كاریگەریی جەنگی غەزە لەسەرچارەنووسی عێراق

ئەحمەد هەورامی
  2023-11-06     346

بە بەڕێخستنی فەزای جەنگ و تیرۆریزم و ملیتاریزم هەڕەشەیەكی خەتەرناك لەسەر چارەنووسی كۆمەڵگای بەشەڕی دروست دەكەن و كۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستیان لەسەر بوركانێكی گەورە داناوە كە هەركات بتەقێتەوە كارەساتی ئینسانی گەورە دەخولقێنێ‌ ، ئەگەر لەلایەن بەرەی ئازادیخوازەوە بەری پێنەگیرێت. بە دڵنیایەوە ئەمە ئەركێكی قورس دەخاتە ئەستۆی بەرەی ئازادی خوازی مرۆڤایەتی لەسەر تاوانەكانی ناتانیاهۆ و هاوپەیمانانی وەك شەریكە تاوان لەسەر تاوانكاری ئیسرائیل بەرامبەر خەڵكی بێتاوانی غەزە هەڵبداتەوە.
خەڵكی مەحروم و بێتاوانی فەلەستین ساڵەهایە بەدەست فاشیزم و سەركوت و دەسەڵاتی كۆنە پەرستی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە دەناڵێنن و قوربانی ئەدەن. تاوانیان ئەوەیە بە مافەكانی خۆیان بگەن و نەچەوسێنەوە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەرنەكرێن. نەكوژرێن و جیاكاری و هەڵاواردن بەرامبەریان نەكرێت. ئارامی و ئاسودەیی باڵ بكێشێت بەسەر كۆمەڵگاكەیان.
پاش هێرشە پێچەوانەی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە بۆ كۆی جومگەكانی سیاسەت و حوكمرانی عێراق دژوارو پڕ لە پێشهات و دڵەڕاوكێ‌ بوو، فراوانبوونی بۆ جەنگێكی هەرێمایەتی ئەگەرێكی رێ‌ تێچووە، بارگرانی پێشهاتی زیاتر لە عێراق چاوەڕوان دەكرێت.
پاش هێرشەكانی (7ی/ئۆكتۆبەری/2023)ی بزوتنەوەی حەماس بۆ ئۆردوگاكانی ئیسرائیل و پەرچەكرداری توندی سوپای ئەو وڵاتە بۆ تۆڵەكردنەوە لە غەزە، زۆر لە گروپە چەكدارە شیعەكانی عێراق لەڕێگەی ڕاگەیاندن و بایاننامەوە هەڕەشەی بە ئامانج گرتنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایان ڕاگەیاند.
هاندەرو پاساوی گروپە شیعەكانیش لەم پێشهاتە، تۆڵەكردنەوەی كۆمەك و پاڵپشتی بێسنوری واشنتۆنە بۆ سوپای ئیسرائیل، كە بەپێی زۆر لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان سیاسەتی (خاكی سوتماك) پەیڕەودەكات. ئەم جموجۆڵەی گروپە ئێرانیەكان جگە لە بەهاناوە چوونی بزوتنەوەی حەماس كە ئێستا لەپێگەی هاوپەیمانانە ڕەهەندێكی تری هەیە كە درك كردنە بەو مەترسیەگەورانەی كە ڕووبەروی (بەرەی موقاوەمە) بووەتەوە ئەگەر هات و ئیسرائیل و ئەمەریكا بگەنە ئامانجی پەروپاڵ كردنی حەماس بەلادانی لە حوكمڕانی غەزە لەمەودای دووردا، ئەوە پێشینیەكی ناخۆش دەبێت بۆ حیزبوڵڵا كە بەشێكە لە جەستەی ئێران.چونكە حەماس شەری بەوەكالەت دەكات بۆ ئێران ، ئێرانیش بە ئاشكراو بە نهێنی یارمەتی حەماس دەدات ودادەنرێت بە عەقڵی داڕێژەری ئەو شەڕەی حەماس، جیا لە بەیاننامەیی گروپە شیعەكان و ڕووكارە سێبەرەكانیان ئەوەشیان بەئاشكرا كردووە كە ژورێكی عەمەلیات لە عێراق پێكهێنراوە بەناوی (پاڵپشتی گەردەلوولی ئەقسا) كە باڵەكانی (موقاوەمەی ئیسلامی) لە خۆ دەكرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا چەند هێرشێكی سنورداركرانە سەر بنكە و پێگەكانی سوپای ئەمەریكالە هەریەك لە (هەریر)ی نزیك هەولێر و (عەینولئەسەد)ی ڕۆژئاوای عێراق و شاری ئیلات لە ئیسرائیل و بۆردومان كردنی هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە بنكەی سەربازی ( خراپ جیر ) ی ناوچەی ( رومیلان ) بنكەی ئەمریكی ( تەل بدیر ) لە سنوری پارێزگار (حەسەكە) لە ڕۆژئاوای كوردستان بەرامبەر هێرشەكانی إسرائیل بۆ سەر غەزە چەند گروپێكی چەكداری عێراقیش بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی ئەو هێرشانەیان خستە ئەستۆی خۆیان.
