كورد دوای سەد ساڵ لەپەیمانی لۆزان

ئەحمەد هەورامی
  2023-07-23     311

    لەدوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی لە شەڕی جیهانی یەكەمدا بووە هاوپەیمانی ئەڵمانیا ، جەنگ بە تێكشكانی دەوڵەتانی محوەر كۆتایی هات، ئیمڕاتۆریەتی عوسمانی لەیەك هەڵوەشا، دەوڵەتە ئیمپریالیستە گەورەكان (بەریتانیا و فەرەنسا و ڕوسیا ی تزاری) لەسەر دابەش كردنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی چەند  ڕێكەوتنێكی نهێنیانی كرد لەوانە "
لەسەرەتای نیسانی (1916)دا پەیمانی (سوزانوف / بالیولوج) بەنهێنی لەنێوان ڕوسیای تزاری و فەرەنسا بەسترا، لە ئایاری هەمان ساڵدا پەیمانی (سایكس بیكۆ) لەنێوان بەریتانیا و فەرەنسا بە ئاگاداری ڕوسیا بەسترا، كە بەپێی ئەم پەیمانە بەشی هەریەك لەو دەوڵەتانە لە میراتیەكەی دەوڵەتی عوسمانی دەستنیشان كرا. بەریتانیا بەپێی ڕێكەوتنێكی نهێنی لەگەڵ فەرەنسا و ولایەتەكانی بەغداد و بەسرەی بەركەوت و فەرەنسا ولایەتەكانی سوریا و لوبنان و بەشێك لە ولایەتی موسڵی بەركەوت.  دوایی بەپێی ڕێكەوتنەكەی (لویدجورج و كلیمانسۆ) بەریتانیا ولایەتی موسڵی خستە سەر بەشەكەی خۆیەوە.
لە (10/8/1920)دا لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن، كە وڵاتانی براوەی جەنگی جیهانی یەكەم بوون پەیمانی (سیڤەر)یان واژۆ كرد لەبەرانبەریشدا نوێنەرانی توركیا بەشداربوون و بەندەكانی پەیمانەكەیان پەسەند كرد. پەیمانی سیڤەر پەیمانێكی گشتگیر و فراوان بوو، ئەوەی زیاتر پەیوەندی هەبوو مادەكانی (62، 63، 64) بوون، لە مادەی (63)دا ئەو وڵاتانەی لەگەڵ جێبەجێ‌ كردنی ئەو دەسەڵات و مافانە بوون كە بۆ كورد دەستنیشان كرابوون كە شەش مانگیان بۆ كورد دیار كردبوو بۆ ئەو ناوچانە ڕەگەزی كوردیان تێدایە و كەوتوونەتە خۆرهەَتی فورات و باشووری خۆرئاوا ئەرمینیا.
ئەم پڕۆژەیە گەرەنتی تەواوی مافەكانی كلدانی و ئاشوور و كەمایەتییەكان دەكات، ئەم پەیمانە باشترین پەیمان بوو كە مافی بە دەوڵەت بوونی كوردی دا. بەڵام ڕووداوەكانی دواتر ئاڕاستە پەیمانەكەیان گۆڕی و ڕێگر بوون لە جێبەجێ‌ كردنی. كاتێك كەمالیستەكان لە (1/11/1922)دا دەوڵەتی سوڵتانیان هەڵوەشاندەوە ئیتر ئەوە واتای كۆتای پەیمانی سیڤەر بوو.
دوای سێ‌ ساڵ لە پەیمانی سیڤەر هاوپەیمانان پەیمانێكی تریان لەگەڵ توركە كەمالیستەكان لە (24/7/1923)دا واژۆ دەكەن. كە بەربەست بوو لە دامەزراندنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی و دەوڵەتە چاوەڕوانكراوەكەی كوردستان، بەڵكو كوردستانی عوسمانی دابەش كرا بەسەر (توركیا و سوریا و عێراق و ئێران) جگە لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئازربایجان و ئەرمینیا. 
