لە میراتی میرنشینەکانەوە بۆ دەوڵەتی دامەزراوەیی؛ دەستوور وەک تاقانە دەرچەی ڕزگاریی هەرێم

هەڤاڵ رەئوف یەحیا
  2026-11-10   

لە پەرتەوازەیی مێژووییەوە بۆ دووئیدارەیی ئەمڕۆ

لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتیی مادەکانەوە، لێکترازانی کوردستان ڕیشەیەکی قووڵی داکوتاوە. لە لایەکەوە تەماعی زلهێزە داگیرکەرەکان و لە لایەکی دیکەوە سەختیی جوگرافیای شاخاوی، بوونە هۆی دابڕانی فەرهەنگی و کارگێڕی و سەرهەڵدانی دەیان میرنشینی کوردی (وەک سۆران، بابان، بۆتان، بادینان و ئەردەڵان)؛ میرنشینگەلێک کە سەرەڕای هێز و شکۆیان، بەهۆی ململانێی ناوخۆیی و نەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی یەکگرتووەوە، یەک لەدوای یەک بوونە نێچیری پیلانەکانی دەوڵەتە دراوسێکان.

بەداخەوە، دوای ٣٥ ساڵ لە حوکمڕانیی خۆماڵی، ئەمڕۆش هەمان نەخۆشیی مێژوویی لە فۆرمی دووئیدارەیی و دابەشبوونی حیزبیدا خۆی دووبارە دەکاتەوە. بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیکەوە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان تووشی زنجیرەیەک قەیرانی سیاسی و ئابووریی تاقەتپڕووکێن بوون.

لە دروشمی یەکڕیزییەوە بۆ سەروەریی دەستوور

بۆ دەربازبوون لەم میراتە تاڵەی دابەشبوون، دڵسۆزانی نیشتمان بەردەوام بانگەواز بۆ دیالۆگ و یەکڕیزی دەکەن. بەڵام سازش و دیالۆگ تەنها کاتێک بەرهەمدارن کە دامەزراوەکان لە خزمەتی چاکەی گشتیدا بن، نەک دیلی بڕیاری حیزبی. کێشەی بنەڕەتیی هەرێم نەبوونی مێزی گفتوگۆ نییە، بەڵکوو کێشەکە لە خودی ئەو سیستەمە حوکمڕانییە شکستخواردووەدایە کە لە کاتی هەر بنبەستێکدا داوای لێبوردەیی و پێکهاتن دەکات، تەنها بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە پێکهاتەییەکانی. یەکڕیزی بەبێ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ یاسا و کۆتاییهێنان بە قۆرخکاریی ئابووری و ئەمنی، تەنها بازنەی داخراوی ستەم بەرهەم دەهێنێتەوە.

بۆیە تاقانە چارەسەری ڕیشەیی، چەسپاندنی «دەستوور و یاسا»یە. پێویستە دەستەیەک لە ڕۆشنبیران، یاساناسان و بیرمەندانی سەربەخۆ دەستپێشخەرییەکی مێژوویی بکەن و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگهێشتی گفتوگۆیەکی جیددی بکەن، بە مەبەستی پەسەندکردنی «دەستوورێکی هاوچەرخی کوردستانی» کە دامەزراوەکانی هەردوو زۆنی زەرد و سەوز لەژێر یەک چەتری نیشتمانیدا یەک بخات. بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەم دەستپێشخەرییەش لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەکەدا، کەسایەتییەکی بەئەزموون و خاوەن پاشخانێکی فیکری و سیاسی، وەک بەڕێز «مەلا بەختیار»، دەتوانێت ئەم ڕۆڵە گرنگە بگێڕێت.