باوەڕیش وایە ئەم پێكهاتە نوێیە سێبەرە ڕووكاری باڵەسەربازییەكەی بزوتنەوەی "حزبولڵا و نوجبا" بێت . ئەم بزوتنەوەیەش ڕاستەوخۆسەربە سوپای پاسدارانی ئێرانییە، بەشێك لە چەكدارەكانیشیان لە سوریا ئەرك دەبینن.
ئەوانەی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەنە ئامانج، هەر هێزەكانی چورچێوەی هاوئاهەنگی شیعەن، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی (نووری مالیكی) ڕایگەیاند كە بە ئامانج گرتنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەلایەن هێزەكانی (موقاوەمەی ئیسلامی عێراقی) پڕۆژەیەكی بەردەوامی بەرگرییە لە خاكی عێراق، هەروەك جەختیشی كردۆتەوە كە موقاوەمەی عێراقی بە هەمووشێوەیەك پشتیوانی فەلەستینەكان دژ بە ئیسرائیل دەكات.
جگە لەوەش تۆنی هەڕەشەكانیشیان بە ئاڕاستەیە كە ئەوان ڕاستەوخۆ نابنە بەشێك لە جەنگەكەی ئێستا، بەڵكو دەیبەستنەوە بە فراوانبوونی بازنەیی جەنگەكە و پەڕینەوەی لە غەزە. ئەو لایەنەیشی لەم ڕیتمە دەرچووە ڕێكخراوی (بەدری)هادی عامریە كە هەڕەشەكانی ڕاشكاوانەترو گشتگیرتربوون ، بەراورد بەهاوتاشیعەكانی تری لە چەشنی ((العصائب، حركە النجبا‌و، كتائب سید الشهدا‌و)) و تا ڕادەیەكیش (كتائب حزب الله) بەڵام ڕێكخراوی بەدریش دواتر هەڕەشەسەربازییەكانی گۆری بۆ داوای گوشاركردن بۆ كردنە دەرەوەی سوپابیانیەكان لەعێراق، ئەویش بەپێی خشتەیەكی كاتی و كورتخایەن.
لەپاش كوژرانی (قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس) وە لە (كانوونی دووەمی/2020) دا داوای چوونە دەرەوەی سوپای ئەمەریكا و بیانی دەكەن و ئەمەشیان لە پەرلمانی عێراق كردە بڕیار، بەبێ‌ ئەوەی حكومەتەكانی كازمی و دواتریش سودانی توانیبیتیان جێبەجێ‌ ی بكەن.
تێوەگلانی گروپە شیعەكانی عێراق لە جەنگی غەزە، پەیوەستە بە هەڵوێست و ڕەوشی حزبوڵڵای لوبنان و دوابڕیاری سوپای پاسدارانەوە كە (بەرەی موقاوەمە) ئاڕاستەدەكات و لە سەروئەوانیشەوە ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران ، ئێران ڕاستەو خۆ پشتگیری حەماس و حیزبواللە دەكات لە هەمان كاتدا دەیەوێت مەترسی خۆی دور بخاتەوە و گرژیەكان بخاتە غەزە ، تا ئێستاش بەشداری حزبوڵڵا لە جەنگەكە سنوردار و كۆنتڕۆڵ كراوە.
بەڵام ئەگەر جەنگەكە پەرەی سەندو بوو بەهەرێمایەتی لە نێوان بەرەی ئێرانی و بەرەی ئیسرائیل ئەمەریكا، ئەوە بەپێی هەموو ئاماژەیەك جگە لە گروپە عێراقیەكان، باڵە ئێرانیەكان لە سوریا كۆمەڵی (انصار الله)ی حوسیەكانی یەمەن دەچنە جەنگەكەوە بە هۆی ئەوەیش ئیسرائیل پێی ناكرێت وەڵامی ئەم هەموو بەرەیە بداتەوە، ئەو كات بەرەنگاریەكە دەكەوێتە نێوان ئەمەریكا و باڵە ئێرانییەكان.
