هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لەکاتی هێرشی دەستەی تەحریری شام و گروپەکانی هاوپەیمانی بۆ سەر حکومەتی سوریا، داوایان لە ئێران و روسیا کردوە لە بەرژەوەندیی بەشار ئەسەد دەستوەردانی سەربازی نەکەن.
ئاوێنە: هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشی گروپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: "گرنگترین شت ئەوە بو کە ئێمە قسەمان لەگەڵ روسەکان و ئێرانییەکان کرد بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لەوەی کە لەڕوی سەربازییەوە ناچنە نێو هاوکێشەکەوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی: "کۆبونەوەمان لەگەڵ روسەکان و ئێرانییەکان کرد و تێگەیشتن."
هاکان فیدان پێیوایە کە ئەگەر ئێران و روسیاش یارمەتی ئەسەدیان بدابایە، حکومەتی سوریا هەر دەڕوخا: "ئەگەر ئەسەد پشتیوانیشی کرابا، ئۆپۆزیسیۆن هێشتا دەیتوانی بە ئیرادەی خۆی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام کاتێکی زیاتری دەویست و خوێناویتر دەبو."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێرانییەکان و روسەکان تێگەیشتن لەوەی کە یارییەکە کۆتایی هاتوە، ئەسەد "چیدیکە ئەو کەسە نییە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت".
هاکان فیدان لەبارەی نیگەرانیی وڵاتان دەربارەی دەستەی تەحریری شام وتی، هەبونی ئەو نیگەرانییانە "زۆر ئاساییە" و "دەبێت چارەسەر بکرێن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا زیاتر لەبارەی تەحریری شام وتی، "هیچ کەسێک هێندەی ئێمە نایانناسێت، ئێمە دەمانەوێت سوریایەکی بەبێ تیرۆر هەبێت و هەڕەشە لەسەر هیچ وڵاتێکی ناوچەکە دروست نەکات."