ئایا لافاو تەنها ڕوداوێکی سروشتییە؟ لەبارەی گەشەکردنی شارەکانمانەوە

بڕوا بەرزنجی
  2026-11-10   

+ کاتێک لافاو ڕودەدات و خەڵکی دەبنە قوربانی و زەرەرمەنددەبن، پێش هەموشت پێویستیمان بە هاوسۆزی و هاوکاری هەیە، بۆیە لافاوەکەی هەولێر، ناخ هەژێن بوو بۆ هەمو مرۆڤێک و بەتایبەت هاونیشتیمانیانی کوردستان.

+ دوایی هاوسۆزی و هاوکاری، دەبێت بیربکەینەوەو پرسیار بکەین، یەکەم پرسیار ئەوەیە لافاو تەنها ڕوداوێکی سروشتییە؟ ئایا ئەگەر تاوانبارێک هەبێت هەر سروشتە؟، با هەوڵبدەین کەمێک پێکەوە بیر لە پرسیارەکانمان بکەینەوە:

+ باران بارینی بەخوڕ و دروستبونی لافاو کاری سروشتە، بەلام کەمکردنەوەو ڕێگریکردن لە زیانەکانی و مەترسییەکانی کاری حکومەتە، کاری حکومەتە پلانی تەواوی هەبیێت کە ڕوداوی سروشتی نەبێت بە کارەسات.

 

ئێمە ئەمڕۆ سەرقاڵی دروستکردن و گەشەپێدانی شاری مۆدێرنین، چەمکێک لە فەلسەفەی سیاسی وەردەگرین کە "بایۆپۆلیتیک"ە، لە چاویلکەی بایۆپۆلیتیکەوە دەڕوانین بۆ ئەوەی تێبگەین ژیانی مرۆڤ چۆن بەڕیوەببەین؟ بەڕیوەبردنی مرۆییانەی چییە؟ ئایا حکومەت سیستەمێکی باشی ئاوەڕۆیی هەیە؟ ئایا چۆن پلانی گەشەکردنی شار و هاوسەنگی سەرخان و ژێرخان دانراوە؟ حکومەت تەنها دوایی ڕوداوەکان بەرپرسیارە یان دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەین بۆ پلانی پێش ڕوداوەکان؟  مافی مرۆڤ چییە لە شاردا؟ یەکسانی چییەو شار بۆ کێ دروست دەکەین؟، دەزانم پرسیارەکان ئاڵۆزن، لەیەک کاتدا قاچمان لە فەلسەفەی سیاسی هاوچەرخ و کۆمەڵناسی شاردایە، بەڵام ئەگەر توانای وەڵامداناوەیەکی باشیشمان نەبێت، دەبێتە هەوێنی بیرکردنەوەی هاوبەش.

بایۆپۆلتیک، پێماندەڵێت، حکومەت تەنها پارە دابەشناکات و پارە کۆبکاتەوە، تەنها دابینکردنی ئاسایش و جیبەجێکردنی یاسا بەس نییە! بەڵکو ژیانی مرۆڤەکان، تەندروستییان، پەروەردەیان، کولتوورییان، مەترسییە سروشتییەکان و زۆر شتیتر کە زۆرجار خەرجییان زۆرەو هیچ قازانجێکی بۆ حکومەت تێدانییە. بەڵام ئەوەی لای ئێمە زۆر هەستی پێدەکرێت، حکومەت زیاتر بەرەو ئەوەدەچێت گەشە بەو سێکتەرانە بدات کە قازانجدارن بۆ خۆیی، بۆیە گەشەکردنێکی سەرخانیمان هەیە نەک ژێرخانی، چونکە قازانج لە سەرخاندایە نەک ژێرخان!.