لەحاڵەتی پەرەسەندنی جەنگدا پێكدادان تەنیا لە غەزە نامێنێتەوە ، هەموو بەرە ئێرانیەكان گەرم دەبن بە (بەرەی جۆلان)ی سوریایشەوە. لە پەرەسەندنی گرژییەكاندا ئەویش هاوشێوەی باشووری لوبنان دەبێتە دەلاقەی پێكدادان. بەمەش زۆری پانۆراما ئێرانیەكە چالاكی دەكەوێتە سەر گەرووی هورمز.
گۆڤاری نوزویك نوسیەویەتی گروپێكی هاوپەیمانی ئێرانی دەستیان هەبووە لە هێرش كردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا.
باڵە سەربازییەكانی عێراق ئێستا خۆیان بۆ ئەو پێشهاتە ئامادە دەكەن ، زانیاری ئەوەش هەیە كە ڕێنوێنی و پەیامیان لە سوپای پاسدارانەوە پێ‌ گەیشتووە كە زیاتر پاڵپشتی پشتیوانی هاوپەیمانانە تەواوكەرەكانیان بن لە ناوچەكەدا بۆیە حەشدی شەعبی لە عێراق هەرەشەی هێرش كردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا دەكات (حەسەن نەسروڵڵا) ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند، ڕۆژێك لە دوای هەڵگیرسانی (تۆفانی ئەقسا) حیزبوڵڵا بەشداری خۆی لە جەنگی دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند جەختی لەوە كردەوە ( هیچ شەڕێك وەك شەر لە دژی زایۆنیەكان شەرعیەتتر نییە ) سڵاو دەنێرم بۆ ئەو عێراقی و یەمەنیانە كە بەشدارن لە شەری غەزەدا و دەشڵێت هێرشی موقاوەمەی ئیسلامی " لە عێراق بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا و عێراق بڕیارێكی ڕاست و ژیرانەیە.
ئەركی باڵە ئێرانیەكانی عێراق و یەمەن و سوریا زیاتر ترساندن و گوشاركردنە لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا یان هاوپەیمانەكانی لەم چوارچێوەیەشدا هاوكات لەگەڵ هێرشەكانی ڕۆژئاوای هێراق و هەریر.
جەنگی غەزە مەترسییەكی جدیە لەسەر حكومەتی سودانی و كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق ، لەماوەی ساڵێكدا (موحومەد شیاع سودانی) هەوڵیدا باڵانسێك لە پەیوەندییە دەرەكییەكانی حكومەتەكەی دروست بكات و زۆربەی ئەوەی دەكرد دەتوانێت دۆستی ئێران و ئەمەریكایش بێت و دان نەنانی بەئیسرائیل وەك دەوڵەت بووە جێگەی ستایشی زۆری بەرەی ئێران، لە هەمانكاتدا نیگەرانی و نارەزایی ئەوانەی ترسیان هەیە عێراق لە دەوڵەتێكی پشتیوانی فەلەستینەوە بێتە دەوڵەتی بەرەنگار بوونەوە و خراپ بەسەر عێراقدا بشكێتەوە.
ئەو دۆخە ئەمنیە لە عێراق دروستبووە ، پلانی پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە عێراق دەخاتە مەترسیەوە، هەروەها ئەگەری هێرشی گروپە شیعەكان بۆ سەر بنكەكانی ئەنبار و هەرێمی كوردستان لە هەموو كات زیاتر بووە، جگە لەوانەش جەنگەكە ڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی زیاتر كردووە و دەیانكاتە ئاڕاستەكەری ڕەوشەسیاسیەكە، لە كاتێكدا سودانی لە هەوڵدابوو وەهای پیشاندا كە لە عێراق سیاسەت ، چەك ئاڕاستە دەكات نەك پێچەوانەكەی، لەمیش مەترسیدارتر پەلكێشانی جەنگەكە، دەرگە بۆ دەستێوەردانی زیاتری ئێران لە سیاسەتی دەرەكی عێراق دەكاتەوە.
لەكاتێكدا سودانی بانگەوازی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی عێراق و ئەمەریكای دەكرد خرۆشانی شیعی لە سایەی جونگەكە وایكرد، چالاكە شیعە ئاڕاستەكراوەكان هەناردەی نەوتی عێراق لە (بێجی) یەوە بۆ ئوردن ڕابگرن، بە پاساوی ئەوەی پشتیوانی زایۆنیزمە. بەردەوامیش كوتاری رقاوی لە عێراقەوە بەرامبەر وڵاتانی كەنداو زیاد دەكات.
