ڕێنت لە کوردستاندا چۆن خۆی دەنوێنێ؟ کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی ئابووری و توانا و سەربەخۆیی کۆمەڵگا 

سەلاح حسێن ئەفەندی
  2026-11-02   

١) پێشەکی: لە سەرچاوەکانی ڕێنتەوە بۆ پێکهاتەی دەسەڵات و ئابووری 

ڕێنت (الريع) لەم وتارەدا چەمکێکی ئابوورییە؛ مەبەست لێی ئەو داهاتەیە کە بە پلەیەکی بەرچاو لە خاوەندارێتی یان کۆنترۆڵی سەرچاوە یان سامانێکەوە بەدەست دێت. لێرەدا جەخت دەکرێتەوە لەسەر جیاوازیی نێوان بوونی سەرچاوەی داهات و زاڵبوونی پەیوەندییە ڕێنتییەکانە بەسەر ئابووریدا. 

بوونی سەرچاوە سروشتییەکان، داهاتی نەوت و گاز یان سەرچاوەکانی دیکەی داهات، بە خۆی بە مانای بوونی ئابوورییەکی ڕێنتی (الاقتصاد الريعي) نییە. ئەوەی گرنگە چۆنیەتی بەدەستهێنان، کۆنترۆڵکردن، مافی تەسەروفکردن، دابەشکردن و بەکارهێنانی ئەو داهاتانەیە، هەروەها کاریگەرییانە لەسەر پێکهاتەی بەرهەمهێنان، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا و توانای دامەزراوە گشتییەکان. 

لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم پرسیارە تایبەتمەندییەکی زیاتر بەخۆوە دەگرێت. چونکە هەرێم، لە هەمان کاتدا کە دەسەڵات و دامەزراوەکانی خۆی هەیە، بەشێکە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و پەیوەندییەکی قوڵی دارایی، ئابووری و سیاسی بە بەغدا و دەوروبەری هەرێمایەتییەوە هەیە. 

لەبەر ئەوە، شیکردنەوەی ئابووریی ڕێنتی لە هەرێمی کوردستاندا ناتوانێت تەنها لە ئاستی بڕی داهات و شێوازی خەرجکردنیدا بمێنێتەوە؛ بەڵکو پێویستە ئەو پەیوەندییە پێکهاتەییانە بخاتە ڕوو کە لە نێوان سەرچاوەکانی داهات، دەسەڵاتی سیاسی، چالاکیی ئابووری و توانای سەربەخۆی کۆمەڵگادا دروست بوون. 

بەڵام ئەم پێکهاتەیە نابێت وەک سیستەمێکی یەکگرتوو، داخراو و بێ ئەگەری گۆڕانکاری تەماشا بکرێت. لە کاتێکدا کە هێز و پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییە باڵادەستەکان بەردەوامی بە ئابووریی ڕێنتی دەدەن، لە ناو کۆمەڵگادا چالاکی، بەرژەوەندی، دامەزراوە و هێزە جیاوازەکانیش بوونیان هەیە کە بە هەمان ئاراستە کار ناکەن. ئەم جیاوازی و ناکۆکییانە دەتوانن کەلێن و دەرفەتی گۆڕانکاری دروست بکەن، هەرچەندە بە تەنها بوونیان بە مانای توانای سەرکەوتنیان ناگەیەنێت. 

لەبەر ئەوە، پرسیاری ناوەندیی ئەم وتارە دوو ڕەهەندی پەیوەست بەیەکتری هەیە: یەکەم پرسیار، چۆن کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستاندا بووەتە بەشێک لە پێکهاتەی وابەستەیی ئابووری و سیاسی؟ دووەم، لە ناو هەمان پێکهاتەدا کام کەلێن، بەرژەوەندی و هێزە ئابووری و کۆمەڵایەتییانە دەتوانن ببنە بنەمایەک بۆ گۆڕینی ئەو پەیوەندییانە؟ 

وتارەکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە، لە لایەکەوە میکانیزمەکانی بەردەوامبوونی ئابووریی ڕێنتی، سەرمایەداریی ناسیاوگەری، دابەشبوونی دەسەڵات و لاوازیی دامەزراوەکان شیدەکاتەوە؛ لە لایەکی دیکەوە هەوڵ دەدات ئەو مەرج و دەرفەتانە دەستنیشان بکات کە دەتوانن توانای بەرهەمهێنان، سەربەخۆیی کۆمەڵگا و بەشداری لە بڕیارداندا فراوان بکەن. 

 

٢) سەرچاوەکانی ڕێنت لە هەرێمی کوردستاندا 

سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستاندا تەنها لە نەوت و گاز پێک نایەن، بەڵکو چەندین سەرچاوەی دیکەش دەگرنەوە کە بەهۆی پێکهاتەی سیاسی و ئابووری، بارودۆخی ئەمنی و پەیوەندیی هەرێم بە بەغدا و دەوروبەری هەرێمایەتییەوە گرنگییان پەیدا کردووە. 

ئەم سەرچاوانە لە ڕووی سروشت و شێوازی بەدەستهێنانەوە جیاوازن، بەڵام هەموویان دەتوانن، لە ژێر مەرجی دیاریکراودا، ببنە ئامرازی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە و دابەشکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان. 

یەکەم: نەوت و گاز و سامانی سروشتی. ئەمانە لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمن. بەڵام گرنگییان تەنها لە بڕی داهاتی بەدەستهاتوودا نییە؛ بەڵکو لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنان، فرۆشتن، گرێبەستەکان و بەکارهێنانی داهاتەکەشدا دەردەکەوێت. 

دووەم: بەشی هەرێم لە بودجە و داهاتە گشتییەکانی عێراق. ئەم سەرچاوەیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پێکهاتەی ئابووریی نەوتی عێراق و پەیوەندیی دارایی و سیاسیی نێوان هەرێم و دەوڵەتی فیدراڵییەوە هەیە. لێرەدا داهاتی بودجە بە خۆی ڕێنت نییە، بەڵکو گرنگییەکەی لە پەیوەندیی بە داهاتی نەوت و شێوازی دابەشکردن و بەکارهێنانیدایە. 

سێیەم: داهاتی گومرگ و خاڵە بازرگانییەکان. گومرگ لە بنەڕەتدا سەرچاوەیەکی ئاسایی داهاتی گشتییە. بەڵام کاتێک کۆنترۆڵی خاڵە بازرگانییەکان، مۆڵەتەکان و دەرفەتەکانی هاوردەکردن لەگەڵ پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکاندا تێکەڵ دەبێت، دەرفەتی بەدەستهێنانی قازانجی تایبەت و ڕێنتی سیاسی دروست دەبێت. 

چوارەم: زەوی و موڵکی گشتی. گرنگیی ئەم سەرچاوەیە لەوەدایە کە مافی بەکارهێنان، تەسەڕوفکردن، گواستنەوە و تەرخانکردنی زەوی و موڵکی گشتی دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی دەرفەتی ئابووری و قازانج. لێرەدا جیاوازیی نێوان خاوەندارێتی و مافی تەسەڕوفکردن گرنگە، چونکە کۆنترۆڵکردنی ئەم مافانە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی سەرمایە و پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و خاوەنکاران هەبێت. 

پێنجەم: هاوکاری و پاڵپشتییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان. ئەمانە دەتوانن هاوکاریی دارایی، ئابووری، مرۆیی و ئەمنی بگرنەوە. ئەم هاوکارییانە بە خۆیان ڕێنت نین، بەڵام چۆنیەتی وەرگرتن، بەڕێوەبردن و دابەشکردنیان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی دەسەڵات و وابەستەیی هەبێت. 

گرنگە جەخت لەوە بکرێتەوە کە هیچ کام لەم سەرچاوانە بە خۆیان چارەنووسی پێکهاتەی ئابووری دیاری ناکەن. هەمان سەرچاوە دەتوانێت لە ژێر شێوازێکی بەڕێوەبردندا ببێتە ئامرازی بەهێزکردنی تۆڕەکانی بەرژەوەندی، و لە ژێر شێوازێکی دیکەدا ببێتە بنەمای وەبەرهێنان، بەرهەمهێنان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی کۆمەڵگا. 

لەبەر ئەوە، پرسیاری سەرەکی تەنها ئەوە نییە کە هەرێمی کوردستان چ سەرچاوەیەکی داهاتی هەیە؛ بەڵکو ئەوەیە کە کێ کۆنترۆڵیان دەکات، بە چ پێوەرێک دابەش دەکرێن، لە چ بوارێکدا بەکار دەهێنرێن و کام هێزە ئابووری و کۆمەڵایەتییانە لێیان سوودمەند دەبن. 

وەڵامی ئەم پرسیارانەیە کە دەتوانێت ڕوون بکاتەوە چۆن سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستاندا بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی ئابووریی ڕێنتی، هەروەها لە کوێدا دەرفەتی بەکارهێنانیان بە ئاراستەیەکی جیاواز بوونی هەیە. 

جیاوازیی نێوان داهاتی فەرمی و نافەرمی 

لە شیکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتدا پێویستە جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان دوو شێوازی مامەڵەکردن بەو سەرچاوانە بکرێت. 

یەکەم، داهات و مامەڵەی فەرمی: ئەو داهاتانەن کە لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکاندا کۆ دەکرێنەوە و دەچنە ناو خەزێنە و حسابە گشتییەکانی دەوڵەتەوە. بەڵام فەرمیبوونیان بەو مانایە نییە کە چۆنیەتی کۆکردنەوە، دابەشکردن و بەکارهێنانیان لە کاریگەریی هێز و بەرژەوەندییە سیاسییەکان سەربەخۆ و شەفافە. لە هەندێ بواردا، ئەولەویەتی خەرجکردن، تەرخانکردنی گرێبەست و دابەشکردنی دەرفەتەکان دەتوانن بە هاوسەنگیی هێز و پەیوەندییە سیاسییەکانەوە بەسترابنەوە، سەرەڕای ئەوەی داهاتەکە بە شێوەی فەرمی تۆمار کرابێت. 

دووەم، داهات و مامەڵەی نافەرمی و ناشەفاف: ئەو داهات و سوودانەن کە لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە، مۆڵەت، گرێبەست، گومرگ، زەوی یان دەرفەتە ئابوورییەکانەوە بەدەست دێن، بەڵام بە تەواوی لە خەزێنە و حسابە گشتییەکاندا تۆمار ناکرێن، یان بە شێوەیەک بەڕێوە دەبرێن کە لە دەرەوەی چاودێریی دامەزراوە فەرمییەکاندا دەمێننەوە. 

جیاوازیی ئەم دوو شێوازە گرنگە: لە یەکەمدا، کێشەکە دەتوانێت لە کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر دابەشکردن و بەکارهێنانی داهاتی گشتیدا بێت؛ لە دووەمدا، کێشەکە لە دەرخستنی داهات یان سوود لە چوارچێوەی خەزێنە و چاودێریی گشتیدا دەردەکەوێت. 

بەڵام ئەم دوو شێوازە لە واقیعدا هەمیشە بە تەواوی لە یەکتر جیا نین. دەتوانن لە ناو هەمان پەیوەندیی سیاسی و ئابووریدا پێکەوە بوونیان هەبێت و یەکتر بەهێز بکەن. لەبەر ئەوە، شیکردنەوەی ئابووریی ڕێنتی پێویستی بەوە هەیە کە نەک تەنها سەرچاوەکانی داهات، بەڵکو ڕێڕەوی گواستنەوە، تۆمارکردن، دابەشکردن و سوودوەرگرتن لەو داهاتانەش بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە. 

 

٣) گۆڕانی سەرچاوەکانی داهات بۆ بنەمای ئابووریی ڕێنتی 

گۆڕانی سەرچاوەکانی داهات بۆ بنەمای ئابوورییەکی ڕێنتی، تەنها ئەنجامی بوونی نەوت و گاز یان فراوانیی داهاتی گشتی نییە. ئەم گۆڕانە پەیوەستە بە پێکهاتەی دەسەڵات، چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی سامان و داهات، و ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان دەسەڵاتی سیاسی و چالاکیی ئابووریدا دروست بوون. 

لە هەرێمی کوردستاندا، کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و دەرفەتە ئابوورییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ پێکهاتەی هێز و بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا تێکەڵ بووە. ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئاراستەی وەبەرهێنان، پێکهاتەی خاوەنکاران و توانای گەشەکردنی سێکتەرە بەرهەمهێنەرەکان داناوە. 

کۆنترۆڵی داهات و دابەشکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان 

میکانیزمی سەرەکی لەوەدایە کە دەستڕاگەیشتن بە بەشێکی گرنگ لە دەرفەتە ئابوورییەکان، لەبری ئەوەی تەنها بە توانای بەرهەمهێنان، کێبڕکێ و پێوەرە ئابوورییەکان دیاری بکرێت، بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و هاوسەنگیی هێزە سیاسییەکانیشەوە دەبەسترێتەوە. 

ئەمە لە گرێبەستە گشتییەکان، تەرخانکردنی زەوی، مۆڵەتی وەبەرهێنان و بازرگانی و دەستڕاگەیشتن بە هەندێ سەرچاوەی داهاتدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لەم بارودۆخەدا، نزیکی لە ناوەندەکانی بڕیاردان دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی دەرفەتی ئابووری، تەنانەت کاتێک چالاکییەکە لە ڕووی یاساییەوە فەرمی بێت. 

گۆڕانی ئاراستەی وەبەرهێنان و لاوازبوونی بەرهەمهێنان 

کاتێک دەستڕاگەیشتن بە داهات و دەرفەتە ئابوورییەکان بە پلەیەکی بەرچاو بە کۆنترۆڵی سیاسییەوە دەبەسترێتەوە، ئاراستەی سەرمایەگوزاریش کاریگەری وەردەگرێت. 

لە هەرێمی کوردستاندا، بازرگانیی هاوردە، بیناسازی، مامەڵەی زەوی و هەندێ خزمەتگوزاریی بازرگانی لە ناویاندا دەرمان و تەندروستی گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا کشتوکاڵ، پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی نەیانتوانیوە بە هەمان شێوە بنەمایەکی فراوان و سەربەخۆی ئابووری پێکبهێنن. 

ئەم جیاوازییە تەنها بە بڕی وەبەرهێنان ڕوون ناکرێتەوە. پێویستە بزانین کام چالاکی دەستڕاگەیشتنی ئاسانتر بە مۆڵەت، گرێبەست، زەوی، سەرمایە و بازاڕ هەیە؛ کام چالاکی قازانجی خێراتر دەدات؛ و کام سێکتەر ناچارە خەرجی درێژخایەنی تەکنەلۆجیا، کارامەیی و بەرهەمهێنان هەڵبگرێت. 

لە ئەنجامدا، ئەو سێکتەرانەی پێویستیان بە وەبەرهێنانی درێژخایەن و ژێرخانی بەهێز هەیە، لە کێبڕکێدا بەربەستی زیاتر دەبینن. ئەمەش توانای ئابووری بۆ دروستکردنی سەرچاوەی داهاتی سەربەخۆ لە ڕێگەی بەرهەمهێنانەوە سنووردار دەکات. 

ئەم لاوازییانە لە هەڵسەنگاندنی بانکە جیهانییەکانی ساڵی ٢٠١٦دا دەردەکەون؛ ڕاپۆرتەکە وابەستەیی بە نەوت، گەورەیی سێکتەری گشتی، لاوازیی سێکتەری تایبەت و پشتبەستن بە هاوردە وەک کێشە پێکهاتەییەکانی ئابووریی هەرێم دەستنیشان دەکات. [١] 

بەم شێوەیە، گۆڕانی سەرچاوەکانی داهات بۆ بنەمای ئابووریی ڕێنتی، ئەنجامی پەیوەندییەکی دوولایەنەیە: لە لایەکەوە، پێکهاتەی دەسەڵات چۆنیەتی کۆنترۆڵ و دابەشکردنی سەرچاوەکان دیاری دەکات؛ لە لایەکی دیکەوە، ئەو شێوازی دابەشکردنە هێز و بەرژەوەندییەکانی پێکهاتەی ئەو دەستەڵاتە بەردەوام بەرهەم دەهێنێتەوە. 

لە ئەنجامدا، بەشێکی گرنگ لە چالاکیی ئابووری بە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە و دەرفەتەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتەوە دەبەسترێتەوە، لە کاتێکدا بنەماکانی بەرهەمهێنانی سەربەخۆ و سەرمایەگوزاریی درێژخایەن لاواز دەمێننەوە. 

ئەمە ئەو میکانیزمە سەرەکییەیە کە سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستاندا دەگۆڕێت بۆ بنەمای ئابووریی ڕێنتی. بەڵام چۆنیەتی بەردەوامبوونی ئەم پێکهاتەیە و کاریگەریی لەسەر هێزە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بابەتی بەشەکانی داهاتووی وتارەکەیە. 

 

٤) وابەستەیی سیاسی و پەراوێزبوونی ئابووریی دووجەمسەری 

لەم وتارەدا، مەبەست لە وابەستەیی سیاسی و پەراوێزبوونی ئابووریی دووجەمسەری، پەیوەندیی هەرێمە لە لایەکەوە بە ناوەندی دەوڵەتی عێراق و لە لایەکی دیکەوە بە بازاڕ و هێزەکانی دەرەوە. ئەم پەیوەندییانە و ئابووریی ڕێنتی کاریگەریی دوولایەنەیان هەیە: وابەستەیی دەرەکی ئابووریی ڕێنتی بەهێز دەکات، و ئەو ئابوورییەش سەرلەنوێ وابەستەیی دەرەکی هەرێم قوڵتر دەکاتەوە. 

وابەستەیی بە بەغدا و بەردەوامبوونی ئابووریی ڕێنتی 

هەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، لە ڕووی داراییەوە پەیوەندییەکی بنەڕەتی بە داهات و بودجەی گشتیی عێراقەوە هەیە. لە هەمان کاتدا، ئابووریی عێراقیش بە پلەیەکی زۆر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. 

بەم شێوەیە، هەرێم تەنها بە سەرچاوە ڕێنتییەکانی ناوخۆی خۆی وابەستە نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگ لە داهاتەکەشی لە ڕێگەی پەیوەندیی دارایی بە دەوڵەتێکەوە دێت کە خۆی پێکهاتەیەکی ڕێنتیی بەهێزی هەیە. 

ئەم پەیوەندییە، کاتێک لەگەڵ ناکۆکییە سیاسی و داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تێکەڵ دەبێت، داهاتی گشتی دەخاتە ژێر کاریگەریی ململانێ و هاوسەنگیی هێزە سیاسییەکان. قەیرانە دووبارەبووەکانی بودجە و مووچە لە هەرێمدا نیشاندەری ئەوە بوون کە چۆن ناکۆکی لە سەر داهات دەتوانن ببنە قەیرانی دارایی و کۆمەڵایەتی. 

بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، تەنها وابەستەیی بە بودجەی بەغدا نییە؛ بەڵکو ئەوەیە کە لاوازیی بنەمای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، توانای هەرێم بۆ بەرگەگرتنی ئەم قەیرانانە سنووردار دەکات. لە ئەنجامدا، چارەسەری کورتخایەنی قەیرانەکان زۆرجار لە پەیداکردنی داهاتی ڕێنتیی زیاتر و ڕێککەوتنی دارایی نوێدا دەگەڕێندرێتەوە، نەک لە فراوانکردنی بنەمای بەرهەمهێناندا. 

وابەستەیی بە بازاڕ و هێزەکانی دەرەوە 

لە جەمسەرەکەی دیکەدا، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی فراوانی بازرگانی و ئابووری بە وڵاتانی دەوروبەرەوە هەیە، بە تایبەتی تورکیا و ئێران. ئەم پەیوەندییانە بۆ دابینکردنی کاڵا، خزمەتگوزاری و هەندێ پێداویستیی بەرهەمهێنان گرنگن. 

کێشەکە لە خودی بازرگانی لەگەڵ دەرەوەدا نییە؛ بەڵکو لەو هاوسەنگییە ئابوورییەدایە کە هەرێم بە پلەیەکی بەرچاو بازاڕی بەکارهێنان و هاوردەیە، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی بەرهەمە خۆماڵییە جۆراوجۆرەکانی سنووردارە. 

داهاتی نەوت و بودجە، لەبری ئەوەی بە شێوەیەکی پێویست ببێتە بنەمای گەشەپێدانی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، بەشێکی گرنگی لە ڕێگەی هاوردەکردنەوە روودەکەنە بازاڕ و ئابووریی وڵاتانی دیکە. 

