ئا: ئاوێنە
ئەندامێکى سەکردایەتى یەکێتى دەڵیت "بردنى وەهاب هەڵەبجەیی فەرماندەى دژە تیرۆر بۆ هەولێر کە لەلایەن ئەنجومەنى ئاسایشەوە داواکراوە بۆ ئیستیفزازى پارتى نەبووە، بەڵکو بۆ ئەوە بووە بێتاوانى خۆى بسەلمێنێت"، لەبەرامبەردا، ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەلێت "دۆسیەی تیرۆرکردنی پلەدارەکەی دژە تیرۆر (هاوکار جاف) لای کونسوڵخانەکان نییە بەڵکو لای دادگایە".
ڕۆژی ٧ / ١٠، لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر، لەڕێگەی بۆمبی لکێنراوەوە بەئۆتۆمبێلەکەی، عەقید (هاوکار جاف) کرایە ئامانجو گیانی لەدەستدا، هاوکار عەقیدێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی بوو، بەڵام کە دوای ٨ی تەموزی ساڵی رابردو کە ناکۆکی کەوتە نوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی پێشتری یەکێتی، لەبەرئەوەل لاهورەوە نزیک بوو، لەشاری هەولێر نیشتەجێ بوو، بەر لەتیرۆر کردنیشی بووە یەکێک لەهاوکارانی "ئەژی ئەمین"ن سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاری یەکێتی، کە ئێستا بەدوژمنی سەرسەختی سەرۆکی یەکێتی بافل تاڵەبانی دادەنرێت.
دوای تیرۆر کردنی، دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە پارتی، دانپێدانانو گرتەی ڤیدیۆیی چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتییان بڵاو کردەوە، کە گوایە ئەوان لە پشت ڕووداوی "تیرۆر"کردنی عەقید هاوکار جافەوەن، بەڵام دواتر دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی لەڕاگەیەنراوێکدا گرتە ڤیدۆییە بڵاوکراوەکانی بەسیناریۆ ناوبرد.
یەکێک لەو کەسانەی کە بەپێی دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە پارتی لەکوژرانی هاوکار جافەوە تێوەگلاوە "وەهاب هەڵەبجەیی" فەرماندەی دژە تیرۆری یەکێتییەو لەلایەن دادگای هەولێرەوە داواکراوە، لەچەند رۆژی رابردودا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کە سەردانی شاری هەولێری کردو لەگەڵ کۆنسوڵی هەندێک لەوڵاتان کۆبوەوە، وەهاب هەڵەبجەیی لەگەڵ خۆی بردبوو.
لەمبارەوە رابیحە محەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاندوە "بردنى وەهاب هەڵەبجەیی بۆ هەولێر بۆ ئیستفزازکردنى لایەنێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو بۆ بەرگریکردن بووە لەخۆی"، ئەو دەڵێت "پێویستە ئەو کەسانەی پارتی تۆمەتبارییان دەکات بچنە ناو ئەو کۆبوونەوەیە لەپێش نێردەی وڵاتان ئەگەر پرسیارێکیان هەبێت یان ڕوونکردنەوەیەکیان هەبێت لەسەر ڤیدیۆیەکە ئەویش وەکو کەسێکی ئەمنی بتوانێت وەڵام بداتەوە. "
ڕابیحە محەمەد دەشڵێت "وەهاب هەڵەبجەیی وەکو کەسێکی ئەمنی چووه، ئەگەر بابەتەکە ئەوە بێت ئەویش یەکێک لە تاوانباران بێت ئەویش دەتوانێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەری ئەگەر پرسیاری ئەوەیان هەبوو ئەویش دەبێت ئامادەیی خۆی هەبێت و بێتاوانی خۆی لەپێش هەمووان ڕوون بکاتەوە، ئێمە نوێنەری وڵاتانمان بۆ ئەوە کۆنەکردەوە بڵێین شەڕ دەکەین بۆئەوەی ڕوونی بکەینەوە کە ئێمە بێتاوانین، ئەوە پارتیە دەست بۆ ئێمە درێژ دەکات و دەیەوێت لە شوێنە هەستیارەکانی یەکێتی بدات تەنانەت دەست بۆ دەزگای زانیاری و بۆ کەسایەتیە ئەمنیە دیارەکانی ناو یەکێتی دەبات".