داواكاری و پێداگری سەدر بۆ دەركردنی باڵوێزی ئەمەریكا و داخستنی بالوێزخانەكەی ، لەهەمووشت زیاتر حكومەتی سودانی و ئایندەی پرۆسەی سیاسیەكەیشی خستە بەردەم چەند پرسیارو ئەگەرێكی نەخوازراو.سەدر بەم دواییە هەم خۆی وەك ڕێبەرێكی شیعی و ئیسلامی ڕاستگۆ لەگەڵ مەسەلەی فەلەستین وێنا دەكات، بەمەش ركابەرە شیعەكانیش دەخاتە بەرەی ڕاگەیاندنی دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمەریكا. هەروەها دەستكەوتەكانی حوكمڕانیەكەیان ڕووبەڕوی هەمان مەترسی و سزاكانی سەر ئێران و حیزبوڵڵا و حوسیەكانی یەمەن دەكاتەوە .
چوارچێوەی شیعە پێیانوایە دەركردنی بالوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغداد ، جاردانی دەركردنی سەرجەم بالوێزخانە و نێردە ڕۆژئاوایی و ئەوروپیەكانی ترە، لەوانەش هاوپەیمانانی ناتۆ ئەمەیش حكومەتەكەیان ڕووبەڕوی كەنارگیری و سزادەكاتەوە سەرئەنجامیش بەهۆیەوە عێراقیان لەدەست دەردەچێت . دوریش نیە وڵات بكەوێتە دەستی سەدر یان هەرهێزێكی تر ئەویش باری حكومەت قورستر دەكات.
هەندێ‌ لە شارەزایان پێیان وایە درێژە كێشانی جەنگی غەزە، هەروەها گوشارەكانی سەدر بە ئەگەری زۆر چوارچێوەی شیعە ناچار بە پەرتبوون و دابەشبوون دەكات بۆیە ڕای حوكمڕانی (الحكمە النصر) و بەرەی بەرگری (حزب الله ، النجبا‌و، سید الشهدا‌و و ......) هەندێ‌ هێزیش لەو نێوانەدا دەمێنێتەوە (بدرو الحصائب) ، ئەگەرێكی تر ئەوەیە هەموو لەم دژیەكی گوتارەدا كە بەرگری و حوكمڕانی و دۆستایەتی ئەمەریكایە بمێنێتەوە ئەمە جگە لەمەترسی بە ئامانج گرتنیان لەلایەن ئەمەریكاوە ، ئەگەر هات و بڕیاری وەڵامی وردە هێرشەكانی باڵە شیعەكانی عێراق و سوریا و یەمەن بداتەوە.
تا ئێستا مامەڵەی هەردوو پێكهاتەی كورد و سوننە لەسەر ئاستی فەرمی هەستیاری پێوە دیارە، بۆ لایەنی كورد بژاردە ئاسان نین ، چونكە لەلایەك بەرژەوەندی لەگەڵ ئەمەریكادایە و تائێستاش بنكە ئەمەریكیەكان هاوكاری دەكەن لە بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەی داعش .
لەلایەكی تر ئەگەر شیعەكان پەرە بە ناڕەزایی و بەرەنگارییەكەیان بدەن، پرسیاری زیاتر لەسەر هەڵوێستی هەرێم دروست دەبێت لەودابەشبوونە قوڵە ئەمە جگە لەوەی هەرێم لەبەردەم هەڕەشەی موشەك و درۆنی زیاتری ((بەرەی موقاوەمە))دایە بە پاساوی بە ئامانج گرتنی بەرژەوەندییەكانی ڕۆژئاوا.
سەبارەت بە سوننەكانیش بارگرانی بۆ سەر شانینا هەیە لەژێر پاڵنەری ئەوەی ( وەك پێویست بە تەنگی جەنگی غەزەوە نین و خیانەت لە فەلەستین دەكەن ) بۆ سەرۆكی پەرلەمان "موحومود حەلبوسی" یش ئەگەر دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێ بكاتەوە دەبێت ئیمزای پەرلەمانتاران بۆ داخستنی باڵوێزخانەی ئەمەریكا وەربگرێت، ئەگەر ئەمەش بكات پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا تێكدەچێت و ئەو كات پێگەی ئەنباریش دەكەوێتە بەر مەترسی.
هەروەها دەرفەتی ئەوەیش دەرەخسێنێت شیعەكان زیاتر سوننەكان تۆمەتبار بكەن بەوەی بەشێكن لە بەرەی ئاساییكردنەوەی (تگبیع) لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها لێیان بڕوانن كە پیلان بۆ دابەشكردنی عێراق و ڕووخاندنی حوكمڕانی شیعە دەگێڕن.
