ئا: كاوە ڕەش، بەریتانیا
بەشێك لەڕاگەیاندنەكانی بریتانیا, بڵاویان كردۆتەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچێرڤان بارزانی پاسکیلێکی دەستی دوو، كە بەبڕی ٤ هەزار پاوەند دەخەمڵێندرێ، وەك دیاری پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا دەكات.
بۆریس جۆنسن، پشتڕاستی كردۆتەوە كە ئەو پاسكیلێكی دەستی دووی، وەك دیاری لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش كراوە، بەڵام ئاماژەی بەكاتی پێدانی دیارییەكە نەكردوە كە ئایا، ئەو كاتە بووە لەئۆفیسی سەرۆكوەزیران بووە، یاخود دوای دووركەوتنەوەی لەدەسەڵات.
بەپێی ڕێساكانی ئەنجومەنی نوێنەران و لۆردەكان، دەبێ ئەندامانی ئەو خانانە، هەموو دەستكەوت و دیاری و داهاتێك ئاشكرا بكەن لەدەرەوەی داهاتی فەرمی خۆیان دەستیاندەكەوێ.
بەپێی ڕێساكان دیاری بۆ بەرپرسانی حكومەت، تەنها دەتوانن دیاریەك وەربگرن، كە نرخەكەی لە١٤٠ پاوەند زیاتر نەبێت.
جیم واتەرسۆن، سەرنووسەری مێدیای گاردیانی بەریتانیانی لەتویتێکدا وێنەیەکی سکرین كردووە كە پەیوەندیدارە بەدیاری و سود وەرگرتن لەسەرچاوەکانی دەرەوەی بەریتانیاو دەڵێ "ئەو پاسکیلە کە لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لەلایەن بەڕێز نێچریرڤان ئیدریس بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە
پێشكەش كراوە، ئەمەش ئەوكاتە بووە لەئۆفیسی سەرۆكوەزیران دووركەوتۆتەوە".
بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی میرۆری بەریتانی، بارزانی و جۆنسن لەمانگی نیسانی ٢٠٢٢ دیداریان ئەنجامداوە، پێدەچێ ئەوكاتە دیاریەكە بەخشرابێت، بەڵام تا مانكی تشرینی یەكەم پاسكییلەكە وەرنەگیراوە، لەو كاتەشدا، بۆریس جۆنسن لەپۆستی سەرۆكوەزیران نەماوە.
هەرچەندە كە ئەمە بۆ یەکەمجار نییە سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا پاسکیلێکی پێدەدرێت، بەڵكو پێشتریش و ساڵی ڕابردوو، لەلایەن جۆی بایدن سەرۆكی ئەمەریكاوە، لەكاتی دیداری لوتكەی جی٧، پاسكیلێكی بەدیاری پێشكەش كراوە.