تەقەکردن لەبنکەیەکی رۆشنبیری کورد لەپاریس: سێ کوژراوو سێ بریندار
  2022-12-23       1748       

ئا: ئاوێنە

 

کاربەدەستانی فەرەنسا سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی هێرشێکی چەکدارییان بۆ سەر بنکەی ڕۆشنبیری "ئەحمەد کایا"ی سەر بەرەوەندی کوردی دانیشتووی پاریس ڕاگەیاند، ئەم تەقەکردنە تا ئێستا لانیکەم سێ کوژراوو سێ برینداری لێکەوتوەتەوە.

 

داواکاری گشتی پاریس ڕایگەیاند "دەستدرێژکارەکە پیاوێکی تەمەن 69 ساڵەو بە تۆمەتی توندوتیژیی ڕەگەزپەرستیی دوای تەقەکردنەکە بەبرینداریی دەستگیرکراوە".

 

بە وتەی شایەتحاڵان، ئەم کەسە چەکدارە سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی  ٢٣ی کانونی یەکەم دوای چوونە ناو ناوەندی ڕۆشنبیری ئەحمەد کایا، تەقەی کردووە و دوای ئەوەی ناوەندەکە بەجێدەهێڵێت، بەرەو سەرتاشخانەیەکی دراوسێی هەڵاتوە.

 

ئەم سەرتاشخانەیەش هی کوردانی دانیشتووی پاریس بوەو هەردو شوێنی ئاماژەپێکراو لە"ناوچەی دەیەمی" پایتەختی فەرەنسا هەڵکەوتون.

 

ناوەندی ڕۆشنبیری ئەحمەد کایا لەلایەن ڕێکخراوێکی خێرخوازی بۆ یەکخستنی دانیشتوانی کورد لەپاریس بەڕێوەدەبرێت‌و ئەو ناوچەیەی تەقەکەی لێکراوە یەکێکە لەناوچە کوردنشینە چڕەکانی پاریس.

 

دەسەڵاتدارانی فەرەنسا دۆخی یەکێک لەبریندارەکانیان بە"سەخت" راگەیاندوە.

 

داواکاری گشتی فەرەنسا بەئاماژەدان بەرابردوی خراپی هێرشبەرەکە ڕایگەیاندووە "ئەم پیاوە تەمەن ٦٩ ساڵە پێشتر دوو جار بەهۆی "کاری خراپەکاریی" کە بەهۆی بیروباوەڕی ڕەگەزپەرستییەوە بووە، دەستگیرکراوە.

 

هەروەها ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری بەرپرسانی پۆلیسەوە رایگەیاندوە، ئەم کەسە "بەڕەچەڵەک قەوقازییەو هەڵگری ڕەگەزنامەی فەرەنسییە"، پێشتریش لەساڵانی ٢٠١٦و ٢٠٢١دا "کاری کوشتن"ی ئەنجامداوە.

 

هێشتا زانیاری دەربارەی هۆکاریی هێرشبەر لەم ڕووداوی تەقەکردنەدا بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام ئەنجومەنی دیموکراتی کورد لەفەرەنسا ڕایگەیاند "کوژراوەکان دو پیاوو ژنێکی سەر بەرەوەندی کوردی بون لەپاریس".

 

ئەلێکساندەر کۆردبار، سەرۆکی شارەوانی 10ی پاریس ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکە دەموچاوی بریندار بووەو دوای دەستگیرکردنی لەلایەن ئەفسەرانی پۆلیسەوە گەیەندراوەتە یەکێک لەنەخۆشخانەکانی پایتەخت. هەروەها بارودۆخی یەکێک لە بریندارەکانی بە"سەخت"و برینداربوونی دوو قوربانییەکەی دیکەی ئەم تەقەکردنەی بە "کاریگەر" وەسف کردووە.

