بەبۆنەی نمایشی فلیمی "ساڵی 1988"- لە بیرەوەری كارەساتەكانی هەڵەبجەدا

ئەحمەد هەورامی
  2023-11-15     393

هەڵەبجە هەر لەسەرەتای مێژووییەوە نزیك بووە لە ڕووداوەكان، بەپێ‌ ی گرنگی جێگەكەی لەناوچەكەدا، لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامیدا دەكەوێتە بەر گوشت و بڕی لەشكری ئیسلامی و لە پەیدابوونی دەسەڵاتی عوسمانی دا بووە بە مەڵبەندی ناكۆكیەكانی ناوچەكە، لەمۆركردنی پەیمانی (زەهاوی) سنوری نێوان ئێران و دەوڵەتی عوسمانی لەساڵی (1624) زدا ناوچەكە بووە مەڵبەندی پێكدادانی سەربازی.
 لەساڵی (1889)دا دەوڵەتی عوسمانی سەرۆكی عەشیرەتی جافی (عوسمان پاشای جافی) كردە قائیمقامی هەڵەبجە، لەوكاتەدا بەریتانیا چاوی بریە ناوچەكە و بە ئاشكراو نهێنی بوونی خۆی دەسەلماند بە ناردنی كەسانی كارامەو پسپۆڕ وەكو (مێچەرسۆن و كابتن لیز و مستر ڕیچ و س.ج. ئەدمۆنز) و ئەفسەری پایەبەرز،ئەمەش نیشانەی بایەخدانی سیاسی و ئەمنی بوو بە ناوچەكە.
دەركەوتنی بزوتنەوەی سیاسی و حیزبی لە ناوچەكەدا بووە هۆی گەشەكردنی بیروباوەڕی سیاسی و ڕۆشنبیری كە فاكتەرێك بوو بۆ وشیاركردنەوەی كۆمەڵانی خەڵك بۆ خۆ ئامادەكردن بەرامبەر ڕووداوەكان لەناوچەكەدا.
هەڵەبجە كە مەڵبەندی ڕۆشنبیران و شاعیران و شۆڕشگێران بووە هەردەم پێشەنگ بووە لە پشتگیری بزوتنەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی و لانە و داڵدەی خەباتگێرو جەنگاوەرە بەرهەڵستكارانی ڕژێمە داگیركەرەكانی كوردستان بوە .
لەساڵی (1963)دا زەعیم سدیقی خوێنڕێژ دوای سازدانی قەسابخانە بە كۆمەڵكوژەكەی سلێمانی ، پەلاماری شاری هەڵەبجەی دا و بازاڕ و دوكان و باخی میری سوتان كە (سەیرانگای خەڵكی ئەو شارەبوو).
لەبەر ئەوەی هەڵەبجە مەڵبەندی چالاكی هێزە شۆڕشگێر و نیشامانپەروەرەكان و سمبولی دەنگی نارازی زوڵم و زۆرو سەركوتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوو، (11 ی ئازاری ساڵی 1974) داو بەكۆمەڵ لەهەموو شارەكانی كوردستانەوە خەڵكی ڕوویان لێ‌ كرد، ڕژێمی ڕەگەز پەرستی بەغدا لە ڕۆژی (26/4/1974) بە فرۆكە بۆردومانی ئەو شارەی كرد كە بووە هۆی كوشتنی (54) هاوڵاتی و برینداركردنی (150) كەسی تر.
لە ئەنجامی سەپاندنی سیاسەتی تەعریب و گواستنەوەی گوندەكانی شارەزوور و دەوروبەری لە هەڵەبجەدا ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی (1987) بەرپاكرا كە بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە لەلایەن سوپای ڕژێمەوە بەرهەڵستی كراو گەڕەكی (كانی عاشقان) یان بە (تی ئێن.تی) تەقاندەوە و (76) كەسیان ڕاپێچی سەربازگەكانی (بامۆك و شانەدەری) كرد كە ژمارەیەكیان بریندار بوون لەوێ‌ كوشتنیان و ژمارەیەكی تریان لێ‌ دەستگیر كردن كە بەفرۆكە گوێزرانەوە بۆ گرتوخانەكانی فیرقەی دوو.
