رۆژئاوای کوردستان، باجی نزیکبونەوەی نێوان دیمەشق‌و ئەنقەرە دەدات
  2022-11-25       2020       

ئا: ئاوێنە

 

هەڵوێستەکانی دیمەشق‌و مۆسکۆ سەبارەت بەهێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بنکەکانی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان، بێ بایەخ‌و ئاستی هۆشداریدانیان تێنەپەڕاند، ئەمەش پرسیاری ئەوە دەوروژێنن کە ئایا ئەم بێدەنگییەی دیمەشق‌و مۆسکۆ پەیوەندی بەئەگەری ڕێککەوتنێکەوە هەیە لەنێوان ڕژێمی سوریاو تورکیا، کە شەڕڤانانی کورد باجەکەی دەدەن؟!

 

بەر لە سەرهەڵدانی ململانێکان لە ساڵی ٢٠١١ تورکیا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئابوری‌و سیاسی سوریا بو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دۆستایەتی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا بەهێز بو.

 

به ڵام پەیوەندی نێوان ئەردۆغان‌و ئەسەد، پاس سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دژ بەڕژێم وەرچەرخا . ئەنقەرە سەرەتا داوای لەهاوپەیمانەکەی کرد چاکسازی سیاسی ئەنجام بدات، بەڵام لەگەڵ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەزەبری هێزو پاشان گۆڕانی بۆ ململانێیەکی خوێناوی، ئەردۆغان داوای لەئەسەد کرد دەست لەکاربکێشێتەوە "بۆ ڕێگریکردن لەخوێنڕشتن". بەمەش سەوریا ئەسەد لەتورکیای ئەردۆغان دورکەوتەوە.

 

لەئازاری ٢٠١٢ تورکیا باڵیۆزخانەی خۆی لە دیمەشق داخست. دوای ئەوە ئەردۆغان ئەسەدی بە"تاوانبارو تیرۆریست" ناوبرد، ئەسەدیش ئەردۆغانی بە"دز"و هەواداری "تیرۆریست" وەسف کرد.

 

تورکیا پشتیوانی لەئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کردو ئەستەنبوڵ بوو بەبنکەی "ئیتیلافی نیشتمانی" ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە دیارترین پێکهاتەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بو، بەرلەوەی دەست بەپشتیوانیکردنی میلیشیا چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بکات.

 

هەرچەندە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ەوە سێ هێرشی دژی شەڕڤانانی کورد دەستپێکردو بەو هۆیەوە توانی ناوچە سنوورییەکانی سوریا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام تا ساڵی 2020 نەچووە روبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ دیمەشق، دوای ئەوەی ژمارەیەک لەسەربازەکانی بەتەقەی هێزەکانی سوپای ئەسەد لەباکووری ڕۆژئاوای وڵات کوژران، بەڵام دۆخەکە لەڕێگەی ناوبژیوانی روسیاوە هێور کرایەوە.

 

دوای دورکەوتنەوەیەکی ١١ ساڵە، لەم دواییانەدا نیشانەکانی لێکنزیکبوونەوە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا دەرکەوتوە، دیارترینیان بانگەوازی مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو لەمانگی ئابی ڕابردوودا بۆ ئاشتەوایی نێوان ڕژێم‌و ئۆپۆزسیۆن.

 

لە23ی ئەم مانگەشدا، هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دژی کورد، ئەردۆغان ڕایگەیاند ئەگەری ئەوەیە لەگەڵ "ئەسەد" کۆببێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سیاسەتدا دوژمنایەتی تا سەر نییە".

 

عەبدولقادر سلڤی، نوسەری تورکی نزیک لەئەنقەرە، لەوتارێکدا کە لەڕۆژنامەی حوریەت بڵاویکردوەتەوە، پێشنیاری کردوە کۆبوونەوەی نێوان ئەسەدو ئەردۆغان پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەمانگی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت‌و ڕەنگە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا میوانداریی هەردوکیان بکات .

 

دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین ڕەتی نەکردەوە کە سەرۆک کۆماری تورکیا لەمۆسکۆ چاوی بە هاوتا سورییەکەی بکەوێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە لەئێستادا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئەم بابەتە لەئارادا نییە.

 

لە لایەکی دیکەوە ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا لەسووریا رایگەیاند، وڵاتەکەی چاوەڕێی نزیکبوونەوەی نێوان سوریاو تورکیادایە، ئەو وتی "پەیوەندی سوریاو تورکیا پێویستی بەلێکنزیکبوونەوەیە، چونکە دوو وڵاتی دراوسێن کە پێویستە دۆستانە بژین، ئاماژەمان پێدەگات کە هەردوو لایەنی تورکیاو سوریا ئامادەن هەنگاوی دیاریکراو بەرەو یەکتر بنێن".

 

دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە میانی کردنەوەی جامی جیهانیی فیفا لەقەتەر لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆبووەوە، هیوایەکی زیاتر بۆ لێکنزیکبوونەوەی تورکیاو سوریا دروستبوە.

