سەنتەری پەرەپێدانی
دیموكراسی و مافی مرۆڤ، بەكارهێنانی ئەشكەنجەو زۆرلێكردن بۆ وەرگرتنی وتە لە
تۆمەتباران لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆتە "دیاردەیەكی
رۆژانە"و داوا لە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق دەكات كاربكەن
بەمەبەستی دەرچواندنی یاسایەكی تایبەت بۆ رێگری لەو دیاردەیەو هەروەك داواش دەكات و هەوڵی دامەزراندنی دادگایەكی تایبەتمەند
بە روبەڕوبونەوەی ئەشکەنجە بدرێت.
ئاوێنە: ئەو وتانەی سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ،
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا هاتون، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی
رابردودا ڤیدیۆی ئەشكەنجەدانی هاوڵاتیەك لە پارێزگای بابل بڵاوبوەوەو بوە جێگەی
باس و خواستی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و دواتر ناڕاستی ئەو وتانەی لێی وەرگیراون
دەركەوت و بڕیاری ئەنجامدانی لێكۆلینەوەو لێپرسینەوە لەو ئەفسەرەش ئەشكەنجەدانەكەی
ئەنجامداوە لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە، دەرچو.
رێكخراوەكە
رایگەیاندوە"ئەم دیاردەیە تازە نییەو هەواڵێكی سەرسوڕهێنەر نییە، بەڵام بە دەرفەتێکی باشی دەزانین کە
هەڵوێستەی لەسەر بکەین چونكە ڕۆژانە ئەم دیاردەیە دەبینین و گوێبیستی هەواڵی لەم جۆرە
دەبینەوە."
سەنتەری
پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ ئەوەشی وتوە"كەم نین ئەو بانگەشانەی كە لەلایەن
تۆمەتبارانەوە ئاماژەی پێدەکرێت لەسەر خراپی مامەڵەو بەكارهێنانی ئەشكەنجەو زۆرلێكردن
بۆ وەرگرتنی وتەكانیان لەكاتی لێكۆڵینەوەدا، تائەو ڕادەیەی کە هاوڵاتیان متمانەیان
بە دادگاکان و لایەنەکانی لێکۆڵینەوە لاواز بوە."
جەختیشی
كردۆتەوە كە "گەڕاندنەوەی متمانە بەسەروەری یاسا و سەلامەتی لێکۆڵینەوە لە
کاتی گلدانەوە لە بنکەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان هەمو ئەمانە لە ئەستۆی دادگاو
داواکاری گشتی و لایەنی پەیوەندیداری وەک وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشە."
رێكخراوەكە
وتویەتی"لەسەر
ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان تاكو ئێستاش لای ژمارەیەكی بەرچاوی دادوەران و ئەندامانی
داواكاری گشتی و پارێزەران و ئەفسەرانی لێكۆڵینەوەی پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆر ئەو
باوەڕە هەیە كە (اعتراف سید الادلە)یە." بۆیە "بە هەرشێوەیەک بێت هەوڵی
بەدەستهێنانی اعتراف دەدەن لەم ڕوانگەیەشەوە زۆربەی زۆریان وا بیردەکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی
اعتراف دەبێت جۆرێك لەجۆرەكانی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی دڵڕەقانەو نامرۆڤانە پیادەبكرێت
بۆ وەرگرتنی وتەی تۆمەتباران."
رێكخراوەكە
داوای لە ئەنجومەنی دادوەریی و دەزگای داواكاری گشتی و وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجومەنی
ئاسایش كردوە كە "پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و تۆمەتباران و رێزگرتن لەكەرامەت و
شكۆی مرۆڤ بكەنە هەوێنی سەرجەم ڕێكارەكانی لێكۆلینەوە لەتاوان و دەرخستنی ڕاستیەكان."
هەروەها لە
بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا داوای كردوە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە
زوترین کات کاربكەن بە مەبەستی دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بۆ ڕێگری و بەرگرتن لە
دیاردەی ئەشکەنجەدان و دەسەڵاتی دادوەریش لەکاتی بونی هەر بانگەشەیەکی ئەشکەنجە بەزوترین
کات لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و دەستبەجێ ئەنجام بدات و لایەنی پێشێلکار ڕوبەڕوی یاسا
بکاتەوە.
رێكخراوی
پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرڤ لەكۆتاییدا داواشی كردوە كە هەوڵی دامەزراندنی دادگای تایبەتمەند بە ڕوبەڕوبونەوەی ئەشکەنجە بدرێت
تاکو کەسانی شارەزا لەو بوارەدا بەو ئەرکە هەستن بەمەبەستی بنەبڕکردن و کەمکردنەوەی
دیاردەی ئەشکەنجە.