نەجات نوری
لە هەر جێگەیەك هەق هەبێت، پیت و دەنگ نییە.
خەڵكی عەوام
(من و مەولانا) سەرگوزەشتەی شەمسی تەبرێزی، كتێبێكی شەمسی تەبرێزیە لە ژێر ناوی مەقالات، ولیەم چیتیك لە فارسیەوە كردوویەتی بە ئینگلیزی و ئاوات ئەحمەد سوڵتان لە ئینگلیزیەوە كردوویەتی بە كوردی لە نێوان381 لاپەڕەدا و وەكو نیشاندراوە سێ لەسەر چواری بەرهەمەكەی شەمشە نەك هەمووی، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە بۆ ساڵی 2023. بەشەكانی ئاوا دیاری كراوە: ساڵەكانم بێ مەولانا، ڕێگەم بۆ لای خوا، كاتم لەگەڵ مەولانا.
محەمەد مەلەكداد ناوسراو بە (شەمسی تەبرێزی) ساڵی 1185 لە تەبرێز دێتە دونیاوە و لە ساڵی 1248 شاری خوی لە تەمەنی 63 ساڵیدا كۆچی دوای دەكات، ساتی مەرگ و شوێنی گۆڕ و وتەكانی دوای خۆی سەدان بۆچوون و چیرۆكی بە دوای خۆیدا دەربارەی ئەم دەروێشە هێناوەتە گۆڕێ لەناو بیرمەندان و نوسەران و ئیمانداران دا، كەس نكۆڵی ناكات كە شەمش بیرمەند و شاعیر و سۆفیەكی سەرهەڵگرتوو بووە، ساڵی 1244 بە دیداری جەلالەدینی ڕۆمی لە قۆنیا دەگات، ئەم دیدارە دەبێتە یەكێك لەو دیدارانەی كە لە مێژوودا زۆرترین گفتووگۆی لەبارەوەكراوە، دەیشبێتە هۆكاری سەرهەڵدانی چەندین بۆچوون و نوسینی جیا جیا و ناكۆك دەربارەی دۆستایەتی نێوان سۆفی و بیرمەندان، چاكە و خراپەكەی ئەم دیدارە چەند كورتیش بووبێت زۆر لەوە قووڵتر بە سەدان تێڕامانی جۆر بە جۆرەوە خۆی لەناو كایەكانی ئەدەب و نووسیندا هێڵایە، ڕۆژگارێك نیە تاكو ئەم ساتانەش لەگەڵ ناوی شەمشدا لاپەڕەكانی ژیانی هەڵنەدرێتەوە و بەو جیهانە شاراوەی تەمەنیدا بە عیرفان و دەروێشی و بۆچوونەكانیدا شتی نوێ نەیەندرێتە كایەوە. وەكو لە ژیانی شەمسدا ئاماژەی پێ دراوە هەمیشە وەكو دەروێشێكی سەرهەڵگرتوو هەر لە تەمەنی لاویەوە بە شار و وڵاتاندا گەڕاوە و لە هیچ شوێنێك ئارامی نەگرتووە و لەم هاتنووچوونەیدا خواستی ئەو دەستگەیشتنبووە بە زانین و بینینی زانا و كەسانی گەورە، لە بەغدا و حەلەب و دیمەشق و قۆنیە چۆتە مەجلیسی زانیان و بەرەنگاری گفتووگۆكانیان بۆتەوە، بە گێڕانەوەكانی فەرەیدون سپاسالاری شەمش لە هەچ كاروانسەریەكدا بمایاتەوە وەكو بازرگانێك خۆی دەرخستووە و قوفلێكی گەورەی لە دەرگای ژوورەكەی دەدات وەكو ئەوەی كە كاڵای گرانبەهای تێدابێت بەڵام جگە لە حەسیرێكی شڕ هیچی تری نەبووە، زۆركات فەرەنجی ڕەشی پۆشیوە و بایەخی بە جلوبەرگ و خواردن و نەرێتە كۆمەڵایەتیەكان نەداوە، پشتی كردۆتە هەموو ئەو شتانەی ناو كۆمەڵگا كە كاتی مرۆڤیان كوشتووە و مرۆڤ هیچی لێوە فێرنەبووە، خۆی بە شتە لاواز و پووچەكانی دەووروبوریەوە سەرقاڵ نەكردووە و تا بۆی كرابێت لێیان هەڵهاتووە و وەكو خۆی دەڵێت: من لە دنیادا هیچ ئیشێكم بە خەڵكی عەوام نییە، بۆ ئەوان نەهاتووم. ئەوانەی ڕێنماییكەری خەڵكن، پەنجە دەخەمە سەر ڕەگی ئەوان... كەسێكم دەوێ لە جنسی خۆم، تا بیكەمە قیبلە... من موریدان ناگرم... بەم تێڕامانەوە شەمس كۆمەڵگا دابەش دەكات بەسەر دووبەرەی جیاوازدا و لەبەری خەڵكی عەوام و نەزان كەنار دەگرێت و ڕووە و كەسانی زانا وەكو شەپۆلێكی بەهێز خۆی دەناسێنێت، وەكو ئەوەی كە باسی منداڵی خۆی دەكات لە پێشەكی كتێبەكەیدا دەڵێت: هاتوومە دنیا تا چاو بگێڕم، ئەم چاو گێڕانەی شەمس چاو گێڕانێكی ئاسایی و كوێرانە نیە، بیین بۆ ئەو دەیكات بە لاوێكی سەیر تا كولانەی مریشك و زەریا دەبێتە چەقی بیركردنەوە و دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرێت كولانە بۆ ئەو چەمكی دواكەوتووی و خۆ ژیاندنێكی گوندنشینانەیە، بە دیوێكی تردا دابڕانە لە زانین و پاشەكشیە لە فێربوون، زەریایش گەیشتنە بە قووڵای شتە نەزانراو و ونبووەكان و دەرگای گەیشتن بە فێربوون، دەبێت بۆ گەیشتن بە مەعریفە پێیدا گوزەربكەیت ئەگەرچی مەلەوانێكی نەزانیش بیت چونكە فێربوون قوربانی گیان و بیری دەوێت.
بەرەو زەریا
لە نێوان كولانەی مریشك و زەریادا شەمس ملی ناو قووڵایی زەریا دەگرێت و پشت دەكاتە باوك و دایك و خەڵكی گوند تا خۆی بدۆزێتەوە و ڕووخساری خۆی لە كونجێكی تری جیهاندا پیشانی كەسانی تر بدات، ئەم چاوگێڕان و هەڵوێستانەی شەمس جیاوازی گەورە دەخاتە نێوان خۆی باوكیەوە، باوك وەكو ڕۆحێكی پیرۆز و بە بەها بەجێدەهێڵێت و بە شوێن ئەو قووڵایانەدا دەچێت كە تێیدا دەیەوێت بگات بە ناسنی خۆی: بابە، دەبینم زەریا بووە بە ئەسپم، بووەتە ماڵ و حاڵم، گەر تۆ لە منیت یان من لە تۆم، وەرە ناو زەریا. ئەگەر نا بڕۆرەوە بۆ كولانەی مریشكەكان. ئێوە لەوێدا چەقیوون... گوتی: تۆ لەگەڵ دۆست ئاوابیت، لەگەڵ دوژمن چۆن دەبیت؟ ئەم دابڕان و بەرەنگاریە لەگەڵ باوكدا لە ژیانی شەمسدا سەرەتایەكە بۆ كارێكی گەورەتر كە دەبوو بیكات تا ئەوەی خواستێتی بتوانێك لە گۆشەیەكی تری جیهانەوە فێری ببێت و ئەوەی وەكو باوەڕ پێیەتی بە كەسانی تری بگەیەنێت، بۆ شەمس دابڕان لە كولانە و گەیشتن بە زەریا دابڕانە لە نەزانی و گەیشتنە بە چەقی زانیین، ئەو دەڕوات و لە ڕۆیشتندا وەكو زۆركەس لە جیهاندا بێ ناو و بێ ناونیشان نابێت، بەڵكو ناوێكی دەسگیردەبێت كە وەكو دەروێشێك لە بوارەكانی ئاین و شەرع و تەسەوفدا ناوی بە ناو كۆڕی ئیمانداران و كەسانی تردا باڵ دەكێشێت... لە منداڵی خۆیەوە لەو چاوگێڕانە وردانەی بۆ بینینی شتەكان شەمش خۆی دەدۆزێتەوە و لە نێوان خۆی و باوكیدا كە باوك بۆ ئەو هێنانەبوونی گیانێكی بێ ڕۆح و ئاساییە نەك عەشق و زانین بەمەش دیوارێكی گەورە هەڵدەچنێت و دەرگای باوك بەرەو كەنارێكی دوور و نادیار بە جێدەهێڵێت: پیاوی چاك شتێكە، عاشق