لە سەرەتای ساڵی (1988)دا دوای شكست هێنانی سوپای عێراقی لە بەرەكانی شەڕی (عێراق-ئێران)دا ڕژێمی ڕەگەز پەرست بە گواستنەوەی شەڕ بۆ كوردستان و بە سازدانی هێرشی دڕندانە بۆ سەرگوند و بنكەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هەڵمەتی (ئەنفال) بۆ سەر دانیشتوانی گوند و ناوچەكانی گەرمیان و هێرشی سەربازی و بە هاوكاری جاشە بە كرێگیراوەكان بۆ سەرناوچە سنوریەكانی ئێران-عێراق.
لە رۆژی 12/3/1988 سەدام سەردانی شاری سلێمانی كرد لەوكاتەدا پێ‌ یان ڕاگەیاند كە ئێران بە موشەك بۆردومانی دێ‌ ی (عەنەبی) كردوە لە نزیك شاری هەڵەبجە كە بۆتە هۆی كوژران و بریندار بوونی چەند كەسێك، سەدام بۆ زیاتر تیژكردنی ئاگری شەڕ لەناوچەكەدا بە تەلەفۆن فەرمانی دا بە وەزیری بەرگری لە بەغداد بە بۆردومانكردنی تاران بە موشەكی حسین.
هێزەكانی بەرەی كوردستان دوای ئاشتبونەوەیان لە ئێران بڕیاری ڕزگاركردنی شاری هەڵەبجەیان دا بە هاوكاری هێزەكانی قەرارگەی ڕەمەزان، وە بۆ ئەو مەبەستە پلانی دیاری كراویان بەم شێوەیە داڕشت . (قۆڵی كەرەژاڵ و سورێن بۆ هێزەكانی ( پ د ك) و حسك كە هێرش بەرەو خورماڵ و سیروان (دوجیلە)و پردی زەڵم بەرن، وە قۆڵی چنار و مۆردێن بۆ هێزەكانی ینك كە بەرەو هەڵەبجە بڕۆن ، قۆڵی نەڕۆلی بۆ هێزەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی و هێزەكانی قەرارگەی ڕەمەزان كە بەرەو زەمەقی و سەرئاوەكەی سیروان بڕۆن، هەروەها هێزێكی لەشكری (9)ی بەدر لە سیمان و چناربمێنێتەوە.
شەوی  (13-14/3) لە قۆڵی شنروێ‌ هێرش دەستی پێكرد بە پێ‌ ی ئەو بەرنامەیە بۆ لایەنەكان دانرابوو، لە لایەكی ترەوە هێزەكانی ئێران پەلاماری هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێرانی دا (حیزبی دیموكراتی ئێران و حیزبی ڕزگاری و كۆمەڵە) لە ناوچەكانی (هاوارو بیارە) دا كە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەند پێشمەرگەیەك كوژران و ماوەی هێزەكانیان كشانەوە بەرەو خورماڵ و سیروان پێشمەرگەكانی حزیبی دیموكرات لە خورماڵەوە بۆ بانی شار و 
سورێن و بەرەو سلێمانی ڕۆشتن .
لە ڕۆژی 15/3/1988 دا هێزەكانی (ی.ن.ك و بزوتنەوەی ئیسلامی) و ئێران گەیشتنە ناو شاری هەڵەبجە بەبێ‌ هیچ بەرگرێیك چونكە فەرماندەی فیرقەی سوپای عێراق لە باڵانبۆ لەگەڵ ئێرانیەكان ڕێكەوتبوو، لەوكاتەدا سەدام پەیوەندی كرد بە فەرماندەی سوپای عێراقی كە بەرەنگاری هێرشەكەی سەر هەڵەبجە بكات تا یارمەتی پێ‌ دەگات، بەڵام پێش ئەو پەیوەندییە فەرماندەكە بڕیاری پەیوەستبونی خۆی بە هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندبوو، بۆیە وەڵامەكەی بۆ سەدام نێگەتیفانەبوو سەدامیش بەو هەواڵە هیچ هیوایەكی بەرەنگاری نەما بۆیە بڕیاری وێرانكردنی شاری هەڵەبجەی دا.
