ئایا لە بەرژەوەندی كوردە تا سەر هەدەپە پشتیوانی لەجەهەپە بكات؟
ئەبوبەکر عەلی
2019-07-01   1429
دیدێكی ستراتیژیی ئایندەخواز
راستی و زانیارییەكان پێمان دەڵێن دەنگی كورد لە دیاریكردنی سەرۆكی شارەوانی نوێی ئەستەمبوڵدا یەكلاكەرەوە بوو، زۆرینەی كوردەكان و هەدەپەش بەلای كاندیدی جەهەپە ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ دا دایانشكاندو یەڵدرمیان بە دۆڕاندن داو شارەوانیەكەیان لەژێر دەستی ئەكەپە دەرهێناو رادەستی جەهەپەیان كرد. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەم هەنگاوە، كە زەمینە سازدەكات بۆ دوای خۆیو ئاماژەی سیاسی گرنگی لەگەڵا خۆیدا هەڵگرتووە ئەگەر سەر بكێشێ بۆ هاوكاریەكی بەربڵاوتری نێوان هەدەپە و جەهەپەو هاوپەیمانەكانیان و گریمانەی ئەوەش دابنێین ئەمە رووخانی ئەكەپە و گۆڕینی حیزبی حوكمڕانی لە ئایندەدا لێبكەوێتەوە، چەند لە بەرژەوەندی كوردایە؟ كارتێكردنی ئایدۆلۆژی لە دیاریكردنی هەڵوێستەكەدا تا چەندەو لەكوێدایە؟ بەرمەبنای چ وادە و بەڵێنێ بۆ كورد ئەم پشتیوانیە لە جەهەپە و هاوپەیمانانی كراوە؟ .
یاخود مەسەلەكە پەیوەندی بە وادەو بەڵێنو بەرژەوەندی نەتەوەیی راستەوخۆوە نیە، بەڵكو ئەوەی هەیە كۆبوونەوەی دژەكانە لەسەر ئامانجێكی هاوبەش كە ئە ویش لێدانی دەسەڵاتو پێگەی ئەكەپە و هەوڵدانی لاوازكردنیو گەر كراش روخاندنیەتی؟!
ئێمە هەوڵنادەین پێشوەخت وەڵامی ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیاری تر بدەینەوە. بەڵام دەخوازین هەندێ شرۆڤەو هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەكەی قەندیل و هەدەپە بكەین. پێش هەر شتێك بەبڕوای نووسەر تا ئەو ساتەوەختەش دژبەیەكی (تناقچ)ی سەرەكی كورد لەگەڵا كەمالیزمو مۆدێلی دەوڵەتەكەیو میراتو رەمزەكانیدایە، نەك ئەكەپە، كە لەڕووی مێژووییەوە رووێكی گرنگی رەوایەتی خۆی لە دژایەتیكردنی كەلەپووری سیاسی كەمالیزمو لاوازكردنی هەژموونی نوخبەی كەمالیستی بەسەر دەوڵەت و كۆمەڵگەو كایە جۆراوجۆرەكانیدا وەرگرتووە. ئەگەر هەڵەكانی ئەكەپە و هەدەپە نەبوونایە دۆخی سروشتیی ئەوە بوو، كورد و تەوژمی مەشرەب ئیسلامی توركیا هاوپەیمان بن، بە حوكمی دوژمنێكی هاوبەشی مێژووییان كە كەمالیزمە.
هەرچۆنێك بێت، بەبڕوای ئێمە بەهێزكردنەوەی جەهەپەو كاركردن بۆ زەمینەسازكردن بە مەبەستی بەرزكردنەوەی سەرلەنوێی بۆ سەر كورسی دەسەڵات لەڕووی ستراتیژیەوە لە بەرژەوەندی كوردا نیە و نابێت، چونكە:
1. دەسەڵاتداربوونەوەی یەكسانە بە دووبارە گەشەپێدانەوەی فەرهەنگی كەمالیزمو بە هێزكردنەوەی پایەكانی مۆدێلی دەوڵەتەكەی، كە لەڕووی مێژووییەوە شەڕی بوونی لەگەڵا كورد كردووە و نكولی لە ناسنامە نەتەوایەتییەكەی كردووە.