بەم شێوەیە، ئابووریی ڕێنتی و پەراوێزبوونی ئابووری یەکتر بەهێز دەکەن: داهاتی ڕێنتی توانای بەکارهێنان و هاوردەکردن فراوان دەکات، بەڵام لاوازی بەرهەمهێنانی ناوخۆش پێویستی بەردەوامبوونی داهاتی ڕێنتی زیاتر دەکات. 

بەهێزبوونی دەسەڵات لە ناوخۆ و لاوازبوونی بەرامبەر دەرەوە 

کاتێک بەشێکی سەرەکی لە سەرچاوەکانی داهات لە دەرەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە دێت، نوخبەی دەسەڵاتدار دەتوانێت بە کۆنترۆڵکردن و دابەشکردنی ئەو داهاتانە، پێگەی خۆی لە ناوخۆدا بەهێز بکات، بەبێ ئەوەی بە هەمان ڕادە پشت بە گەشەکردنی هێزە بەرهەمهێنەرەکانی کۆمەڵگا ببەستێت. 

بەڵام ئەم بەهێزبوونەی ناوخۆیی بە مانای بەهێزبوونی ستراتیژیی هەرێم نییە. بە پێچەوانەوە، کاتێک بەردەوامبوونی داهات، دابینکردنی پێداویستییەکان و ئارامیی دارایی بە بڕیار و پەیوەندییەکانی دەرەوەوە بەستراونەتەوە، توانای نوخبەی دەسەڵاتدار بۆ هەڵبژاردنی سیاسەتی سەربەخۆ و بەرگەگرتنی فشارە دەرەکییەکان سنووردار دەبێت. 

بۆیە دەتوانین لە دوو ئاراستەی پێچەوانە بدوێین: کۆنترۆڵی داهاتی ڕێنتی دەتوانێت دەسەڵاتی نوخبە لە بەرامبەر کۆمەڵگادا بەهێز بکات، بەڵام وابەستەیی بە سەرچاوە و هێزەکانی دەرەوە، هەمان نوخبە لە بەرامبەر بەغدا و هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا لاوازتر دەکات. 

پەیوەندییەکی دوولایەنە، نەک تاکە هۆکار  

لە ئەنجامدا، وابەستەیی دووجەمسەری تەنها دەرئەنجامی ئابووریی ڕێنتی نییە، هەروەها تەنها هۆکاری دروستبوونی ئەو ئابوورییەش نییە. ئەمانە دوو پێکهاتەی پەیوەست بەیەکترن کە لە ڕێگەی داهات، بازرگانی، بڕیاری سیاسی و لاوازیی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە یەکتر دووبارە بەرهەم دەهێننەوە. 

ئەم پەیوەندییەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە بۆچی تەنها زیادکردنی داهاتی نەوت، بەدەستهێنانی پشکی زیاتر لە بودجە یان فراوانکردنی بازرگانی لەگەڵ دەرەوە، بە خۆیان ناتوانن وابەستەیی پێکهاتەیی کەم بکەنەوە. ئەنجامەکە پەیوەستە بەوەی ئەو سەرچاوانە چۆن بەکار دەهێنرێن و تا چەند دەبنە بنەمای فراوانبوونی توانای بەرهەمهێنان و بڕیاردانی سەربەخۆ. 

پاڵپشتیی دەرەکی و ئەگەری دووبارەبەرهەمهێنانەوەی وابەستەیی 

پاڵپشتیی دەرەکی تەنها دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی خۆجێیی گرنگی پەیدا ناکات. هێزە سیاسییەکان، لە قۆناغی خەباتی شاخ و دواتریشدا، دەتوانن لە ڕێگەی هاوکاریی دارایی، چەک، ڕاهێنان، پەناگە و پشتگیریی سیاسییەوە توانای ڕێکخراوەیی و ئەمنیی خۆیان بەهێز بکەن. ئەم پاڵپشتییە دەتوانێت بۆ مانەوە و بەرگری گرنگ بێت؛ بەڵام کاتێک بەردەوامبوونی هێزێک بە سەرچاوەیەکی دەرەکیی ژێر کۆنترۆڵی سەرکردایەتییەکەیەوە دەبەسترێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە پێویستیی بە بەشداری و لێپرسینەوەی ناوخۆیی کەمتر بێت و توانای لایەنی پاڵپشتیکەر بۆ کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی زیاد بێت. 

بۆ نموونە، بەڵگەنامە ئەمریکییەکانی ١٩٧٤ پاڵپشتیی دارایی و سەربازیی ئەمریکا و ئێران بۆ بزووتنەوەی رزگاری کورد تۆمار دەکەن. بەڵگەنامەی حوزەیرانی ١٩٧٥یش وەستاندنی هاوکاریی ئێران دوای ڕێککەوتنی جەزائیر و کۆتاییهێنانی بەرنامەی ئەمریکا تۆمار دەکات. ئەم ئەزموونە گرنگیی پاڵپشتیی دەرەکی و شکنندگیی پشتبەستن پێی نیشان دەدات، بەڵام بە تەنها هەموو هۆکارەکانی ئەو شکستە ڕوون ناکاتەوە. [٣، ٤] 

لە قۆناغەکانی دواتردا، هاوکاریی مرۆیی، ئاوەدانکردنەوە و پاڵپشتیی ئەمنی دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی لە پاراستنی ئاسایش، دابینکردنی خزمەتگوزاری و دروستکردنی توانای دامەزراوەییدا ببینن. بۆیە پێوەری هەڵسەنگاندنی پاڵپشتی تەنها بڕ و جۆری ئەو هاوکارییە نییە؛ بەڵکو ئەوەشە کە تا چەند بنەمای بەرهەمهێنان و توانای سەربەخۆی دامەزراوەکان بەهێز دەکات و دەکەوێتە ژێر چاودێریی گشتی. 

لێرەدا هەموو پاڵپشتییەکی سیاسی یان سەربازی ڕێنت نییە. ڕەهەندی ڕێنتی ئەو کاتە بەهێز دەبێت کە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان، بەبێ فراوانبوونی بنەمای بەرهەمهێنان و بەشداریی کۆمەڵگا، ببێتە بنەمای دابەشکردنی دەرفەت، پاراستنی وەفاداری و بەردەوامبوونی ناوەندەکانی دەسەڵات. 

گرنگیی ئەم میکانیزمە لە سنووری هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت. لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا، بە پێی جیاوازیی قۆناغ و بارودۆخ، سنوورداری یان نەبوونی دەسەڵاتی خۆجێیی و کاریگەریی هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن بەستێنی پەیوەندیی هاوشێوە دروست بکەن. ئەگەر ئەم مەرجانە لەگەڵ لاوازیی بەرهەمهێنان، کۆبوونەوەی سەرچاوەکان لە دەستی سەرکردایەتی و سنوورداریی چاودێریی کۆمەڵگادا پێک بگەن، ئەگەری دووبارەبەرهەمهێنانەوەی هەندێ میکانیزمی ئەزموونی هەرێم هەیە. بەڵام ئەمە چارەنووسێکی حەتمی نییە؛ ئەنجامەکە بە پێکهاتەی کۆمەڵگا، شێوازی ڕێکخستن و توانای دامەزراوەکانی هەر ئەزموونێکەوە بەستراوە. 

 

٥) ئابووریی ڕێنتی و بەهێزبوونی سەرمایەداریی ناسیاوگەری 

سەرمایەداریی ناسیاوگەری (Crony Capitalism) ئەو شێوازەی پەیوەندیی نێوان سەرمایە و دەسەڵاتە سیاسییەیە کە تێیدا دەستکەوتنی دەرفەت و قازانجی ئابووری، بە پلەیەکی بەرچاو بە نزیکی لە ناوەندەکانی بڕیاردان و پەیوەندییە سیاسییەکانەوە دەبەسترێتەوە، نەک تەنها بە توانای بەرهەمهێنان، کێبڕکێ و کارامەیی ئابووری. 

لە هەرێمی کوردستاندا، ئابووریی ڕێنتی لە ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا گەشەی کردووە کە تێیدا دەسەڵاتی سیاسی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان و دابەشکردنی دەرفەتە ئابوورییەکاندا هەیە. ئەم بارودۆخەش مەرجێکی گونجاوی بۆ بەهێزبوونی سەرمایەداریی ناسیاوگەری دروست کردووە. 

بەڵام پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ڕێنت بە خۆی سەرمایەداریی ناسیاوگەری دروست ناکات. ئەوەی گرنگە پێکهاتەی دەسەڵات، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرچاوەکان و توانای دامەزراوەکان و کۆمەڵگایە بۆ چاودێری و بەشداری لە بڕیارداندا. 

لە کۆنترۆڵی داهاتەوە بۆ کۆنترۆڵی دەرفەتە ئابوورییەکان 

کاتێک ناوەندەکانی دەسەڵات کۆنترۆڵێکی فراوانیان بەسەر داهات، گرێبەستە گشتییەکان، زەوی، مۆڵەت و دەرفەتەکانی وەبەرهێناندا هەبێت، توانای ئەوەشیان هەیە کە کاریگەری لەسەر دیاریکردنی سوودمەندان دابنێن. 

لە هەرێمی کوردستاندا، بوارەکانی بیناسازی، مامەڵەی زەوی، بازرگانی، گرێبەستە حکومییەکان و هەندێ خزمەتگوزاری، لەو بوارانەن کە دەستڕاگەیشتن بە بڕیار و مۆڵەتی فەرمی دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دەرفەتی قازانج هەبێت. 

لەم بارودۆخەدا، ئەو خاوەنکارانەی پەیوەندیی نزیکیان بە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە هەیە، دەتوانن لە دەستڕاگەیشتن بە هەندێ دەرفەتدا پێگەیەکی باشتر بەدەست بهێنن. ئەمەش دەتوانێت کێبڕکێی ئابووری سنووردار بکات و پێگەی سەرمایەی وابەستە بە دەسەڵات بەهێز بکات. 

پەیوەندیی دوولایەنەی نوخبەی سیاسی و سەرمایەی وابەستە 

سەرمایەداریی ناسیاوگەری تەنها ئەنجامی سوودوەرگرتنی هەندێ خاوەنکار لە دەسەڵات نییە؛ بەڵکو پەیوەندییەکی دوولایەنەیە. 

