وه‌ڵامێك به بۆچوونه‌كانی عه‌لی مه‌ولود
به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود نووسینێكی سه‌باره‌ت به وتارێكی هاوڕێ ڕێبوار ئه‌حمه‌د بڵاوكردۆته‌وه و كۆمه‌ڵێك باسی وروژاندووه. منیش لای خۆمه‌وه و له‌و سۆنگه‌یه‌وه كه هه‌ندێك مه‌سه‌له و تێڕوانین كه له نووسینه‌كه‌یدا هاتووه پێویست به هه‌ڵوێسته‌یه‌ك ئه‌كات، به پێویستم زانی له‌سه‌ر هه‌ندێك ته‌وه‌ری باسه‌كه‌ی بۆچوونی خۆم ده‌رببڕم. دیاره باسه‌كه‌ی من ئه‌وه‌نده‌ی كه وه‌ڵامه به هه‌ندێك تێڕوانینی سیاسی، هێنده وه‌ڵامێكی شه‌خسی نییه به كه‌سی ناوبراو. به‌ڵام له ده‌روازه‌ی ''ڕه‌خنه''كانی ئه‌وه‌وه ئه‌چمه باسه‌كه‌مه‌وه، چونكه نه‌فه‌س و ڕۆحیه‌تێك كه بابه‌ته‌كه‌ی به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولودی پێ نووسراوه ئاو له ناسیۆنالیزم و ته‌نانه‌ت ڕوانگه‌ی حیزبه فیدراڵچییه‌كانی كوردایه‌تی ئه‌خواته‌وه. ئه‌و وه‌ك كاراكته‌رێكی ناڕازی له نائه‌مینی و ده‌ستپیسی یه‌كێتی و پارتی، به‌ڵام ناسیۆنالیستێكی پوخت و بێگه‌رد و ده‌ستپاك، ئه‌چێته ناو ڕه‌خنه‌كانیه‌وه له هاوڕێ ڕێبوار.
به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود هه‌ر له په‌ره‌گرافی دووه‌میدا ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی خۆی به‌یان ئه‌كات كه ئه‌ڵێ: ''ئه‌و كێشانه‌ی له‌و وتاره‌دا باس كراون، نه‌ك هه‌موو كوردستان،به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و به‌شه‌ش ناگرێته‌وه كه به باشور ناسراوه و به دیاریكراوی ته‌نها په‌یوه‌ندیدارن به هه‌رێمی كوردستان، به بڕوای من ناوهێنانی هه‌رێمێك به كوردستان، كه جوگرافیا و پرس و بابه‌تی فراوانتری هه‌یه، له دیقه‌تی سیاسی كه‌م ده‌كاته‌وه''. با سه‌رنجێك بده‌ینه ئه‌م دیقه‌ته تیژه‌ی به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود كه ''بێدیقه‌تیه‌كه‌ی'' هاوڕێ ڕێبواری پێ كه‌شف كردووه. هه‌ڵبه‌ت هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه كه ئه‌و به‌ڕێزه ڕوون و ڕاشكاو سه‌رباری ''بێدیقه‌تیه‌كه‌ی ڕێبوار'' له مه‌به‌سته‌كه‌ی ئه‌و گه‌یشتووه. هه‌ر خوێنه‌رێكی ئاسایی تریش له یه‌كه‌م دێڕی نووسراوه‌كه‌ی هاوڕێ ڕێبواره‌وه ئه‌زانێ مه‌به‌ست له كوردستانی عێراقه. به‌ڵام ڕوانگه‌كه‌ی به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود له به‌نه‌ڕه‌تدا شتێكی تره كه پێی وایه پێویسته پاشگری ''باشور'' بۆ كوردستان زیاد بكرێ. ئه‌مه ئه‌گه‌ر به وته‌ی ئه‌و باسه‌كان هه‌موو ئه‌و ''باشور''ه‌ش بگرێته‌وه! دەستەواژەی باشور یان باكور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات جگە لەوەی ڕەگوڕیشەیەکی قوڵی ناسیۆنالیستی هەیە، گوزارش لە هیچ پرس و بابەتیکی فراوانتر و ته‌نانه‌ت هیچ جوگرافیایه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع ناكات كه ناوی كوردستان بێت به هه‌ر چوار پارچه‌كه‌وه. ته‌نانه‌ت لە دنیای واقعدا هەر یەک لەو پارچانە خاڵی هاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتانە زۆرترە کە پێوەی لکێنراوە لە چاو پارچەکانی تردا. بەدەر لەوەی کە چۆن وای لێهاتوە و پێشینه‌ی مێژوویی چۆنه، ئێستا لەسەر