لە ڕۆژی 16/3/1988 كاتژمێر (12)ی نیوەڕۆ پۆلێ‌ فرۆكەی جەنگی ڕژێمی عێراق بە ناپاڵم شاری هەڵەبجەیان بۆردومان كرد و چەندەها خانوویان وێرانكرد ژمارەیەك لە دانیشتوانی ئەو شارەیان كوشت،فرۆكەكان بە نزمی بەسەر ماڵەكاندا دەفڕین و بەردەوام بوون لەسەر بۆردومان بەبێ‌ هیچ بەرگرییەك بەرامبەریان لەگەڵ بوونی ئەو هەموو چەكە قورسو و دژە هەواییانە كە لەسوپای عێراق لەسەربازگەی (دەڵەمەڕ و زەمەقی)دا بەجێ‌ مابوون. لەكاتژمێر (2,30)ی پاش نیوەڕۆ پۆلە فرۆكەیەكی تازە بەردەوام دەسیان بە گاز ڕژاندن كرد ، لەو كارەساتەدا پێنج هەزار كەس كوژران و زیاتر لە دەهەزار كەس برینداربوون هەزارەها كەسی تر ئاوارەی سنورەكان و شارەكانی ئێران بوون.
تاڕادەیەك هۆی ئەو زیانە زۆرە لە ئەنجامی هێشتنەوە و مۆلدانی دانیشتوان لەناوشاردا ڕێگە نەدانی خەڵكی بوو بۆ دەرباز بوون، لەلایەكی ترەوە ئەو كۆمەڵە پێشمەرگەی كۆمەڵە لە ئەنجامی هێرشی سوپای ئێرانی بۆ سەربنكەكانیان پاشەكشەیانكرد (گوڕدانی شوان) گەیشتنە نزیك ئاوی سیروان تا شەو لە ئاوەكە بپەڕنەوە، بەڵام هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران پەلاماریاندان و لە شەڕێكی نابەرابەریدا لەكۆی (72) پێشمەرگە(58) پێشمەرگەیان لێ‌ دەكوژن و (13) كەسیان بەدیل دەگرن دوای ئازارو ئەشكەنجەیەكی زۆر لە زیندانی شاری سنە لە سێدارەیان دەدەن لەوشەڕەدا تەنها دووپێشمەرگەیان ڕزگاریان دەبێت (كوڕێك و كچێك)، ئێستا لە گۆرستانی شێخ ئەحمەدی هندی لە شاری سلێمانی ئارامگایەكی ڕەمزی بۆ ئەو پێشمەرگانەی كۆمەڵە دروست كراوە.
ئەوەی  لە هەڵەبجە ڕوویدا دەست درێژی بوو بۆسەر بەهاكانی مرۆڤایەتی و پێشلكردنی هەموو پێوەرێكی مرۆڤایەتی و نیشتمانی ڕەوشتی بوون، ئەوەی بەرامبەر هەڵەبجە 
 كرا سەرنجی ڕای گشتی جیهانی ڕاكێشا كە تاوانی بەو شێوەیە لە مێژوودا هیچ ڕژێمێك بەرامبەر گەلەكەی خۆی نەیكردووە.
لەوكاتەدا زۆر لە ڕۆژنامەكانی حیهان لەسەر كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەیان نوسی بۆنمونە لەوانە:
*    لە ڕۆژی 23/3/1988 دا ڕۆژنامەی ((فیغارۆی) فەرەنسی نووسیبووی ، كوشتنی بە كۆمەڵی هەڵەبجە بە گەورەترین تاوان دائەنرێ‌ دوای هێرۆشیما ناغازاكی لە یابان، ڕژێمی عێراق چووە مێژووەوە كە یەكەم ڕژێمە لە جیهاندا چەكی كیمیاوی دژی منداڵ و ژن و پیاوی ووڵاتەكەی بەكار هێناوە.
*    ڕۆژنامەی ((گاردیانی)) بەریتانی لە ڕۆژی 24/3/1988 دا نوسیبووی كە تاوانی هەڵەبجە لە ووزەو توانای عەقڵی ئینسانی ئەم سەردەمەدا نی یە یەكەم جارە لەمێژووی شەڕدا ڕژێمی دەسەڵاتداری عێراق شارێك بە چەكی كیمیاوی بۆردومان بكات. ئەم ناڕەوشتی یە بە ڕوونی دەری دەخات كە ئەنجامدەرانی تاوانبارن!