+ لە کۆمەڵناسی شار و فەلسەفەی شارسازیدا، پرسیارێکی جەوهەری هەیە، کە دەپرسێت شار بۆ کێ دروستدەکەین؟ شار بۆ ئۆتۆمبێل یان بۆ مرۆڤ؟ شار بۆ سەرمایە و سەرمایەداران یان بۆ هاوشارییان بەیەکسانی؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەگەر لە شاری کوردییەوە وەربگرین دڵخۆشکار نین، گەشەکردنی خێرایی شار و بێ پلانی و دور لە پێوەرەکانی شارسازی سەرکەوتوو تەندروست،

 وایکردووە شارەکانمان زیاتر بۆ ئۆتۆمبێل دروستکراوە، واتە تۆ بۆ هەمو شوێنێک ئۆتۆمبێلت دەوێت، بایەخی زۆر بە ڕێگەی ئۆتۆمبێل دەدرێت نەک ڕێگەی مرۆڤ، شارەکان بون بەشوێنی قازانجی خێرای سەرمایەدارەکان، سەرمایەدارەکان بۆیان گرنگ نییە ژێرخان چۆنە، ئەوان سەرخانێکی مۆدێرن و سەرنجڕاکێشیان دەوێت تا زوو پڕۆژەکانیان بفرۆشن و سەرمایەکانیان گەورەتر بکەن، بۆیە ئەمە بۆتە مایەیی نایەکسانییەکی گەورەیش، نەمانی چینی ناوەڕاست و گەورەبونی نێوانی چینی کەمدەرامەت و دەوڵەمەندەکان.

بۆیە کە سەیری ڤیدیۆکان دەکەین، لەم ساڵانەدا چی لافاو لە هەولێر یان هەر شارێکیتر ڕویدابێت، لە گەڕەکە هەژارەکان ڕودەدات، مالەهەژارەکان ژێرئاودەکەون، خەڵکی هەژاردەبینین دەبنە قوربانی، دەزانن بۆ؟

چونکە خزمەتگوزاری و پڕۆژەباشەکان بۆ کەسانێکە پارەدارن، چونکە شوێنی ژیان و مردنی هەژاران و دەوڵەمەندان جیابۆتەوە، شارسازی و کۆمەڵناسی شار فێرماندەکات چۆن ئەو یەکسانییە بپارێزین. هەروەک بەهۆی باڵادەستی حزب بەسەر پلان و بەرنامەی زانستی و حکومەتداریدا، زۆر گەڕەکی زیادەڕۆ زیادبووەو لەکاتی هەڵبژاردن بە ئیمزایەک بۆیان تاپۆدەکرێت، بێ ئەوەی پلانی پاراستن و گونجاندنی بۆ ژیانێکی سەلامەت هەبێت.

+ ئەوەی بۆ لافاو لەهەولێر زیاترە لە شوێنێکیتر، وادیارە دوو هۆکاری هەبێت، یەکەم هۆکار جوگرافیایی هەولێر کە تەخت و دەشتەو ئاسانتر لافاو تێیدا دروستدەبێت، بەپێچەوانەی سلێمانی کە دەشتی کەمەو زیاتر گرد و قادپاڵی چیایە، هۆکاری دوهەمی ئەوەیە سلێمانی لە سەرەتایی گەشەکردنی ئەوکاتەی حاکم قادر حەمە جان، سەرۆکی شارەوانی بوو بایەخی زۆر درا بەژێرخانی ئاوەڕۆ، ئەمڕۆ کە ئەم وتارەم نووسی بە تەلەفون لەگەڵ حاکم قادر قسەمکرد، وتی ئەوکاتە بیرمان بوو کە چەندان لافاوی گەورە لە مێژووی سلێمانیدا هەیە کە قوربانی و زەرەرو زیانی زۆری هەبووە، هەروەها لەپێناو پاکو خاوێنی شار، یەکەم کار ژێرخانی ئاوەڕۆیەک بە ستانداردی ئەندازیاری، دروستمانکرد. ئەو وتی "ئەوەمان لەخۆوە نەکرد، خەڵکی ئەم شارەبوین و باش سلێمانیمان دەناسی و بەپلانێکی ئەندازیاری و شارسازی ئەو کارەمانکرد، بۆیە تۆڕێکی گەورەی ئاوەرۆمان هەیە لەژێر سلێمانیدا، کە تا ئێستا هەم ڕێگربووە لەزۆر لافاوو هەم پاکو خاوێنی شارەکەی پاراستووە".

دەبێت بەراورد بکەین لەنێوان گەشەکردنی شارەکانی خۆمان و دواتر بە شارە گەشەکردووەکانی دنیا، بەراورد بۆ شارچێتی نا، بەراورد بۆ تێگەیشتن لە پلانسازی و شارسازی.