ئەرزی واقع جوگرافیا و پرس و بابەتێک نییە ناوی کوردستان بێت و هەر چوار پارچەکەی بگرێتەوە. ئێستا تەنانەت هیچ حیزبێکی ناسیۆنالیستی سەرسەختی جدیش نییه كه ئه‌مه‌ی كردبێته ستراتیژی خۆی. بەڵکو تەنها بۆ وروژاندنی هەستی خەڵک دەستەواژەی کوردستانی گەورە و بۆ بەشەکانیشی باکور و باشور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا به‌كارئه‌هێنن. ئەمانە جگە لە هەستی نەتەوەپەرستی هیچ مانایەکی تریان نییە و گوزارش لە هیچ پرس و بابەتی جوگرافیایەکی دیاریکراو ناکەن. كه‌واته وا دیاره كه له‌م باره‌یه‌وه به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود پێشی هه‌موو حیزبه‌كانی كوردایه‌تی له هه‌ر چوار پارچه‌كه داوه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها ناوبراو له وتاره‌كه‌یدا ئه‌ڵێ كه گوایه ڕێبوار ئه‌حمه‌د: ''...پێیوایە دەورەی سەرگەردانی و زەمینەی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق کۆتایی هاتووەو لەسەر بنەمای ئەو دوو خاڵەش لەکۆتاییدا رێگەچارەیەکی خستۆتەڕوو، کە هەڵوەشانەوەی هەرێم و تێکەڵبوونەوەیە بە عێراق.'' له لێكدانه‌وه‌كه‌ی هاوڕێ ڕێبواردا به ڕۆشنی نووسراوه كه هه‌روه‌ك چۆن پێشتر كوردستان وه‌ك دیفاكتۆیه‌ك جۆرێك له سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌بوو، له‌م هه‌لومه‌رجه تازه‌یه‌ی عێراق و ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت جیهانیشدا وه‌ك دیفاكتۆیه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ی كوردستان بۆ ناوه‌ند هاتۆته پێشه‌وه. واته ئه‌مه نه هه‌ڵبژارده‌ی ئێمه و نه هی خه‌ڵكی كوردستان نییه. ڕاسته هاوڕێ ڕێبوار باس له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی فیدراڵیزم ئه‌كات، به‌ڵام ئه‌مه به شێوه‌یه‌كی تاكلایه‌نه به مانای پێداگری نییه له‌سه‌ر تێكه‌ڵبوونه‌وه به عێراق. به‌ڵكو به ڕۆشنی پێداگری له‌وه ئه‌كات كه خه‌ڵكی كوردستان حسابی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی یه‌كلایی بكه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش به ناچاری تێكه‌ڵبوونه‌وه نییه به‌وجۆره‌ی كه به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود وتوویه‌تی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و حسابه به مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق یه‌كلاببێته‌وه، ئه‌وه ئه‌بێ مه‌رجدار بێت و هاوڕێ ڕێبوار مه‌رجه‌كانیشی به ڕۆشنی خستۆته ڕوو. ئه‌وه‌ی كه به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود ئاره‌زوومه‌ندانه ئه‌م قسه‌یه‌ی گۆڕیوه به‌وجۆره‌ی خۆی ئه‌یه‌وێت له‌پێناوی ئه‌وه‌دایه كه دواتر به ئێسك و پروسكه‌وه داكۆكی له قه‌واره‌ی هه‌رێم و ''به‌شه باشور'' ه دڵخوازه‌كه‌ی خۆی بكات.
