پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوە كە هەڵساوە بە دزینی پارە لە سندوقی خێرخوازی لە مزگەوتی چوارقوڕنە.
ئاوێنە: پۆلیسی راپەڕین، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی: دوای ئەوەی هێزەكانمان لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە ئاگاداركرانەوە لە دزینی بڕێك پارە لە ناو سندوقی خێرخوازی لە مزگەوتی چوارقوڕنە، بە سودوەرگرتن لە تۆماری كامێراكانی چاودێری هێزەکانمان لەنوسینگەی نەهێشتنی تاوان لە ڕانیەو بەهاوکاری هێزەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبارێك دەستگیربکرێت بە ناوی (ک. ب. ر.) لە ڕەگەزی نێر لە دایكبوی 2008.
ئەوەشی خستۆتەڕو، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا تۆمەتبار لە بەردەم پۆلیس و دادوەری لێکۆڵینەوە دانی نا بە تاوانەكەیدا كە هەستاوە دزینی بڕی 498 هەزارو 500 دیناری عێراقی لە ناو سندوقی خێرخوازی مزگەوتەكەدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، دادوەر بڕیاریدا بە ڕاگیرکردنی تۆمەتبار بە پێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.