ئەمریکا سزای بەسەر سێ بەرپرسی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاند
  2022-11-23       1760       

ئا: ئاوێنە

 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، حەسەن عەسکەری، قایمقامی سنەو عەلی رەزا مورادی، فەرماندەی پۆلیسی شاری سنەو ، محەممەد تەقی ئەسانلوو فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای لەشاری مەهاباد خستە لیستی سزاکانییەوە، لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی نامرۆڤانە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان سەرکوت کردوە.

 

برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ هەواڵگریی ئابووری‌و تیرۆر رایگەیاند " "رژێمی ئێران ئەو منداڵانەی کە رژابونە سەر شەقامەکان‌و داوای داهاتویەکی باشتریان دەکرد، دەکاتە ئامانج‌و تەقەیان لێدەکات".

 

راشیگەیاند "دەبێت توندوتیژی دژ بەخۆپیشاندەرانی ئێران کۆتایی پێبێت بەتایبەتی لەمەهاباد".

 

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا جەغت لەوە دەکات کە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێرانییەکان لە دوای کوژرانی مێهسا ئەمینی، بەتایبەت لە شارە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران وەک سنەو مەهاباد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە وەڵامێکی زۆر توندی هەبووەو تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لەو ناوچانە کوژراون. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​ئەمریکا سزای سێ بەرپرسی ناوچە کوردنشینەکانی داوە کە ڕاستەوخۆ دەستیان لەکاروباری ئەمنی‌و هەواڵگریدا هەیە.

 

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە محەممەد تەقی ئەسانلوو فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای لەشاری مەهاباد بەفەرماندەی ئۆپەراسیۆنی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لەئازەربایجانی ڕۆژئاواو کوردستان دادەنرێت، ناوبراو ڕۆڵێکی زۆر کارای لەسەرکوتکردنەکانی ئەمدواییەدا بینیوەو خۆپیشاندەرانی کوردی بە "گروپی تیرۆریست‌و ئاژاوەگێڕ" ناوبردوەو فەرماندەیی هەڵمەتی کوشتنی هاوڵاتیانی لەشارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە وەک سنە، مەهاباد، بانەو بۆکان. هەروەها ئەسانلوو مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە لەئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران دژ بەناوچە کوردنشینەکان.

 

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات  عەلی رەزا مورادی، فەرماندەی پۆلیسی سنەو حەسەن عەسکەری، کە نزیکەی هەشت مانگ لەمەوبەر وەک قایمقامی سنە دەستنیشانکرا، یەکێکە لەو فەرماندانەی سوپای پاسداران کە رۆڵی هەبوە لەسەرکوتکردنی ناڕەزاییەکانی ئەو شارەدا.

 

لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەمریکا دوانزە بەرپرسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیخستووەتە ژێر گەمارۆوە بەهۆی بەشداری کردنیانەوە لەو سەرکوتکردنەدا.

 

بەلام ناوەندە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم سزایانە بەزۆری لەپراکتیکدا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە، چونکە تەنیا بلۆککردنی سەروەت‌‌و سامانەکانیان لەئەمریکا (یان وڵاتانی ژێر کاریگەری ئەمریکا)و قەدەغەکردنی بازرگانی لەگەڵیاندا دەگرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×