له درێژه‌ی میتۆد و لێكدانه‌وه‌ی به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود ئه‌گات به‌وه‌ی كه ئێمه ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی سیاسیمان له هه‌ردوو لایه‌نی عێراق و كوردستانه‌وه بینیوه و بواره‌كانی تری فیكری و كلتوری و چی و چیمان به فه‌رامۆشی سپاردووه و گوایه خه‌تا و هه‌ڵه‌یه‌ك له بۆچوونه‌كانی ئێمه له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه بووه كه ''فه‌زای ئاوه‌ڵه‌یی سیاسی'' زۆر ناخایه‌نێت و كۆتایی دێت و كوردستان ئه‌چێته‌وه ژێر ڕكێفی ڕژێمی به‌عس. هه‌ر خۆشی نمونه‌ی ٣١ ی ئاب ئه‌هێنێته‌وه كه گوایه به ''كۆتایی ئه‌و ده‌وره‌یه'' خوێندرابێته‌وه. لێره‌دا تێنه‌گه‌یشتنی خۆی و لێكدانه‌وه‌ی خۆی تێكه‌ڵ كردووه. سه‌باره‌ت به لێكدانه‌وه‌كه‌ی خۆی به نمونه‌ی ٣١ی ئاب ته‌نها ده‌ربڕین و ڕوانگه‌ی خۆی به‌یان ئه‌كات و دروست كراوی خۆیه‌تی و واقعیه‌تی نییه. ئه‌وه‌نده‌شی به سه‌رگه‌ردانی كوردستان ئه‌گه‌ڕێته‌وه وا پێ ئه‌چێ كه ئه‌و سه‌رگه‌ردانی سیاسی ته‌نها به ئاوه‌ڵه‌یی سیاسی تێگه‌یشتبێ. ئێمه به درێژایی ساڵانی پێشوو به ڕۆشنی وتوومانه كه كوردستان له ڕووی سیاسی و ئیداری و پرسی ده‌وڵه‌تییه‌وه سه‌رگه‌ردانه و له‌ڕویی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بێسه‌ره‌وبه‌ره و بنه‌مای ئابوری نابوت بووه. ڕاسته جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیی بووه، به‌ڵام خۆی نه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی پێناسه‌كراوی دانپیانراوی جیهانی بوو و نه به كرده‌وه‌ش به‌شێك بوو له عێراق. ئه‌مه جیاوازی زۆره له‌گه‌ڵ ''فه‌زای ئاوه‌ڵه‌یی سیاسی''، ئێمه وتوومانه كه ئه‌م هه‌لومه‌رجه كاتییه و یان ئه‌بێ كوردستان جیابێته‌وه و ببێت به ده‌وڵه‌تێكی ڕه‌سمی یان ئه‌گه‌ڕێته‌وه ژێر ڕكێفی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی. هەڵبەت کەسانی تریش لەم ڕوانگەیەوە باسی ئەوە ئەکەن کە بۆچوونەکانی ئێمە و مەنسور حیکمەت ڕاست دەرنەچوو دەربارەی کاتی بوونی ئەم دۆخەی کوردستانی عێراق و سەڵتەنەتەکەی یەکێتی و پارتی. بەڵام خەتاکە لە لێکدانەوە و پێشبینییەکانی ئێمەدا نییه، بەڵکو كێشه‌کە لە لێکدانەوەی خودی ئەم بەڕێزانەدایە. ئەوان ئەوە نابینن کە ڕوداوی ١١ ی سێپتێمبه‌ر وەکو بومەلەرزەیەکی پێشبینی نەکراو هاوكێشه سیاسیه‌كانی له ئاستی جیهاندا گۆڕی و لەو ئاڵوگۆڕەدا ڕژێمی به‌عس ناوی چووه لیستی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌وە کە ئه‌مریكا لە چوارچێوەی سیاسەتی ''ڕژێم چه‌ینج''دا کاندیدی کردن بۆ گۆڕین. لەوانە ڕژێمەکانی تاڵیبان و بەعس و ئەسەد و قەزافی و جمهوری ئیسلامی. لە چوارچێوەی ئەو ئالوگۆڕەدا ١١ی سێپتێمبەر هەلێکی تری دایەوە بە دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی. ئەگەر ئەو ڕوداوانە نەبووایە باشترین شانسی حیزبەکانی کوردایەتی کە هەلی جیابونەوەی کوردستانیان لەدەستدا بوو، ئەوپەڕی ئەوە بوو کە ئەگەر ڕژێمی بەعس حوکمی زاتیەکیان پێبدات. بەڵام تەنانەت دوای ئەو هەموو ئالوگۆڕەش و دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و پاشاگەردانی دەوڵەتی مەرکەزی عێراق، ئەوەتا دوای ٣٣ ساڵ هەر بەوجۆرەی ئێمە پێشبینیمان کردبوو کوردستان کە نەبوو بە دەوڵەتی سەربەخۆ، خەریکە دەگەڕێتەوە ژێرڕکێفی دەوڵەتی مەرکەزی. بە پێچەوانەی تێگەیشتنەکەی ئەوەوە ڕەوتی ڕوداوەکان ڕاستی پێشبینیەکەی ئێمەیان سەلماندووە، تەنها بە کاریگەری فاکتەری ١١ی سێپتێمبەر و ڕوداوەکانی دواتر ماوەکە درێژ بوەوە.