لەو تەنگەژانەی بەهۆی لێكەوتەكانی باهۆزی غەزەوە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە (( هەرێمی كوردستانیش)) پشكێكی گەورەی بەردەكەوێت ، لە لایەك چاوی لەسەرە هەڵوێستی هەبێت ، لەلایەكی تر وابەستەی كۆتوبەندە ، لەگەڵ گەرم بوونی جەنگەكەش زیاتر هەڵوێستەكان ڕاشكاوتر دەبن و ڕەنگە بێدەنگی و دان بەخۆداگرتن بژاردەیەكی گونجاو تا سەرنەبێت ، بەو پێیەش مەسەلەی فەلەستین هاوسۆزی زۆری هەیە لە دونیا بە ئەمەریكاو ئەوروپایشەوە، لەبەر ڕەوایەتی دۆسیەكە، لەسۆنگەی ئەوەی كارەسات و تراژیدیای مرۆیی غەزە سنورەكانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بەزاندووە.
لەسەر ئاستی ناوخۆی ئیسرائیلدا رۆژانە بە سەدان كەس لە كەسوكاری دیلە گیراوەكان خۆپیشاندان دەكەن ، داوای كۆتای هێنانی شەر و بەرەڵاكردنی ڕۆڵەكانیان دەكەن  و داوای دەست لە كار كێشانەوەی (نەتانیاهۆ ) دەكەن .
ئەندام پەرلەمانی ( كنێست ) ی ئیسرائیل ( عوفر كسیف ) دەڵێت ڕۆشتنی حكومەتەكەی ناتانیاهۆ بۆتە مەسەلەی ( ژیان و مردن ) لە بەر ئەوە ی ناتانیاهۆ بەردەوامە لە ( كوشتن  بە كۆمەڵ ) لە كەرتی غەزەدا، ئەم حكومەتەش بەراورد دەكات بە نازی دوای پەلامارەكانی بۆ سەر كەرتی غەزە و كوشتن و بریندار كردنی هەزارەها خەڵكی بێ تاوان .
هیچ ڕێگەیەك نییە هەرێمی كوردستان زوو هاوشێوەی وڵاتانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان داوای ئاگربەستی مرۆیی و ڕێزگرتن لەیاسای نێودەوڵەتی و بەهاناوە چوونی لێقەوماوانی خەڵكی كارەساتباری غەزە بكات، ئەمەیش بەشێكە لە ئەركی مرۆیی و داوایەكی نێودەوڵەتیشە، بە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و پزیشكی بێسنورو تەندروستی جیهانیشەوە، سەبارەت بە پێشهاتە سیاسیەكانی پەیوەست بە مامەڵەیش لەگەڵ ئەمەریكا، ڕەنگە كوردو سوننە زەرەرمەندی كردنە دەرەوەی ئەمەریكا بن بەوپێیەی زیاتر دەكەوێتە ژێر هەژموونی ئێران ، بەڵام حكومەتی سودانی پێویستی زۆری بە دەنگی عەقڵانی هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی بەرامبەر جۆش و خرۆشی جەماوەری تووڕە لە پاڵپشتی بێسنورەكانی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل، دەنگی عەقلانییەتی شیعی ئەوەیە بە لەبەرچاوە ، بەبێ‌ ئەمەریكا نەدەڕوخێنرا، داعش تێك نەدەشكێنرا. لە ئەنجامدا ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەمەریكا پەلاماری گروپە شیعەكان بدات .
لە سەردانەكەی ( ئەنتۆنی بلێنكن ) وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ بەغداد وتی ( نامانەوێت لە گەڵ ئێران ڕوبەڕو بونەوە مان هەبێت ) بەڵام هەموو ڕێكارێك بۆ پاراستنی هێزەكانمان و هاوڵاتیانمان دەگرین بەر ، پێویستە لە عێراق بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هەستیارە ئەركی خۆی بەرامبەر فەلەستینیەكان جێبەجێ‌ بكات و گوشار بكات بۆ ڕاگرتنی لافاوی خوێن و هاوكاری پێویست پێشكەش بكات ، لە هەمان كاتیشدا ڕێگربێت لەوەی عێراق بەرەو جەنگی وەكالەت بەچۆكدا بێت .
بەشێك لە چاودێرانی دۆخی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەگەر هەیە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر پەرەبسێنێت و لە داهاتوودا ببێتە هۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەكەدا.
ئێستاش كورد لەنێو پرۆسەی دروستكردنەوەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوراستدایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×