پێداویستییەکانی دەوڵەتسازی لەبەردەم گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا

ئەم یەکخستنە دەستوورییە تەنها پێویستییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو زەروورەتێکی چارەنووسسازە لەبەردەم جەنگ و ململانێ جیهانییەکان و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە خەریکی داڕشتنەوەی نەخشەی جیۆپۆلەتیکیی ناوچەکەن. بۆ ئەوەی کورد ئەم دەرفەتە لەدەست نەدات و نەبێتە سووتەمەنیی ململانێکان، پێویستە لە سایەی ئەو دەستوورەدا ئەم هەنگاوە کردارییانە بنرێن:

• یەکخستنی دامەزراوە نیشتمانییەکان: یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد بکرێتە هێڵی سووری ئاسایشی نەتەوەیی و کۆتایی بە دووئیدارەیی بهێنرێت، لە ڕێگەی دامەزراندنی یەک حکوومەت، یەک بانکی ناوەندیی شەفاف و یەک سوپای نیشتمانیی یەکگرتوو (هێزی پێشمەرگە)، دوور لە فەرماندەیی حیزبی.

• سەروەریی یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان: چەسپاندنی سەربەخۆیی دادگاکان و ئازادیی میدیا، جیاکردنەوەی کرداریی دەسەڵاتە سێیانەکە (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری) لە یەکتر، و دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت و بێلایەن بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی.

• ئەنجوومەنی باڵای پلاندانانی ستراتیژی: پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی زانستیی سەربەخۆ، پێکهاتوو لە پرۆفیسۆران، تەکنۆکراتان و مامۆستایانی زانکۆکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتێکی درێژخایەن لە بوارەکانی دیپلۆماسی، ئابووری و تەکنەلۆژیا، وەک ژێرخانی قەوارەیەکی دیموکرات و ئازاد.

• هاوسەنگیی دیپلۆماسی: پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ژیرانە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتە کاریگەرەکان، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حیساباتی زلهێزەکان و دووچاری چارەنووسێکی تاڵ و ماڵوێرانکەر نەبێتەوە.

مرۆڤ بە سروشتی خۆی گەشبینانە لە داهاتوو دەڕوانێت، بەڵام لە یاساکانی سیاسەت و مێژوودا، هیواکان بەبێ ئیرادەی جیددی و کاری دامەزراوەیی هەرگیز نابنە واقیع.

تێبینییەکی مێژوویی: لە حوزەیرانی ٢٠٢٤یشدا، لە وتارێکدا بە ناونیشانی «ئایا کاریزما لە پشت سەرکردەکانی کوردەوە بووە یان دین و خێڵ و بنەماڵە؟»، هەمان پێشنیارم ئاراستەی بەڕێز کاک مەلا بەختیار کرد، بۆ ئەوەی توانای خۆی بۆ نووسینەوەی دەستوور و بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانی بخاتە گەڕ. ئەوکات دەقی نووسینەکەم بە هاوڕێیەکی نزیکی خۆیدا گەیاندە دەستی و لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا لە ماڵپەڕی «ئاوێنە»دا بڵاوم کردەوە. ڕووداوەکانی ئەمڕۆ ئەمە دەسەلمێنن کە هێشتا ئەو پێشنیارە تاقانە دەرچەی ڕزگارییە لەم قەیرانە قووڵە.

 

زۆرترین بینراو
ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت ڕاگەیاند
مەسعود بارزانی داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی پارتی و یەکێتی دەکات
كۆبونه‌وه‌ی زه‌یدی و مه‌سرور بارزانی: جه‌خت له‌ گه‌ره‌نتی به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی موچه‌ی هه‌رێم كرایه‌وه‌
دانەغاز:به‌رهه‌مهێنان بەشێوەیەکی کاتی له‌ كۆرمۆر هەڵپەسێردرا
عێراق هه‌واڵی سه‌ردانه‌ نهێنییه‌كه‌ی زه‌یدی بۆ تاران پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌
وته‌بێژی پارتی: ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی
یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵیی سکاڵایان لە دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکرد
لە چەکی ئەتۆمییەوە بۆ هێرشی وشکانی؛ چوار سیناریۆی ترەمپ بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگی ئێران بڵاودەکرێتەوە
مەسرور بارزانی بە شاندێکی تەنها پارتییەوە لە بەغدایە؛ گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ دەکرێت
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×