وا دیاره له درێژه‌ی ئه‌م جۆره لۆجیك و لێكدانه‌وه‌یه‌ی به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولوددا ئه‌بێ بگات به‌وه‌ی كه خۆی له وتاره‌كه‌یدا به‌یانی كردووه و ئه‌ڵێ: ''لەوبارەیەوە رێگاچارەی مەنسور حیکمەت و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بۆ جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، پرۆژەیەکی نیشتمانی نەبوو بۆ چارەسەری پرسی کورد وەک کێشەیەکی سیاسی – مێژوویی، بەڵکو پرۆژەیەکی سیاسی – حیزبی بوو بۆ هێزگرتن و خەونی گەیشتن بەدەسەلاتی سیاسی لەم رێگایەوە، هەرچەندە ئەگەر ئەو پرۆژەیەو تەنانەت ریفراندۆمیش سەریبگرتایە، سەرەنجام دەوڵەتێکی نەتەوەیی ناوەندگەرا درووست دەبوو (وەک ئەوەی ئێستا هەیە)، وە کاروبارەکانی هەر بەدەستی پارتی و یەکێتیەوە دەبوو، یانی ” دەرچوون لە ژیانی ئۆردوگایی و سەرگەردانی سیاسی” ئەوانی لە دەسەڵاتی سیاسی دوور نەدەخستەوەو ئێستاش نایکات''. دیاره لێره‌دا ته‌ڵخییه‌ك له بۆچوونه ناسیۆنالیستیه‌كانی به‌ڕێزیدا نامێنێته‌وه. ئه‌و به شوێن چاره‌یه‌كی نیشتمانی و ناسیۆنالیستییه‌وه‌یه. به‌ڵام ڕاست ئه‌كات ئێمه پڕۆژه‌ی نیشتمانی و ناسیۆنالیستیمان نه‌بوو بۆ سته‌می نه‌ته‌وه‌یی. كه‌چی خۆی پێمان ناڵێ ئه‌گه‌ر كوردستان جیاببوایه‌ته‌وه، چۆن و بۆچی مه‌سه‌له‌ی كورد چاره‌سه‌ر نه‌ئه‌بوو. ئەوەی کە هەر حیزبێک ئەیەوێ لە ڕێگه‌ی خستنەڕووی چارە بۆ کێشەکانی كۆمه‌ڵگه خۆی لە دەسەڵات نزیک بکاتەوە نە خەتایە و نە حەرام. به‌ڵێ به‌ڕاستی ئێمه ئه‌مانه‌وێ بگه‌ین به ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام ئەو حوکمه‌ی كه ئێمه مه‌به‌ستمان چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی میللی نه‌بووه و ئه‌و وته‌نی هه‌ر خه‌یاڵمان لای ده‌سه‌ڵاتی خۆمان بووه، هیچ ڕاستییه‌كی تیا نییه و وشه‌یه‌كی بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه‌ی خۆی نه‌كردووه. ڕوونی نه‌كردۆته‌وه كه چۆن ئەگەر کوردستان جیابوایەتەوە، بەدەر لەوەی کێ ئەبووە فەرمانڕەوای كوردستان و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ، مەسەلەی کوردی وەکو گرێیەکی شێرپه‌نجه‌یی کە سەدان هەزار قوربانی لێکەوتوەتەوە و قورساییەکی زۆری لەسەر گشت کۆمەڵگه‌ی عێراق داناوه و چەند ملیۆن هاوڵاتی کوردزمانی لەژێر ستەم و سەرکوت ڕاگرتووە، چارەسەر نه‌ئه‌بوو؟ پاشان كه‌ی ئێمە ئەوەمان کردووە بە مەرج کە دەوڵەتی سەربەخۆ مه‌رجدار بێت بەوەی ئێمە حوکمڕانی بین؟! ڕێك به پێچه‌وانه‌وه ئێمە ئەوەشمان لەبەرچاو بوو کە ڕەنگبوو بە ئه‌گه‌ری زۆر ئەو دەوڵەتی سەربەخۆیەی کە دائەمەزرێ هەم دەوڵەتی کوردی بێت (نه‌ك ده‌وڵه‌تی غه‌یره قه‌ومی و سێكیولار) و هەم دیسان یەکێتی و پارتی حوکمڕانی بن. هەرچەنده ئەمە حوکمێکی ڕەها نەبوو، به‌ڵام بەهۆی پێشڕەوی ناسیۆنالیزم و هەژمونیەکەی ئه‌گه‌رێکی گەورە بوو. بەڵام ئێمە ئەوەمان لەبەرچاو گرتبوو، ئەگەر واشبووایە لانی کەم کێشەی کورد لە عێراق بۆ هەمیشە ڕیشەکێش ئه‌كرا و چارەسەر ئەبوو. پاشان بە نەمانی ئەم کێشەیە زەمینە بۆ خەباتی چینایەتی و بەرامبەرکێی کرێکار و بۆرژوازی کورد لەبارتر ئەبوو. هەر ئەمە بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ناڕاستی حوکمەکەی پێشووتری به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود کە ئەڵێ مەبەستی ئێمە وەڵام دانەوە نەبوو بە کێشەی کورد. ئه‌گه‌ر بوونی كێشه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گرێیه‌ك و به‌ربه‌ستێكی به‌رده‌م خه‌باتی چینایه‌تی كرێكارانه بۆ سۆشیالیزم، ئه‌وا سیاسه‌تی دروست و خه‌باتێكی واقعی ئه‌وه‌یه ئه‌م به‌ربه‌سته لاببه‌ی. هه‌ر ڕێك له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه بوو كه پشتیوانیمان له‌و ڕیفراندۆمه كرد كه ساڵه‌ها دوای ئه‌وه‌ی ئێمه ته‌رحمان كرد، یه‌كێتی و پارتی له بڕگه‌یه‌كدا كه قازانجی خۆیان ئیجابی كرد هاتنه‌پای. چونكه ئێمه چاره‌سه‌ری كێشه میللییه مێژووییه‌كه‌مان بۆ بنه‌ما بوو نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی خۆمان.
