مرۆڤ بونەوەرێکی لاواز و دوو ڕووە 

هێمن ئەحمەد
  2023-06-15     348

مرۆڤ بونەوەرێکێ لاواز و دوو ڕووە، لە هەر پلەو ئاستێکدا بێت. هەمیشە تامەزرۆی کڕنۆش بردنە بۆ ئەو شتەی کە لەخۆی بە بەهێزتری دەزانێت یان دەخوازێت بیکاتە گەورەی خۆی. بەردەوام  دەخوازێت هێزێک، تارماییەک، کەسێک، ئەفسانەیەک یان باوەڕێک بکاتە گەورە و ڕەقیبی خۆی. خۆ ئەگەر بە کڕنۆش بردن بۆ ئەمانە ڕازی نەبو، یان لە میانەی بیرکردنەوەیدا نەیتوانی یەکێک لە ئەمانەی دەست بکەوێت، ئەوا خۆی پەیکەرێک دروست دەکات و کڕنۆشی بۆ دەبات. ئینجا لەبەرئەوەی بابەتە دەستکردەکەی خۆی بەشکۆ و بەهێز نیشان بدات و خۆی پێ تەفرە بدات، ئەوا بە قەبارەیەکی گەورە و لە مادەیەکی سەرنج ڕاکێش و بەنرخ دروستی دەکات و پاشان لەشوێنێکی بەرزتر لە شوێنی خۆی دایدەنێت، یان لە خەیاڵدانی خۆیدا بەرزترین جێگەی بۆ خۆش دەکات. تا بتوانێت لەڕێگەی پەرستش و ستایشکردنیەوە  هەستی بچوکی و لاوازی خود بەرجەستە بکات و پاشان ئارامی بە دەرون و ڕۆحی بدات. دوو ڕویی مرۆڤیش لێرەدایە؛ کاتێک شتگەلێک بە لوتکەی گەورەیی و پیرۆزیەکانی دەزانێت و هیچی تر لە ئەوان گرنگتر و پیرۆزتر و بەهێزتر نابینێت، کەچی لە هەمان کاتدا داوا لەهێزێکی تر(خودا) دەکات تا ئەوان بپارێزێت. دەبینین  گەورە سەرۆکەکانی جیهان بانگەشەی ئەوە دەکەن لای ئەوان چیتر لە گەل و نیشتیمان و سوپا و بەرژەوەندیەکانیان پیرۆزتر و بەنرختر و بەهێزتر نیە و ئەوان لوتکەی ئەو هەرەمەن کە هەمو گەلان و وڵاتانی تر کەوتونەتە ژێری. کەچی کاتێک سەرۆکێکی ئەمریکی لەکاتی ئاخاوتندا نزا دەکات دەڵێت;(God bless America) واتە " خودایە ئەمریکا پیرۆز و بەرەکەتدار بکەیت".
مرۆڤ ناتوانێت بەبێ کڕنۆش بردن و دوو ڕویی ژیان بکات چونکە ئەمانیش هاوشێوەی ئەو غەریزانەن کە لەگەڵ مرۆڤدا لەدایک دەبن. بۆیە دەبنە بەشێک لەژیانی و ناتوانێت دەستبەردایان ببێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×