جەژنی ئێستا، زەقکردنەوەی جیاوازیەکان و سزادانی دەرونیە بۆ هەندێک!

هێمن ئەحمەد
  2023-07-01     369

ڕاستە جەژن بۆنەیەکی ئاینی پیرۆزە یان نەریتێکی کۆمەڵایەتی و کەلتویە بۆ زۆربەی کەسەکان، کە مرۆڤەکان ناتوانن هەروا بەئاسانی دەستبەرداری ببن بە بیانوی جیاواز. ئینجا گەر پێشان جەژنەکان لایەنی باشی بوبن بۆ تێکەڵ بونی زیاتری کۆمەڵگە و دانەبڕانی چین و توێژەکان و مایەی خۆشحاڵی تاکەکانی بوبن، لە ئێستادا نیشاندانی جیاوازی و نمایشکردنە لەبەردەم یەکدا. دروستکردنی ئەم بەرزونزمی و جیاوازیانەش لە ڕۆژانی جەژندا چەند هێندە گەورەتر دەبن و کاریگەری نەرێنی و دەرونیان لەسەر خێزان و تاکەکان دەبێت. دەسەڵاتیش دەستێکی باڵای هەیە لە دروستکردنی ئەم جیاوازیانە. بۆ نمونە منداڵی موچەخۆرێک بەوپەڕی بێزاری و دڵشکاویەوە چاوەڕوانی موچەکەی باوکیەتی تا بتوانێت هیچ نەبێت بەرگێکی نوێ بکڕێت و لەڕۆژانی جەژندا بیپۆشێت. بەڵام دوو سێکتەری جیاواز ماوەی ڕۆژانی موچە وەرگرتنیان پێدەچێت دە تا پازدە ڕۆژ بێت. هەندێک جاریش لەبەر پێنەدانی موچە ئەوا کڕینی پۆشاکەکەش دەبێتە خەونی دەمەو بەیانی. ئیدی هیچ سیستمێکی هاوکاری کۆمەڵایەتیش بونی نیە تا دەستگیرۆیی چینی نەدار وخێزانی دەست کورت و خەڵکانی بێکار بێت. هەژاران ڕۆژانی پێش جەژن هێندە پێویستی و کەم و کوڕیەکانیان ناکەونە بەرچاو، ئەوان حەزیان بە خۆ نمایشکردن نیە و حەزیش ناکەن کەسانی تر ئاگاداری کورتهێنانە ئابوری و نالەباریەکانی ژیانیان بن. کەچی کۆمەڵێکی تر بە ئۆتۆمبێل و خشڵ و بەرگی گرانبەهاوە، لەیەکەم ڕۆژی جەژنەوە دەست دەکەن بەگەڕان و خۆ نمایشکردن.خۆم ئەم جیاوازیانەم هەموی بینی؛ ماڵێک خەرجی جەژنی نەبوە، کەسێک نەیتوانیوە خواردنی جەژن و بەرگی منداڵەکانی بکڕێت، ماڵێک چۆکلێتی ئەڵمانی و ماڵێکیش هەرزانترین شیرینی دەبەخشێتەوە، کەسانێک تێر و تەسەل و دەم بە پێکەنین و کەسانێکی دڵناخۆش و ڕوخاو ئاوەز شێواو، ماڵێک لەبەر نەبونی ئۆتۆمۆبێل لەماڵەوە نەجوڵاون و خەڵکانی تر بە پێچەوانەوە زۆرترین گەڕانیان کردوە بە ئۆتۆمبێلی گرانبەها. هەندێک جار ئەو کاریگەریانە هێندە قورسن خێزان و کەسەکان چەندڕۆژێکی دوای جەژن ئینجا ئارام دەبنەوە. هەروەها کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر دەرون و بیرکردنەوەی گەنج و ئەو منداڵانەی کە هەست بە قورسی و بارگرانی خۆ ئامادە کردن بۆ جەژن دەکەن و وێنەیەکی ناهەموار لە بیرەوەریاندا جێدەهێڵێت و وەهایان لێدەکات لە هەمو جەژن و یادە کۆمەڵایەتیەکان سڵ بکەنەوە. بەو پێیەی جەژن بۆ داهاتوی ئەوانیش ڕۆژانی ناهەموار و پڕ بارگرانی دەبێت. 
با لێرەدا بپرسین ئایا جەژن کردن ئەو هەمو هەڵپە و فڕکە فڕکەی دەوێت کەپێش جەژن دەیبینین؟ 
کەواتە جەژن لە ئێستادا جگە لە زەقکردنەوەی جیاوازیەکان و دروستکردنی درزی زیاتر لە نێوان چینەکان چیتر نابینرێت. ئەمە بێجگە لەوەی سزادانێکی قورسی دەرونیە بۆ زۆرکەس. باشتر وایە گەر نەشتوانین دەستبەرداری گەڕانەکانمان ببین، بەشێوەیەک ئەنجامی بدەین نەبینە جێی سەرنج و دڵبریندارکردن و بێزارکردنی ئەوانی تر. هەرچەندە جێگەی دڵخۆشیە ئەم جەژنە بەبەراورد بە جەژنەکانی پێشتر ئەم دیاردەی خۆ نمایشکردن و گەڕانە کەمتر بوو. 

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×