ئه‌و به‌ڕێزه ئه‌گات به‌و ئه‌نجامه‌ی كه ''راستە دەسەڵاتی هەرێم نەک هەر لەئاستی لانیکەمی چاوەڕوانیەکانی خەڵکدا نەبوو، بگرە پێچەوانەی ئاوات و ئامانجی چەندینساڵەی خەڵک کاری کرد‌و لەدوژمنێک زیاتر چارەنووسی خەڵکی بردە تونێلە تاریکەکانەوەو بەشوناس دژی ئازادی و دیموکراسیە، بەڵام قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئازادبوونی لەدەسەڵاتی شوومی بەعس، بەرهەمی راپەڕێنی خەڵک بوو نە پارتی و یەکێتی.'' هیچ ڕاستیەک لەم قسەیەدا نییە. وا دیاره به‌ڕێزی پێشبرکێی ناسیۆنالیستانه ئه‌كات لەگەڵ یەکێتی و پارتی. ئاخر بۆچی ڕاستییه‌كان ئه‌گۆڕن؟! دوو جار لە کوردستان دەنگدان کراوە دەربارەی چارەنوسی کوردستان، جاری یەکەم دوو ملیۆن کەس ئیمزای کرد بۆ جیابونەوە و جاری دوەم زیاتر لە سەدا نەوەتی خەڵک دەنگیان دا بەجیابونەوە. ئاخر کەی خەڵکی کوردستان دەنگی بە فیدراڵیزم و هەرێمی کوردستان داوە؟! فیدراڵیزم دروشمی کام خەباتی جەماوەری و کام كرده‌ی خەڵکی کوردستانە و خەڵک لە کوێ داوای فیدراڵیزمیان کردووە؟ مەگەر ئه یەکێتی و پارتی بە بریکاری خەڵکی کوردستان ئەزانێ؟! پاشان چۆن ئەم فیدراڵیزمە بەرهەمی ڕاپەڕینە؟! بەڕاستی و بەجدی باوەر بەم قسەیەی خۆت ئەکەی؟! ڕاپەرین کرا و شکستی خوارد و خەڵکی کوردستان هەموو ئاوارە بوون. ئەوەی کە سەرئەنجام ئەم هەرێمەی هێنایە کایەوە، سیاسەتی جەنگخوازی و لەشکرکێشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوون لەژێر ناوی ناوچەی ئەمنی سەرو هێڵی ٣٦ وەکو کارتێک بۆ فشار دانان لەسەر ڕژێمی سەدام. بێگومان ئەگەر ١١ی سێپتەمبەر ڕوینەدایە دواتر ئەم هەرێمە کە دەستکردی خۆیان بوو هه‌ر به سه‌دامیان ئەفرۆشتەوە. بەڵام ١١ی سێپتمبەر ئەو بازاڕەی نەهێشت. پاشان ئه‌بێ بڵێین خودی ڕاپەرین دیسان تاکتیکێکی ناسیۆنالیستی بوو. ئەگینا کام خەبات و کام پێشڕەوی و کام ئاسۆی سیاسی سەربەخۆ لە حیزبە ناسیۆنالیستەکان لەو کاتەدا ئەوەندە گەشه‌ی کردبوو کە گەیشتبوە ئەو ئاستەی دەست بۆ تاکتیکی ڕاپەرین بەرێت؟! ئاخر خۆ خەباتی خەڵک لە پڕێکدا ناگاتە ڕاپەرین. بۆ نمونه ڕاپەرینی ١٩٧٩ی ئێران لە چه‌ند ساڵ له‌وه‌وپێشه‌وه پێشینه‌كه‌ی دیار بوو. له ساڵێك زیاتر پێش ڕاپەرینیشەوە هەزارویەک هاتنەمەیدان و خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕووبەڕووبونەوەی خەڵک و چینی کرێکار هه‌بوو لەگەڵ ڕژێمی شادا. بەڵام ئەتوانی بۆمان ڕوون بکەیتەوە کە ڕاپەڕینی كوردستان لە درێژەی کام خەبات و هاتنەمەیدانی جەماوەریدا هاتەکایەوە و ئەو بزووتنەوە جەماوەریە کامە بوو کە لەوکاتەدا دەستی بۆ تاکتیکی ڕاپەڕین برد؟ بەڕێزم، خودی ڕاپەڕین تاکتیکی بزوتنەوەی کوردایەتی پشتبەستو بە جەنگی کۆنەپەرستانەی ئەمریکا بوو. بۆیه دوای ساڵه‌ها، ئەو پاشکۆیەتیە بۆ ملهوڕترین هێزی ئیمپریالیستی مەدە پاڵ خەڵکی دابڕاو لە کوردایەتی! ئه‌گه‌ر ئێستا سه‌نگه‌ری خۆت گۆڕیوه كه هاوتایه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی چاوله‌ده‌ستی سیاسه‌تی جه‌نگخوازانه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئیمپریالیستی، به‌ڵام دنیا به