2020-03-29   458     
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەپێی یاسای رۆژنامهنوسی ژماره (35)ی ساڵی 2007، گشت ئەرك و مافەكانی رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن دیاریكراوە، حكومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆر بە ئازادییەكان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەدات لە هەر ئاستێكدا بێت بەتایبەتی لە بواری رۆژنامەنوسیدا.
26ی ئەم مانگە، لیژنەی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنوسان CPJ راپۆرتێكی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دەستدرێژی كردنە سەر رۆژنامەنوسێك بە ناوی عەدنان رەشیدی، لە لایەن چەند كەسێكەوە كە خۆیان بە ئاسایش ناساندوە.
بەپێی راپۆرتەکەی CPJ، دوای ئەشكەنجەدان و سوكایەتیپێكردن و هەڕەشەكردن لە عەدنان رەشیدی و خانەوادەكەی كەلوپەلی رۆژنامەنوسییان لێی سەندوە، لیژنەی ناوبراو داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە تاوانباران ئاشكرا بكات و بیانداتە دادگا.
دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە رایگەیاند، "بەپێی میكانیزمێك لە نێوان نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان و لیژنەی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنوسان CPJ و زۆربەی ئاژانسەكانی تایبەت بە پرسەكانی مافی مرۆڤ، بەر لەوەی راپۆرتی خۆیان بڵاوبكەنەوە سەبارەت بە هەر پرسێك لە كوردستان نووسینگەكەمان ئاگاداردەكەنەوە لەو تێبینی وسەرنجانەی كە دەربارەی هەرێمیان هەیە و داوای رونكردنەوە و وەڵام دەكەن، لە هەمان كاتدا لە راپۆرتەكانیاندا ئاماژەی پێدەكەن، بەڵام لەم راپۆرتەیاندا سەبارەت بە كەیسی رۆژنامەنوس عەدنان رەشیدی پێشتر ئێمەیان ئاگادار نەكردوەتەوە".
سەبارەت بە كەیسی رۆژنامەنووس عەدنان رەشیدی كە لە راپۆرتی لیژنەی نێودەوڵەتی پاراستنی رۆژنامەنووسان CPJ ئاماژەی پێكراوە، دیندار زێباری باسی لەوەشکردوە، "رۆژنامەنوس عەدنان رەشیدی لە شارۆچكەی پێنجوین لە رۆژی 17-3-2020 سكاڵای لەسەر دو كەسی نادیار تۆماركرد و بە دەستدرێژی كردنە سەر و بردنی كەلوپەلی رۆژنامەنوسی و لێدان و ئەشكەنجەدان تۆمەتباری كردن، لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم دەستیان كرد بە لێكۆڵینەوە لەو بابەتە ودوای بەدواداچون توانر چەند كەسێك دەستگیر بكرێن".
ئاماژەی بەوەشکردوە، گومان دەكرێت ئەو دو کەسە دەستیان هەبێت لە روداوەكە و رۆژی 27-3-2020 لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ناوچەیە بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی پێنجوێن توانیان تۆمەتباری سەرەکی (ک. م. س) تەمەن 30 ساڵان دەستگیر بکەن، لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناو ناوی تۆمەتباری دوەمی روداوەکەی ئاشكرا كرد (ج. ح. غ)ـە و تەمەنی 37 ساڵانە، ئەویش بەپێی یاسا دەستگیركراو كەلوپەلەکانی رۆژنامەڤانەکەی لێ وەرگیرایەوە، ئێستا ههردو تۆمهتبار بهپێی ماددهكانی (421) (405-31) لهیاسای سزادانی عێراقی راگیراون.
ئەوەشی خستەڕو، بەپێی یاسای ڕۆژنامهنوسی ژماره (35)ی ساڵی (2007)، لەم یاسایەدا گشت ئەرك و مافەكانی رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن دیاریكراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە ئازادییەكان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەدات لە هەر ئاستێكدا بێت بەتایبەتی لە بواری رۆژنامەنوسیدا.
دیندار زێباری رونیکردوەتەوە، "ناكرێت پیشەی رۆژنامەنوسی ببێتە هۆكارێك بۆ بەزاندنی ئازادی كەسانی تر وهۆكارێك بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی".