هاككردنی ئاژانسی  فارس: 84%ی خەڵك خۆپیشاندانەكان وەك رێگەچارەی كێشەكان دەبینن
  2022-12-01       2041       

ئا: ئاوێنە، بی بی سی

گروپی هاككەری "بلاك ریوارد"، دوای هاككردنی پێگەی ئاژانسی فارس، سەربە سوپای پاسداران، هەواڵنامەیەكی نهێنی ئاژانسەكەی بڵاوكردەوە كە بۆ حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئامادەكردوە. هەواڵنامەكە بەشێك لەو هەواڵانەی ناوخۆی دەسەڵات و فەرمانەكانی ئایەتوڵا خامەنەیی و هەروەها زانیاری لەبارەی هەڵوێستەكانی خەڵك و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان لەخۆگرتوە، كە زۆربەیان لە میدیاكان بڵاونەكراونەتەوە.

هاتنە سەرخەتی راستەوخۆی ئایەتوڵا خامەنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پرسی ناڕەزایەتییەكانی سیستان و بەلوچستان، یەكەم بابەتی هەواڵنامەكەیە. هەواڵنامەكە لەدوای دیدارەكەی رۆژی 26ی مانگی رابردودی ئایەتوڵا خامەنەیی لەگەڵ فەرماندەو كارمەندانی بەسیج، ئامادەكراوە.

بەگوێرەی هەواڵنامەكە، خامەنەیی دژی بۆچونی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و فەرماندەیی پۆلیسی ئێران بوە بۆ دەستگیركردنی مەولەوی عەبدولحەمید، سەركردەی سوننی و پێشنوێژو وتارخوێنی هەینی شاری زاهیدان.

هەواڵنامەكە لە زاری ئایەتوڵا خامەنەییەوە ئەوەی گواستۆتەوە كە "لە لێكۆڵینەوەكان لەبارەی پشێوییەكانی زاهیدان، نابێ مەولەوی عەبدولحەمید دەستگیربكرێت، بەڵكو دەبێ ئابڕوی ببرێت."

هەر بەپێی هەواڵنامەكە، ئایەتوڵا خامەنەیی، لەبارەی "هەینی خوێنینی زاهیدان"ەوە فەرمانی كردوە كە ئەوەی تەقەی كردوە دەستگیربكرێت.

دواتر فەرماندە ئەمنییەكانی شۆڕشی ئیسلامی لەسەر بانگهێشتی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران لەگەڵ خامەنەیی كۆبونەتەوەو یەكێك لەوان بە خامەنەیی وتوە "بەسیجی ئیمە لاواز بوەو رێكخستنی خۆی لەدەستداوە."

لە بەشێكی دیكەی هەواڵنامەكەدا لە زاری خامەنەییەوە هاتوە، كە هەرچەند دەتوانن بە برادەران بڵێن هۆكارەكانی راگەیاندن بە باشی بەكاربهێنن. ئەم بابەتە-پشێوییەكان- بەم زوانە كۆتایی نایەت.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی هەواڵنامەكەدا ئاماژە بە ناكۆكی نێوان سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆككۆماری ئێران كراوەو سەرۆكی پەرلەمان رەخنەی لە سەرۆككۆمار گرتوەو رایگەیاندوە كە حكومەت هیچ بەرنامەو ئامانجێكی نییە.

لە بەشێكی دیكەی هەواڵنامەكەدا، ئاماژە بە چەند ئامارو زانیارییەك دراوە كە لەلایەن دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە ئامادەكراون، كە بەپێی ئەو ئامارانە لەسەدا 51ی خەڵكی ئێران خوازیارن پۆشینی حیجاب لە ئێران سەرپشكانە بێت، لەسەدا 53ی خەڵك لە رەفتاری هێزەكانی پۆلیس ناڕازین، لەسەدا 56ی خەڵك باوەڕیان وایە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان درێژەدەكێشن و لەسەدا 48یشیان ترسیان لە دابەشبونی ئێران نییە.

هەر بەپێی ئەو ئامارانە كە لە هەواڵنامەكەدا هاتون، لەسەدا 84ی خەڵك پێیانوایە نارەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی نێو شەقامەكان، دەبنە مایەی كەمكردنەوەی كێشەكانیان.

لە بەشێكی دیكەی ئامارە نێوخۆییەكاندا هاتوە كە گەورەترین دەستكەوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان، رەوینەوەی ترسی خەڵكە لە هێزەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان.

هەروەها لە هەواڵنامەكەدا ئەوەش هاتوە كە بەشێك لە كارمەندانی حكومەت و خانەوادەی "شەهیدان" لەنێو دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكاندا بون.

هەر بەگوێرەی هەواڵنامەكە، لەسەدا 70ی خەڵكی ئێران هیچ خواستێكیان بۆ بەشداریكردن لەو رێپێوانانەدا نییە كە بۆ پشتیوانی لە رژێم ئەنجام دەدرێن.

پێگەی ئاژانسی فارس، رۆژی 25ی مانگی رابردو هاككراو بەردەست نەما.

دوێنێ چوارشەممە، ئاژانسەكە لە زنجیرەیەك تویتدا، لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی هاككردنی پێگەكەیاندا لەلایەن بلاك ریوارد-ەوە، دانی بەوەدا كە چەند هەواڵنامەیەكی نهێنی ئاژانسەكەیان كە بۆ بەشێك لە بەرپرسان ئامادەكراون، كەوتونەتە دەست هاككەرەكان.

ئاژانسی فارس، لەگەڵ ئەوەش ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو هەواڵنامانە بۆ "تۆماركردنی دەنگۆكانی نێو سۆشیال میدیاو بانگەشەكانی میدیا بیانییەكان بوە"و رەتیكردۆتەوە كە ناوەڕۆكی ئەو هەواڵنامانە نهێنی بوبێت، بەڵام لەبارەی ئەوە هیچ رونكردنەوەیەكی نەداوە كە ئەگەر ئەو هەواڵنامانە نهێنی نەبون، بۆچی وەك سەرجەم بابەتە بەرهەمهێنراوەكانی دیكەی ئاژانسەكە، بڵاونەكراونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×