ده‌وری تۆدا ناسوڕێته‌وه، دنیای واقعی شتێكی تره. هه‌رێمی كوردستان ده‌ستكردی ئه‌وانه‌یه كه به‌رهه‌مه‌كه‌ی ئه‌خۆن. ڕژێمی به‌عس نه‌ما، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان كۆپی شه‌راكه‌تی ناسیۆنالیزمی كورده له ده‌سه‌ڵات و له‌ملاشه‌وه به‌شی خه‌ڵكی كوردستان نه‌هامه‌تی و تامه‌زرۆییه بۆ ئه‌و خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌تاییانه‌ی كه ده‌یان ساڵه لێی بێبه‌شن، وه‌كو موچه و ئاو و كاره‌با و سوته‌مه‌نی و خانوبه‌ره و و... هتد. به‌ڕاستی ناحه‌قییه‌كی گه‌وره‌یه هه‌رێمی كوردستان به ده‌ستكه‌وتی خه‌ڵك ناوزه‌د بكرێ. ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئێوه له بۆته‌ی پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی و ناسیۆنالیستیدایه.
به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود له درێژه‌ی قسه‌كانیدا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ئه‌ڵێ: ''نە قەوارەی هەرێم و نەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کۆتای‌یان نەهاتووە، وە دەوڵەتی عێراقیش لەهەلومەرجێکی وا بەهرەمەند نیە بتوانێت بەبێ شەراکەت و بەشداری پارتی و یەکێتی هەرێم بەڕیوەبەرێت و دەسەڵاتی راستەوخۆی تێدا پیادە بکات، وە ناشتوانێت قەوارەی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە، چونکە ئەوە ریشەیەکی مێژوویی و دەستووری هەیە..'' ئەم قسەیەت ڕاستە، بەڵام بەڵگەی دوەمیان ڕاست نییە. ئەم قەوارەیە و دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی ئەمێنێ هەرچەنده کلکوگێ ئەکرێت. هاوڕێ ڕێبوار له سیمینارێكی ناوخۆییدا پێش كۆنگره‌ی شه‌شی حیزب له‌سه‌ر ئه‌م باسه هه‌مان قسه‌ی كرد. وتی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی و ده‌سه‌ڵاتێكی محه‌للی په‌ڕوباڵ كرا‌و ئه‌مێنێ مه‌گه‌ر خه‌ڵك هه‌ڵیپێچێت. زۆر ساده له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیتر ئەو سه‌رده‌مه بەسەرچووە کە دەوڵەتی مەرکەزی بە مۆدیلی عەلی حەسەن مه‌جید و شێخ جەعفەره‌كان کوردستان بەڕێوەبەرێ و ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی به‌بێ ده‌سه‌ڵاتێكی محه‌للی كوردستانی بۆ به‌ڕێوه‌ناچێت. هیچ حیزبێكیش له یه‌كێتی و پارتی باشتر نین بۆ سازان له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستادا. به‌ڵام به‌ڵگه‌ی ده‌ستورت زۆر ناڕاسته، دەستور چییە؟! ئەوە مادەی ١٤٠ دەستورە و کەس حسابیشی بۆ ناکات! پاشان چ شتێک لە گۆڕینی دەستور ئاسانترە بۆ دەوڵەتێکی قەومی ئیسلامی؟ بەڕاستی تۆ گەیشتووی بە هەمان لۆجیكی یەکێتی و پارتی، كه هه‌میشه بانگه‌وازی ناده‌ستوری بوونی بڕیار و هه‌نگاوه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ركه‌زی ئه‌كه‌ن؟! چ خۆشخه‌یاڵییه‌كه له‌پێناوی خه‌ونی مانه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم و ''پڕۆژه‌ی نیشتمانی''دا؟