لە لایەکەوە، پەیوەندیی سیاسی دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە گرێبەست، سەرچاوە و بازاڕ ئاسان بکات. لە لایەکی دیکەوە، ئەو سەرمایە و تۆڕە ئابوورییانەی لەم پەیوەندییەدا گەشە دەکەن، دەتوانن ببنە پشتگیریی دارایی و کۆمەڵایەتی بۆ بەردەوامبوونی پێکهاتەی دەسەڵات. 

بەم شێوەیە، بەشێک لە قازانجی ئابووری دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی هێزی سیاسی، و هێزی سیاسیش دەبێتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی ئابووریی زیاتر. 

ئەم پەیوەندییە دەتوانێت لە نێوان نوخبەی سیاسی و بەشێک لە خاوەنکاراندا بەرژەوەندییەکی هاوبەش بۆ پاراستنی بارودۆخی ئێستا دروست بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو بارودۆخە لە ڕووی گەشەی ئابووریی گشتییەوە کارا نەبێت. 

کاریگەری لەسەر پێکهاتەی سەرمایە و کێبڕکێی ئابووری 

لە ئابوورییەکدا کە دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتە گرنگەکان بە پەیوەندیی سیاسییەوە دەبەسترێتەوە، هەموو خاوەنکاران لە مەرجێکی یەکساندا کێبڕکێ ناکەن. 

ئەو خاوەنکارانەی پشت بە توانای بەرهەمهێنان، کارامەیی، تەکنەلۆجیا و بازاڕ دەبەستن، دەتوانن لە بەرامبەر ئەوانەی دەستڕاگەیشتنی تایبەتیان بە سەرچاوە و بڕیار هەیە، ڕووبەڕووی بەربەستی زیاتر ببنەوە. 

ئەمە تەنها کاریگەری لەسەر دابەشبوونی قازانج نییە، بەڵکو لەسەر ئاراستەی سەرمایەگوزاریش کاریگەری دادەنێت. کاتێک دەستکەوتنی قازانج لە ڕێگەی پەیوەندی و دەرفەتی تایبەتییەوە ئاسانتر بێت، هاندانی سەرمایەگوزاریی درێژخایەن لە بەرهەمهێنان و داهێناندا لاوازتر دەبێت. 

بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو خاوەنکاران و چالاکییەکانی سێکتەری تایبەت بە سەرمایەداریی ناسیاوگەری سەر دەکەون. لە هەرێمی کوردستاندا چالاکیی ئابووری و خاوەنکارانی جیاواز هەن کە پشت بە کار، پسپۆڕی، سەرمایەی خۆیان و توانای کێبڕکێ دەبەستن. 

بوونی ئەم جیاوازییە گرنگە، چونکە نیشان دەدات پێکهاتەی ئابووری یەکدەست نییە و بەرژەوەندیی هەموو بەشەکانی سەرمایە لە بەردەوامبوونی هەمان شێوازی دابەشکردنی دەرفەتەکاندا نییە. 

بۆچی ئەم پەیوەندییە بەردەوام دەبێت؟ 

بەردەوامبوونی سەرمایەداریی ناسیاوگەری تەنها بە هێزی نوخبەی سیاسی ڕوون ناکرێتەوە. لاوازیی دامەزراوە سەربەخۆکانی چاودێری، سنوورداربوونی کێبڕکێی یەکسان، و لاوازیی توانای ڕێکخستنی هێزە بەرهەمهێنەر و کۆمەڵایەتییەکانیش ڕۆڵیان هەیە. 

لە ئەنجامدا، ئابووریی ڕێنتی و سەرمایەداریی ناسیاوگەری یەکتر بەهێز دەکەن: کۆنترۆڵی داهاتی ڕێنتی دەرفەتی گەشەکردن بۆ سەرمایەی وابەستە بە دەسەڵات دروست دەکات؛ ئەو سەرمایەیەش بە پەیوەندییەکانی خۆی، لە بەردەوامبوونی هەمان شێوازی کۆنترۆڵ و دابەشکردندا بەرژەوەند دەبێت. 

بەم شێوەیە، کێشەکە تەنها لە چۆنیەتی دابەشکردنی داهاتدا نییە، بەڵکو لە دروستبوونی پەیوەندییەکی پێکهاتەیی لە نێوان دەسەڵات و سەرمایەدایە، کە دەتوانێت ڕێگری لە فراوانبوونی کێبڕکێ، بەرهەمهێنان و سەربەخۆیی ئابووری بکات. 

کۆنترۆڵی دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە و فینانس 

یەکێکی دیکە لە میکانیزمە گرنگەکانی بەهێزبوونی سەرمایەداریی ناسیاوگەری، پەیوەستە بە دەستڕاگەیشتن بە سەرمایەی پێویست بۆ وەبەرهێنان. ئەم بابەتە لە هەرێمی کوردستاندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە لاوازیی سیستەمی بانکی و سنوورداربوونی دەرفەتەکانی دابینکردنی فینانس، بەربەستێکی جدی لە بەردەم گەشەکردنی پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکاندا دروست دەکات. [١] 

لە هەمان کاتدا، بەشێک لە سەرمایەی کۆبووەوە لە ئابووریی هەرێمدا دەتوانێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە داهات و دەرفەتەکانی ئابووریی ڕێنتییەوە هەبێت. ئەم سەرمایەیە دەتوانێت لە ڕێگەی چالاکی و مامەڵەی فەرمی یان نافەرمییەوە کۆبووبێتەوە، بەڵام پێویستە سەرچاوە و شێوازی کۆبوونەوەی هەر یەکەیان بە جیا هەڵبسەنگێندرێت. 

کاتێک خاوەنکارێکی سەربەخۆ ناتوانێت لە ڕێگەی بانک و دامەزراوە داراییەکانەوە سەرمایەی پێویست دابین بکات، ناچار دەبێت پشت بە سەرمایەی خۆی، هاوبەشیی تایبەت یان سەرچاوەکانی دیکەی فینانس ببەستێت. لەو دۆخەدا، ئەو لایەنانەی سەرمایەی گەورەیان لەبەردەستدایە و پەیوەندییان بە ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە هەیە، دەتوانن لە دابینکردنی سەرمایە و دیاریکردنی مەرجەکانی وەبەرهێناندا کاریگەریی زیاتر بەدەست بهێنن. 

کێشەکە تەنها لە دابینکردنی سەرمایەدا ناوەستێت. پڕۆژەیەکی سەربەخۆ دەتوانێت لە قۆناغە جیاوازەکانی دامەزراندن و کارکردندا ڕووبەڕووی خەرجیی فەرمی، داواکاریی پارەی نافەرمی، یان مەرجی پشکپێدان و بەشداریکردنی لایەنانی دیکە ببێتەوە. ئەگەر ئەم مەرجانە لەبری ڕێککەوتنی ئازادانەی بازرگانی، بە فشار یان بە دەستڕاگەیشتن بە بڕیارە سیاسی و ئیدارییەکانەوە بسەپێنرێن، دەبنە بەربەستێکی دیکە بۆ سەرمایەگوزاریی سەربەخۆ. 

بەم شێوەیە، لاوازیی سیستەمی بانکی و فینانس دەتوانێت دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە بکاتە سەرچاوەیەکی دیکەی ناهاوسەنگی لە نێوان خاوەنکاراندا. ئەمەش ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەهێزبوونی ئەو تۆڕانە دروست دەکات کە هەم سەرمایە و هەم دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسییان لەبەردەستدایە. 

لە ئەنجامدا، سەرمایەداریی ناسیاوگەری دەتوانێت لە دوو ڕێگەوە گەشە بکات: یەکەم، کۆنترۆڵکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان؛ دووەم، کاریگەری لەسەر دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە و مەرجەکانی بەکارهێنانی. ئەم دوو میکانیزمەش دەتوانن پێگەی سەرمایەی وابەستە بە دەسەڵات بەهێزتر و توانای گەشەکردنی سەرمایەی بەرهەمهێنەری سەربەخۆ سنووردارتر بکەن. 

قەیرانی بانکی و سنوورداربوونی فینانسی سەربەخۆ 

لاوازیی سیستەمی بانکی تەنها کەموکوڕییەکی تەکنیکی نییە؛ دەتوانێت لە پەیوەندیی نێوان دارایی گشتی، ناکۆکیی سیاسی و شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکاندا قوڵتر ببێتەوە. بانکی جیهانی لە ڕاپۆرتی ٢٠١٧دا ئاماژە بە ڕاکێشانی نەختینە لە بانکەکانی کوردستان لە سیاقی ناکۆکیی داهاتی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا و لاوازیی چاودێریی بانکی دەکات. ڕاپۆرتی ٢٠١٦یش کەمبوونی متمانە بە سیستەمی بانکی و زیادبوونی مامەڵەی نەختینەیی دەستنیشان دەکات. ئەم هەڵسەنگاندنانە پەیوەستن بە بارودۆخی ئەو قۆناغە. [١، ٥] 

لەم ڕوانگەیەوە، قەیرانی بانکی دەتوانێت توانای گۆڕینی پاشەکەوتەکان بۆ قەرز و وەبەرهێنانی بەرهەمهێنەر سنووردار بکات و خاوەنکاران زیاتر بەرەو سەرمایەی کەسی و هاوبەشیی تایبەت ببات. ئەگەر دەستڕاگەیشتن بەو سەرمایەیەش بە تۆڕەکانی دەسەڵاتەوە گرێدرابێت، لاوازیی بانکەکان دەتوانێت ناهاوسەنگیی دەرفەتە ئابوورییەکان بەهێزتر بکات. 

 

٦) ئابووریی ڕێنتی و بەردەوامبوونی دوو ئیدارەیی 

دوو بەرەکی و دواتر دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستاندا پێش گەشەکردنی ئابووریی ڕێنتیی ئێستا سەری هەڵداوە، و ڕەگ و ڕیشەی سیاسی و مێژوویی خۆی هەیە. بۆیە نابێت ئابووریی ڕێنتی وەک هۆکاری سەرەتایی دروستبوونی ئەم دابەشبوونە دابنرێت. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەو ڕۆڵەیە کە کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و سەرمایەداریی ناسیاوگەری لە بەردەوامبوون و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ئەم دابەشبوونەدا دەیگێڕن. 