2. گەڕانەوەی جەهەپە لە هەندێ روەو یەكسانە بە دووبارە تاوساندنەوەی ناسیونالیزمی توركیو بەهێزكردنەوەی هەژموونی سوپابەسەر ژیانی سیاسیدا، كە دژ بە بەرژەوەندە نەتەوەییەكانی كوردە .
3. بە دەسەڵات گەیشتنەوەی كەمالیەكان واتە سەرلەنوێ بەهێزبوونەوەی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵا خۆرئاواو ناتۆ و بەتایبەتیش ئەمریكا، كە ئەوەش وادەكات كورد نەتوانێ ناكۆكی ئەوان لەگەڵا توركیا بە قازانجی خۆی سوود لێوەربگرێتو دەوڵەتو حكومەت لە پشتیوانیەكی نێودەوڵەتی بەهێز بەهرەمەند بنو هەڵوێستیان بەرامبەر كوردیش زۆر بێمنەتانەتر بێت.
4. روخانی ئەكەپە و باڵادەستی حوكمڕانانەی كەمالیەكان لە ئەگەری پەرەسەندنی رووداوەكان و بەردەوام بوونی هاوپەیمانی كوردو جەهەپە یاخود راستتر بڵێین هەدەپە و قەندیل و جەهەپە، وادەكات ئەو ناكۆكیەی لە ئێستادا لەنێوان رژێمی ئێستاو هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكەدا لە ئارادایە و كورد لە زیاد لە پارچەیەكداو لەوانەش لەرۆژئاوادا سوودی لێ وەرگرتووە، نەمێنێ .
5. دووبارە هەژموون پەیداكردنەوەی كەمالییستەكان یەكسانە بە دووبارە فشار خستنەوە سەر ناسنامەی ئیسلامی و بەرتەسككردنەوەی ئازادی ئاینی لە توركیا، عەربەدەی شەرابخۆری دەستەجەمعی لە بەردەم مزگەوتداو داوای سەرپۆش لابردنیش لە هەندێ كادری ئەكەپە لەكاتی ئاهەنگ گێڕانی جەهەپە لە ئەستەمبول بەبۆنەی سەركەوتنی پاڵێوراوەكەیانەوە ، ئاماژەی بەرایین بەو راستیە، لەڕووی مێژووییشەوە ئیسلام و كورد یاخود بڵێین ناسنامەی ئیسلامی و ناسنامەی كوردی دوو وەدەرنراوی كەمالیزمو دەوڵەتەكەی بوونو وەك یەك بەهەڕەشە لەقەڵەمدراون. مێژووش پێمان دەڵێت بە جۆرێ لە جۆرەكان كرانەوە بەڕووی هەر یەكێكیان كرانەوەیە بەڕووی ئەوی ترداو پێچەوانەكەشی بە شێوەیەكی گشتی هەر وایەو راستە .
6. وەك رێسایەك، نەك هەر لەسەر ئاستی توركیا، بەڵكو لەسەر ئاستی تێكڕای ناوچەكەدا ، لە بەرژەوەندی كورد نیە هێزە ناسیونالیستییە ( توركی ، عەرەبی ، فارسی)یەكان لە پێگەی دەسەڵاتدا بنو جڵەوی دەسەڵاتو دەوڵەتیان لەژێر دەستدا بێت. چونكە بە دوژمنی مێژوویی كوردو ناسیونالیزمەكەی لەقەڵەم دەدرێنو كەمترین سازشیان بۆ دەكەن. تەنانەت ئەم هاوكێشەیە بۆ بزوتنەوەی ناسیونالیسی لاوازی عەرەبی لە عێراقدا لەدوای روخاندنی رژێمیش راستە ، چونكە ئەوانەی خۆیان بە ناسیونالیستی سیكۆلاری عەرەبی و عێراقی پێناسە دەكرد، لەگەڵا چەسپاندنی سەرەتای فیدراڵیو بە دەستووری كردنی واقیعی هەرێم نەبوون. هێزەكانی تر ئەگەر توانای لەخۆگرتنی حەقیقەتی عەدالەتخوازانەی كێشەكەشیان نەبێت ، بە ئەندازەی هێزە ناسیونالیستەكان دەمارگیرو داخراو نین وتوانای سازشیان بەرامبەر كورد با لە ئاستێكیشدا بێت لەوان زۆرترە.