 

کۆردبار، هێرشەکەی بەقبوڵنەکراو ناوبردو وتی "پێدەچێت لەم هێرشەدا کورد کرابێتە ئامانج، ئەمەش بۆ ئەو ناوچەیه بەئازاره که ساڵانێکه کولتوره جیاوازەکان بەئاشتی‌ شان بەشانی یەکتر ژیاون".

 

جیرالد دارمێن، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، دەگەڕێتەوە پاریس بۆ ئامادەبوون لە شوێنی ڕووداوەکە، هاوکات بە ئازارەوە باسی ڕووداوەکە دەکات و هاوسۆزی لەگەڵ ڕزگاربووان دەکات.

 

هەروەها جیراڵد دارمێنین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بە تویتێک ئەم ڕووداوەی بە "ئازاربەخش" ناوبردو ڕایگەیاند کە لەشوێنی ڕووداوەکە ئامادە دەبێت.

 

ئەم وەزیرە لەچەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار هۆشداری دابوو لەمەترسی "توندوتیژی" لەلایەن "گرووپە ڕاستڕەوەکان"ەوە لەوڵاتەکەیدا.

 

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاند "ئەو کەسە تەمەن ٦٩ ساڵەی کە تەقەی لەناوەندی ڕۆشنبیری "ئەحمەد کایا"و سەرتاشخانەکەی تەنیشتی کردووە، "مەبەستی ڕاوەدوونانی بیانییەکان بووە".

 

دارمانێن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە "هێرشبەرەکە شۆفێرێکی خانەنشینکراوی شەمەندەفەرەو ئەندامی یانەیەکی تەقەکردن بوەو چەندین چەکی تۆمارکراوی هەبوە".

 

بەڵام بە وتەی ئەم بەرپرسە فەرەنسییە، هێشتا "ڕوون نییە" کە ئایا هێرشبەرەکە مەبەستی کوشتنی "بە تایبەتی کورد" بووە یان نا.

 

دارمانێن ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر پاڵنەرە دیاریکراوەکانی (هێرشبەرەکە) نییە"و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر پەیوەندی "ئەگەری" تۆمەتبارەکە لەگەڵ چالاکوانانی ڕاستڕەوی توندڕەو بەدەستنەهێنراوە.

 

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا هیچ کام لە قوربانیانی تەقەکردنەکەی ڕۆژی هەینی پەیوەندییان بە گروپی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پەکەکە)ەوە هەیە، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ڕایگەیاند کە ئەو قوربانیانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی فەرەنساوە نەناسراون، بەڵام فەرمانی داوە بەتوندترکردنی ڕێوشوێنی ئەمنی لەو شوێنانەی کورد تیا کۆدەبێتەوە لە فەرەنسا، هەروەها نوسینگە دیپلۆماسییەکانی تورکیاش.

 

سەبارەت بەم هێرشە ژان لوک مێلێنشۆن، سیاسەتمەداری ناوداری چەپی فەرەنسا لەتویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوەو تووڕەیی و دڵتەنگی خۆی لە"هێرشی تیرۆریستی" بۆ سەر ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی ئەحمەد کایا دەربڕی‌و ئاماژەی بەوەدا کە "10 ساڵ لەمەوبەر لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا سێ سەرکردەی کورد لەناوجەرگەی پاریس تیرۆر کران"، ئەو وتی: "بەسە! با هاوپەیمانە کوردەکانمان بپارێزین لەهەر شوێنێک بن".

 

هەروەها ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا لەهەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی "کوردانی فەرەنسا کرانە ئامانجی هێرشێکی قێزەون لەناو دڵی پاریس. بیرم لای قوربانییەکانە، لەگەڵ ئەوانەیە کە خەبات بۆ ژیانی خۆیان دەکەن، لەگەڵ کەسوکارو ئازیزانیان. ئێمە جێبەجێکردنی یاسا بەرز دەنرخێنین بۆ ئازایەتی و ئارامییان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×