لۆزان ڕوداوێكی سیاسی بوو ئاڕاستەی مێژووی گۆڕی، لۆزان ژیانەوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی و دروست كردنی سیستمێكی جیهانی و گرێدانی بە ئەوروپاوە.
لەكاتێكدا كوردستانیش یەكێك بوو لە بنكە گرنگەكانی بەرژەوەندییەكانی ئەوكاتی سەرمایەداری كە نەوتی تیابوو، ئەمەش زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوكاتە كە بەریتانیا و فەرەنسا لەپێناو بەرژەوەندییەكانیان فەرامۆشیان نەكردووە و كێشەی ولایەتی موسڵیش هاتە ئاراوە.
لۆزان لەسەر ئەنجامی تێكهەڵچوونی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی یەكان هاتە پێشەوە. كە بەریتانیا بەهەموو نرخێك هەوڵیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی عێراق و فەلەستین وڵاتانی عەرەبی و كەنداو مسۆگەر بكات. دەبێ‌ ئەوەش بزانین تاچەند ساڵی ئایندەش هێشتا چارەنووسی دونیا بەدەست زلهێزەكان و وڵاتە گەورەكانەوەیە، كە كاریگەری گرنگیان لەسەر دونیا دەبێت.
مێژووی دەوڵەتی توركیا لە دامەزراندنی یەوە تا ئێستا و لە ئەتاتوركەوە تا ئۆردوغان مێژووی خوێن و شمشێرە، مێژووی هێرش و پەلامارە بۆسەر ئازادی بوونی كورد وەك نەتەوەیەك، ئۆردوغان باس لەوە دەكات لەساڵی (2023)دا دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا ساڵی (1923)دا ئەو كاتە توركیا مافی گەڕانەوەی خاكە دزراوەكەی هەیە، كە مەبەستی ولایەتی موسڵ و كوردستان دەگرێتەوە. بەمەش سەرلەنوێ‌ كوردستان دابەش دەكرێتەوە.
ئایا بەتێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا ئاسایشی ناوچەكە بەدی هاتووە؟  یان كێشەی نوێ‌ و ئاڵۆز لەغیابی چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسی مێژیینەی كورد هەیە، یان پەیوەندی مێژووی و برایانە دەبێت لەنێوان نەتەوەكانی ناوچەكە بەبێ‌ بەرژەوەندی و قازانجی هاوبەش؟ تا ئێستا نەهاتووە دی لەئەنجامی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز و ناوچەكە و نەبوونی هەڵوێستێكی یەكگرتووی كورد بۆ داكۆكی لە مافەكانی و قازانجی هاوبەش. دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا دەبینین هاوكێشەی نێودەوڵەتی و فاكتەری دەرەكی ئاماژە بۆئەوە دەكات كە كورد لە توركیا و سوریا و ئێراندا لەژێر هەڕەشەی پاكتاوی ڕەگەزی و لەناوبردن و كوشتن و ئاوارە بووندایە، بەتایبەتی هێرشی سەربازی توركیا بۆسەر كوردستانی باشوور و ڕۆژئاوا بەردەوامە.
لۆزان ئەمڕۆ ئەو دۆخە یاسای نێودەوڵەتییە كە توركیا تیا دەژی و دەیەوێ‌ لە سنووردارییەوە بێتەدەر و پەل بۆ دەوروپشتی و دەرەوە بهاوێت. هێرش كردنی توركیا بۆسەر بەشەكانی كوردستان (ڕۆژئاوا و هەرێمی كوردستان) یەكێكە لە هەڵوێستەكانی توركیا كە ئێستا ڕیكلامی بۆ دەكات، بە كۆتایی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان خاكە داگیر كراوەكانی بگەڕێنێتەوە بۆسەر خاكی خۆی كە ئەمەش هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ كوردەكانی ناوچەكە.
ڕێگریەكانی توركیا لە بەئەندام بوونی سوید لە پەیمانی ئاتۆ، هەوڵێكە بۆ قەدەغە كردنی چالاكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و پارتە نزیكەكانی ئەو حیزبە و ڕادەست كردنەوەی ئەندامەكانین بە توركیا لەو وڵاتەدا.
