سەفسەفەی سەرکردەکانی باشوری کوردستان بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان!

شه‌ریف عەلی
  2025-02-28     199

ئەم چەند دێڕە وەڵامێکی خێرامە بۆ ئەو هاوڕێیانەی داوایان لێمکردوە تێفکرینم لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان بخەمەڕو. هیوادارم من هەڵە بم و، ئۆجەلان و سەرکردەکانی باشور دوربینتر بن!

ئەم عاشقبونە تاکلایەنەی کە ناونراوە: "پرۆسەی ئاشتیی و برایەتیی نێوان کورد و تورک". خودی دەستەواژەکە هەڵەیە، چونکە کورد یەکلایەنە ئەم دەستەواژە زیادەڕۆییەی هەڵبژاردوە. چونکە ئەگەر ئەم دەستەواژەیە ڕاست بێت، دەبێت لە نێوان دو بەرەدا دانوستانی فەرمیی بکرێت، کە ئەوانیش تورک "حکومەتی تورکیا" و، کورد "ئۆجەلان و پەکەکە"ن. بەڵام ئەوەی کە دەیبینین، فڕی بەسەر دبلۆماسییەتەوە نییە. عاشقبونی چەند سەرکردەیەکی (چەپ!!!!)ی کوردە بۆ مانەوەی سنورە دەستکردە سەد ساڵییەکەی دەوڵەتی تورک، بۆ مانەوەی ئیمپریالیزمی تورک بەسەر کلتوری کوردەوە، بۆ هێشتنەوەی ئیمپریالیزمی تورک بەسەر خاکی کوردستانەوە، بۆ بەردەوامیدان بە ئاسمیلاسیۆنی باکوری کوردستان.

    

تەنانەت کاتێک ئۆجەلان و وەفدە کوردییەکە کۆبونەوەوتا ئەو کاتەش کە وەفدە کوردییەکە پەیامەکەی ئۆجەلانیان خوێندەوە. هێندە ئەردۆگان حسابی بۆ نەکردن، ڕێک لەو تەوقیتەدا ڕۆشت بۆ سەر پرۆژەیەکی ڕێگاوبان و پرد!

واتە: ئەردۆگان لە ڕوی ئاماژەی دیبلۆماسییەوە، بەوە نیشانی دا، کە: کورد "پەکەکە" وێرانکەرن و، ئەویش "تورک" ئاوەدانکارە. بەوە نیشانی دا، کە: هێندەی بایەخ بە قرتێلە بڕین بۆ پردێک دەدات، نیو هێندە: کورد "ئۆجەلان و پەکەکە" بە ژمارە نازانێت کە دانوستانیان لەگەڵ بکات. ئێستا "ئۆجەلانیی عاشقی مارکسیزمی-یۆتۆپی دژە سەرمایەداریی!!" هاتوە لەگەڵ ئەم جۆرە خۆبەزلزانینەی ئەردۆگان، ناوی عەشقەکەی ناوە: "پرۆسەی ئاشتیی و برایەتیی نێوان کورد و تورک"!! دەی کوانێ تورک بایەخی بە تۆ و پەیامەکەت داوە؟ کەی و کوا تورک بەڵێنی داوە کە لە دەستوری تورکیا دان بنرێت بە مافە نەتەوەییەکانی کورد لە باکوری کوردستان!؟

ڕێز و نرخاندن و پیزانینم بۆ ساڵەکانی ئازارچەشتنی ئۆجەلان و هەر خەباتکارێکی تری باکور و خۆرهەڵات لە زیندانەکانی ئیمپریالیزمەکانی تورک و فارس دا هەیە.

بەڵام، تەنانەت، ئازادکردنی ئۆجەلان: بریتیی نییە لە پێدانی مافەکانی کورد لە باکوری کوردستان!

ئۆجەلان گەورەتر نییە لە نیشتیمانی کوردستان، بەڵکو تەنیا تاکێکی خاکی کوردستانە. ئەمە بۆ هەمو سەرکردەکانی هێزەکانی تری کوردیش هەر ڕاستە.

ئۆجەلان بریتی نییە لە هەمو کورد، هیچ سەرکردەیەکی کورد بریتی نییە لە هەمو کورد!

