سەنتەری میترۆ بۆ
داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان لە بەیاننامەیەكدا لەژێر ناونیشانی "نا
لەئێستادا" داوا لە دامەزراوەكانی میدیاو رۆژنامەنوسانی كوردستان دەكات، پەلەنەكەن
لە پشتیوانی پرۆژە یاسای دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای میدیا، لەم قۆناغەدا داوای جێبەجێكردنی
یاسای رۆژنامەگەری بكەن.
ئاوێنە: سەنتەری میترۆ، ئەمڕۆ شەممە،
لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لە چەند شوێنێكەوە لەوانەش سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، یەكێتی
ئافرەتانی كوردستان، چەند مامۆستایەكی زانكۆ، كۆڕوكۆبونەوە بە دامەزراوەكانی میدیاو
رۆژنامەنوسان دەكەن بەئامانجی گفتوگۆ لەبارەی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی باڵای میدیا لە
هەرێمی كوردستان .
سەندیكای رۆژنامەنوسانی
كوردستان لە كۆبونەوەی ناوخۆیی لە ژێر ناوی (كۆنفرانسی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی چوارەم)،
بریاریداوە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆنگرەی داهاتویان جەختكردنەوە بێت لە" كاركردن
لەسەر رێكخستنی بواری میدیا لەكوردستان، لە رێگەی پرۆژە یاساكانی ئەنجومەنی باڵای
میدیاو یاسای بینراو بیستراو"، تا ئێستا پرۆژە یاساكانیان بۆ رایگشتی بڵانەكراوەتەوە.
بەڕێوەبەری میترۆ، لە
یەكێك لەو دیدارانە ئامادەبو، بە راشكاوی رای خۆی لەسەر پرۆژە یاساكە خستەڕو.
بەگوێرەی بەیاننامەكەی میترۆ لە ساڵی 1992وە، پەرلەمانی هەرێمی
كوردستان (6) یاسای لە بواری چاپەمەنی و رۆژنامەگەری و زانیاری دەركردوە كە بریتین
لە یاسای چاپەمەنی هەرێمی كوردستانی عێراق، ژمارە (10) ی ساڵی 1993، یاسای سەندیكای
رۆژنامەنوسانی كوردستانی عێراق، ژمارە (4) ی ساڵی 1998، یاسای بڵاوكردنەوە لە رۆژنامەی
رەسمیدا (وەقایعی كوردستان) ژمارە (4)ی ساڵی 1999، یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەوانی
كوردستان ژمارە (13)ی ساڵی 2001، یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، ژمارە (35) ی ساڵی
2007، یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی
كوردستان-عێراق.
میترۆ وتویەتی، لە
پاڵ ئەم یاسایانە وەزراەتی رۆشنبیری رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2014، رێنمایی رێكخستنی
فریكوانسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان كە وەزارەتی رۆشنبیری دەریكردوە (سەرباری سەرنجمان
لەسەر ئەو رێنماییانە.)
ئەوەشی خستۆتەڕو"یاسامان
زۆرن بۆشاییەكی ئەوەنە گەورە دروست نەبوە تا ئەنجمومەنێكی باڵای میدیا قوتبكەینەوە،
بەڵكو گرنگ جێبەجێكردنی یاساكانی پێشوە."
سەنتەری میترۆ جەختی
كردۆتەوە"ئەگەر مەبەست لە دامەزراندنی ئەنجومەنێكی لەو شێوەیە زامنی رەوشتی پیشەیی
بكات و كاری میدیا رێكبخات، ئەوە یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان ،ژمارە (35) ی ساڵی
2007و پاشان بەڵێنامەی شەرەفی فیراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنوسان وەك پێوەرێك بۆ جیبەجێكردنی
ئەركی پیشەیی، دەتوانن لەم قۆناغەدا پشتیان پێببەسترێت و پەنا بۆ دەركردنی یاسای
تر نەبرێت."
سەنتەری میترۆ بۆ
داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوای لە دامەزراوەكانی میدیا و رۆژنامەنوسانی
كوردستان كردوە، پەلەنەكەن لە پشتیوانی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای میدیا، لەبری
ئەوە با كۆششی دەستەجەمعی هەبن بۆ پشتیوانی یاسای رۆژنامەگەری و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی.
بۆ ئەوەی بە تەواوی یاساكە نەخرێتە ناو ژوری ئەرشیفی دادگاكان.
لەگەڵ ئەوەش وتویەتی"ئەمەش بەو مانایە نییە ئەنجومەنێك بۆ رێكخستنی
كاری میدیای هەڵەیە، چونكە لە هەندێ سیستمی دیموكراسیدا ئەم ئەزمونە پیادەكراوە، بەڵام
لە وڵاتێكدا كە دەسەڵاتەكانی جیا نەكرابنەوە، دەزگا سەربەخۆكانی بە "بەش بەشكاری"
حزبەكان دابنرێت، هیچ زەمانتێك نییە بۆ ئەوەی خەمی ئەنجومەنەكە فراونكردنی ئازادی
كاری رۆژنامەنوسی بێت."