رابیحە محەمەد جەختیکردەوە "ئێمە تەنها دەمانەوێت ئەوە ڕوون بکەینەوە ئێمە نین شەڕمان دەوێت یەکێتی هەمیشە لایەنی ئاشتیخواز و میانڕەو بووه، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستانە دەیەوێت تاکڕەوانە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست و سلێمانی بخنکێنێت بۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەوە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنین. "
لەبەرامبەریشدا ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بردنی دۆسیەی "تیرۆرکردن"ی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆر بۆ لای کونسوڵخانەکان لەجێی خۆی نییە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دادگاوە هەیە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ئەو ناکۆکییەی سەریهەڵداوە، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی نییە، بەڵام یەکێتی دوچاری هەڵچون بوە.
عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "ئێمە ناکۆکیمان لەگەڵ یەکێتی نییە، بەڵام یەکێتی لەخۆڕا ناکۆکی دروستکردوە، ئێمەو یەکێتی شەریکی سەرەکین، یەکێتی هێزێکی گرنگی نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمە، یەکێتی توشی هەڵچون بوە لەسەر ئەو کارە تیرۆرستیەی لەناو شاری هەولێر بەدەستی کۆمەڵێک کادیری ڕویداوەو تۆمەتبارەکان داواکراون لەلایەن دادگاوە."
دەشڵێت "سەرۆکی حکومەت و دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، یەکێتی کام دەزگای هەواڵگیری دەوێ، ئەمەریکا، یاخود چین و ژاپۆن هەر وڵاتێکی دەوێ، با بێن شاهیدی لێکۆڵینەوەکان بن، بەڵام ئەوان لەوە نیگەران بون، بابەتەکە لە میدیا بڵاوکرایەوە."
چوارشەممەی رابردوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سەردانی شاری هەولێری کردو لەگەڵ کونسوڵی هەندێک لە وڵاتاندا کۆبوەوە، ڕونکردنەوەی پێدان لەبارەی کوژرانی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆرەوەو هەندێک لەو فەرماندانەی دژە تیرۆریشی لەگەڵ بو کە تۆمەتبار دەکرێن، لەوبارەیەوە عەلی عەونی دەڵێت "ئەم کێشەیە لای کونسوڵ و ڕێکخراوی خێرخوازی نییە، ئەم کێشەیە لای دادگایە، جەنابی بافڵ تاڵەبانی یان تیمێکی باوەڕپێکراوی یەکێتی دەتوانن بێنە هەولێرو چاودێری لێکۆڵینەوەکان بکەن، کاک بافڵ بە تۆمەتبارەکان دەڵێت لەگەڵم وەرن بۆ هەولێر، ئەمە کێشە دروست دەکات، بەڵام حکومەت بە سنگ فراوانییەوە مامەڵە دەکات، ئەوانە داواکراون لەلایەن دادگاوەو دە ساڵی تریش بێت، دەبێت بێنە دادگا، با بێنە دادگاو بیسەلمێنن بێ تاوانن."
لەبارەی رەخنەکانی یەکێتی نیشتیمانی لەوەی کە دانپێدانانی هەندێک لە دەستگیرکراوەکان پێش لێکۆڵینەوەی دادگا بڵاوکراونەتەوەو ئەمەش وایکردوە بڕیارەکە بە سیاسی بزانن، سەرکردەکەی پارتی دەڵێت "دانپێدانی ئەو کەسانە بە ڤیدیۆ مەوجودە، شار بە کامیرا کۆنترۆڵکراوە، کەس دەربازی نابێت، وەک چۆن بکوژی بەرپرسەکەی کونسوڵخانەی تورکیا لەماڵی کەریم خان گیرا، ئاوەهاش ئەمانە گیراون، سەردەمی نکۆڵیکردن تێپەڕیوە، بەڵگەو ڤیدیۆ هەیە."