پرسی کورد: پرسی ڕزگاریی نیشتیمانی کوردستانە!

مەسەلەی کورد: دۆزی ڕاماڵینی ئیمپریالیزمەکانی تورک، فارس و عەرەبە لەسەر خاکی کوردستان!

دۆزی کورد: لانیکەم تێکۆشانە بۆ بەدەستهێنانی حوکمی خۆبەڕێوەبردنی کورد لەسەر خاکە خواکردەکەی!

پرسی کورد: بریتی نییە لە پەیامی پارێزگاریی و مانەوەی قەوارەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا لە چاوچنۆکی سەرمایەداریی. بگرە ئەوە خودی سەرمایەداریی بو، کە قەوارە دەستکردەکانی تورکیا، ئێران، عیراق و سوریای لەسەر نیشتیمانی کوردستان، سەدەیەکە دروست کردوە!

ئەگەر هەر کوردێک کەمێک شۆڕشگێڕ، یان مافخواز، یاخود نیشتیمانپەروەر بێت، دەبێت: دژی ئیمپریالیزمەکانی تورک، فارس و عەرەب بێت لەسەر خاکی کوردستان!

کاتێک تورک ئامادە نییە، دان بە "کوردستان" دا بنێت وەک نیشتیمانی هەمیشەیی کوردو تەنانەت ناویشی بهێنێت. لەکاتێکا لە دەیان نەخشەی ئیمپریالیزمی عوسمانیی و ئیمپریالیزمی قاجاریی، ناوی هێنراوە، ئیتر بۆچیی و چۆن خاکی کوردستان هەرزانفرۆش بکرێت!؟

پرسی کورد: پرسی نیشتیمانەو شەرمی ناوێت، ترسی ناوێت، پاڕانەوەو چەمانەوەی ناوێت.

دۆزی کورد: بریتی نییە لە پاراستنی قەوارە دەستکردەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، بەڵکو ڕێک بریتییە لە دژایەتیکردنیان!

هەر تاکێکی کورد، لە ژێر هەر ئایدۆلۆژیایەکی مارکسیستانەی ساختە، ئیسلامیی سیاسیی، تا دەگات بە سەرکردە بازرگانە نیشتیمانفرۆشەکانی یەکێتیی-پارتیی، تێبکۆشێت بۆ پاراستنی قەوارە دەستکردەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، ئەوە: جاشە!

پرسیاری سیاسیی-ستراتیژی ئەوەیە: بۆچی دەوڵەتی تورک لەم تەقیتەدا ئۆجەلان بەکاردێنێت!؟

یەکەم: گۆڕانکارییەکان خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتۆتەوەو، چەند ساڵێکی تریش دەخایەنێت. تورک دەیەوێ ئۆجەلان وەک شێخ مەحمودی بەرزنجیی و شێخ عەبدولقادری نەهریی و حەسەن خێری بەگی دەرسیم، بەکاربێنێ و، لەم ئاڵوگۆڕانەی دێنە پێش، کورد سود لە هێزەکانی هاوپەیمانان وەرنەگرێ و، تورکیای ئیمپریالیزمی تورک: دابەشنەبێتەوە بۆ فۆرمە خوا کردەکەی خۆی! کە باکوری کوردستان خاکێکی جیایە لێی. واتە: تورک دەیەوێ لەم ئاڵوگۆڕانەدا، لەڕێی ئۆجەلانەوە، وەک چۆن شێخ مەحمودی بەرزنجیی لە باشور کرد بەگژ ئینگلیزەکان داو، حەسەن خێری بەگی دەرسیمیشی لە باکور بەکارهێنا، بەهەمان شێوە [بەلای کەمەوە] کوردی باکور لەم تەقیتە هەستیارەدا، بکات بە گژ پرۆژەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل کە سەد ساڵ پاش دابەشکردنەوەی سنورە دەسکردەکانی ناوچەکەیە.

دووەم: ئەردۆگان دەزانێت کە ئەمریکا-ئەوروپا-ئیسرائیل بەڵێنیان بە کوردانی خۆراوای کوردستان داوەو دەیانەوێت فیدراڵییەک، یان کۆنفیدراڵییەک، یاخود خۆسەرییەک بۆ کوردانی خۆراوا لە دەستوری سوریا جێبکەنەوە.

لە ڕێی ئەم پەیامەی ئۆجەلانەوە، ئەردۆگان دەیەوێت بە وڵاتانی خۆراوا بڵێت: ئەوەتا کوردەکانی تورکیا بە مافێکی کلتوری سادە ڕازی بون، بۆیە دەبێت هەر هێندەش ماف بە کوردەکانی خۆراوای کوردستان بدرێت، نەک زیاتر، نەک دروستکردنی هەرێمێکی کۆنفیدراڵیی خاوەن هێزی خۆماڵیی بۆیان. واتە: مەبەستی سەرەکی ئەردۆگان لە بەکارهێنانی ئۆجەلان لەم تەقیتەدا، بریتییە لە: هەوڵێکی سیاسیی-دبلۆماسیی بۆ ڕێگاگرتن لە دروستبونی هەرێمێکی "کۆنفیدراڵ"ی بۆ خۆراوای کوردستان. بەڵکو بە وڵاتانی خۆراوا دەڵێت: دەتوانرێت مافێکی کلتوری سادە بە کوردانی خۆراوا لە دەستوری سوریا گەرەنتی بکرێت، لە بەرنبەر دا دەبێت چەک لە سوریا تەنیا بەدەست سوپای حکومەتی سوریاوە بێت، هەروەک چۆن کوردانی باکور لای ئێمە بەوە ڕازی بون! ئەردۆگان ئیمپریالیستێکی ئیسلامی سیاسیی هەزارسەری ژەهردارە، کەچی کورد وەک نەزانێک لێی دەڕوانن کە ئۆجەلان بتوانێ ئەو بخەڵەتێنێ! بەڕاستی کورد لە خەوێکی خۆش دایە!!

سێیەم: بەهۆی پێشێلکردن مافەکانی کوردو جینۆسایدکردنی بەردەوامیی کورد لە باکوری کوردستان و، خنکاندنی ئازادییەکان بۆ بیست و پێنج ملیۆن کوردی باکور، ڕژێمەکەی ئەردۆگان لە لایەن وڵاتانی خۆراواوە وەک ئەهریمەنێک لێی دەڕوانرێت. ئەوەش وایکردوە کە ئابوریەکەی تێکبشکێ و بەهای درواوەکەی داغان ببێت. ئەردۆگان دەیەوێت لە ڕێی بەکارهێنانی ئۆجەلانەوە، وڵاتانی خۆراوایی بە ڕژێمەکەی ئاشتبکاتەوەو بەهای دراوی وڵاتەکەی بەرزبکاتەوە. لە ڕێی ئەو پەیامەی کە گوایە کێشەی کورد و ئازادییەکانی کوردی چارەسەر کردوە.

چوارەم: ماوەیەکی تر هەڵبژاردنە لە تورکیا. ئەردۆگان دەیەوێت لە ڕێی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە، بەشێکی کوردانی باکور دەنگ بە پارتەکەی بدەن. یان لانیکەم، بەرەی نەتەوەخواز-دیموکراسیی کورد، هەم لە ناوخۆی باکوری کوردستان و، هەمیش لە شاخەکانی کوردستان، دابەش بکات!

گرنگە وردببینەوە: کەی ئێستا پەکەکە شەڕی لە ناوخۆی تورکیادا ماوە؟ بۆیەشە جەخت دەکەمەوە، کە: مەبەستی سەرەکی ئەردۆگان کە لەم تەوقیتەدا ئۆجەلانی بە پەلەپەل بەکارهێنا، خۆراوای کوردستانە! کوردانی خۆراوا دەبێت وریابن!! ئەردۆگان دەیەوێت بە وڵاتانی خۆراوا بڵێت: ئەوەتا کوردەکانی تورکیا بە مافێکی کلتوری سادە ڕازی بون، بۆیە دەبێت هەر هێندەش ماف بە کوردەکانی خۆراوای کوردستان بدرێت، نەک زیاتر، نەک دروستکردنی هەرێمێکی "کۆنفیدراڵ" بۆیان کە خاوەن هێزی خۆیان بن!

سەفسەفەکانی سەرکردەکانی باشور لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان!

پرسیار ئەوەیە ئەگەر تەنانەت حکومەتی عێراق  بڵێت: ئامادەیە کۆنفیدراڵیی بە باشوری کوردستان بدات و کۆنفیدراڵییەکە کەرکوکیش لەخۆ دەگرێت، ئایا یەکێتیی و پارتیی ئامادەن هێزەکانیان هەڵبوەشێنەوەو چەکدابنێن؟

بێگومان ئامادە نابن چەک دابنێن، چونکە هیچ گرەنتییەک لەگەڵ داگیرکەران بونی نییە!

ئەی ئیتر بۆچی مەسعود، نێچیر، مەسرور، بافڵ و قوباد بەتوندی پشتیوانی خۆیان لە پەیامی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پەکەکە ڕاگەیاند، بەمەرجێک دەوڵەتی تورک هیچ بەڵێنێکیشی نەداوە؟ چونکە مەسعود، نێچیر، مەسرور، بافڵ و قوباد بەرژەوەندی بازرگانیی و هەواڵگیرییان لەگەڵ ڕژێمی تورک هەیە. هەروەک چۆن بەهەمانشێوەش لەگەڵ ڕژێمی فارسیش هەیانە!

ئادەی با نێچیرڤان یا قوباد، وەک سەرۆکی هەرێم یان قوبادیش وەک نەفەری یەکەمی یەکێتیی لە حکومەت، با یەکێکیان بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، بەیاننامەیەک دەربکات و بڵێت: پشتیوانیی پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەین و هیواخوازین هەم پەکەکەو هەم تورکیا بەڵێنەکانیان ببەنەسەر و، پەکەکە چەک دابنێن و، تورکیاش مافی نەتەوەیی کوردانی [باکوری کوردستان] بدات.

ئایا ئەگەر هەمو سەرزەوی بکەیتە موڵکی نێچیرڤان و قوباد هێندە بەرپرسیارێتیی نەتەوەییان هەیە کە بەیاننامەیەکی وابنوسن و دەستەواژەی "باکوری کوردستان"، بەکاربێنن؟ بێگومان نەخێر. تەنانەت ئامادەش نین بەرانبەر ئێرانیش بەیاننامەیەکی وا بنوسن. چونکە کوردایەتیی لای یەکێتیی-پارتیی، واتە: بازرگانیی ملیۆنان تەن دۆلار لە بردنی نەوتی قاچاخی هەرێم لەگەڵ تورک و فارس، بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی، ئیبراهیم ئەحمەد و، ئیمپریالیزمەکانی تورک و فارس.

مەلا مستەفا، کە بەشێکی کورد بە نەخوێنەوار و سەرۆک خێڵێک توانجی لێ دەدەن، کەچی لەو دانوستانانەی کە بەدرێژایی ساڵانی شەستەکان لەگەڵ حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق دەیکرد، ئەوان دەیانوت: ئۆتۆنۆمیت دەدەینێ، بەمەرجێ ڕایبگەیەنیت کە "لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان"، هەڵدەوەشێ و چەکدادەنێن. هەرچەندە مەلامستەفا خاڵی نەرێنیی هەیە. بەڵام خاڵێکی ئەرێنی مەلامستەفا ئەوەبو: بەدرێژایی دانوستانەکانی ساڵانی شەستەکان بە مەرجی چەکدانان ڕازی نەبو، هەتا ڕێکەوتننامەی یانزەی ئازاری ١٩٧٠ ی لێکەوتەوە. کەوایە: ئێستا بۆچی مەسعود، نێچیر، مەسرور، بافڵ و قوباد بە پەکەکە دەڵێن: دەبێت بە گوێی پەیامەکەی ئاپۆ بکەن!؟

من، وەک کەسێکی نەتەوەیی بێلایەن، بەپێچەوانەی سەرکردەکانی باشوری کوردستانەوە، تێفکرینم وایە: ئەگەر پەکەکە داواکاریەکەی ئۆجەلان جێ بەجێ نەکەن، بەمەرجێک پەکەکە داوابکەن: پێویستە بە فەرمی دان بە فیدراڵیی بۆ باکوری کوردستان بنرێت لە دەستوری تورکیا،  نیشانەی ئەوەیە: پەکەکە هێشتا ڕۆحی شۆڕشگێڕبون و فەردنەپەرستن و نەتەوەپەروەربونیان تێدا ماوە.

 لە مێژوی شۆڕشگێڕیی نەتەوەکانی جیهان دا نەبوە، ڕابەرێکی شۆڕشگێڕ لەبەر خواستی داگیرکەر، پرسی چەکدانان داوا بکات! چەکداربون لە پێناو پاراستنی شەرەف و کەرامەتی نەتەوەیە! چەکداربون بۆ نەتەوەی شۆڕشگێڕ، وەک دەرپێ وایە بۆ مرۆڤ!

چەکدانانی شۆڕشگێڕ یەکسانە بە داکەندنی جلوبەرگی مرۆڤ و، یەکسانیشە بە داماڵینی جلەکانت لە جەستەت!

سەرکردەی سیاسیی چۆن دەبێ داوای چەکدانان بکات، کە هیچ گەرەنتییەک نییە. سەرکردەی سیاسیی چۆن نابێت لەوە بکۆڵیتەوە کە داگیرکەرەکەی تا چەندێک سود لە پەیامەکەی وەردەگرێ بۆ دنیای دەرەوە. پەیامەکەی ئۆجەلان بە دەرەجەی یەک لە خزمەتی بەهێزترکردنی دەوڵەتی تورکە.

ئینجا، پارتیی و یەکێتییەکان دەستیان داوەتەوە پڕوپاگەندەیەک کە پێویست ناکات قسە لەسەر باکوری کوردستان بکرێت؟ ئەی بۆچی بۆ پارتیی و یەکێتیی ئاساییە تەداخول لە کاروباری پارچەکانی تر بکەن!؟

ئەگەر وەک لایەنە "خوا کردییەکەی" بڕیار وایە کە "کوردستان" لای سەرکردەکانی کورد یەک پارچەیەو، ڕوداوەکانی هەر بەشێک کاریگەری لەسەر بەشەکانی تر هەیەو دەبێت. کەوابو بۆ هەمو تاکێکی کورد هەیە کە قسە لەسەر ڕوداوەکانی هەر بەشێکی کوردستان بکات.

ئەگەر بڕیاریش وایە: تاکەکانی کورد وەک ئیمپریالیزمەکانی تورک، فارس و عەرەب بیربکەنەوەو، بڵێن: کوردستان چوار بەشی بۆ هەمیشە لەتکراوە. کەوابو، نابێت پارتیی و یەکێتییش دەستبخەنە پارچەکانی تری کوردستانەوە. نابێت وێنەی مەلا مستەفاو مەسعود، جەلال تاڵەبانیی و هتد لە پارچەکانی تری کوردستان هەڵبواسرێت.

واتە: سەرکردە باڵاکانی پارتیی، یەکێتیی و هێزەکانی گشت بەشەکانی کوردستان ناتوانن و بۆیان نییە ڕێگا لە تاکی کورد بگرن چۆن ڕاڤەی ڕوداوەکان دەکەن، چونکە کوردستان یەک خاکی خواکردەو، هەر ئەبێت ئیمپریالیزمەکانی تورک، فارس و عەرەب لەسەر خاکی کوردستان نەهێڵرێن!

تاکی ناسیۆنالیستی بێلایەنیی نەتەوەیی کورد، دەبێت نەترسانە هەڵوێستی بەرانبەر ڕوداوەکانی هەر پارچەیەک بخاتەڕو، چونکە کوردستان موڵکی بنەماڵەکانی بارزانیی، تاڵەبانیی، ئیبراهیم ئەحمەد، ئۆجەلان، ئاغاکانی موهتەدی-ئیلخانیزادە، شێخ مەحمود، شێخ نەهرۆ و هتد نییە. کوردستان موڵکی هەمو تاکێک کوردی شەرەفمەند و کەرامەتدارە!

