كۆمسیۆن: 41 تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دراون
  2024-11-03       242       

ئەمڕۆ یەكشەممە، ماوەی وەرگرتنی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات و كۆمسیۆن دەڵێت، 41 تانە لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە دراون.

ئاوێنە: جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، ماوەی دیاریكراو بۆ وەرگرتنی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات و 41 تانە پێشكەش كراون.

وتیشی، تانەكان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش بون: 25 تانە لە سلێمانی، 12 تانە لە هەولێر، 3 تانە لە دهۆك و 1 تانە لە هەڵەبجە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، كۆمسیۆن پێویستی بە حەوت رۆژی كاركردنە بەمەبەستی ئامادەكردنی وەڵامەكان و ناردنیان بۆ دەستەی دادوەریی و دەستەی دادوەرییش 10 رۆژی پێویستە بۆ بڕیاردان لەسەر تانەكان.

وتەبێژی كۆمسیۆن جەختی كردەوە كە بەپێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان مامەڵە لەگەڵ تانەكان دەكەن.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×