سەرەڕای دامەزراندنی حکومەت و دامودەزگای هاوبەشی هەرێم، دابەشبوونی هێزی سیاسی لە نێوان دوو ناوەندی سەرەکیی دەسەڵاتدا، لە بوارەکانی ئیدارە، ئاسایش و کۆنترۆڵی هەندێ سەرچاوەی ئابووریدا بەردەوام بووە. [٢] 

دابەشبوونی سەرچاوەکان و بەهێزبوونی ناوەندەکانی دەسەڵات 

لە ئابوورییەکی ڕێنتیدا، کۆنترۆڵی داهات و دەرفەتە ئابوورییەکان تەنها مانای دەستکەوتنی سامان نییە، بەڵکو سەرچاوەیەکی گرنگی هێزی سیاسییە. 

کاتێک ناوەندە سیاسییە جیاوازەکان توانای کاریگەریان لەسەر کۆکردنەوە، دابەشکردن و بەکارهێنانی بەشێک لە داهاتەکان هەبێت، دەتوانن لە ڕێگەی ئەو سەرچاوانەوە تۆڕی ئابووری، ئیداری و کۆمەڵایەتیی پەیوەست بە خۆیان بەردەوام بهێڵن. 

لەم دۆخەدا، ململانێی سیاسی تەنها لەسەر پۆست و دەسەڵاتی فەرمی نییە، بەڵکو لەسەر کۆنترۆڵی سەرچاوەی داهات، گرێبەست، دامەزراندن و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانیشە. 

بەم شێوەیە، ئەو سەرچاوانەی دەکرا ببنە بنەمای بەهێزکردنی دامودەزگا هاوبەشەکانی هەرێم، دەتوانن لە ژێر کاریگەریی دابەشبوونی سیاسی و بەرژەوەندیی ناوەندە جیاوازەکاندا بەکار بهێنرێن. 

سەرمایەداریی ناسیاوگەری و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی دوو ناوەندی دەسەڵات 

سەرمایەداریی ناسیاوگەری ئەم دابەشبوونە قوڵتر دەکاتەوە، چونکە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و سەرمایە تەنها لە ئاستی گشتیی هەرێمدا دروست نابێت، بەڵکو دەتوانێت لە دەوری ناوەندە سیاسییە جیاوازەکانیشدا پێک بێت. 

بەشێک لە خاوەنکاران و تۆڕە ئابوورییەکان، بەهۆی دەستڕاگەیشتن بە گرێبەست، مۆڵەت، زەوی، سەرمایە و بازاڕ، بەرژەوەندییان بە بەردەوامبوونی ئەو ناوەندە سیاسییەوە دەبەسترێتەوە کە لە ڕێگەیەوە ئەو دەرفەتانەیان بەدەست هێناوە. 

لە هەمان کاتدا، ئەو تۆڕە ئابوورییانە دەتوانن ببنە سەرچاوەی پشتگیریی دارایی و کۆمەڵایەتی بۆ ناوەندە سیاسییەکانیان. 

بەم شێوەیە، دوو ئیدارەیی تەنها دابەشبوونێکی سیاسی و ئیداری نامێنێتەوە؛ بەڵکو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیش دەبنە بەشێک لە هۆکارەکانی بەردەوامبوونی. 

ناکۆکیی نێوان دامودەزگای هاوبەش و تۆڕەکانی دەسەڵات 

لە هەرێمی کوردستاندا، بوونی حکومەت و دامودەزگای هاوبەش بە خۆی بە مانای یەکگرتوویی تەواوی بڕیاری سیاسی و ئابووری نییە. 

کاتێک بەشێک لە سەرچاوەکان و بڕیارە گرنگەکان بە کاریگەریی تۆڕە سیاسییە جیاوازەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، دامودەزگا هاوبەشەکان دەتوانن لە جێبەجێکردنی سیاسەتی یەکگرتووی دارایی و گەشەپێداندا ڕووبەڕووی بەربەست ببنەوە. 

ئەم ناکۆکییە بە تایبەتی لە کاتێکدا دەردەکەوێت کە بڕیارەکانی پەیوەست بە داهات و خەرجی، دامەزراندن، گرێبەست و پڕۆژە گشتییەکان بە هاوسەنگیی هێزی سیاسییەوە دەبەسترێنەوە، نەک تەنها بە پێداویستییە گشتییەکانی هەرێم. 

ئەنجامەکە دەتوانێت لاوازبوونی توانای دامودەزگا هاوبەشەکان بێت بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی درێژخایەنی ئابووری و بەکارهێنانی یەکگرتووی سەرچاوەکان. 

ململانێ و هاوکاری لە نێوان دوو ناوەنددا 

بەڵام پەیوەندیی نێوان دوو ناوەندی دەسەڵات نابێت تەنها وەک ململانێیەکی بەردەوام و بێ گۆڕان شیکرێتەوە. 

لە واقیعدا، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پێویستی بە بەڕێوەبردنی حکومەت، پەیوەندی بە بەغدا و فشارە دارایی و سیاسییەکان، دەتوانن هەردوو لایەن بەرەو هاوکاری و ڕێککەوتن بەرن. 

بەڵام ئەو ڕێککەوتنانەی تەنها لەسەر دابەشکردنی سەرچاوە و پاراستنی پێگەی ناوەندەکانی دەسەڵات بنیات بنرێن، لەوانەیە دوو ئیدارەیی بە شێوەیەکی نوێ بەردەوام بهێڵن، لەبری ئەوەی بنەما پێکهاتەییەکانی لاواز بکەن. 

لە بەرامبەردا، هەر ئەو پێویستییە هاوبەشانە دەتوانن دەرفەتیش بۆ بەهێزکردنی دامودەزگا یەکگرتووەکان دروست بکەن، ئەگەر بڕیار و سەرچاوەکان بە شێوەیەکی شەفاف و دامەزراوەیی بەڕێوە ببرێن. 

ناهاوسەنگیی هێز لە دامودەزگا هاوبەشەکاندا و کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردن 

بوونی دامودەزگا هاوبەشەکان بە خۆی بە مانای یەکگرتوویی دەسەڵات و کۆتاییهاتنی دوو ئیدارەیی نییە. ئەگەر یەکێک لە ناوەندە سیاسییەکان کۆنترۆڵ و کاریگەرییەکی زۆرتری بەسەر دامودەزگا هاوبەشەکاندا هەبێت، ئەو دامودەزگایانە دەتوانن لەبری ئەوەی ببنە ناوەندی هاوبەشی بڕیاردان، ببنە مەیدانی ململانێی ناوەندەکانی دەسەڵات. 

لەو بارودۆخەدا، لایەنی دیکە دەتوانێت بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەکانی خۆی، زیاتر پشت بە دامودەزگا، سەرچاوە و تۆڕەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی ببەستێت. بەم شێوەیە، ناهاوسەنگیی هێز لە ناو دامودەزگا هاوبەشەکاندا دەتوانێت دوو ئیدارەیی قوڵتر بکاتەوە، لەبری ئەوەی کۆتایی پێبهێنێت. 

ئەم پەیوەندییە کاریگەری لەسەر ڕۆڵی هەڵبژاردنیش دادەنێت. کاتێک ململانێی سیاسی بە کۆنترۆڵی سەرچاوە ئابوورییەکان و دامودەزگا گشتییەکانەوە دەبەسترێتەوە، هەڵبژاردن دەتوانێت لە ئامرازی بەهێزکردنی نوێنەرایەتی و دامودەزگا هاوبەشەکانەوە بگۆڕێت بۆ مەیدانی ململانێ لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و دەرفەتەکان. 

لە ئەنجامدا، هەڵبژاردن لەبری ئەوەی ببێتە هۆکاری نزیکبوونەوەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانێت دابەشبوون و دوورکەوتنەوەیان قوڵتر بکاتەوە. 

بەڵام ئەمە ئەنجامێکی حەتمی نییە. کاریگەریی هەڵبژاردن پەیوەستە بەوەی تا چەند دامودەزگا هاوبەشەکان لە کاریگەریی تایبەتیی ناوەندەکانی دەسەڵات سەربەخۆن، یاسا و ڕێساکانی کێبڕکێ بە یەکسانی جێبەجێ دەکرێن، و ئەنجامی هەڵبژاردن دەتوانێت ببێتە بنەمای بڕیاردانی هاوبەش. 

بەم پێیە، کێشەی دوو ئیدارەیی تەنها دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوان دوو ناوەنددا نییە، بەڵکو ناهاوسەنگیی دەستڕاگەیشتن بە دامودەزگا و سەرچاوە هاوبەشەکانیشە؛ ناهاوسەنگییەک کە ئابووریی ڕێنتی و سەرمایەداریی ناسیاوگەری دەتوانن بەهێزتری بکەن. 

 

٧) ئابووریی ڕێنتی و توانای کۆمەڵگا بۆ سەربەخۆیی و بەشداری 

کاریگەریی ئابووریی ڕێنتی و سەرمایەداریی ناسیاوگەری تەنها لەسەر پێکهاتەی ئابووری و دابەشبوونی سەرچاوەکان ناوەستێت، بەڵکو پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگاش دەگۆڕێت. یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەم گۆڕانە، لاوازبوونی توانای چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانە بۆ خۆڕێکخستن، پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان و بەشداریی کاریگەر لە بڕیارداندا. 

لاوازیی کۆمەڵگا: مەرجی پێشوەختە و دەرئەنجامی ئابووریی ڕێنتی 

لاوازبوونی توانای چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بۆ خۆڕێکخستن و بەشداری لە بڕیارداندا، تەنها دەرئەنجامی گەشەکردنی ئابووریی ڕێنتی نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و پێکهاتەیی خۆیشی هەیە. 

لە بارودۆخێکدا کە چین و توێژە بەرهەمهێنەرەکان نەیانتوانیوە بنەمایەکی ئابووری و دامەزراوەیی بەهێز و سەربەخۆ پێک بهێنن، و بەشدارییان لە بڕیاردانی سیاسی و ئابووریدا سنووردار بووە، دەرفەتێکی فراوانتر بۆ ناوەندەکانی دەسەڵات دروست دەبێت تا کۆنترۆڵی سەرچاوە و داهاتەکان لە دەستی خۆیاندا کۆ بکەنەوە. 