هەولێر، گەشەکردنێکی گەورەی لەسەر زەوی بەخۆیەوە بینیوە، بەرپرسانی باڵا زۆر جەخت لە بەدوبەیکردنی دەکەنەوە، واتە خەیاڵیان لای سەرخانی شارە، نەک ژێرخان. دەبوو خەیاڵیان لای هەولێربێت وەک خۆی و بە شوناسی مێژوویی خۆی، نەک چاو لە شارێکی بێ شوناس و بێ کولتووری وەک دوبەی، چونکە هەولێر شارەو شوناسی خۆی هەیەو خۆی مۆدێلێکە لە شار، مۆدێلی شاریی مێژوویی و قەڵادار، بەڵام دوبەی زیاتر کەمپێکی مۆدێرنە نەک شار.

ئەم گەشەکردنە دور لە پێوەرەکانی شارسازی و تێگەیشتن لە فەلسەفەو کۆمەڵناسی شار، لە زۆر ئاستدا دەیبینینەوە، لە ژێرخانی شارەکانمان، لە گەورەتربونی نایەکسانی ژیانکردن لەنێوان هاوشارییان، لەوەی شارەکانمان زیاتر دەبن بە گەراجێکی گەورەی سەیارەی مۆدێرن و ڕۆژ بە ڕۆژ مێژوو و یادەوەریی و مرۆیی بونی خۆیان لەدەست دەدەن.

شار دەبێت مرۆییانە گەشەبکات و بۆ مرۆڤ دروستبکرێت، نەک بۆ سەرمایەیی گروپێک سەرمایەدار و بۆ ئۆتۆمبێل و خۆ نمایشکردن، ئەگەرنا لە ئەنجامدا کەمپێکی مۆدێرن دروستدەکەین نەک شار، کەمپێک بێ ژینگەیەکی سروشتی و بێ یەکسانی و مافی هاوشارییان و بێ کولتووری کۆن و نوێ.

هەر دوێنێ، لەگەڵ چەند مامۆستایەکی ئەندازیاری و پلانسازی شار قسەمکرد، ئەو داتایانەی لای ئەوانە لەبارەی ئەو هەمو سەرپێچییە گەورەیەیی لە گەشەکردنی شارەکانمان هەیە زۆر ترسناکە، گەشەکردنەکە لەسەر مافی ژینگە و سروشت و مرۆڤی ئەم شارانەیە، بۆیە ئەگەر گەشەکردنی سەرخانی شار دڵخۆشمان بکات، ئەوا باجی وێرانکردنی ژیرخانەکەی دەدەین، لافاوەکەی هەولێر و چەمچەماڵ و شوێنەکانیتریش زیاتر ئەم باجدانەیە.

ئەم بیرو بۆچونانەی من، وروژاندنی پرسیار و بیرکردنەوەیە لەبارەی بابەتێکی گرنگ کە گەشەکردنی خێرایی شارەکانمانە  بەبێ پلانێکی باشی شارسازی، ئەگەرنا وتاری کەسێکی پڕۆفینشنال نییەو نامەوێت لەجیاتی خەڵکی ئەکادیمی باسی لافاوبکەم، بەلام لافاو ڕوداوێکی سروشتی بێلایەن نییە.

زۆرترین بینراو
ئێران هەڵوێستی خۆی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت ڕاگەیاند
مەسعود بارزانی داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی پارتی و یەکێتی دەکات
دانەغاز:به‌رهه‌مهێنان بەشێوەیەکی کاتی له‌ كۆرمۆر هەڵپەسێردرا
كۆبونه‌وه‌ی زه‌یدی و مه‌سرور بارزانی: جه‌خت له‌ گه‌ره‌نتی به‌رده‌وامی خه‌رجكردنی موچه‌ی هه‌رێم كرایه‌وه‌
لە چەکی ئەتۆمییەوە بۆ هێرشی وشکانی؛ چوار سیناریۆی ترەمپ بۆ قۆناغی داهاتووی جەنگی ئێران بڵاودەکرێتەوە
عێراق هه‌واڵی سه‌ردانه‌ نهێنییه‌كه‌ی زه‌یدی بۆ تاران پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌
مەسرور بارزانی بە شاندێکی تەنها پارتییەوە لە بەغدایە؛ گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ دەکرێت
وته‌بێژی پارتی: ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ برایانی یه‌كێتی
کابینەی حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە؛ هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی، دۆخی ئابووری و پەیوەندییەکانی ترەمپ و ئەردۆغان تاوتوێ دەکرێن
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×