ئایا جەهەپە گۆڕاوە؟
رەنگە یەكی بڵێ ئەم لێكدانەوە و وێناكردنەی جەهەپە یە لە مێژوودا، جەهەپەی ئێستا جەهەپەی جاران نیە و گۆڕانكاریی بەسەر دیدگاو گوتاریدا هاتووە، هەر بۆیە دەبێت لە كاتی هەڵسەنگاندنی هەڵوێستەكانیو قسەكردن لەسەر دیدگا فیكری و سیاسیەكانی، بەتایبەتیش دەربارەی كوكردو دۆزەكەی، ئەم گۆڕانكاریانە رەچاو بكرێن. ئێمە ئەم سەر لێكردنەوە بە هەند وەردەگرین و پێشداوەری هەمەلایەنە ناكەین، بەڵام حەقمانە بپرسین :
1. ئایە دەتوانین لە كاتی شرۆڤەی كێشەكان و دەستنیشانكردنی مسداقیەتی هێزەكانو سروشتی ئایۆلۆژی و ئاراستە سیاسیەكان وجۆری تێڕوانینیان بۆ دەسەڵات و دەوڵەت و میكانیزمی بەڕێوەبردنی ململانێكانوچارەسەركردنی كێشەكان، نادیدە بگرین؟ .. بێگومان نەخێر . ئەوپەڕی ئەوەی لێرەدا بوترێت ئەوەیە كە سەراپای لێكدانەوەكان مێژوویی نەبن و پێویستە حساب بۆ گۆڕاوەكان بكرێت. جەهەپەش لە مێژوودا دوژمنی سەرسەختی كوردو ناسنامەی كوردی بووە و چارەسەری كێشەی كوردیشی لە توانەوەیدا بینیوەتەوە.
2. ئایە تابنەڕەت لە هێزێكدا تا سەرئێسقان دوژمنایەتی لەگەڵا كردبی و چەوساندبیتیەوەو نكولی لە بوونت كردبێت ، گومان كردن لە گۆڕانە رواڵەتیەكانی ناوی نیە؟ واتە: ئایە نابێت وا بڕوانینە ئەم هێزە كە ئەسڵا تیایدا ناڕاستگۆیی و خەڵەتاندنە تا بە بەڵگە پێچەوانەكەی دەسەلمێت؟ ..
3. ئایە جەهەپە لە چەند ساڵی رابردوودا كە لە دەرەوەی دەسەڵات بووە وپێگەی لاواز بووە، هیچ سازشێكی جەوهەری حساب بۆكراوی فیكری و سیاسی بۆ كورد كردووە، كە گرەوی لەسەر بكرێت وبكرێتتە بناغەو پاساوی داڕشتنی پەیوەندییەكی ستراتیژی نوێی هەدەپە و جەهەپە؟
وە ئەگەر شتێكی سنورداری لەم ڕوەوە لەئاستی دروشمدا كردبێت داخۆ دەبێت ئاماژەبێت بەگۆڕانی راستەقینە دیدگاو بونیادە سیاسیو حیزبییەكەی لە بەرامبەر كوردو ناسنامەو دۆزەكەیدا، یاخود لەژێر فشاری سیاسەتی كرانەوەی ئەكەپە بەرامبەر بە كورد تا ساڵی (2015) روویداوە و جۆرێ لە ناچاری تێكەڵاوە؟. بەتایبەتیش كە چاكسازییەكانی ساڵانی (2002 ــ 2013) لە توركیا سەنگ و قورسایی دەنگی كوردی زیاتر دەرخست؟.
ئێمە بەش بەحاڵی خۆمانو وەك چاودێری بارودۆخی توركیا و سۆراخكەری مەسەلەی نەتەوەكەمان لە باكوری كوردستاندا ، هیچ گۆڕانكارییەكی جەوهەری و راستەقینە لە دیدگاو هەڵوێستی ئەم پارتە وهاوپەیمانەكانی لەسەر ئاستی میدیا و ئەكادیمیا و جەماوەردا نابینین.