شتێكی دیكەیە، ئاوا لەتەك باوێكی چاكەوە بەرەو دۆزینەوەی ئەو عاشقەی كە نازانێت كەوتۆتە كام كەناری جیهانەوە ملی ڕێگا سەخت و دوورەكان بۆ دۆزینەوەی عەشق دەگرێتەبەر و لەگەڵ خۆیدا هەزاران پرسیار دەباتە كۆڕی مەولانان و دەیان سۆفی و زانای ترەوە... ئەم عەشقە كە دەكاتە دۆزینەوەی ڕێگای دەروێشی ئاوا دەستی پێكردووە بۆ شەمس: لەشاری خۆمدا غەریب بووم. بابمم لا نامۆ بوو. دۆزنەوەی خۆی، خودا پەرستی و ناخی خۆی هەر لەلای خۆی بە شاراوەی دەهێڵێتەوە و تەنانەت بۆ باوكیشی نادركێنێت، ئاوا لە شار و لە باوكی دادەبڕێت و وەكو دێوانەیەك وەكو دەروێشێك غەریبانە خۆی فڕێدەداتە ناو شەپۆلی ئەو زەریا مەزنەی كە بە زەریای زانیین لای ئەو ناسراوە و لەوە ناترسێت تێیدا لەناوبچێت، ئاوا شەمس دەردەكەوێت و بە كرانەوەی ناخی خۆی دەگات واز لەو هەموو گومان و پرسیارە ناتەواوانە دێنێت و بە گڕی ئەو ڕوناكیە دەگات كە بە زۆركەس نا دۆزرێتەوە لە دەورووبەریدا، ئەو بەشوێن خۆیدا دەگەڕێت، بە شوێن خۆدا گەڕان بۆ شەمس هەم ئەوە دەردەخات كە مرۆڤ دەبێت بیر و ڕۆحی لە گیانە تەمەڵ و چڵكن و خەواڵوەكەی وەكو دیلێك ڕزگاربكات و هەم كە ڕزگاری كرد بیكاتە ڕۆحێك تا ئازادانە بە عالەمی زانینی بگەیەنێت، وەكو دەبینین كە ئەم زانینانەی ناو ئاین و تەسەوف و ئیمان و خوداناسی دواجار چی بەسەر گیان و بیر و ڕۆحی مەولانادا دێنێت كە بە شەمس دەگات، دەبینیین كە زانینەكانی لەسەر ئاین و ئیمان چ ڕەخنە و بۆچوونی جودا لەناو كۆڕی یارانی تەسەوف و ئیمانداراندا دێنێتە كایەوە: گوتم: جوانییە خۆت باشترین بەش بخۆیت و خراپترینیش بۆ خوا بكەیت بە خێر... نیشانەكانی كامڵی بۆچوون و تەسەوف و ئیمانداری شەمس ئاوا ناوازانە هەموو بەها كۆن و خراپەكاری ناو كۆڕی ئیمانداران لەبەر یەك هەڵدەوەشێنێـت و بە هەموو توانای خۆیەوە بە گژ ئەوانە دەچێتەوە كە بۆ هەندێك دەستكەوتی مادی ئیمان و ئاین بە كار دەهێنن و خەڵكی پێ فریوودەدەن، شەمس ئەو مامۆستا زمان ڕەوانەبووە كە هەمیشە بە ڕەقی و بە گرانی هاتۆتە ناو كۆڕی ئیمانداران و خوێندكارەكانی خۆیەوە و درێغی لە وتنی ڕاستیەكان نەكردۆتەوە و بە ڕەقیش لەگەڵ كەسانی تر و شاگردەكانیدا ڕەفتاری كردووە، ئەمە ئەو كاتانە بووە كە لە چەند شارێك وەكو مامۆستا وانەی وتۆتەوە: كۆمەڵێك شاگردم هەبوو، لەڕووی نەرمی و ئامۆژگارییەوە، بە ڕەقی دەمدواندن... ئەم ڕەقیەتیە بۆ شەمس ڕەنگە بۆ ئەو هۆكارەبێت تا شاگردەكانی بتوانن هەست بە خۆیان و بە تەمەڵی ڕۆحیان بكەن و بگەڕێنەوە بۆ فێربوون و ناسینی خۆیان، وەكو لە نموونەكانی خۆشیدا لە ژیانی مامۆستاییدا دەردەكەوێت ئەم ڕەفتارانەی كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر قوتابیە شەڕانی و تەمەڵ و بێگوێكانی و كردوونی