له په‌یوه‌ند به ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی و هه‌بوونی به‌دیله‌وه، به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود ئه‌گات به‌وه‌ی كه له‌به‌رئه‌وه‌ی له ''ئاستی شه‌عبی'' دا كه‌س جێگره‌وه‌یان نییه و هێشتاش له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌ر ڕوو له ئه‌وان ئه‌كه‌ن، ئیتر ئه‌مه به مانای ئه‌وه‌یه كه كۆتایی ئه‌وان نه‌هاتووه. وه گوایه به قسه‌ی ئه‌و بۆیه خه‌ڵك پێی باشه ناوه‌ند موچه و مه‌سه‌له‌كانی خه‌ڵك بگرێته ده‌ست له‌به‌ر ده‌ستپیسی ده‌سه‌ڵاتی كوردییه و گوایه خه‌ڵك ئه‌یه‌وێ سوود له گه‌شه‌ی ئابوری عێراق وه‌ربگرێ و گوایه ئه‌مه واقعبینی و پێشڕه‌وییه. به‌ڵام دیسان ئه‌بێ بپرسین واقعبینی و پێشڕه‌وی كام بزووتنه‌وه گه‌یشتووه به‌م ئاسته؟ بەداخەوە ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه لە ئاستێکی فراواندا خەڵک ئەوەندە نه‌فرەت لەم دەسەڵاتە ئەکەن کە ژیانیان لە سایەی ڕژێمی قەومی ئیسلامی‌دا پێ باشترە لە دەسەڵاتی ئه‌و هەرێمه‌ی كه بەڕێز عەلی مه‌ولود خه‌می له ده‌ستدانیه‌تی. هه‌مووان ئه‌زانین كه ده‌ركردنی موچه له درێژه‌ی ده‌رهێنانی ئابوری گشتی له ده‌ستی یه‌كێتی و پارتی و هه‌رێمه‌كه‌ی به‌ڕێزی عه‌لی مه‌ولود به‌شێكی جدییه له په‌ڕوباڵ كردنی هه‌رێم به گشتی. سیاسەتی دروست ئەوەیە کە بەرچاوی خەڵک ڕوناک بکاتەوە کە دەسەڵاتی مەرکەز لە هیچ ڕوویەکەوە باشتر نییە بۆ هیچ شتێک لە دەسەڵاتی دەستپیسی هەرێم. تەواوی مەسەلەکە لەسەر خەبات و فشاری خەڵک بۆ مافەکانی و بۆ ئالوگۆڕ ڕاوەستاوە. هاوڕێ ڕێبواریش له وتاره‌كه‌یدا به دروست جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه كردۆته‌وه.
له خاڵێكی تردا به‌ڕێز عه‌لی مه‌ولود دێته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی فیدراڵیزم. هاوڕێ ڕێبوار فیدراڵیزمی به ته‌ڵه له قه‌ڵه‌م داوه به‌ڵام لای ئه‌و ئه‌مه جۆرێك شه‌یتان ئاسا سه‌یركردنی فیدراڵیزمه بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نێوان نه‌ته‌وه‌كان. ئه‌و لێره‌دا فیدراڵیزم به شێوه گشتیه‌كه‌ی به په‌سه‌ند و له‌بار ئه‌زانێ به‌ڵام شێوه‌كانی فیدراڵیزمی به ئه‌نقه‌ست تێكه‌ڵ كردووه تا ڕه‌وایه‌تی به بۆچوونی خۆی بدات. مرۆڤی واقعبین ئەگەر ڕەخنەیەکی لە بۆچونێک هەبێت پێویستە وەکو خۆی باسی بکات و ڕەخنەی لێ بگرێت. هاوڕێ ڕێبوار لە باسەکەیدا چەندین جار جەختی لەوە کردۆته‌وە کە ئێمه دژی فیدراڵیزمی قەومین نەک فیدراڵیزمی ئیداری کە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دنیا په‌یڕەوی لێ ئەکەن. فیدراڵیزمی قەومی واتە دانی مۆری قەومی لە ناوچەوانی خەڵک و هه‌ر ده‌شتایی و ته‌پۆڵكه‌یه‌ك، یانی هەموو ڕۆژێك بزواندنی هەستی نەتەوەیی و هەڵخڕاندنی خەڵک لە دەوری ناسیۆنالیزمی کورد گوایە بەم جۆرە مافی کورد لەبەرامبەر عەرەب زیاد ئەکات. فیدراڵیزمی قەومی یانی هەتاهەتایی کردنی شەڕ و تەفرەقەی قەومی نێوان کورد و عەرەب تەنها لە پێناو ئەوەی حیزبه بۆرژوازیە کوردەکان بەناوی نوێنەرانی خەڵكی کوردستانه‌وه لە دەسەڵات و داهاتدا بەشدار بن. ئاخر جگە لەوە چ دەسکەوتێکی بۆ خەڵکی تیا بووە؟! بەڕێز عەلی مه‌ولود قەومیەکەی قرتاندوە و فیدراڵیزمەکەی هێشتوەتەوە بۆ ئەوەی بیچوێنێ بە