وەزارەتی بازرگانیی‌ هەرێم: بایکۆتی بازرگانان بۆ کاڵای ئێرانیی نرخی شتومەک لەبازاڕدا بەرز دەکاتەوە
  2024-01-20       1600       

له‌باره‌ی‌ بانگه‌وازی‌ ژورە بازرگانییەکانی هەولێرو دهۆک بۆ بایکۆتی کاڵای ئێرانیی، بریکاری وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی حكومه‌تی‌ هەرێم ده‌ڵێت، بایکۆتی بازرگانان بۆ کاڵای ئێرانیی نرخی شتومەک لەبازاڕدا بەرز دەکاتەوە. 

ئاوێنه‌: سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،" هۆکاری هاوردەکردنی کاڵای ئێرانی لەلایەن بازرگانانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنتەوە، لەوانە هەرزانی کاڵاو پێداویستییەکانە بەراورد بەوڵاتانی دیکە، هەروەها کرێی گواستنەوەش هەرزانتر دەکەوێت، بۆیە بەهۆی هەرزانی نرخەکەیەوە لەبازاڕیشدا  فرۆشی زیاترە". 

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری بازرگانی نایشارێتەوە، ئەگەر بڕیاری بایکۆتی کاڵای ئێرانی جێبەجێ بکرێتەوە ئەوا نرخی شتومەک بەرز دەبێتەوە، چونکە ئێران کاریگەرییەکی فروانی لەسەر بازاڕی هەرێمی کوردستان هەیە.

ژورە بازرگانییەکانی هەولێرو دهۆک لەکاردانەوەی ئەو هێرشە موشەکییەی ئێران لە  15ی 1ی‌ 2024، کردیە سەر هەولێرو بەهۆیەوە 4 کەس گیانیانلەدەستداو 6 کەسی دیکەش برینداربون، بڕیاریاندا بایکۆتی کاڵای ئێرانی بکەن‌و داوایان لەبازرگانان كرد کاڵا لەو وڵاتەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان نەکەن. 

ئه‌مڕۆ شەممە، ژوری بازرگانی‌و پیشەسازیی دهۆک لەراگەیه‌ندراوێکدا لەبارەی بایکۆتکردنی کاڵای ئێرانییه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، "لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی گەورەی بەرهەمی ئێرانی لەبازاڕەکانماندا هەن، ئێمە لەژوری بازرگانی و پیشەسازیی دهۆک بەوردی لێکۆڵینەوە لەسەر دۆزینەوەی بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانەکانمان دەکەین".
 
وتیشی، "هەوڵدەدەین شوێنی بەرهەمی ئێرانی، بەبەرهەمی ناوخۆیی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەو جیهان پڕبکەینەوە."

شەوی رابردو، ژوری بازرگانی‌و پیشەسازیی هەولێر لەراگەیه‌ندراوێکدا داوای لەبازرگان‌و هاوڵاتیان کرد هاوردەکردن‌و بەکارهێنانی کاڵای ئێرانی بایکۆت بکەن.
 
به‌ڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکی ژوری بازرگانی‌و پیشەسازیی هەولێر وتی، بایکۆتکردنی هاوردەو بەکارهێنانی کاڵای ئێرانیی بڕیارێکی جێبەجێکاری نییە، ''بەڵام داوا لەسەرجەم بازرگانان دەکەین، لەوبارەوە هەڵوێستێکی نیشتمانییان هەبێت.'' 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×