بە كەسانی زیرەك و ئەدەب و لێهاتوو... شەمس تێڕوانین و ڕەفتاری بۆ زۆرشتی دەووروبەری ئەوەندە جودابووە كە خۆی پێ دروستكردووە و خۆی پێ ناسیوە و بە شوێن ون بوونی خۆیدا گەڕاوە، وەكو دەبینین چی دەڵێت: دەمگوت: خۆزگە ئەو جلانەی كە هەمە لێمیان دەسەند و خۆمیان دەدایەوە بە خۆم... هەر چیمان هەیە دەیانبرد و و ئەوەیان پێ دەداین كە بەڕاستی هیی ئێمەیە... وشەكانی هی ئێمە و خۆم و بە خۆم بۆ شەمس ڕازیكردنی خۆیەتی بە ئیمانێك كە نابێت چیتر وەكو كەسانی تر بێت و بە ڕووكەش ئیماندار و دەروێش و سۆفی بێت، خۆمیان دەدایەوە بە خۆم ئەو گەشتە پڕ مانایەیە كە شەمس هەر لە لاویەوە پێویستی پێ بووە و دەستی پێ دەكات و بۆ خۆ دۆزینەوە ڕێگای سەختی بۆ ناسینی خودا و خۆی كە پێویستیەكی هێجگار گەورەیە تا بە ئامانجەكانی بگات، دەبینین كە شەمس لە پێناو خۆیدا لە پێناو دۆزینەوەی خۆیدا بە چ دەنگێك بانگ لە ناخی خۆی دەكات: پێویستە هەندێك جار پیاو لە بیابان بێت، هەندێك جار لەبەردەم شمشێردا، هەندێك جاریش لە زستاندا سەفەربكات... بیابان و شمشێر و ساردی سێ ڕێگای هێجگار سەخت بۆ خۆناسین و خۆدۆزینەوە، بیابان بۆ شەمس ئەو شوێنەیە كە پێویستە ئینسانی وریا و زانا كە گەیشتە ناوی و ڕێگەی تێكەوت بزانێت چۆن چۆنی پێدا تێدەپەڕێت و دەگاتە شوێنی ئاوەدانی، ئەم لێ دەرچوونەش لە بیابان بۆ شەمس دەرچوونە لەو تاقیكردنەوانە سەختانەی كە خودا دەیهێنێتـە ڕێگەی بەندەكانی، بیابان بۆ شەمس ئەو جیهانە وشك و مەرگەساتاویەیە كە دەبێت مرۆڤ زۆرباش تێیدا خۆی بۆ زانین ئامادەبكات، ئەو نەزانی و گەمژەییە كە ئەگەر باش خۆتی تێدا بۆ ڕزگاری ئامادەنەكەیت ئیتر لە ئیمان و لە خودا و لە فێربوون دادەبڕێیت... بیابان بۆ شەمس قووڵاییەكە كە دەبێت مەلەوانێكی كارامەبیت بۆ ئەوەی بە گەیشتن بە ماناكانی ژیان تێیدا پەلبكوتیت... شمشێر بۆ شەمس هێمایەكی هێجگار گرنگ و قووڵە، گۆڕەپانی جەنگە، خوێن و مەرگە، شمشێر ئەو مانایەیە كە مرۆڤ دەبێت وەكو زانین و وەكو مەرگیش لێی بڕوانێت، جیهان گۆڕەپانی جەنگێكە پڕە لە جەنگاوەری شمشێر وەشێن، ڕووبەڕووبووەنەی ئەم جەنگاوەرانە و بردنەوەی جەنگەكە لێیان بە زۆر مرۆڤ ناكرێت، ژێر دەمی شمشێر ساتی تۆقین و مەرگە، ئەمە هێمایەكە بۆ ئەوەی كە شەمس لە چەند ڕووەوە ئاماژە بە نەزانی مرۆڤ دەكات، مرۆڤی نەزان نا كرێ لە زانینی خوداوە خۆی فێری زانین و بەخشندەی و ئەخلاق نەكات و نەگەڕێتەوە بۆ لای خودا، بە دیوەكەی تریشدا مرۆڤ ناكرێ وەكو نەزانێت لە جیهاندا بە دیار گیانی مردوو و نەزانینی خۆیەوە دابمێنێت و لە گۆڕەپانی جەنگ و تاواندا خۆی بهێڵێتەوە و ئاوڕ لە بوون و ماناكانی مرۆڤ بوون نەداتەوە، شمشێر ئاوا بۆ شەمس هێمای ئەو هێزە شەڕانی و نەزانەیە یان دەبێت خۆتی ڕادەستبكەیت