کاتێک ئەم کۆنترۆڵە دەبێتە بنەمای ئابووریی ڕێنتی و سەرمایەداریی ناسیاوگەری، دەتوانێت ئەو لاوازییە پێشووترەی کۆمەڵگا زیاتر قوڵ بکاتەوە؛ چونکە دەستڕاگەیشتن بە دەرفەتە ئابوورییەکان زیاتر بە پەیوەندیی سیاسییەوە دەبەسترێتەوە، و گەشەکردنی بنەما بەرهەمهێنەر و دامەزراوە سەربەخۆکان ڕووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە. 

بەم شێوەیە، پەیوەندیی نێوان لاوازیی کۆمەڵگا و ئابووریی ڕێنتی پەیوەندییەکی یەکئاراستەیی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی مێژوویی و دوولایەنەیە: لاوازیی کۆمەڵگا یارمەتیی گەشەکردنی کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر سەرچاوەکاندا دەدات، و ئەو کۆنترۆڵەش دەتوانێت لاوازیی کۆمەڵگا دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە. 

بەڵام ئەم پرۆسەیە هەمیشە یەکسان و بێ ناکۆکی بەڕێوە ناچێت. گەشەکردنی چالاکییە ئابووری و کۆمەڵایەتییە نوێیەکان دەتوانێت بەرژەوەندی و هێزی سەربەخۆی نوێ دروست بکات، کە لەگەڵ هەندێ میکانیزمی ئابووریی ڕێنتیدا ناکۆک بن. ئەوەی گرنگە ئەو مەرجانەیە کە ڕێگە دەدەن ئەم هێزانە بگەنە ئاستی خۆڕێکخستن و بەشداریی کاریگەر لە بڕیارداندا. 

لە وابەستەیی ئابوورییەوە بۆ وابەستەیی سیاسی 

کاتێک بەشێکی بەرچاوی دەرفەتەکانی کار، داهات، گرێبەست و خزمەتگوزاری بە بڕیار و دابەشکردنی سەرچاوەکانی دەسەڵاتەوە پەیوەست دەبن، پەیوەندیی تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ دەسەڵاتدا دەتوانێت لەسەر بنەمای وابەستەیی ئابووری پێک بێت. 

ئەم وابەستەییە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو ئەوانەی مووچەی حکومی وەردەگرن یان لە سێکتەری گشتیدا کار دەکەن، لە ڕووی سیاسییەوە وابەستەن. مووچە و خزمەتگوزاریی گشتی ماف و بەشێکن لە ئەرکەکانی دەوڵەت. 

کێشەکە ئەو کاتە سەرهەڵدەدات کە دەستڕاگەیشتن بە ئەو ماف و دەرفەتانە، لەباتی بە پەیڕەوی یاسا و پێوەری گشتی بەدەستبێن، بە پەیوەندیی سیاسی و کەسییەوە ببەسترێتەوە. 

لەو بارودۆخەدا، بەشێک لە تاک و گروپەکان دەتوانن بۆ پاراستنی داهات و دەرفەتەکانیان، ناچار بن زیاتر پشت بە ناوەندەکانی دەسەڵات ببەستن. ئەمەش توانایان بۆ هەڵوێستی سەربەخۆ و داواکردنی لێپرسینەوە سنووردار دەکات. 

لاوازبوونی بنەما ئابوورییەکانی خۆڕێکخستنی کۆمەڵگا 

خۆڕێکخستنی سەربەخۆی کۆمەڵگا تەنها پێویستی بە ئازادیی یاسایی و سیاسی نییە؛ بەڵکو پێویستی بە بنەمای ئابووری و کۆمەڵایەتیش هەیە. 

خاوەنکاران، کرێکاران، جوتیاران، پیشەوەران و توێژە پسپۆڕەکان کاتێک دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن و داواکاریی هاوبەش پێشکەش بکەن کە توانای ڕێکخستن و سەرچاوەیەکی ڕێژەیی سەربەخۆیان هەبێت. 

بەڵام لە ئابوورییەکدا کە دەرفەتەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردنی سەرمایە سنووردارن، و دەستڕاگەیشتن بە بەشێک لە بازاڕ و سەرچاوەکان بە پەیوەندیی سیاسییەوە دەبەسترێتەوە، گەشەکردنی ئەو بنەما سەربەخۆیانە دەتوانێت ڕووبەڕووی بەربەست ببێتەوە. 

ئەنجامەکە تەنها لاوازبوونی سێکتەری بەرهەمهێنەر نییە، بەڵکو سنوورداربوونی توانای ئەو چین و توێژانەشە بۆ ئەوەی وەک هێزی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراو بەشداری لە دیاریکردنی سیاسەتە گشتییەکاندا بکەن. 

ناهاوسەنگیی هێز لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگادا 

کاتێک ناوەندەکانی دەسەڵات کۆنترۆڵی بەشێکی بەرچاوی سەرچاوە ئابوورییەکان دەکەن، لە هەمان کاتدا چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە ڕووی ئابووری و ڕێکخراوەییەوە لاواز دەبن، ناهاوسەنگییەک لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگادا قوڵتر دەبێتەوە. 

ئەم ناهاوسەنگییە دەتوانێت پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دامودەزگا گشتییەکان بگۆڕێت؛ لە پەیوەندییەکی دامەزراو لەسەر ماف، یاسا و لێپرسینەوەوە، بەرەو پەیوەندییەک کە تێیدا دەستڕاگەیشتن بە دەرفەت و خزمەتگوزاری بە ناوبژیوانی و پەیوەندیی تایبەتییەوە بەسترابێتەوە. 

لە هەمان کاتدا، ئەم دۆخە دەتوانێت هێزی ناوخۆیی نوخبەی دەسەڵاتدار بەهێز بکات، بەڵام ئەمە بە مانای بەهێزبوونی پێگەی هەرێم لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و هێزە دەرەکییەکاندا نییە. 

بە پێچەوانەوە، کاتێک دەسەڵات پشت بە کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێنەر و ڕێکخراوی سەربەخۆ نابەستێت، توانای خۆی بۆ پشتگیریی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆییەکان لە ململانێ و گفتوگۆ لەگەڵ دەرەوەدا سنووردار دەکات. 

بەم شێوەیە، بەهێزبوونی دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگادا دەتوانێت لەگەڵ لاوازبوونی توانای هەرێم لە بەرامبەر دەرەوەدا هاوکات بێت. 

بەرژەوەندییە جیاوازەکان و ئەگەری سەرهەڵدانی هێزی سەربەخۆ 

بەڵام نابێت لەم شیکردنەوەیەدا کۆمەڵگا وەک پێکهاتەیەکی یەکدەست، بێدەسەڵات و بێتوانای گۆڕانکاری وێنا بکرێت. 

لە ناو هەر ئابوورییەکی ڕێنتیدا بەرژەوەندییە جیاواز و هەندێ جار ناکۆکەکان بوونیان هەیە. ئەو خاوەنکارانەی پشت بە کێبڕکێ و بەرهەمهێنان دەبەستن، ئەو کرێکار و پسپۆڕانەی داوای ماف و دەرفەتی یەکسان دەکەن، و ئەو توێژانەی لە سنوورداربوونی خزمەتگوزاری و دەرفەتە ئابوورییەکان زیانمەند دەبن، لەوانەیە بەرژەوەندییان لە گۆڕینی هەندێ میکانیزمی ئابووریی ڕێنتیدا هەبێت. 

بەڵام بوونی بەرژەوەندیی هاوبەش بە خۆی بە مانای سەرهەڵدانی هێزێکی ڕێکخراوی گۆڕانکاری نییە. 

بۆ ئەوەی ئەم بەرژەوەندییانە ببنە هێزی کاریگەر، پێویستیان بە دەرفەتی خۆڕێکخستن، دامەزراوەی سەربەخۆ، سەرچاوەی ئابووری و توانای گواستنەوەی داواکارییەکانیان بۆ ناو پرۆسەی بڕیاردان هەیە. 

هەروەها نابێت پێمان وابێت هەموو ئەو هێزانەی لە پێکهاتەی ئێستا زیانمەندن، لەسەر چارەسەرێکی هاوبەش ڕێک دەکەون. بەرژەوەندییەکانیان دەتوانن لە هەندێ بواردا یەک بگرن و لە بوارەکانی دیکەدا ناکۆک بن. 

ئەم جیاوازی و ناکۆکییانە نیشان دەدەن کە ئابووریی ڕێنتی، سەرەڕای توانای دووبارەبەرهەمهێنانەوەی خۆی، پێکهاتەیەکی تەواو داخراو و بێ ناکۆکی نییە. 

 

٨) ئابووریی ڕێنتی و ئیفلجبوونی دامودەزگا گشتییەکان 

یەکێک لە دیاردە گرنگەکانی پێکهاتەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ناهاوسەنگیی نێوان بوونی فەرمیی دامودەزگاکانی دەوڵەت و توانای واقعییان بۆ بڕیاردان و جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتییە. 

هەرێمی کوردستان خاوەنی حکومەت، پەرلەمان، دادگا، وەزارەت و دامودەزگا ئیدارییەکانە. بەڵام بوونی ئەم دامودەزگایانە بە خۆی بە مانای ئەوە نییە کە دەسەڵاتی واقعی و توانای بڕیاردان بە تەواوی لە ناویاندا کۆ بووەتەوە. 

لە پێکهاتەی سیاسیی هەرێمدا، ناوەندەکانی دەسەڵاتی حزبی و سیاسی ڕۆڵێکی بنەڕەتییان لە بڕیارە گرنگەکاندا هەیە. ئەم پەیوەندییە، بە تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆنترۆڵی سەرچاوە ئابوورییەکان، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر سەربەخۆیی و کارایی دامودەزگا گشتییەکان دادەنێت. 

بۆیە مەبەست لە ئیفلجبوونی دامودەزگاکان نەبوونی چالاکیی ئیداری نییە، بەڵکو سنوورداربوونی توانایانە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە بنەڕەتییەکانیان بە شێوەیەکی یەکگرتوو، سەربەخۆ و لێپرسراوانە. 

جیاوازیی نێوان دەسەڵاتی فەرمی و دەسەڵاتی واقعی 

لە ڕووی دابەشکردنی ئەرکە فەرمییەکانەوە، حکومەت بەرپرسیارە لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکان، پەرلەمان ئەرکی یاسادانان و چاودێریی هەیە، و دامەزراوەکانی دادوەریش ئەرکی دادوەری و پاراستنی مافەکانیان لە ئەستۆیە. 

