"گەر هێرشی زەمینی تورکیا دەستپێبکات کورد بەرگریی لەخۆی دەکات"
  2022-11-20       2200       

ئا: ئاوێنە

 

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات -پەیەدە رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەیاندا، هەر لە شەهبا-وە تا دەگاتە قەندیل، چەندین بنکە و پێگەیان کردووەتە ئامانج.
 

ساڵح موسلیم، بە ئاژانسی فوراتنیوز "ANF"ی راگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا هەموو شوێن و بنکە و پێگەیان کردووەتە ئامانج، هەر لە شەهباوە تا دەگاتە قەندیل بە چڕی بۆردوومان کراوە.
 
ساڵح موسلیم وتیشی: "فاشیزمی تورک دوا هەناسەکانی دەدات، بۆیە ئەستەمە بزانیت چ هەنگاوێک دەنێت. هێرش و وێرانکاری و خاپوورکردن بەشێک دەبێت لەو کارانەی دەستی بۆ دەبات، چونکە ناچارە ئەمە بکات. پیلانگێڕی ئیستەنبووڵ سەرینەگرت هەموو ئەو شتانەی مەبەستی بوو نەیپێکا و هەموو جیهان دەزانێت سۆیڵو (وەزیری ناوخۆی تورکیا) چ پلانێکی قێزەونی داڕشتووە".
 
ساڵح موسلیم پێیوایە تەقینەوەی شەقامی ئیستیقلال "پیلانێک" بوو بۆ دژایەتیکردنێکی نوێی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان، له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێت: "فاشیزمی تورک هەموو کات دوژمنی کورد بووە. بەهێرشە تیرۆریستییەکانییەوە مەبەستیەتی کوردستان چۆڵ بکات، بەڵام کورد، شار و شارۆچکە و گوندەکانیان چۆڵ ناکەن".
 
هاوسەرۆکی پەیەدە ئه‌وه‌شی باسكردووه‌، نازانن دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانیانە، ئۆپەراسیۆنی زەوینی نوێ دەکرێت یان هەر بەمە دەوەستن، له‌و باره‌وه‌ وتی: "ئەگەر هێرشی زەمینی دەستپێبکات، کورد جگە لە بەرگریی لەخۆکردن هیچ چانسێکی دیکەی نابێت".
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بەناوی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی چنگ - شمشێر" لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان لە دژی پەکەکە و هەسەدە راگەیاند و بڵاویکردووەتەوە، "بەمەبەستی لەناوبردنی تیرۆریستانی پەکەکە/ کەجەکە/ یەپەگە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان و وشککردنەوەی سەرچاوەکانی هەڕەشە لە دژی گەل و ئاسایشمان و لەناوبردنی هەموو ئەو بنکانەی کە بە پیلانەکانیان تورکیا دەکەنە ئامانج، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی "چنگ شمشێر"مان دەستپێکرد".
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دواتر لە توویتێکیدا نوسیوویەتی "کاتی لێپرسینەوەیە.. ناپاکەکان باجی هێرشەکانیان بۆ سەر خاکمان دەدەن" و گرتەی ڤیدیۆیی بەئامانجکردنی چەند پێگەیەکی پەکەکە و هەسەدەی بڵاوکردەوە بەبێ ئاماژەدان بە شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە.
 
رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2022، کۆنسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر هۆشداری بە ئەمریکییەکان دا دووربکەونەوە لە ناوچە سنوورییەکان بەهۆی ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لەم ناوچانەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×