حەزیش دەكەین ئەگەر لەم روەوە شتێ لە ئێمە شاراوەیە بۆمان بخرێتە ڕوو، پێشنیاریش دەكەین ناوەندە لێكۆڵینەوە زانستی یە كوردیەكان لە باكوری كوردستان و توركیا لەم روەوە ئەركی خۆیان ئەنجام بدەنو لەڕێی كۆڕ و كۆنفرانس و لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی مەكتەبیی و مەیدانیی زانستی یەوە، بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بكەنو قسەی خۆیان بكەن. واتە ئەوە بخەنە روو، كە لەسەر ئاستەكانی فیكر و پێگەیاندنی حیزبییو فەزای رێكخراوەیی ونوخبەی باڵادەستو سایكۆلۆژیای ئەندام و جەماوەری جەهەپەدا هیچ گۆڕانكاریەكی راستەقینە بە ئاراستەی تێگەیشتن لە ناوەرۆكی عەدالەتخوازانەی كێشەی كورد و چارەسەركردنی روویداوە، یاخود ئەوەی لەم روەوە دەوترێتو دەخرێتە ڕوو بێ ڕەگ و ریشەیە و زیاتر لەوەی گۆڕانكاری بێت لە زەهنیەتدا، گۆڕانكاریە لە هەندێ دروشمو زمانی راگەیاندنی حیزبی و سیاسی دا و لە تەكتیك تێناپەڕێت؟
داخۆ ئەزموونی كورد لەگەڵا ئیتیحادیەكان وكەمال ئەتاتورك
لە سەرەتای دامەزراندنی كۆماردا دووبارە دەبێتەوە؟
زۆرێ لە كوردە رۆشنگەرەكان لە دامەزراندن و گەشەپێدانو بە دەسەڵاتگەیشتنی (گروپی ئیتحادو تەرەقی) لە ساڵی (1908)دا بەشداربوون. پێشوازییەكی گەرمیان لەڕوخانی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمید و راگەیاندنی مەشروتەی دووەم لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا كرد، چاوەڕێ بوون لە سایەی دۆخە نوێكەو دەسەڵاتی ئیتحادیەكان دا، كورد بە مافەكانی شاد بێت و بتوانێت گەشە بەزمان و فەرهەنگو كەسێتی نەتەوەیی خۆی بدات ولەگەڵا نەتەوەكانی تردا یەكسان بێت، كەچی بە پێچەوانەی ئەم خەونە ئەرخەوانیەوە ، دوای ماوەیەكی كەم لە بەدەسەڵاتگەیشتنی ئەم گروپە رەگەزپەرستە ، فۆرمێكی تۆقێنەریان لە دەسەلات پیادەكردو سیاسەتی بەتورك كردنیان لە پێش گرتوو هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی كوردیان داو كۆڕ و كۆمەڵە كوردیەكانیان داخستو ئومێدەكان بەم گروپە بوونە بڵقی سەرئاو .
هەروەك مێژووی نوێی توركیاش بۆی تۆمار كردووین، كەمال ئەتاتورك و بزوتنەوە بەرهەڵستە چەكدارەكەی دژ بە داگیركارانی بیانی، پروپاگەندەیەكی زۆریان لەناو كورداندا كرد وتوانی كوردێكی بەرچاو بكەن بە سوتەمەنی شەڕەكەو دامەزراندنی كۆماری نوێی توركیا.
كەمال ئەتاتورك بەڵێن و وادەی درۆی زۆری بە كوردەكان دا، قەناعەتی پێكردن كە ئەو دەوڵەتەی دادەمەزرێت وەك بەری رەنجی خەباتو خوێنی رژاوی هاوبەش، كۆمارو دەوڵەتی هاوبەشی توركو كورد دەبێت. پرۆژەیەكیشی بۆ پێدانی ئۆتۆنۆمی بەناوچە كوردنشینەكانو كوردستانی باكور گەڵاڵەكرد و راگەیاند. كەچی هەموو ئەم دروشم و بەڵێن و پرۆژانە ، تا ئەو كاتە بڕیان كرد، شوێن پێی خۆی قایم كردو سەركەوتنی بەدەست هێناو كۆماری راگەیاند. بەشی كورد دوای ئەوە و لە سایەی دۆزەخی كۆماردا كوشتن و بڕینو راگوێزان و ئاوارەكردن و وێرانكردنی گوند و ئاواییەكانیو نكولی كردن لە بوون و فەرهەنگو ناسنامەی بوو، وەك نەتەوەیەكی رەسەنی ناوچەكە و هاوبەشێكی سەرەكی ژیارەكەی و دووەم نەتەوەی گەورەی توركیاش.