دەبێت کێ داوای لێبوردن لە خوێندکار بکات؟

هێمن ئەحمەد
  2023-11-02     336

ئەوەی بێباکە و خەم ساردە دەربارەی خوێندکار و پڕۆسەی فێرکردن، بە پلەی یەکەم دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدارن بە پڕۆسەکە. پاشان دایک و باوکی خوێندکار و بەخێوکەریەتی، کە ئەمانیش بێباکی و کەمتەرخەمیان بۆ منداڵ و خوێندکارەکانیان هاوتای دەسەڵات دەبێت. زۆر جێی تێڕامانە، لەهەر شوێنێکی تری ئەم جیهانە هاوشێوەی ئەم مانگرتنەی مامۆستایان ڕوی بدایە، بەلانی کەم زۆرینەی هاوڵاتیان دەڕژانە سەر شەقام و تێکەڵ بە ئاپۆڕا و لێشاوی ناڕەزایەتی مامۆستایان دەبون. کەچی لێرە هەر دەڵێی هیچ ڕوینەداوە و بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی خاوەن کارەکان و فرۆشگاکان بەردەوامن لەکاری خۆیان و ئامادە نین تەنها ڕۆژێکیش بەداخستنی شوێنەکانیان نیگەرانی و ناڕەزایەتی دەرببڕن و هیچ نەبێت بەشدار بن لە داواکاری ڕەوای مافی خوێندن، کە ئەویش بە فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەباری پەروەردە و فێرکردنی سەردەمیانە بۆ  منداڵەکانیان دەبێت. سەرەڕای ئەمەش هەندێک لە دایک و باوکی خوێندکاران ڕوی گلەیی و ناڕەزایەتیەکان دەکەنە مامۆستایان، لەکاتێکدا لایان ڕونە ئەم کێشەو گرفتانە چۆن و لە کوێوە سەرچاوەیان گرتوە و بونەتە لەمپەری گەورە لەبەردەم پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن. لەلایەکی تریشەوە هەست نەکردن و قبوڵکردنی ئەو جیاوازیە گەورەیەی کە خوێندنی تایبەت دروستی کردوە نەنگیە، کە خوێندکاری خێزانەکانەکانی تر لەسایەیدا دەبنە خوێندکاری پلە دوو. کە ئەم جۆرە خوێندنگانە تەنها بۆ چینێکی دیاریکراو و پارەدار تەرخان کراون. لە دوای هەموشیان مامۆستایانیش دەبێت بەشێک لەبەرپرسیارێتی ئەم دۆخە هەڵبگرن. هەرچەندە مامۆستا پشکی شێری لە بەرپرسیارێتێ بەرناکەوێت بەڵام هێشتا هەر هەست بە نائارامی و ئازاری دەرونی سەخت دەکات کە دەبینێت ناتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی ئەو ئەرکەی لەسەر شانیەتی بەرانبەر  خوێندکارەکانی جێبەجێی بکات.
لە ئێستادا، دەسەڵات و لایەنی بەرپرس لە پەروەردە دەبێت وەڵامێکی جدی هەبێت بۆ دابینکردنی مافە ڕەوا و  ئاساییەکانی مامۆستایان و دەکرێت هاوڵاتیانیش بەگشتی لەسەر پەک کەوتنی پڕۆسەی خۆێندن هەڵوێست بنوێنن و بتوانرێت دۆخێکی وەها فەراهەم بکرێت تا مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن و ساڵێکی پەروەردە و فێرکردن لە مەترسی فەوتان ڕزگار بکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×