خزمەت بە دوژمنانی ئاشتی دەکات کە هەوڵی قۆستنەوەی ئەم بارودۆخە دەدەن بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان."
فەرماندەی گشتی هەسەدە وتوشیەتی"دڵنیاتان دەکەینەوە کە پابەندین بە چارەسەرکردنی هەمو کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانەو ڕێگە بە هیچ پێشێلکارییەک نادەین. هەروەها دوپاتی دەكەینەوە كە پابەند دەبین بە لێپرسینەوە لە هەر لایەنێک کە بسەلمێنرێت تێوەگلاوە یان دەسەڵاتی خۆی بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە قۆستۆتەوە."
مەزڵوم عەبدی وتوشیەتی"ڕەققە و خەڵكەكەی شایەنی ژیانێکی شکۆمەندانە و ئارامن و هیچ درێغیەك ناكەین بۆ بەدیهێنانی ئەمە. بەڵێن دەدەین کە هەنگاوی کردەیی و شەفاف بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ئێستا دەگیرێتەبەر، هەروەها کاردەکەین بۆ گەرەنتیكردنی ئەوەی كە دەنگی ئێوە لە هەمو بڕیارێکدا ئامادە و بیستراو بێت."
ئاماژەی بەوەشداوە"دوژمنی هاوبەشی سورییەکان روخاوە، لەگەڵ ڕوخانی ئەو ڕژێمە تاوانکارە، ڕێگامان بۆ خۆش بوە کە هەمو کێشەکانمان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکەین. باوەڕمان بەوەیە کە سوریا شایەنی ئەوەیە پێكەوە داهاتوەكەی بونیاد بنێین، دور لە ڕق و کینە و دوبەرەکی، دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر، تاکە ڕێگایە بۆ بەدیهێنانی خواستی سورییەكان لە دادپەروەری و کەرامەت و ئاشتی."