ئەگەر هەر تاکێکی کورد هێندە هۆشیاریی هەبێت کە ئەرکێتی خاوەنداریی لە خاکی کوردستان بکات، ئیتر هیچ سەرکردەیەکی کورد ناتوانێ مامەڵەی هەڕاجکارانەو هەرزانفرۆشانە بە خاکی کوردستانەوە بکات و، دواتر لە لێپرسینەوەی نەتەوەکەی ڕزگاری ببێت!

-

تێبینی: هەندێک هاوڕێی بەڕێز داوایان لێکردوم کە بابەتێک لەسەر چۆنیەتی هەنگاونان بۆ روخاندنی دەسەڵاتی ستەمکار قەبیلەیی یەکێتیی بنوسم. گوایە ئەو بابەتەی کە لە مانگی دوانزەی ساڵی پار نوسیم: کە پێویستە کۆمپانیاکانیان، تەنکەرە نەوتەکانیان و ئینجا دەباشان بکرێتە ئامانج؛ سودی بۆ خەباتی مەدەنیی هەبوە. لەڕاستییدا لە ٢٠١٢ ەوە لە چەندین بابەتم دا ئاماژەم بەوەداوە کە: دەسەڵاتی یەکێتیی و، دەسەڵاتیی پارتیی، دو هێزی، دو جوگرافیای جیاوازی جیۆپۆلەتیکین. بۆیە دەبێت خەڵکی سلێمانیی؛ یەکێتیی بڕوخێن و، دەشبێت خەڵکی هەولێریش؛ پارتیی بڕوخێنن.

بێگومان بیرۆکەو ئایدیای نوێم بۆ روخاندن بە ڕێگای تری مەدەنیی هەیە کە لە مەجالێکدا دەیخەمەڕو. یەکێتیی و پارتیی بە ستەمکاریی ناتوانن بۆ هەمیشە بژین. بە ئاشکرا ناوی من لە حەوت سەد مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانیی نەما کە زەوی حەوت دەفتەریان پێدان لە ٢٠١٧! دڵنیام هەمو تاکێکی کەرامەتدار لەو جۆرە غەدرەی لێکراوە. ڕونە لەسەر دژایەتیی گەندەڵیی و هەلوێستە نەتەوەییەکانم بوە. لەسەر بەشداریم بو لە ڕێپێوان بۆ ئازادی ئۆجەلان. لەکاتێکا چەند کادیرێکی یەکێتیی لە ٢٠١٤ لە زانکۆی سلێمانیی پێیان وتم: کۆڕ لەسەر قاسملو مەگرەو زیانی بۆت هەیە. منیش لەو ساڵە دوو کۆڕی ترم لەسەر قاسملو گرت. لێشی پەشیمان نیم. بەڵام هەر ئەوەندەم زانی لە ٢٠١٧ ناوم لە لیستی زەویپێدان نەما!! پێشتر کە لەگەڵ ئوستاز هەڤاڵ خەجۆ و چەند هاوڕێیەکم سێ جار هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدم دیوە. خۆی چەندینجار لە موناقیشەمان دا وەسفی قاسملوی دەکرد تا دواینجار بینیویەتیی و ئەو ڤیدۆیانەی کە لەسەری هەڵیگرتون، موناقەشەی دۆزی باکوری کوردستان و هتدمان کردوەو، هاوڕێکانم شاهیدن پێی وتم: تۆ خوێندکارێکی زیرەکیت پێم بڵێ چیت پێویستە! هەمیشە بەرژەوەندی نەتەوەکەمم لەسەرو هەمو شتێکەوە داناوەو هیچ حسابم بۆ خۆم نەکردوە. بەڵام سەیرە سەرکردەکانی یەکێتیی و پارتیی ڕوبەڕو موناقەشەی دۆخی پارچەکانی تر و گەندەڵیی لە هەرێم لەگەڵت دەکەن، کەچی هەر تاکێکی کەرامەتدارو نەتەوەیی کورد لەسەر ئەو پرسانە هەق و حسابی لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی هەیەو، زوڵمیان لێکردوە. بەهەرحاڵ، لە مەجالێکدا هەوڵەدەم بە بابەتێک وەڵامی ئەو هاوڕێ بەڕێزانەش بدەمەوە.   

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×