ئا: ئاوێنە
دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خانەنەنشینانی هەرێم دەرکرد و تیایدا حكومهتی ههرێمی كوردستانی پابهندكرد به جێبهجێگردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق.
د. یوسف محەمەد، ئهندامی خولی پێشوی پهرلهمانی عێراق له بهیاننامهیهمدا بڵاویكردهوه، "ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی دوا بڕیاری خۆی سەبارەت بە کەیسی خانەنشینانی هەرێم دەرکرد و بڕیاریدا بە یەکەم: نادەستوریبونی کارکردنی دەسەڵاتی هەرێم بە یاسای خانەنشینیی ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەڵوەشاوە، دوەم: پابەندکردنی دەسەڵاتی هەرێم بە کارکردن بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان)، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خانەنشینانی شایستەی هەرێم کە دەیان ساڵی ژیانی خۆیان تەرخان کردوە بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێم و، مافی خۆیانە کە ژیانێکی کەرامەتمەندانە بگوزەرێنن، ئەوان لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی کردویانە پێویستە قەرەبو بکرێنەوە نەک ستەمیان لێبکرێ و مافەکانیان زەوت بکرێ".
ئاماژهی بهوهشكرد، یاسای خانەنشینیی بەرکاری ئێستای عێراق لە چەندین روەوە زۆر باشترە لە یاسا کۆنەکەی عێراق کە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام هێشتا لە هەرێم بە شێوەیەکی نادەستوری کاری پێدەکرا، هەر بۆ نمونە لانیکەمی موچەی خانەنشینی لە یاسای ژمارە 9ی 2014ی هەموارکراوی بەرکار لە عێراق (500 هەزار دینار) دینارە، بەڵام لە یاسای ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەڵوەشاوە و رێنماییەکانی هەرێم (220 هەزار دینار) دینارە، ئەمە جگە لە دادپەروەرییەکی زیاتر لە موچەی خانەنشینی لە نێوان بەرزترین موچە و کەمترین موچە، رەچاوکردنی بڕوانامە سەرەڕای ساڵانی خزمەت، رەچاوکردنی رێژەی گران بونی باری بژێوی لەسەر ئاستی عێراق، پێدانی 12 مانگ موچەی تەواو بە دەرماڵەوە وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ ئەوانەی 25 ساڵ و زیاتر خزمەتیان هەیە و چەندین جیاوازیی تر".
د. یوسف محەمەد دهڵێت، "لە نزیکەی شهش مانگ لەمەوپێشەوە بیرۆکەی تۆمارکردنی ئەم داوایە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی لەگەڵ ژمارەیەک لە خانەنشینانی هەرێم (لە رێکخراوی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان) و چەند یاساناسێکی گەنج تاوتوێ ئەکەین و، یەکەم رەشنوسی داواکەمان لە 7- 6- 2022 ئامادە کرد و، پاش زنجیرەیەک پێداچونەوەی بە هاوکاریی یاساناسانی هاوڕێمان و راوێژکردن بە شارەزایانی ئابوری و بودجە، دواجار دەقی داواکە لە لایەن پارێزەرەکانەوە لە 8- 9- 2022 لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرا".
ئهوهشی خستوهتهڕو، "دادگای فیدڕاڵی دو دانیشتنی دادبینیی سەبارەت بە داواکە بە ئامادەبونی نوێنەری خانەنشینانی داواکار و پارێزەرەکانیان لە (19- 10- 2022) و (8- 11- 2022)، بێ ئامادەبونی داوا لەسەرکراوان (هەر یەکە لە مەسرور بارزانی و ئاوات شێخ جەناب) ئەنجامدا کە لە دانیشتنی دوەمدا پاش ئەوەی داوایەکی ترمان بۆ ڕونکردنەوە لە رێی پارێزەرەکانەوە پێشکەشی دادگا کرد، دادبینی کۆتایی هات و لە لایەن سەرۆکی دادگاوە ئەمڕۆ دیاری کرا بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسییەکە".
رونیشیكردوهتهوه، "بەپێی مادەی (94)ی دەستوری عێراق، بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بنبڕ و پابەندکەرن بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان، هەروەها بەپێی مادەی (36)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە 1ی ساڵی 2022، جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی خاوەنەکەی دوچاری لێپرسینەوەی سزایی ئەکاتەوە. بە پێیی مادەی (37- یەکەم)ی هەمان پەیڕەو، بڕیارەکانی ئەم دادگایە (جگە لە دەقە سزاییەکان) لە ڕۆژی دەرچونیانەوە جێبەجێ ئەکرێن جگە لەو حاڵەتانەی لە بڕیارەکاندا ئاماژەیان پێدەکرێت، واتە لەمڕۆوە پێویستە دەسەڵاتی هەرێم موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم بە پێی یاسای خانەنشینیی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراوی بەرکار، هەموار بکاتەوە و موچەی نوێیان لەمڕۆوە بۆ هەژمار بکات".