بەڵام لە واقعیەتی سیاسیی هەرێمدا، پەیوەندیی نێوان ئەم دامودەزگایانە و ناوەندەکانی دەسەڵاتی حزبی، سنووری نێوان دەسەڵاتی دامەزراوەیی و دەسەڵاتی سیاسی ناڕوون دەکات. 

ئەمە تەنها بە مانای دەستێوەردانی حزب لە کارە ئیدارییەکاندا نییە؛ بەڵکو پەیوەندییەکی پێکهاتەییە کە تێیدا دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە، پێگە و توانای جێبەجێکردنی بڕیار، بە هاوسەنگیی هێزە سیاسییەکانەوە گرێ دەدرێت. 

لە ئەنجامدا، دامودەزگایەک لەوانەیە لە ڕووی فەرمییەوە بەرپرسیارێتیی دیاریکراوی هەبێت، بەڵام توانای واقعیی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرپرسیارێتییە لە دەرەوەی خۆیدا سنووردار بکرێت. 

ئەم ناهاوسەنگییە یەکێکە لە بنەماکانی لاوازبوونی دامودەزگایی لە هەرێمدا. 

ئابووریی ڕێنتی و بەهێزبوونی کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر دامودەزگاکاندا 

ئابووریی ڕێنتی ئەم پەیوەندییە سیاسییەی دروست نەکردووە، بەڵام بە کۆکردنەوەی دەرفەتەکانی دابەشکردنی سەرچاوە و داهات لە دەستی ناوەندەکانی دەسەڵاتدا، توانای بەردەوامبوون و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی بەهێز کردووە. 

کاتێک بڕیارەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی داهات، گرێبەست، دامەزراندن و پڕۆژە گشتییەکان بە پەیوەندییە سیاسییەکانەوە گرێ دەدرێن، دامودەزگا گشتییەکان لە جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتیدا ڕووبەڕووی سنوورداربوونی دەسەڵاتی سەربەخۆ دەبنەوە. 

لە هەرێمی کوردستاندا، گرنگیی ئەم میکانیزمە لەوەدایە کە ئابووریی ڕێنتی لەگەڵ سەرمایەداریی ناسیاوگەری و دابەشبوونی ناوەندەکانی دەسەڵات تێکەڵ بووە. 

بەم شێوەیە، بەشێک لە دامودەزگا گشتییەکان لەبری ئەوەی ببنە ناوەندی یەکگرتووی بڕیاردان، دەبنە مەیدانی بەڕێوەبردن و هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان. 

دوو ئیدارەیی و سنوورداربوونی توانای دامودەزگا هاوبەشەکان 

دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستاندا تەنها دابەشبوونێکی جوگرافی یان ئیداری نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووریشە کە کاریگەری لەسەر شێوازی کارکردنی دامودەزگا هاوبەشەکان هەیە. 

لە بەشی شەشەمدا ئاماژەمان بەوە کرد کە ناهاوسەنگیی هێز لە ناو دامودەزگا هاوبەشەکاندا دەتوانێت دابەشبوونی سیاسی قوڵتر بکاتەوە. 

کاتێک ناوەندە سیاسییەکان سەرچاوە و تۆڕی ئیداری و ئابووریی جیاوازیان لە ژێر کۆنترۆڵدا دەبێت، دامودەزگا هاوبەشەکان لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی یەکگرتوودا ڕووبەڕووی بەربەست دەبنەوە. 

ئەم دۆخە لە شیکردنەوەی پێکهاتەییدا تەنها ناکۆکیی نێوان دوو ناوەندی سیاسی نییە؛ بەڵکو ناهاوسەنگییەکە لە نێوان بەرپرسیارێتیی دامودەزگایی و کۆنترۆڵی واقعیی سەرچاوە و ئامرازەکانی جێبەجێکردندا. 

لە ئەنجامدا، یەکگرتوویی فەرمیی دامودەزگاکان بە تەواوی ناگۆڕێت بۆ یەکگرتوویی بڕیار و جێبەجێکردن. 

پەرلەمان، دادوەری و سنوورەکانی لێپرسینەوە 

لە پێکهاتەیەکدا کە دەسەڵاتی سیاسی کاریگەریی فراوانی لەسەر دابەشکردنی سەرچاوە و پێگە دامەزراوەییەکان هەیە، چاودێری و لێپرسینەوەش لە هەمان پەیوەندییە پێکهاتەییەکاندا دەجووڵێن. 

پەرلەمان و دامەزراوەکانی دادوەری لە ڕووی فەرمییەوە ئەرک و دەسەڵاتی دیاریکراویان هەیە. بەڵام کاریگەریی هێزە سیاسییەکان لەسەر دامەزراوەکان، یەکێکە لە بەربەستەکانی بەردەم ئەوەی چاودێری و لێپرسینەوە بە شێوەیەکی تەواو سەربەخۆ جێبەجێ بکرێن. 

لێرەدا کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە یاسا هەیە یان نییە؛ بەڵکو ئەوەیە کە تا چەند دامەزراوەکان توانای جێبەجێکردنی یاسا بەسەر ناوەندەکانی دەسەڵاتدا هەیە. 

بەم پێیە، لاوازیی چاودێری و لێپرسینەوە تەنها کەموکوڕییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بە پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسی، سەرچاوە ئابوورییەکان و سەربەخۆیی دامودەزگاکانەوە بەستراوەتەوە. 

کاریگەری لەسەر گەشەپێدان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان 

گەشەپێدانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، سیستەمی بانکی و فینانس، خوێندن، تەندروستی و ژێرخانی ئابووری، پێویستی بە سیاسەتی یەکگرتوو، بەرنامەی درێژخایەن و دامودەزگای کارا هەیە. 

لە هەرێمی کوردستاندا پڕۆژە و دەستکەوتی گەشەپێدان لە بوارە جیاوازەکاندا بوونیان هەیە، بەڵام پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە بۆچی ئەم دەستکەوتانە نەبوونەتە بنەمای گۆڕانکارییەکی فراوانتر لە پێکهاتەی ئابووری و بەرهەمهێناندا. 

لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسیی پێکهاتەییەوە، بەشێک لە وەڵامەکە لە سنوورداربوونی توانای دامودەزگاکان بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی گەشەپێدانی یەکگرتوو و بەردەوامدا دەدۆزرێتەوە. 

کاتێک بڕیارە ئابوورییەکان بە ململانێی سیاسی، دابەشکردنی سەرچاوە و بەرژەوەندیی کورتخایەنەوە گرێ دەدرێن، بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی درێژخایەن لە پێشینەی سیاسەتی گشتیدا لاواز دەبن. 

بەم شێوەیە، کێشەکە تەنها کەمیی سەرچاوە نییە، بەڵکو چۆنیەتیی بڕیاردان لەسەر بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانەشە. 

 

٩) بازنەی داخراوی ئابووریی ڕێنتی و وابەستەیی پێکهاتەیی 

لە شیکردنەوەکانی پێشوودا بینیمان کە ئابووریی ڕێنتی لە هەرێمی کوردستاندا دیاردەیەکی جیاکراوە لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو لەگەڵ سەرمایەداریی ناسیاوگەری، دابەشبوونی دەسەڵات و لاوازیی دامودەزگا و پێکهاتە سەربەخۆکانی کۆمەڵگا، پەیوەندییەکی دوولایەنەی پێک هێناوە. 

لاوازیی بنەما بەرهەمهێنەرەکان و توانای کۆمەڵگا بۆ خۆڕێکخستن و بەشداری لە بڕیارداندا، مەرجێکی گونجاوی بۆ کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر سەرچاوە ئابوورییەکاندا دروست کردووە. لە هەمان کاتدا، ئەم کۆنترۆڵە بە تێکەڵبوونی لەگەڵ ئابووریی ڕێنتی و سەرمایەداریی ناسیاوگەری، هەمان ئەو لاوازییانە دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. 

بەم شێوەیە، ئەوەی لە سەرەتادا یەکێک لە مەرجەکانی گەشەکردنی ئابووریی ڕێنتی بووە، دەبێتە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی؛ دەرئەنجامێک کە جارێکی دیکە بەردەوامبوونی هەمان پێکهاتە ئاسانتر دەکات. 

ئەم پرۆسەیە تەنها لە ناوخۆدا سنووردار نامێنێتەوە. وابەستەیی سیاسی و پەراوێزبوونی ئابووریی دووجەمسەری، توانای هەرێم بۆ داڕشتنی سیاسەتی سەربەخۆ و درێژخایەن سنووردار دەکەن. لە هەمان کاتدا، لاوازیی بنەمای بەرهەمهێنان و دامودەزگا هاوبەشەکانیش توانای هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و هێزە دەرەکییەکاندا کەم دەکاتەوە. 

بەم پێیە، ئابووریی ڕێنتی، سەرمایەداریی ناسیاوگەری، دابەشبوونی دەسەڵات، لاوازیی کۆمەڵگا و وابەستەیی دەرەکی، بە شێوەیەکی پێکەوەبەستراو یەکتر بەهێز دەکەن. ئەمە ئەو میکانیزمەیە کە لێرەدا بە «بازنەی داخراو» ناوی دەبەین. 

بەڵام داخراوبوونی بازنەکە بە مانای نەبوونی ناکۆکی و ئەگەری گۆڕانکاری نییە؛ بەڵکو ئاماژەیە بۆ توانای پێکهاتەکە لە دووبارەبەرهەمهێنانەوەی مەرجەکانی بەردەوامبوونی خۆی. 

 

١٠) ئەگەری شکاندنی بازنەی داخراوی ئابووریی ڕێنتی و گۆڕانکاری 

شیکردنەوەی پێکهاتەی ئابووریی ڕێنتی لە هەرێمی کوردستاندا نیشان دەدات کە تێکەڵبوونی لەگەڵ سەرمایەداریی ناسیاوگەری و دابەشبوونی دەسەڵاتی سیاسی، توانایەکی بەرچاوی بۆ دووبارەبەرهەمهێنانەوەی خۆی دروست کردووە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە پێکهاتەکە جێگیر و نەگۆڕە. 