 

رووسیا بەگوتەی شرۆڤەکاران ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لەگەیشتن بەلێکنزیکبوونەوە لەنێوان هەردوو هاوپەیمانەکەیدا، کە سەرباری هەمو ناکۆکییەکنیان دژ بە"دوژمن"ێکی هاوبەش یەکگرتون کە ئەویش شەڕڤانانی کوردە لەلایەن واشنتۆنەوە پشتیوانی دەکرێن.

 

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکەوە، کورد جگە لەشەڕو پێکدادانی سنووردار، نەچووەتە روبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیمەشق‌و پەیوەندیی لەگەڵ دیمەشقدا پاراستووە.

 

وتوێژی نێوانیان لە ماوەی ساڵانی رابردودا کەوتۆتە بنبەست، لەکاتێکدا کورد پێداگری لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆبەڕێوەبردنەکەی دەکات، کە لەساڵانی یەکەمی ململانێکان دایانمەزراندوەو وردە وردە فراوانتر بووە، بەڵام دیمەشق ئەمە بەتەواوی ڕەتدەکاتەوەو تاوانباریان دەکات بەوەی "جوداخوازن"و کۆمەک لەواشنتۆن وەردەگرن.

 

بەڵام پەیوەندی لەرزۆکی نێوان کوردو دیمەشق ڕێگری نەکرد لەگەیشتن بەڕێککەوتن بەناوبژیوانی روسیا، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە دیمەشق هێزی سنوورداری لەژمارەیەک لەناوچەکانیان جێگیر کرد بۆ ڕێگری کردن لەهێرشی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان.

 

لەپەراوێزی بەشداریکردنی لەدانوستانەکانی ئاستانە، بەسپۆنسەری تورکیاو روسیاو ئێران، ئەیمەن سوسان، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند "بیانوی داگیرکاریی تورکیا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتەکانی لەسوریا چیتر هیچ کەسێک فریو نادات‌و ئاسایشی سنوورەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە".

 

لەهێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیادا بۆ سەر رۆژئاوا، کورد دیمەشق تۆمەتبار دەکات کە هەڵوێستی راشکاوی لەسەر بۆردومانەکەی تورکیا نەبوە،  فەرماندەی گشتیی سوریای دیموکرات، مەزلوم عەبدی رایگەیاند "تا ئێستا هەڵوێستی حکومەتی دیمەشق بەرامبەر بەهێرشەکان لە جارەکانی پێشوو لاوازتر بوەو ئەمەش بەو مانایەیە کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانیان (لەگەڵ تورکیا) هەبێت"، ئەو وتی "بەپێی زانیارییەکانمان، پەیوەندی‌و هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا هەیە".

 

بەوتەی عەبدی، تورکیا بە دوای کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی سنوورییەکاندایە، بۆ ئەوەی دواتر وەک "کارتێک بۆ پاراستنی نفوزی خۆی لە سوریا" بەکاریبهێنێت.

 

ئەنقەرە لە بنەڕەتدا دژایەتی خۆبەڕێوەبەریی کورد دەکات و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد کە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتن، بەدرێژکراوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت.

 

عەبدی پێیوایە تورکیا هەوڵدەدات چ لەڕێگەی هێرشە سەربازییەکانیەوە بێت یان لەڕێگەی "ڕێککەوتن" لەگەڵ دیمەشق، "ئەزمونی" ئیدارەی خۆسەری کورد لەناوببات.

 

روسیا کە لایەنگری سەرەکی دیمەشقە، تا ئێستا دژی هێرشی زەمینی نوێی تورکیا بوە لەسوریا، هەرچەندە فشار لەئەنقەرەو دیمەشق دەکات بۆ ئەوەی پێکەوە دابنیشن".

 

ئارۆن لۆند، توێژەر لەسەنتەری نێودەوڵەتی سێنتیشەری، باس لەوە دەکات کە بەرژەوەندییەکانی ئەردۆغان‌و ئەسەد "یەکتر دەبڕن"، ئەو دەڵێت "هەر ئاشتەوایییەکی جدی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق کارەسات دەبێت بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەروەها ڕێگە بەئەسەدو ئەردۆغان دەدات بۆ ئەوەی بەهەماهەنگی هەنگاو بنێن بۆ دامرکاندنەوەی پرسی کوردەکانی ناو وڵاتەکانیان".

 

دەشڵێت ئەگەر ئاشتەوایی روبدات، "کە درەنگ یان زو رودەدات"، بە گوتەی لوند، سودی بۆ هەردولایەن دەبێت، چونکە دەتوانن "یارمەتی یەکتر بدەن لەکوشتن یان بێدەنگکردنی نەیارانیان لەسەر خاکی ئەویتر، یان ڕێکخستنی رادەستکردنی ناڕازییەکانیان بەیەکتر"، کە بەشێوەیەکی سەرەکی کوردن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×