دەوڵەتی توركیا سەد ساڵە نایەوێت بەعەقڵانی سیاسەت بكات و لەو ڕاستییە مێژووییە تێبگات چیتر پەلاماری سەربازی و زمانی و چەك و قین و توڕەیی بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەكانی نایەتە دی. جێگەی داخە تاڕادەیەك توركیا توانیوویەتی یەكڕیزی كورد تێك بدات و هیچ متمانەیەك لەنێوان هێزە كوردیەكان نەهێڵێت.
لێرەوە ئەو ڕاستیانە دەردەكەوێت كە وەكو جارەكانی تر كورد چاوەڕوانی هێزەكانی دەرەوە دەكات تێڕاماوە تا بزانی ئەنجامی ڕووداوەكان چی دەبێ‌! نەك هەوڵ بدات كە ببێ‌ بە بەشێك لەو ڕووداوانە و كاریگەری خۆی هەبێت، ئەو دەرفەتانەی لەبەردەم كوردا هەبوو لەسەردەمی عوسمانی تاوەكو ئێستا لە دەستی دان بە بەرژەوەندی دەوڵەتانی زلهێز و ناوچەكە شكایەوە. 
دەبێ‌ خەڵكی كوردستان بەگشتی ولایەنە سیاسیەكانی كوردستان هەست بە مەترسییەكانی سوپای داگیركەری توركیا بكەن و هەڵوێستی نیشتمانیان هەبێت بەرامبەر نیازەكانی توركیا و ئێران لە هەرێمی كوردستاندا. دەبینین وا ئەمڕۆ توركیا ئاو وەكو چەكێك دژی عێراق بەكاردەهێنێت.
 ئەمڕۆ گەلی كورد لە باشووری كوردستاندا بە قۆناغێكی ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت لەئەنجامی نەبوونی نەخشە ڕێگایەكی ستراتیژی و ڕوون بۆ دواڕۆژی ئەم بەشەی كوردستان كە دووچاری كێشەی زۆر بووەتەوە بەهۆی قەیرانی سیاسی و ئابووری و دارایی و گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری و مووچە و دەرمان و بڕینی قوتی خەڵك كە ئەم وڵاتەی لێوان لێو كردووە لە هەژاری و ناعەدالەتی و ستەم و بەهەدەردانی سەروەت و سامانەكەی. بەڕادەیەك پرسیاری خستووەتە سەر سێكتەرەكانی ژیانی خەڵكی كوردستان بەگشتی. هەمیشە ئەم پڕۆسەحوكمڕانیەی هەرێم گرفت بووە لەنێوان بەكارهێنانی ناكامڵی ئامڕازەكانی دیموكراسیەت وەك هەڵبژاردن و ئازادی ڕا دەربڕین و سەروەری یاسا و زامن نەكردنی ڕۆڵیان و نەمانی متمانە بە دامەزراوە حوكمییەكان ئەمەش بووەتە هۆی ئیفلیج كردنی سێكتەرەكانی ئیدارەدانی وڵات و بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستان لە ئەنجامی چەسپاندنی دەسەڵاتێكی بیروكراتی و قۆرخ كردنی دەسەڵات لەلایەن حیزبەوە و تەشەنەكردنی گەندەڵی لە دام و دەزگاكانی حوكمەتدا. لەسەر ئاستی ناوخۆ هەڕەشەكانی بەغداد لەسەر هەرێم لەسەر ئاستی ناوچەیی زیادبوونی هەژموونی هێزە ئەقلیمیەكان بەتایبەتی توركیا و ئێران و سیناریۆكانی ئایندەی قەوارەی هەرێم.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆماغە سەختە و ئامادە كردنی زەمینەیەكی لەبار بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان. ئەركی ڕاستەقینەی گشت هێز و لایەنە سیاسی و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و كەسانی دڵسۆزی ئەم نیشتمانەیە بۆ داڕشتنی نەخشە ڕێگایەك بۆ پرسە چارەنووس سازەكان و بەر بەستەكان فەراهەم بكەن كە كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئایندەی گەلی كوردستان و قەوارەی هەرێمی كوردستان هەیە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×