هەر بۆیە كود دەبێت لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵا میراتگرانی دامەزرێنەری توركیای نوێدا، ئەم مێژووە لە بیرنەكات و لە دووبارە بوونەوەشی لە فۆرم و ئاستی جیاوازو جۆراوجۆردا بترسێت. رقی ئایدۆلۆژیو تەكتیكی كاتی نەیكات بە كەرەسەو پارسەنگی بەلاداخستنی ململانێیەكی مێژوویی نێوان جەهەپە و تەوژمی مەشرەب ئیسلامی لە توركیا، بێ ئەوەی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەستەبەر كردبێت و دۆخەكە بە قازانجی چارەسەركردنی كێشەكەی گۆڕانكاریەكی چۆنایەتی بەسەردا بێت. بە واتایەكی تر، رووخانی دەسەڵاتی ئەكەپە كاتێك بۆ كورد باشە خزمەت بە بەرەوپێشچوونی كێشەكەی بكات. دەنا توانای خۆ بە فیڕۆدان لە ململانێیەك كە بەرژەوەندی ئەوی تێدا نەبێت، ئاماژە دەبێت بە جۆرێ لە بێهودەیی و خڵەفاوی سیاسی. بەڵكو دەبێت كوردو قەندیل و هەدەپە قوڵتر لە مەسەلەكە بڕوانن، لەسەر بناغەی گەمەكردن لە سەر ئاستی شارێكدا بیر لە مەسەلەكە نەكەنەوە و دیدێكی ستراتیژی دواڕۆژ بینیان بۆ بەرەنجامی كۆتایی گۆڕانكاریەكان و شكڵگرتنی دیمەنی سیاسیو دووبارە دابەشبوونەوەی رۆڵا و هێزەكان لە ئایندەی توركیادا هەبێت ؟ لەم روانگەشەوە رەنگە یەكێ لەو شتانەی پێویست بێت بیری لێ بكرێتەوە درێژەدان بێت بەم ململانێ یە و نەخشەدانان بێت بۆ سوود لێوەرگرتنی. كە بە داخەوە لە رابردوودا نەتوانراوە ئەم كارە وەك پێویست بكرێت، پێشمان وایە ئایدۆلۆژیا هۆكارێكی پشت ئەو لاوازیە ستراتیژیە بووە. ئەوەی گرنگە لێرەدا و لە پەیوەندی بەم مەسەلەوە بوترێت ئەوەیە كە لە ئەگەری بە دەسەڵات گەیشتنەوەی كەمالیەكان و جەهەپە لە توركیادا، دەبێت حساب بۆ ئەوە بكرێت، ئەم كارتە واتە كارتی سوود وەرگرتن لە ململانێ نێوخۆییەكان ، لانی كەم بۆماوەیەكی دیاریكراو بەدەست كوردەوە نەمێنێ، چونكە ئەوەی ئەم كارتەی بەدەست كوردەوە بەهێزكردووە، رەنگدانەوەی سیاسەتی كرانەوەی دیموكراسی و ریفۆرمەكانی قۆناغی سەرەتای دەسەڵاتی ئەكەپەیە.
لەبەر ئەوەی هیچ گرەنتیەك نیە لە دووبارە گەیشتنەوە دەسەڵاتی لایەنگرانی دەوڵەت و سیستمی كەمالیستی، جارێكی تر مەسەلەی هەڵوەشاندنەوە و قەدەغەكردنەوەی پارتە سیاسیەكان و لە سێدارەدانی سەركردەكان دەستپێنەكاتەوە كە ئەوەش یەكسانە بە بەرتەسككردنەوەی گەمەی دیموكراسیو كەم رەنگبوونەوەی شانسی كورد بۆ سوود وەرگرتن لە درزەكانی نێوماڵی تورك كە لە فۆرمی ململانێی نێوان ئەكەپە و جەهەپە و هاوپەیمانەكانیاندا رەنگی داوەتەوە. .
بە بڕوای ئێمەش لەگەڵا هەر دۆڕانێكی ئۆردوگاندا رەنگە چارەنووسی لە عدنان مندرس باشتر نەبی و پەتی سێدارە چاوەڕێی بكاتو پارتەكەشی هەڵبوەشێنرێتتەوە.