یان دەبێت بە زانیین تۆ بەسەر هێزی شمشێرەكەدا سەربكەوێت، لە تاقی كردنەوەیەكە دەربچیت كە پێویستی بە عەقڵ هەیە... ساردی زستان بۆ شەمس ئەو وێنە هەزار ڕەنگەیە كە مرۆڤ تێیدا خۆی دەردەخات و وەكو گیانێكی بە ئاگا لە ناو كڕێوە و بەستەڵەكی بێ ئاگایدا سەفەرەكانی بۆ ناو گەرمیەك بۆ دۆزینەوەی گەرماییەك دەست پێ دەكات كە دەكاتە هێمای ژیانەوەی مرۆڤە، مرۆڤ ئەگەر هەر لە بەسەتەڵكیەكدا مایەوە كە هێمایە بۆ ساردی عەقڵ و نەزانی گیان لەلای شەمس ئیتر ئەو مرۆڤە هیچ نیە و لە هیچدا خۆی ون دەكات، سەفەر لە ساردی زستاندا بۆ پیاو ئەو هەنگاوانەیە كە خۆی دۆزیوەتەوە و پێویستی بە دۆزینەوەی جیهانێكی ترە تا تێیدا جگە لە ساردی گەرمیش تاقی بكاتەوە، پەردەی ساردی لەسەر گیان و ڕۆحی لابدات و خۆی بۆ گەیشتن بە قۆناغێكی تری ژیان لە جیهانێكی فراوانتردا ئامادەبكات.
تۆ كێیت؟
یەكێك گوتی: خوا یەكە، وەڵامم دایەوە: جا تۆ هەقت چییە بەسەرەوە؟ تۆ لە جیهانی پەرشوبڵاویدایت، سەدان هەزار گەردی خۆڵا، هەر گەردێكی خۆڵا بەلایەكدا بڵاوبووەتەوە، سیس بووە، بووەتە بەستەڵەكی جیهانان. ئەو بەڕاستی یەكە. ئەو بوونی دێرینە. تۆ چیتە بەسەریەوە؟ خۆ تۆ وانیت.
لەم دێڕانەی شەمسەوە كە پێ دەچێت وەڵام بێت بۆ كەسێكی لە خۆبایی، درك بەوە دەكەین كە وەڵامی زۆر ورد و قووڵی بۆ زۆر پرس و گرفتی مرۆڤی سەردەمەكەی خۆی پێ بووە و لەناو ئەو گرفتانەدا پێ دەچێت زۆركات گفتووگۆی تووندی لەگەڵ دەوورووبەرەكەیدا كردبێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بۆ ناسینی خۆی بەئاگا بهێنێتەوە، پرسی ناسینی مرۆڤ بۆ شەمس پێ دەچێت ئەو قوتابخانەیە بووبێت كە تێیدا دەیان و سەدان وانەی تێدا وتبێتەوە و تەنیا بە وشە گفتووگۆی تێدا كردبێت، ئەو خۆی شتێك دەڵێت: من ڕانەهاتووم بنووسم... ئەم ڕانەهاتنە بۆ نەنووسین و ئەم هەمووگەڕانی بە وڵاتان و شاراندا، ئەم هەموو گفتووگۆیانە لە گۆڕەپان و شوێنەكانی تردا لە خۆڕا نەهاتۆتە ناو بیری شەمسەوە ئەگەر زۆرباش ئاگاداری بیری سوكراتی فەیلەسوف 470-399 لە وێناندا نەبووبێت و پێی سەرسام نەبووبێت بە تایبەت لە ڕووی كاریگەری هونەری وتاربێژیەوە، وتاربێژی و كاریگەریەكانی بۆ شەمس ئەو ڕێگایەبووە كە سوكرات گرتوویەتیەبەر و شەمسیش پێیدا هەنگاوی ناوە بۆ دەربڕین و گەیاندنی پەیام و وانەكانی، ئاخر ئەگەر شەمس خۆی ڕایبگەیەنێت كە ڕانەهاتووە بە نووسین و دوای خۆی قوتابیەكانی وتە و وانەكانی لە كتێبێكدا كۆنەكەنەوە، ئێمە درك بەوە دەكەین كە شەمس بە هەمان ڕێگای سوكرت دا گەشتە دوورودرێژەكەی دەست پێ دەكات و بایەخ بە گفتووگۆ دەدات و پشت دەكاتە نوووسین... لە ڕووی چارەنووسیشەوە سوكرات و شەمس وەكویەك وابوون و هەر دووكیان لە پێناو كاریگەری وشەكانیاندا دەكوژرێن.
ئەم ڕێگایە بۆ گفتووگۆ لەلای شەمس لەوەدا دەگاتە لووتكە كە مەولانا جارێك پێَی دەڵێت: لەوەتەی تۆم ناسیوە، هیچكام لەم كتێبانە تامیان نەماوە... زۆركەس بە مەولانایشەوە كەوتوونەتە ژێر كاریگەری وشەكانی شەمسەوە و زۆركات لە مانای وشەكانی سڵیان كردۆتەوە و بە كوفر و خراپەیان زانیووە: ئەی بۆ مانای وشەكانم چی دەكەن؟ شەمس هێجگار بایەخی بە مانای وشەداوە و لە خۆڕا هیچ وشەیەكی نەدركاندووە، ئەو خۆی بە دەنگی بەرز بە هاوەڵەكانی دەڵێت: پێویستە خۆت لەناو هزرە تەسكوتروسكەكاندا نەهێڵیتەوە... شەمس داوای ناسینی مرۆڤ لە مرۆڤ خۆی دەكات و ئەو دەرگایانە لەبنەوە هەڵدەتەكێنێـت كە مرۆڤ دەیەوێت لەو دیویانەوە فێری شتبكرێت و ڕزگاربكرێت، ناسینی مرۆڤ خۆی لەلای شەمس ئەو بنەما گرنگەیە كە دەبێت مرۆڤ پێوەی پێوەی پابەندبێت، مرۆڤ ناكرێت لە ناخەوە كەسێك بێت و بە ڕووخساریش كەسێكی تر... جیاوازیی نێوان من و پیاوە مەزنەكان ئەوەیە كە ئەوەی لە ناخمدایە ڕێك ئەوەیە كە لە ڕووخسارمدایە، ئەمە جیاوازیەكەی نێوان شەمس و كەسانی ترە كە شەمس ژیانی خۆی پێوە گرێداوە و خۆی لەكەسانی مەزن پێ جیادەكاتەوە، بۆ شەمس مرۆڤ ناكرێ دووڕووبێت، مرۆڤ ناكرێ لە ژێر پەردەی جۆراو جۆردا خۆی بە خەڵك بناسێنێت و لە ناخیشدا شتێكی تربێت، ناكرێ بە ڕووخسار دۆستی خەڵك و ئیمان و خودابیت بەڵام لە ناخەوە دووژمن و فێڵزان و خەڵەتێنەربیت، ئاوا شەمس ئەو جەنگە بەرپا دەكات دژی ئەو مرۆڤانەی كە گەمژە و ساختەچی و خەڵەتێنەری ناو كۆمەڵگان، بانگی زۆركەس دەكات تا وەكو مرۆڤ خۆی كۆبكاتەوە و واز لە هەندێك وشەی ناو دەقە ئاینیەكان و فەرموودە و شێخەكانی بهێنیـَت و بە فریایی ناسینی خۆی بكەوێت، ئەو مرۆڤەی كە خۆی ناناسێت هەزارساڵ بانگەوازبكات كە خودا تاكو تەنیایە لە كاتێكدا خۆی بۆ مادە و بۆ خۆژیاندن و فریودان خۆی كردبێتە سەر پارچە چ سوودێكی لە بانگەوازەكەی دەبینێت، هەموو قسەیەك دەبێت لەلای ئەو كەسانەی كە خۆیان دەناسن و چوونەتە سەر ڕێگای باوەڕیان دەبێت بە كرداریش پەیڕەوی بكەن، لە دەرەوەی ئەمە هەموو شتێك بەتاڵ و پووچە و دەبێتە سووكایەتی بۆ تەمەنی خاوەنەكەی، زۆركات شەمس لە تاو گەمژەی و نەزانی زۆر شێخ و مەلاو كەسانی تر كە لەژێر پەردەی ئیمان و ئایندا كە خۆیان و خەڵكیش دەخەڵەتێنن زۆر تووند قسەی ناشیرینیان پێ دەڵێت و زۆر تووند سەرزەنشتیان دەكات، بۆ شەمس ئەوە ڕوونە كە ئاین و ئیمان و تەریقەت لەلای زۆركەس كراوەتە هۆكاری خۆ ژیاندن و خەڵك فریودان و دەستكەوتی دونیایی، ئەوە شەمسە كە بانگ لە مرۆڤ دەكات و ئاوایان پێ دەڵێت: ئەوەی خۆی بناسێت خوای خۆیشی دەناسیت، خۆناسین هۆكارە بۆ خودا ناسی، لەگەڵ خۆناسیندا مرۆڤ كامڵ دەبێت و دەزانێت خۆی كێوە و چی لە دونیا و خودا دەوێت ، ئەوەی شەمس كاری بۆ دەكرد لەناو خەڵكدا ئەوەیە كە بە هەمووكەسێك دەڵێت: تۆ كێیت؟ تۆیەك خودا خوڵقاندبێتی و هەر ئەویش بتباتەوە بۆ لای خۆی دەبێت تۆ ئیتر بە خۆت بڵێت: من كێم؟ ئەم كێ بوونە ئاوڕدانەوەی لە ڕۆح و ئیمان و عەقڵی خۆت، خۆت ئەوەیت كە دەبێت خۆت لەناو خەڵكیدا بدۆزیتەوە تا ببیتە خوداناسێك لە هەچ پلە و كارێكدا بوویت هەق پەیڕەوبكەیت و بەلای هەقدا لە پێناو چاكەی خەڵكیدا هەنگاوبنێت... ئەوەی شەمس وێڵ بووە بە دوایدا گەڕانەوەی مرۆڤ بووە بۆ ناسینی خۆی، ئەوەی لە خەڵك ویستووە پێش ئەوەی قسە بۆ خەڵك بكەیت و ڕێنیشاندەری خەڵك بیت، جارێ قسە بۆ خۆت بكە و خۆت بدوێنە و خۆت بخەرە سەر ڕێگای چاكە و خۆناسین، ئەوسا ئەگەر خۆت ناسی و زانیت خۆت كێیت و چیت لە ژیان دەوێت دەتوانیت بچیتە ناو خەڵك و ئامۆژگاریان بكەیت...
ئاوا شەمس لە پێناو ئەوەی ئامۆژگاریەكانی بگاتە گوێی خەڵكی وەكو گەڕیدەیەكی بێ چارە زۆر شار و كاروانسەراو و مزگەوتەكانی بەسەر دەكردەوە و دەچووە كۆڕی دەیان كەسی گەورە و بچووكەوە، ئەو بێزارببوو لە قسە و ژیان و بۆچوونە كۆنەكانی زانایان و خەڵكیش، ئەو لە بوونی خودایەیەكی تاك و تەنیاوە بوونێك كە بێ گرفت و زانایە دێت داوا لە مرۆڤ دەكات تا خۆی لە پەرشووبڵاوی و سەرگەردانی ڕۆژگار ڕزگاربكات و بەرەو خۆ ناسین هەنگاو بنێت و بجوڵت چونكە: لە ڕۆیشتندا هەمیشە نیعمەتێك هەیە، لەو ڕۆیشتنانەدا یەك جار بە خۆی بڵێت: من كێم و تۆكێت؟ بە خۆت و بە ئەوانیشی تریش بڵێت: بە ئابڕووبە، بەڵكو ئابڕوو بتگەیەنێتە جێگەیەك.