*    ڕۆژنامەی ((سەندەی تایمس)) لە ڕۆژی 27/3/1988دا نوسیبووی ئەم تراژیدیایە كارەساتێكی گەورەی كەم وێنەیە كە لە بیرەوەری مێژوودا بیر ناچێتەوە و ئەم تاوانەش بەم شێوەیە كەس لەمێژوودا پێ‌ ی هەڵنەستاوە، كەواتە چۆن كورد لەو ڕژێمە دەبورێت كە بەو تاوانە هەڵساوە بەرامبەر ڕۆڵە بێ‌ گوناهەكانی!
بەڵام هەندێ‌ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەو كارەساتە نامرۆڤانەیان فەرامۆش كرد و تا ڕادەیەكیش پاساویان بۆ ڕژێمی عێراق دەهێنایەوە كە ئەو كیمیاوی بەكار نەهێناوە.
بەڵام ئەمڕۆ كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بووەتە یەكێك لە گرنگترین ڕاگەیاندنەكانی ئەمەریكا بۆ تاوانبار كردنی ڕژێمی سەدام (( تا وەكو سەرۆك بۆش بە بۆنەی یادی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە پێشوازی لە (3) كەسی خەڵكی هەڵەبجە كرد لە كۆشكی سپی بۆ زیاتر ڕیسواكردنی ڕژێمی فاشستی بەغدا و بۆ حەڵاڵ كردنی هێرش بۆسەر ئەو ڕژێمەتاوانبارە لەبەردەم ڕای گشتی جیهاندا، وە لە كۆبونەوەی سەرانی ئەمەریكا و بەریتانیا و ئیسپانیا لە دورگەی ئارۆز لە پورتوغال، بۆش ڕایگەیاند كە ئەمڕۆ 16/3/2003 یادی كیمیابارانی شاری هەڵەبجەیە كە سەدام چەكی كیمیاوی هێرشی كردە سەر ئەم شارە و بە هەزاران خەڵكی لێ‌ كوشت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ‌ كە گەلی عێراق قوربانی یەكەمی تاوانەكانی سەدام حێسنە. سازدانی ئەو تاوانە تەنها دژی خەڵكی هەڵەبجە نەبوو بەڵكو دژی مرۆڤایەتی كراوە.

ئەوەی ئەمڕۆ سەردانی ئەو شارە بكات دەبینێ‌ هێشتا ئاساواری ئەو تاوانەی پێوە دیارە و برینەكانی سارێژنەكراون، هەر ئەو ڕۆژەوە هەڵەبجە كرایە تەپڵی سواڵ لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، سواڵكەرەكان دەوڵەمەندبوون! بەڵام هەڵەبجە هەر وێرانە و خەڵكەكەش ئاوارەو بێ‌ لانەن.
زیاتر لە سی ساڵە دەسەڵاتی كوردی بەر قەرارە بەڵام ئاسەواری ئەو مەرگەساتە بەو شارەوە دیارە و بۆ ئاوەدان كردنەوەی كارێكی وای بۆ نەكراوە كە ئاوارەكانی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان،  
ژمارەیەكی زۆر لە منداڵە ونبووەكان هێشتا چارەنوسیان نادیارە.
لەلایەكی ترەوە كە كۆمەڵانی خەڵكی هەڵەبجە زیاد لەوەی بەهرەمەند نەبوون لە قەرەبووی زەرەر و زیانەكانیان، دیسانەوە دەكرێنە قوربانی ململانەی هێزەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق . ئێستاش دەبینین شۆڤێنستە عەرەبەكان لە پەرلەمانی عێراق ڕێگرن لە بەردەم بەپارێزگا بونی هەڵەبجە و ئامادە نین كە دەنگ بە پارێزگا بونی هەڵەبجە بدەن بە فەرمی.
ئەمەش نیشانەی ئەوەی خولقێنەری مەرگەساتی هەڵەبجە تەنها فاشستەكانی بەغداد نەبوون، بەڵكو ئێستاش دوژمنانی هەڵەبجە چاویان هەڵنایە كە سیمای ئەو شارە بگەڕێتەوە دۆخی شارەكەی عادیلە خانم و أحمد موختار جاف.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×