لەڕوانگەی ئەم ئەگەرەشەوە كە بچوكبوونەوە و لەقاڵبدانی تەوژمی دیموكراسی و هەوڵدانی بە مۆدێلكردنی سەركردە سەربازیو دەسەڵاتخوازەكان پشتی دەگرێت، كورد دەبێت نەخشەی هەبێت بۆ چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ململانێكە و هوشیاربوون بە سەنگو قەورسایی دەنگی خۆی، نەك بەشداری گەمەیەك بكات ئەگەری ئەوەی تێدا بێت بیگێڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا و بیكاتە هێزێكی ئابڵۆقەدراوو سەركوتكراو و جوڵە سنوردار كراو. لەم روەشەوە و بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ئێمە سەرەڕای واقیعی لە ئارادابوو هەموو ئەو رەخنانەی لە ئۆردۆگانو دەسەڵاتەكەی دەگیرێن ، هێشتا هیچ پارت و هێزێك لە توركیادا بوونی نیە، شیمانەی ئەو سازشەی بەرامبەر كورد لێ بكرێت كە لە ئەو دەكرێت. هەقە سیاسەتی كوردیش بە ئاراستەی وەگەڕخستنی تواناكانی سازش بێت لەم پارتەدا بە قازانجی خۆی. ئەگەر دیدێكی ستراتیژی لەم جۆرەش هەبوو ئەو كاتە دەتوانرێت ئەوەی لە ئەستەمبوڵا روویدا بخرێتە چوارچێوە سروشتیەكەی خۆی و خزمەتكردن بەم دیدە و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانو دۆزی كوردەوە. بەو واتایەی لەم رێگەوە، واتە لەڕێی هاوپەیمانییە تەكتیكیەوە كۆتاییان بەبێمنەتی چەندساڵی رابردووی ئۆردوگان و پارتەكەی دێنن. قورسایی و كاریگەری خۆیان بۆ دەرخستو جۆرێ لە دینامیكیەتیان بۆ خۆیان و سیاسەتی توركی گێڕایەوە و لەو چەقبەستووییە دەریان هێنا كە بەدەستیەوە دەیناڵاند. پەیامی روون و بەهێزیان بە ئەردۆگان دا، كە فەرامۆشكردنی كوردو هەدەپە هەروا كارێكی ئاسان نیە و باجی هەیە. دوای ئەمە گرنگە بزانرێت سەركەوتنەكە لە ئەستەنبوڵا هی كورد نیە و بەناوی خەڵكی ترەوە تۆمار كراوە، كاندیدی سەركەوتووش پشتیوانی خۆی بۆ دەوڵەت لە دژی پەكەكەو بەدنیابینی خۆیان تیرۆر دەربڕی. جێگری سەرۆكی جەهەپەش سوپاسی كوردەكانی كرد كە دەنگیان بە توركیا و ئاشتی و دیموكراسی داوە بێ هیچ ئاماژەیەكی تر بە پرسی تایبەتی كوردان خۆیان،هەر بۆ یە تاسەر رۆیشتن لەگەڵا جەهەپە بەكاری نەهێنن، بەڵكو بۆ فشار دروستكردن لەسەر ئەكەپە سوودی لێ وەربگرن، سوودی لێ وەربگرن بۆ ئەوەی ئەكەپە لەژێر باری گرانی هاوپەیمانی لەگەڵا مەهەپە رزگار بكەنو بەرامبەر سازش كردن بۆیانو دووبارە بوژاندنەوەی پێواژووی ئاشتی و هەنگاونانی جددی بە ئاقاری چارەسەركردنی كێشەی كوردا بەكاری بێنن.لەڕێی كاركردن بۆ شكستپێهێنانی هاوپەیمانی ئەكەپە ـ مەهەپەش ، هێندەی تر ململانێی نێوان ناسیونالیزمی تەقلیدی تورك بە پارت و رەنگە جیاوازییەكانیەوە لەگەڵا ئەكەپە قوڵتر بكەنەوە و بیخەنە سەنگەرێكی بێ پەردەی دوژمنایەتی كۆی دەرهاویشتتە سیاسیە مكەیدانیەكانی كەمالیزمەوە. لەكاتێكدا ئەكەپە و سەرۆكەكەی خۆیان لە پێگەیەكی تاڕادەیەك لاوازدا دەبیننەوە.