فیدرالیزمی ئیداری کە لە دنیادا نمونەی زۆرە. بەڵێ ئێمە بەتوندی دژی هەر جیاکاری و سنور و کیانێکین کە لەسەر بنەمای قەومی لەناوخۆی وڵاتێک‌دا بێتەکایەوە و ئەمە گەورەترین لەمپەری هەتاسەر لەبەردەم خەباتی چینی کرێکار دروست ئەکات. كه‌ركوك نمونه‌یه‌كی زۆر زه‌قی ئه‌م ڕاستیه‌یه، كه هه‌ر كاتێك هه‌ڵبژاردنێك دێته‌كایه‌وه، له‌ژێر هاشوهوشی حیزبه‌كانی كوردایه‌تی كه له‌مباره‌یه‌وه هاوفكری به‌ڕێزی ناوبراون، هه‌موو سته‌مكاری و دزی و چه‌په‌ڵی ئه‌و حیزبانه‌یان بیرئه‌چێته‌وه و ئه‌ڵێن ئه‌مه به به‌شی كورد له‌چاو به‌شی عه‌ره‌ب و توركمانه‌وه گرێی خواردووه! فیدراڵیزمی قه‌ومی بۆ هه‌تاهه‌تایی كردنی ئه‌مه‌یه. به‌ڵێ ئێمه دژی ئه‌وه‌ین له‌نێوان هاوڵاتیان و ئه‌رز و ئاودا له‌سه‌ر بنه‌مای شوناسی قه‌ومی سنور بكێشرێت. لای ئێمه ناسیۆنالیزم و قه‌ومپه‌رستی وه‌ك ڤایرۆسێك وان، كه زه‌مینه‌یان بۆ خوڵقا گه‌شه ئه‌كه‌ن و ئه‌ژین كه ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش پێكدادانی قه‌ومی و كوشت و كوشتاری خه‌ڵكه له‌ژێر ناوی نه‌ته‌وه‌ی جیاجیادا. فیدراڵیزمی قه‌ومی ئه‌م كاره ئه‌كات. ئێستا ئه‌بێ ئه‌وه زۆر ڕۆشن بێ کە فیدراڵیزم کۆمەکی بە ناسیۆنالیزمی کورد کردووە و ناسیۆنالیزمی کورد بەرژەوەندی خۆی باشتر لە بەڕێز عەلی مه‌ولود ئەناسێ بۆیە ئەمەی هەڵبژاردووە نەک بۆ ئەوەی وەکو ئه‌و ئه‌ڵێ چانسێک لە دەستی خۆی بدات! ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئه‌و ده‌ریئه‌خات كه ئەو ئیتر بە جێگایەک گەیشتوه زەمینەی ئەوە نەماوە لێی بپرسین تکایە سنوری سیاسی تۆ لەگەڵ یەکێتی و پارتی جگە لە ''دەستپیسی و نائەمینی" چییە؟! ده‌ست به قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌وه ئه‌گریت كه پڕۆژه‌ی ناسیۆنالیزمه. شانازی به فیدراڵیزمی قه‌ومیه‌وه ئه‌كه‌یت كه ساڵه‌هایه ئه‌وان وه‌ك ڕێگه‌چاره ده‌رخواردی خه‌ڵكی كوردستانی ئه‌ده‌ن و له ڕاستیشدا ده‌سه‌ڵات و شه‌راكه‌تی خۆیانیان له داهاتدا پێ ڕاگرتووه.
له كۆتاییدا به‌ڕێزی كه خۆی جگه له سیاسه‌تێكی ناسیۆنالیستی تۆخ شتێكی تری نه‌خستۆته ڕوو، ئامۆژگارییه‌ك ئه‌خاته به‌رده‌م و ئه‌ڵێ: ''راستە رۆشنگەری و درووست‌کردنی رای گشتی مەسەلەیەکی گرنگ و پێویستە، بەڵام هەرکەس و لایەنێک، ئەگەر کار‌و ئەکتێک بەپێویست دەزانێت لەپێشدا پێویستە ئەرک بۆ خۆی دیاری بکات.'' بەڵێ بەڕێزم ئه‌مه ڕاسته و ئێمەش ڕێک وامان کردووە. لە پێشدا لە کۆنگرە ئەم سیاسەتەمان پەسەند کرد و کردمان بە ئەرکی حیزب، ئێستاش ئەمانەوێ بیکەین بەڕای خەڵك وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئەو ئەرکەی کە حیزب لە پێشەوە بەرپرسیاریتیەکەی لە ئەستۆ گرتووە. بۆیە هاوڕێ ڕێبواریش وەکو کەسێک نییه لە دوورەوە قسەی باش بکات، بەڵکو وەکو ئەندامێکی ڕابەری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری خەریکە لە ناو خەڵکدا باسی سیاسه‌تێك ئه‌كات و هێز بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو سیاسەتە کۆئەکاتەوە کە حیزب پەسەندی کردووە و له‌پێشه‌وه كردوویه‌تی به ئه‌ركی حیزب و کاری بۆ ئەکات.