بەڕێز وەزیری پەروەردە، دەڵێت "ئێمە خزمەتکاری خەڵکین"
جیهاد محەمەد
2019-08-27   889
لە
ڕاستیدا ئەم قسە ئاواز مۆسیقییە زۆربەی زۆری بەرپرسەکان چەند بارەی دەکەنەوە، لە
چاوپێکەوتن و نووسین و پەیڤەکانیاندا، هەموویان وەک یەک دەیڵێنەوە!
با
پرسیارێک لە بەڕێزیان بکەین، بە ڕاست تەنها خۆماندووکردن و دڵسۆزیی و خزمەتکاریی
بەسە بۆ گەشەی پەروەردە؟ یان بۆ گەشەی هەرچ سێکتەرێکی تر؟
ئەمەی
خوارەوە وەڵامی منە بۆ ئەم پرسیارە، بۆ بەڕێزیشیان نازانم چۆن وەڵام دەداتەوە!
ئەزانم
ئەم وەزیرە بەڕێزە نیەتی وایە، کە خۆی ماندوو بکات، لە دەستپێکیشدا وەک وەزیری
بازرگانی و وەزیری کشتوکاڵ ئەم پەیمانەیان داوەو و دەستیشیان پێ کردووە. ئەم
دەستپێکردن و پەیمانە، کارێکی زۆر باشە، لەوەش باشتر نیەتەکەیانە.
لێرەدا
قسەم لەسەر هەموو وەزیرەکانە بە گشتی و بە تایبەتی وەزیری پەروەردە. پەروەردە
سێکتەرێکە، لەو سێکتەرانەی کە زۆر بەربڵاو و گرنگ و بە بایەخە، بە گوێرەی قسەی
زۆربەی پەروەردەناسان و زانا پەروەردەییەکان، پەروەردە بنەما و بناغەی گەشەی هەموو
سێکتەرەکانی ژیانی خەڵکە بە گشتی، بناغەی گۆرانکاریەکانە، وەک دەڵێن، پەروەردە
واتا ئابووری، واتا کۆمەڵگە، واتا شۆڕشی کۆمەڵایەتی و .. هتد.
هەرچ
شۆڕشێک لە دنیادا، کە بە پڕۆسەی سروشتی خۆیدا تێپەڕیوە، ئەگەر پەروەردەیەکی
شۆرشگێرانە، وەک تیۆریا لە پشتەوەی نەبووبێت، لە سەدا سەد ئەو شۆرشە ئەگەر
گەشتبێتیش بە ئامانجی خۆی، لە دواجاردا وەک کودەتایەک وا بووە، هیچ گۆڕانکاریەکی
لە عەقڵیەت و کولتووری گشتی خەڵکدا بۆ دروست نەکراوە، چونکە پەروەردەی شۆڕشگێرانە
لە خودی شۆرشەکە گرنگتر و بەبایەخترە.
پەروەردە،
ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە جیهانبینی و سیاسەتی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانەکانەوە هەیە.
پەروەردە بە هیچ جۆرێک بێلایەن نییە، بەڵکو ڕاستەخۆ لایەنداری دەکات، جیهانبینیی و
سیاسەتی دەسەڵاتە حکومڕانەکە هەرچی بێت، پەروەردەش هەمان ئاراستە دەگرێتە بەر و
گوزارشت لە هەمان جیهانبینی و سیاسەتی حوکمڕانان دەکات. ئەگەر ئەو جیهانبینیە،
جیهانبینیەکی ئایدۆلۆجیانەی دۆگمایی بێت، ئەوە پەروەردەش بە هەمان شێوە ئەبێت
هەمان ئاراستەی ئەو جیهانبینییە دۆگماییە وەربگرێت، دەنا ناکۆک دەردەچێت و
دەسەڵاتیش ئەم ناکۆکیە قبووڵ ناکات. ئەگەر جیهانبینیە حوکمڕانییەکە، جیهانبینییەکی
هاوچەرخانە و دیموکراتیانە بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە پەروەردەش هەمان ئاراستەی
دیموکراتیانە دەگرێە بەر.
ئەوەی
تا ئێستا لە ئاردایە، لە کوردستان و عێراقدا، سیاسەتی حوکمڕانان، سیاسەتێکی
نادادپەروەر و نا یەکسانە، سیاسەتێکی نادیموکراتە، ئەگەر بە ڕاستی تێگەیشتبێتین
لەوەی کە دیموکراتیەت بە قسە و دروشمبازی نابێت، بەڵکو لە پراکتیزەکردنیدا
دەردەکەوێت، ئەوە بە ئاسانی تێدەگەین لەوەی کە دەسەڵاتی حوکمڕانانی کوردستان
دەسەڵاتێکی نادیموکراتە.
تا
ئێستاش سیستمی پەروەردەی کوردستان، ئەو سیستمەیە، کە مامۆستا هەموو شتە و فێرخواز
گوێگرێکی ملکەچە بۆ مامۆستا و فێرگە و سیستمی پەروەردە. ئەم ملکەچییەی فێرخواز بۆ
مامۆستا و سیستمی فێرگە و پەروەردە گشتیەکە، لە جیهانبینیەکەوە هاتۆتە ئاراوە، کە
دەسەڵات لە هەرچ شوێنێکدا بێت، قسەی یەکەم و زانینی یەکەم و عەقڵی یەکەم هی
دەسەڵاتە، گوێگرانیش هیچی وایان بۆ نامێنێتەوە جگە لە سەرلەقاندن.
کەواتا
بەڕێز وەزیری پەروەردە، ئەوە ڕاستە تۆ خۆت ماندوو دەکەیت، ئەوە ڕاستە گوێ لە مامۆستایان
دەگریت و لە دەیان گروپی مامۆستایاندا بەشداری دەکەیت، ئەوە ڕاستە بەیانی تا دوا
نیوەڕۆ و هەندێک لە کاتەکانی پشووکانیشت تەرخان دەکەیت بۆ گوێگرتن و سکاڵای
مامۆستایان، بەڵام هەموو ئەمانە لەوەدا کورت دەبێتەوە، کە بەڕێزت دڵسۆزیی بنوێنیت
بۆ هەمان سیستمی پەروەردە نەریتییەکە، بۆ هەمان سیستمی پەروەردە نادیموکراتیەکە.
بۆیە من وەک هاوڵاتیەک بە تۆی بەڕیز دەڵێم، ئەگەر دەتەوێت خزمەتێک بکەیت کە جێگە
پەنجەت دیار بێت لە ماوەی چوار ساڵی وەزیریتدا، هەوڵ بدە پەروەردە بکەیت بە
سیستمێکی عەقڵانی و دیموکراتی، پەروەردەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانانە جێبەجێ بکە.
ئەوسا ماندووبوونەکەت، هەوڵەکانت، دڵسۆزیەکانت، خزمەتکاریەکەت لە چەندین ڕەهەندەوە
دەردەکەوێت و مێژوویەکی جوان بۆ خۆت تۆمار دەکەیت.