بەدووریش نازانرێت هەندێ پێیان وابێت نەخشەیەكی هەرێمایەتی و جیهانی بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە توركیادا لە ئارادایە و پێویستە كوردیش بەشدار بێت و سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵام لەگەڵا ئەگەری بوونی نەخشەیەكی لەم جۆرەشدا دەبێت رەچاوی ئەم خالانەی خوارەوە بكرێت:
1. مەرج نیە نەخشەكە سەركەوتن بەدەستبهێنێت، چونكە لە ساڵی (2013)ەوە نەخشەیەكی لەوجۆرە هەیە و كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام تاكو ئێستا سەركەوتوو نەبووە، لەبەر ئەوە دەبێت ئەمە وەك ئەگەرێك وەربگیرێتو مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
2. لەگەڵا بوون و سەركەوتنی نەخشەیەكی لەوجۆرە كورد لە سەنتەری رووداوەكان و پێكهێنانی دۆخی دوای ئەو نابێت، چونكە ئەو قورساییەی لەسەر ناوەند نیە ، ئەوەندەی هەشیەتی دەكرێت سنوردار بكرێت. واتە لایەنی سەرەكی مامەڵەكە جەهەپە و هاوپەیمانەكانی دەبن نەك كورد ئەگەر كوردیش ببشدار بكرێت.
3. كورد دەبێت كاتێك پشتیوانی لە نەخشەیەكی لەو جۆرە بكات كە هەستبكات لە قازانجیەتی و گرەنتی چەسپاندنی مافەكانی لە دەستووردا هەبێت، بەدەر لەوە دەبێت بێلایەن بێت، دەنا رۆڵی هێزی داردەستی سیاسی دەگێڕێت . بڕواش ناكەم بتوانرێت قەندیل دۆخێكی لەم جۆرە بەرامبەر رەوایەتی دانی یاسایی و سیاسی بە بوونی خۆی بقۆزێتەوە.
4. لە دەسەڵاتدا نەمانی تەوژمی مەشرەب ئیسلامی لە وڵاتێكدا كە ئاستێك لە دیموكراسی تێدایە ، واتای كۆتایی هێنانی بنكە جەماوەریەكەی و ئاراستە فیكری و سیاسیەكەی ناگەیەنێت، بۆیە دەبێت حساب بۆ دووبارە گەڕانەوەی بكرێت. یاخود كورد بتوانێت لە هەندێ كاتدا هەڕەشەی پێ بكات .
5. حسابكردن بۆ بادانەوە و سازشێكی گەورەی پارتی دەسەلاتدار بۆ ئەمریكاو خۆرئاوا و هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكە، بە حوكمی سروشتی پراگماتیانەی سیاسەت و سەركردەكانی.
پرسیاری كۆتتایش لێرەدا ئەوەیە : داخۆ ئەو چەقی قورساییەی هەدەپە لە دروستكردنی بڕیارەكانیدا پشتی پێ دەبەستێت مەسەلە نەتەوەییەكەیە یاخود ئایدۆلۆژیا؟ ئەگەر مێژوو هەندێ لەم روەوە هەندێ وەڵامی گشتی دابینەوە ، دواڕۆژ وەڵامی زۆرترمان دەداتەوە، بەڵام هێڵی قسەكردنی ئێمە لەم روەوە لەسەر بناغەی بەپێوەركردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانو مەسەلەی كورد رەنگڕێژكراوە. لە هەموو حاڵەتێكدا دوای ئەستەمبوڵا و بەتایبەتتیش دوای ماوەیەك كورد و هێزە سیاسیەكەی دەبێت، سەرلەنوێ دۆخەكە هەڵەسنگێننەوە و لە قازانجو زیانەكانی بپرسێتەوە و خوێندنەوەیەكی ستراتیژیشی بۆ ئایندەی خۆی و دۆزەكەی هەبێت، چونكە سێ چوار ساڵی تر لە توركیادا هەڵبژاردن نابێت، ئەگەر لە چوارچێوەی ستراتیژێكی دەرەكی ــ ناوەكی هاوبەشدا فشار نەكرێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بە مەبەستی كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئۆردۆگان و حیزبەكەی. كە ئەویش بەو ئەندازەی شانس بخاتە ڕوو ئاڵنگاری جۆراوجۆری لەگەڵا خۆیدا هەڵگرتووە لەبەر ئەو مەسەلانەی پێشتر ئاماژەمان بە هەندێكیان كرد جگە لە دەرهاویشتە هەرێمایەتیەكان