لە ناو هەمان پێکهاتەدا ناکۆکییەکی بنەڕەتی هەیە: لە لایەکەوە، بەردەوامبوونی کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر سەرچاوەکاندا بەرژەوەندییە جێگیرەکان دەپارێزێت؛ بەڵام لە لایەکی دیکەوە، پێداویستییەکانی گەشەپێدانی ئابووری، کارایی دامودەزگاکان و پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی، هەڕەشە و دەرفەتە هەرێمایەتێکان، داواکارییەکانی گۆڕانکاری بەرهەم دەهێنن. 

هەروەها بەرژەوەندییەکانی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا یەکسان نین. بەشێک لە هێزە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەرژەوەندییان لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی ئێستادا هەیە، لە کاتێکدا بەشێکی دیکە لە سنوورداربوونی کێبڕکێ، دەرفەتەکانی بەرهەمهێنان و سەربەخۆیی دامودەزگاکان زیانمەندن. 

ئەم ناکۆکییانە نیشان دەدەن کە ئابووریی ڕێنتی پێکهاتەیەکی بێ ململانێ نییە. بەڵام بوونی ناکۆکی بە خۆی گۆڕانکاری بەرهەم ناهێنێت. ئەوەی گرنگە توانای هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە بۆ گۆڕینی بەرژەوەندی و داواکارییەکانیان بۆ کاریگەریی واقعی لەسەر بڕیاردان. 

لە هەمان کاتدا، گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە هەرێمی کوردستاندا ناتوانرێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و ژینگەی هەرێمایەتی جیا بکرێتەوە. بۆیە ئەگەری گۆڕانکاری تەنها بە هاوسەنگیی هێزە ناوخۆییەکان دیاری ناکرێت، بەڵکو بە گۆڕانکارییەکانی ئەو پەیوەندییانەشەوە بەستراوە. 

بەم پێیە، بازنەی داخراوی ئابووریی ڕێنتی قابیلی شکاندن و گۆڕانکارییە، بەڵام نە خۆبەخۆ و نە تەنها بە بڕیار و چاکسازیی تەکنیکی دێتە دی. ئەگەری ئەو گۆڕانکارییە بە پەیدابوونی مەرج و هاوسەنگییەکی نوێ لە نێوان دەسەڵات، کۆمەڵگا و پەیوەندییە دەرەکییەکاندا پەیوەستە. 

هەروەها، لە ناو خودی سەرمایەداریی ناسیاوگەریشدا ئەگەری سەرهەڵدانی ناکۆکی هەیە. بەشێک لە سەرمایەدارانی وابەست، لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی سەرمایە و بەهێزبوونی پێگەی ئابووری و کۆمەڵایەتییاندا، دەتوانن بەرژەوەندییەکی ڕێژەیی سەربەخۆ لە ناوەندە سیاسییەکانی پشتگیرییان پەیدا بکەن. پاراستنی موڵک و سەرمایە، فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە دەرەوەی زۆنی دەسەڵات و پێویستی بە جێگیریی یاسایی، دەتوانن ئەم ئاراستەیە بەهێز بکەن. بەڵام ئەمە بە پێویستی بە مانای گواستنەوە بۆ سەرمایەداریی سەربەخۆ و کێبڕکێی یەکسان نییە؛ دەتوانێت شێوەیەکی نوێی وابەستەییش بەرهەم بهێنێت. 

 

١١) دەرئەنجام 

لە کۆی ئەم شیکردنەوەیەدا دەردەکەوێت کە گرفتی بنەڕەتیی هەرێمی کوردستان لە بوونی سەرچاوەکانی ڕێنتدا نییە، بەڵکو لەو پێکهاتە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەدایە کە دیاری دەکات ئەو سەرچاوانە دەکەونە دەستی کێ، چۆن بەکار دەهێنرێن و کێ دەتوانێت بەشداری لە بڕیاردان و چاودێرییاندا بکات. 

لە هەرێمی کوردستاندا، تێکەڵبوونی ئابووریی ڕێنتی لەگەڵ سەرمایەداریی ناسیاوگەری و دابەشبوونی دەسەڵاتی سیاسی، تەنها کاریگەری لەسەر ئاراستەی گەشەکردنی ئابووری دانەناوە، بەڵکو پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا، توانای دامودەزگاکان و ئاستی سەربەخۆیی بڕیاردانیشی گرتووەتەوە. 

ئەنجامی گرنگی ئەم پەیوەندییە ئەوەیە کە لاوازیی بنەما بەرهەمهێنەرەکان و توانای خۆڕێکخستنی کۆمەڵگا، لە هەمان کاتدا کە مەرجێکی گونجاون بۆ بەردەوامبوونی ئەم پێکهاتەیە، دەبنە دەرئەنجامی دووبارەبەرهەمهێنانەوەی ئەویش. بەم شێوەیە، گرفتی ئابووریی ڕێنتی لە چوارچێوەی دابەشکردنی داهات تێدەپەڕێت و دەبێتە بەشێک لە پرسیاری فراوانتری توانای کۆمەڵگا بۆ بەشداری لە دیاریکردنی ئایندەی خۆیدا. 

بەڵام ئەم پێکهاتەیە نە یەکدەستە و نە نەگۆڕ. لە ناو خودی ئەودا بەرژەوەندی و ناکۆکییە جیاوازەکان سەرهەڵدەدەن؛ هەندێکیان بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی ئێستا بەهێز دەکەن و هەندێکی دیکە دەتوانن ببنە بنەمای داواکاریی گۆڕانکاری. ئەوەی دەرئەنجامی ئەم ناکۆکییانە دیاری دەکات، تەنها بوونیان نییە، بەڵکو توانای هێزە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانە بۆ کاریگەری لەسەر بڕیاردان. 

هەرچەندە ئەم وتارە بە تایبەتی هەرێمی کوردستانی کردووەتە بابەتی شیکردنەوە، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکانی بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستانیش گرنگن. ئەوەش بە مانای یەکسانبوونی پێکهاتە و مەرجەکانیان نییە؛ هەر بەشێک پێویستی بە شیکردنەوەیەکی تایبەت بە واقعیەتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی خۆی هەیە. 

لە کۆتاییدا، ئەم شیکردنەوەیە دەمانگەیەنێتە پرسیارێکی فراوانتر: کوردستان، بە پێگەی جوگرافیایی و سیاسییە تایبەتییەکەیەوە، چۆن دەتوانێت لە نێوان وابەستەیی و سەربەخۆیی، پەراوێزبوون و گەشەپێداندا ئاراستەی ئایندەی خۆی دیاری بکات؟ 

 

ئەمەش بابەتی وتاری داهاتوومانە:  

«ڕۆڵی جیوپۆلیتیکیی کوردستان لە نێوان وابەستەیی، سەربەخۆیی و گەشەپێداندا». 

سەرچاوەکان 

[١] World Bank Group. (2016). The Kurdistan Region of Iraq: Reforming the Economy for Shared Prosperity and Protecting the Vulnerable. Vol. 2, Main Report. Washington, DC: World Bank Group. Report No. 106132. 

https://documents.worldbank.org/curated/en/672671468196766598 

[٢] Saleem, Zmkan Ali, and Mac Skelton. (2020). Assessing Iraqi Kurdistan’s Stability: How Patronage Shapes Conflict. LSE Middle East Centre Paper Series, No. 38, July. London: LSE Middle East Centre. 

https://auis.edu.krd/iris/sites/default/files/MEC_assessing_iraqi_kurdistans_stability_published.pdf 

[٣] U.S. Department of State, Office of the Historian. Foreign Relations of the United States, 1969–1976, Vol. XXVII, Iran; Iraq, 1973–1976. Document 254, “Fiscal Year 1975 Support for the Kurds,” June 24, 1974. https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76v27/d254 

[٤] U.S. Department of State, Office of the Historian. Foreign Relations of the United States, 1969–1976, Vol. XXVII, Iran; Iraq, 1973–1976. Document 289, “Termination of the Kurdish Assistance Program,” June 4, 1975. https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76v27/d289 

[٥] World Bank. (2017). Iraq: Systematic Country Diagnostic. Report No. 112333-IQ, February 3, paragraph 135. https://documents.worldbank.org/curated/en/542811487277729890/pdf/IRAQ-SCD-FINAL-cleared-02132017.pdf 

(٦) لماذا أخفق الشرق الأوسط؟ صلاح حسين أفندي، ٢٠٢٦ 

(٧) نهضة الشرق أوسط في عصر العولمة، صلاح حسين أفندي، ٢٠٢٦ 

(٨) بۆچی خۆرهەڵاتی ناوەەڕاست شکستیهێنا؟ سەلاح حسێن ئەفەندی، ٢٠١٧ 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی عێراق و سووریادا مانۆڕی هێرشکردنە سەر ئێران ئەنجام دەدەن
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکلایدەکاتەوە: ڕێبوار تەها بەپێی یاسا کاروباری پارێزگا بەڕێوەدەبات
په‌روین بوڵدان: شوێنه‌ نوێیه‌كه‌ی ئۆجه‌لان هه‌ر له‌ناو زیندانی ئیمرالیدایه‌
هومام حەمودی: هەر شەڕێکی داهاتوو لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بێ سنوور دەبێت و سەرجەم هێزەکانی موقاوەمە تێیدا بەشدار دەبن
گەڕان بە دوای ھیچدا؛ ئەفسانەیەک لەسەر خاوەندارێتی ژیانت 
تۆڕی گازی کۆرمۆر گەیەنرایە دهۆک و هەناردەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆریی هەرێمەوە بۆ نیو ملیۆن بەرمیل بەرزبووەوە
موحسین رەزایی ناوەڕۆکی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی لەگەڵ سعوودیە، تورکیا و پاکستان ئاشکرا دەکات؛ جەخت لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی ئەمنیی هەرێمی دەکرێتەوە
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندن: تۆڕی كۆڕه‌ك تیلیكۆم له‌ 14 پارێزگا راگیرا
​لە ئەڵمانیا و ئیسپانیاوە تا ژاپۆن و کەنەدا؛ مەرج و ڕێکارە نوێیەکانی وەرگرتنی ڤیزای کار لە جیهاندا
عراقچی: دانوستان له‌گه‌ڵ نێوه‌ندگیره‌ قه‌ته‌رییه‌كان به‌رده‌وامه‌و هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌نجامی كۆتایی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×