سكرتاریەتی نوسینی رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە رونكردنەوەیەكدا هەواڵی بڕینی
موچەی سێ "نوسەری دیاری" خۆی بە "ناڕاست" ناودەبات و دەڵێت:
د. شێركۆ عەبدوڵا لەسەر ویستی خۆی ئەو گۆشەیەی راگرتوە كە لە رۆژنامەی كوردستانی
نوێ هەیبوە.
ئاوێنە: لە رونكردنەوەكەی كوردستانی نوێدا هاتوە "لە چەند سایت و پەیجێك
هەواڵێكی ناڕاست بڵاوكراوەتەوە كە گوایە مەكتەبی راگەیاندن موچەی سێ نوسەر و رۆژنامەنوسی
دیاری خۆی بڕیوە كە ئەوانیش (دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا و د. مەغدید سەپان و سەرتیپ جەوهەر)ن."
بەپێی رونكردنەوەكەكە "لەو سێ بەڕێزە تەنیا سەرتیپ جەوهەر كارمەندی
كوردستانی نوێیە و ئەویش لە ئیشكردنی خۆی بەردەوامەو ئێستا لە ناوەندی ھەولێر دەوامی
خۆی دەکات."
ئەوەش خراوەتەڕو"دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا بە گرێبەست گۆشەی ڕۆژانەی هەبوە
لە ڕۆژنامەكەمان و لەسەر ویستی خۆی گۆشەکەی ڕاگرتوە."
هەروەها لە رونكردنەوەكەدا ئەوەش هاتوە"د. مەغدید سەپان یەك محازەرەی
بە پەیامنێرەكانمان وتوەتەوەو مانگانە دو وتاری ناردوەو لە بەرامبەردا پاداشتی لە ڕۆژنامە
وەرگرتوەو هیچ گرێبەستێكی ڕەسمی لەگەڵ ڕۆژنامە نییەو خۆشی لە ڕونکردنەوەیەكدا باسی
کردوە کە موچەخۆری ئێمە نییەو بە ویستی خۆی ناردنی وتارەكانی ڕاگرتوە."
پێشتر سەرچاوەیەك لەمەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە
نەیویست ناوی بهێنین، بە ئاوێنەی وت"بەهۆی نوسین لەسەر ئەو بارودۆخە نوێیەی
ناوخۆی یەكێتیی و بۆچونیان لەمەڕ گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی حزبەكەیان، لەسەر داوای
(ستران عەبدوڵلا) لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندی راگەیاندن (بەوەكالەت) موچەو گرێبەستی
ژمارەیەك نوسەرو رۆژنامەنوسی ناسراوی یەكێتیی راگیراوە یان هەڵوەشێنراوەتەوە، لەوانە(د.
شێركۆ عەبدوڵلا)ی تەنزنوس، (د. مەغدید سەپان) یاریدەدەری پرۆفیسۆرو مامۆستای بەشی
راگەیاندن، هەروەها (سەرتیپ جەوهەر) كە نوسەرو رۆژنامەنوسێكی دیاری یەكێتییە."
دەقی ڕونکردنەوەکە ...
لە چەند سایت و پەیجێك هەواڵێكی ناڕاست بڵاوكراوەتەوە
كە گوایە مەكتەبی ڕاگەیاندن موچەی سێ نوسەر و ڕۆژنامەنوسی دیاری خۆی بڕیوە.بۆیە ئەم
ڕونكردنەوەیەمان بە پێویست زانی:
یەكەم: لەو سێ بەڕێزە تەنیا سەرتیپ جەوهەر كارمەندی
كوردستانی نوێیە و ئەویش لە ئیشكردنی خۆی بەردەوامە و ئێستا لە ناوەندی ھەولێر دەوامی
خۆی دەکات.
دوەم: دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا بە گرێبەست گۆشەی ڕۆژانەی هەبوە لە ڕۆژنامەكەمان
و لەسەر ویستی خۆی گۆشەکەی ڕاگرتوە.
سێیەم: د. مەغدید سەپان یەك محازەرەی بە پەیامنێرەكانمان
وتوەتەوە و مانگانە دو وتاری ناردوە و لە بەرامبەردا پاداشتی لە ڕۆژنامە وەرگرتوە
و هیچ گرێبەستێكی ڕەسمی لەگەڵ ڕۆژنامە نییە و خۆشی لە ڕونکردنەوەیەكدا باسی کردوە
کە موچەخۆری ئێمە نییە و بە ویستی خۆی ناردنی وتارەكانی ڕاگرتوە.
سكرتاریەتی نوسین